ئیسرائیل ئەو هەلەی لە دەست نەدا بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد -هەر وەک شرۆڤەکارە مێژووییەکانیان دەڵێن هەلێکی زێڕین و دووبارەنەبووەوە لەم کاتی ئاژاوەیەدا کە وڵات لە قۆناغی گواستنەوەدایە-، پێش هەر هێزێکی تری سەربازی لە هەمان ڕۆژی ڕووخانی ئەسەددا بەرەو ناوچە دابڕاوەکانی جۆلان بەڕێ کەوت و داگیری کرد و هێزی تیادا جێگر کرد و ماوەی دوو ڕۆژ لەسەریەک بەردەوام بوو لە چوونەناو ئەو ناوچانە و، تانکەکانی لە چەندین خاڵی هەستیار جێگر کردووە کە لەڕێیانەوە دەتوانێت ناو دیمەشق بۆردومان بکات. دواتر یەکەی ئاسمانیی داگیرکەر ڕاستەوخۆ دەستی کرد بە بۆردومانکردنی کۆگای چەک و تەقەمەنییە قورسەکان و چەندین سەنتەری توێژینەوەی وێران کرد و دەیان زانای بە ئامانج گرت و کوشتنی.
راستییەکەی ئەم جووڵانەی داگیرکەر هیچ سەیر نەبوون و چاوەڕوانکراو بوون، چونکە ئیسرائیل هێزێکی داگیرکەرە و هەر هەلێکی لە ناوچەکە بۆ بڕەخسێت دەیقۆزێتەوە تاوەکو ئەگەری مانەوەی خۆی درێژتر بکاتەوە، ئەویش لەڕێی فراوانکردنی سنوورەکانی و جێگرکردنی خاڵە سەربازییەکانییەوە.
جووڵە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیلیش بۆ ئەوە بوو کە نینۆکی هێزە نوێیەکەی سووریا دەربکات و ڕووتی بکاتەوە لە چەک و هێزی سەربازی، بەتایبەت چەکی فڕۆکەوانی و ئاسمانی، ئەمەیش بە تێگەیشتنە لە ئامانج و دیدگای ئیسرائیل کە دەیەوێت هەمیشە لەڕووی هێز و چەکدارییەوە بەهێزترینی ناوچەکە بێت و زاڵ بێت بەسەر هێز و چەکی وڵاتە ئیسلامییەکاندا.
سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی خێزانی ئەسەد هیچ مەترسییەکی جددیان نەبووە بۆ سەر کیانی ئیسرائیل لەدوای ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٤، ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییەی ئێستایش لە سووریا ڕوودەدات وا دەکات لە ئیسرائیلی داگیرکەری هاوسنوور کە دەستپێشخەری بکات بۆ پاراستنی خۆی، ئەوەی وریا بێت سەرنجی ئەوەی داوە کە ئیسرائیل لەو هێزانە نییە کە چاوەڕوانی داهاتوو بکات، بەڵکو واقیعی ئەو کاتەی تیایدایە هەرچیی پێویست بکات بۆ مانەوەی ڕاستەوخۆ دەستپێشەخەری دەکات -هەر وەک چۆن ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی حەماس دەریانخستبوو پێش تۆفانی ئەقسا ئیسرائیل خۆی ئامادە کردبوو کە هێرش بکاتە سەر غەززە-، هەر بۆیە ئەم پەلەکردنەی ئیسرائیل بۆ داماڵینی چەک و هێز لە حوکوومەتی نوێی سووریا بە هەنگاوێکی سەرەتایی دادەنرێت بۆ درووستکردنی حاڵەتێکی دەروونی لە لای سووریا، کە هەمیشە هەست بە هەڕەشە بکات لە لایەن ئیسرائیلەوە.
ئەمە هیوا و ئامانجی ئیسرائیلە کە دەسەڵاتی داهاتووی سووریا ناچار بکات بچێتە ڕێککەوتنی تەواوەتی لەگەڵ ئیسرائیلدا، یاخود بە لایەنی کەمەوە بێهەڵوێست بێت و بوێریی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلی نەبێت لەژێر فشار و هەڕەشەدا.
دەیشکرێت هەندێک لە چاودێرە سیاسییەکان ئەوەیان لا سەیر بێت کە لەم قۆناغ و بارودۆخەی ئێستای ئیسرائیلدا، هەنگاوی ناوە بەرەو فراوانکردنی داگیرکارییەکانی لە جۆلان و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتننامەکەی ١٩٧٤، بەڵام ئەمە هیچ نامۆ نییە چونکە ئیسرائیل بۆ یەکەم جارە لەدوای ١٩٧٤ لە بەرەی سووریاوە هەست بە مەترسی دەکات، چونکە خێزانی ئەسەد و ڕژێمی بەعس هەرگیز مەترسی نەبوون بۆی.
هەرچەندە حوکوومەتی ئیسرائیل و نەتەنیاهۆ لە دوو بەیاننامەی جیادا گوتوویانە کە ئەم ڕێکارانە تەنها کاتین و بۆ ماوەیەکی دیاریکراون، بەڵام ئەم قسانە باوەڕپێکراو نین. پێشتر چەند ڕێکاری تری کاتیی گرتووەتە بەر و تا ئێستایش تەواو نەبوون! هەر وەک یاسای فریاکەوتن کە لەدوای داگیرکاریی ١٩٤٨ ڕایگەیاند و تا ئێستایش بەردەوامە، چونکە ڕێخۆشکەرە بۆ هەر هەڵمەت و کار و ڕێکارێکی تر کە لە سوودی ئیسرائیلدا بێت. جا بیهێنە بەرچاوت گەر ئەم ڕێکارە کاتییە زیادکردنی خاک و دەستبەسەراگرتنی چەندین خاڵ و ناوچەی ستراتیجی بێت و جۆلان بەتەواوەتی بێتە ژێر ڕکێفییەوە و، شاخی ئەلشەیخ کە بەتەواوەتی کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتییەوە...
ئەم جووڵانە دەریدەخەن کە ئیسرائیل بەڕاستی دەیەوێت پێش ڕووداوەکان بکەوێت بۆ بەدەستهێنانی وەرەقەی نوێ و ڕێککەوتن لەگەڵ حوکوومەتی نوێی سووریا.
حوکوومەتی نوێی سووریایش دەبێت ئاگادار بێت و نابێت ئەو واقیعەی تیایدایە پشتگوێی بخات، کە ئیسرائیل بەشێکی هەستیارە تیایدا و دەبێت لەگەڵیدا مامەڵە بکات، جا بیەوێت یاخود نا. کەسیش ناتوانێت نکۆڵی بکات لەوەی گەر ئیسرائیل هاوسنووری سووریا نەبوایە ئەو شۆڕشەی کە دوای ١٤ ساڵ بەرهەمەکەی بینرا، دەکرا زۆر زووتر ببینرێت، لە کاتێکدا سووریا گۆڕەپانی چەندین جەنگی نێودەوڵەتی بووە و هەمووان دەبینن کە بەشێک لە ئەمن و ئاسایش و جێگریی بارودۆخی ئیسرائیل، پەیوەست بووە بە ڕژێمەکەی ئەسەدەوە.
چەند سینارۆیەیەک هەیە کە دەشێت بارودۆخ لەم شوێنە هەستیارە بگۆڕێت، هەموو گۆڕانکارییەکەیش لەو بارودۆخە دەکەوێتەوە سەر شێوازی مامەڵەی حوکوومەتی نوێی سووریا: یەکەم سیناریۆ بریتییە لەوەی ئیسرائیل دەسەڵات و دیدگای خۆی بسەپێنێت بەسەر حوکوومەتی داهاتووی سووریادا کە هەوڵ دەدات متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەست بهێنێت لە بوون و شێوازی حوکمڕانیدا، ئەویش لەڕێی سەرقاڵکردنی ڕژێمی نوێی سووریاوە بە پاراستنی بارودۆخی ئەمنیی وڵات و نەپرژانە سەر هیچ کێشەیەکی تری دەرەکییەوە.
ئەم سیناریۆیەیش خوازراوترینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، لە سەروو هەموویانەوە مامە سام، کە دەبینین ئاماژە بەوە دەدەن ئەگەری دەرهێنانی کۆمەڵەی «تحریر الشام» و سەرۆکەکەی هەیە لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتی، لە بەرانبەر ئەم ئاماژانە و لەهەمان کاتدا باسوخواسی بایکۆتکردنی ئەم دەسەڵاتە و ئابڵۆقەدانی دەکات. ئەم سیناریۆیە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بە شێوەیکی جددی و ڕوون کاری لەسەر دەکەن لەم قۆناغەدا و دەیانەوێت ئامانجەکەیان بپێکن پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی ترەمپ.
یەکێکی تر لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بریتییە لە ڕاکێشانی سووریا بۆ نێو بازنەی دوژمنداری و جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و ئیرادەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانەکانی… لەڕێی وەڵامدانەوەی ورووژاندنەکانی ئیسرائیل و ڕۆژنامەنووسە بیانییەکان، کە فرسەتی ئەوە دەداتە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، خۆیان ئامادە بکەن بۆ هێرشکردنە سەری، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستایش کۆمەڵەی «تحریر الشام» لە لیستی تیرۆری جیهاندایە. ئەمەیش یەکێکە لە هیوا و ئامانجەکانی ئیسرائیل کە ئابڵۆقە و تەنیاکردنی نێودەوڵەتی بسەپێنێت بەسەر سووریای نوێدا و سەرقاڵکردنی بە دەرەنجامەکانی ئابڵۆقەکە وەک چۆن پێشتر لەگەڵ عێراقدا ئەنجام درا، ئەمەیش ئەوە بۆ ئیسرائیل مسۆگەر دەکات کە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا باڵادەستیی خۆی لە ناوچەکە لە دەست نەدات.
یەکێکی تر لە سیناریۆکان بریتییە لە زیندووکردنەوە و هاندانی کۆمەڵێک هێزی چەکداری لەڕێی سوکایەتییە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر کیانە داگیرکەرەکە لە دەوروبەری زەوییە داگیرکراوەکانی جۆلان و باشووری سووریا بەبێ گەڕانەوە بۆ حوکوومەتی سووریا و کۆمەڵەی «تحریر الشام» و سەرکردایەتیی باڵای سەربازیی هێزەکە. ئەمەیش دەبێتە هەلێکی تر بۆ ئیسرائیل کە هێرش بکاتە سەر ئەو هێزانەی ڕقی لێیانە و دەیەوێت ناوبانگی سەربازی بگەڕێنێتەوە لەڕێی هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵیاندا لەدوای ئەو شکستەی تووشی بوو لە غەززە و باشووری لوبنان، بەڵام ئەمەیان لەوانەیە ببێتە هۆکاری تەقینەوەی ئۆپۆزیسیۆنەکانی نەتەنیاهۆ لە ناوخۆی ئیسرائیلدا، دوای ئەوەی هێرشی زەمینیی کردە سەر گوندەکانی باشووری لوبنان و شکستی هێنا لە چوونەناو خاکەکانی لوبنان و ئەوەیشی کە ماوەی زیاتر لە ١٤ مانگە لە غەززە هیچ ئامانجێکی نەپێکاوە و بێهۆکار جەنگ درێژ دەکاتەوە.
ناکرێت هیچ لەم سیناریۆیانە بە ئەگەرێکی بەهێز و سەرەکی وەربگیرێن، چونکە لە کۆتاییدا تەنها شیکارن و ڕووداوەکان زۆر بەخێرایی لەم خاکەدا دەگۆڕێن، هەر وەک چۆن لە ماوەی دوو هەفتەدا مێزەکە بەسەر بنەماڵەی ئەسەددا هەڵگەڕایەوە و بوویە مایەی سوپرایز بۆ هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
هەرچەندە نەتەنیاهۆ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ویستی وای دەربخات کە ڕووخانی ئەسەد یەکێکە لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی، بەڵام کەس بڕوای بە قسەکانی نییە، لە کاتێکدا ئیسرائیل و دەزگا هەواڵگرییەکانیان یەکێک بوون لەو هێزانەی کە تا ئێستایش لە گێژاوی حەوتی ئۆکتۆبەر دەرباز نەبوون و هەر ئەمانەیش هۆکار بوون بۆ خێرا جووڵەکردن و قۆستنەوەی دەرفەتەکە بۆ چوونەناو خاکی سووریا وەک چۆن لە سەرەتادا باسمان کرد.
لە سەروو ئەمانەوە ناکرێت بڵێین ئەم جووڵە خێرایانەی ئیسرائیل لە قازانجیدایە، چونکە تا ئێستا هیچ وەڵامێک نەبووە بۆ ئەو کارانەی ئەنجامی داون، ئەگەریش لەم کاتەدا حوکوومەتی نوێی سووریا بێدەنگ بێت بەرانبەر ئەم کردارانەی ئیسرائیل، ئەوا هەمووان ئەوە جوان دەبینن کە ئیسرائیل پڕۆژەیەکی داگیرکەری فراوانخوازە، بە تێگەیشتن لەم ڕاستییەیش لە داهاتوودا هەنگاو دەنرێت و ڕووداوگەلێکی نوێ ڕوودەدەن.