زۆرێکی زۆرمان پێناسەی دیموکراسی دەزانین، سەرچاوەکەی دوو وشەی گریکیی کۆنە کە بریتین لە: "demos" واتە گەل، و "kratos" واتە دەسەڵات، بە لێکدانی هەردوو وشەکە دەستەواژەی "دەسەڵاتی گەل"مان دەست دەکەوێت.
سیستمی دیموکراسی سیستمێکی سیاسییە بۆ دروستکردنی بڕیاردەرێک لەنێو کۆمەڵگەیەکدا، ئەندامانی ناو دەستەکە لە ڕێی هەڵبژاردنەوە سەر دەکەون بۆ دەسەڵات.
کاتێک دەوترێت کە دەوڵەتێک سیستمی دیموکراسی پەیڕەو دەکات، واتە ئەو هاوڵاتییانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە، بەیەکسانی بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنی دەسەڵاتدار و بڕیاربەدەستی کۆمەڵگە.
ئەخلاق بریتییە لە کۆمەڵێک بنەما و بەها و ڕێسا کە ڕەفتاری مرۆڤەکان ڕێک دەخات لە ڕێی سروشەوە. ئەخلاق یەکێکە لە بەها هەرە باڵاکانی ئیسلام، هەموو مرۆڤێک لە سەرەتای ئافراندنییەوە بە فیترەتێکی پاکەوە دروست دەکرێت، هەر بۆیە باش و خراپ لە یەکتر جیا دەکاتەوە و دەزانێت چی باشە و چی خراپە.
لە ئیسلامدا ئەخلاق مەنزوومەیەکی چڕوپڕە و کرۆکی هەموو کارەکانە، هەر بۆیە بەستراوەتەوە بە بیروباوەڕی دروست و عیبادات و ئیمانەوە.
ئەخلاق دوو سروشتی هەیە:
یەکەمیان سروشتێکی ئیلاهیی هەیە کە بریتییە لە ڕێساکانی خودای گەورە بۆ ڕێکخستنی ڕەفتارەکانمان.
دووەمیان سروشتێکی ئینسانی هەیە کە بریتییە لە کرداری مرۆڤەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێساکانی خودا.
ئایا ڕۆژێک پرسیومانە، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەخلاق و دیموکراسیدا هەیە؟
بەپێی ئەو ڕوونکردنەوە کورت و پوختەی سەرەوە بێت، مرۆڤ تێدەگات کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەخلاق و دیموکراسیدا نییە، بەڵام چۆن؟!
زانیمان کە دیموکراسی سیستمێکی سیاسییە بۆ بەڕێوبردنی کۆمەڵگەیەک یان دەوڵەتێک، واتە ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و زیاتر نییە لەوە.
مالیزیا، ڕووسیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئەمریکا، ئیماڕات، کوەیت و ... هەریەک لەم دەوڵەتانە هەموویان سیستمی دیموکراسی پەیڕەو دەکەن، بەڵام ئایە مامەڵەی هەموویان لە ڕووی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیقەوە وەکو یەکن؟
بە نموونە بە ناو دەوڵەتی ئیسرائیل، ئایا لە ڕێی سیستمی دیموکراسی نەهاتووەتە سەر دەسەڵات؟ ئایا سیاسەتێکی ئەخلاقییانە پەیڕەو دەکات یان هەر لە بنەڕەتی دروستبوونەوە کیانێکی داگیرکەر و دز بووە.
ئایا ئەمریکا لە ڕێی سیستمی دیموکراسییەوە سەرۆک دیاری ناکات؟ بەڵام چەند جار لە مێژووی ئەمریکادا دیومانە کە چەندین کۆمەڵگە و دەوڵەت و شوێنی ئەم جیهانەی لە ژێر بیانووگەلێکی بێمانا بۆردومان کردووە و تێکداوە و هتد.
مالیزیایش سیستمی دیموکراسی پەیڕەو دەکات، بەڵام ئایا وەک ئەو وڵاتانەی تر وایە؟
ئەو دەوڵەتانەی پەیڕەوی سیاسەتێکی نائەخلاقییانە دەکەن، دەکرێت بڵێین دیموکراسی نین؟ خۆ لە ڕێی هەڵبژاردنەوە چوونەتە دەسەڵات و خەڵکی بە ئیرادەی خۆیان هەڵیانبژاردوون!
کەواتە کێشەکە لە فەسادی ئەخلاقیی کۆمەڵگەکە و بنەڕەتی بیروباوەڕ و بەهاکانی تاکەکانە.
کەواتە ئەخلاقیبوونی دەوڵەتێک یان دەسەڵاتێکی سیاسیی پەیوەندیدار نییە بەوەی کە ئایا سیستمی دیموکراسی پەیڕەو دەکات یان نا، چونکە دەکرێت کۆمەڵگەیەک سەرۆکێکی بەدئەخلاق هەڵبژێرێت بۆ حوکمکردنیان.
هەروەک چۆن بنەڕەتی فیکری زایۆنیزم بۆگەنە و هەرکات هەڵبژاردنێکی دیموکراسی بکرێت، سەرۆکێکی بەدئەخلاق هەڵدەبژێرن بۆ حوکمکردنیان و پەیڕەوی پرۆتۆکۆلاتی زایۆنیزم دەکات کە هەمووی پڕییەتی لە ڕێسای نائەخلاقی.
ئەوە بەهای جوان و بەرزیی کۆمەڵگە و سەرکردەکەیە دیاری دەکات کە ئایا ئەو دەوڵەتە یان دەسەڵاتە سیاسییە مامەڵەی ئەخلاقییانە دەکات یان نا، ئەو بەها جوانانەیش لە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی دەدۆزیتەوە کە کار بە "کتاب و سنة" دەکەن و ڕێز لە زانا و فەقیهەکانی وڵات دەگرن، لە هیچ شوێنێکی تر ناتوانیت چارەسەر بدۆزیتەوە بۆ کێشەی نائەخلاقیبوون، بەگشتیش ڕۆژاوا لەو بەهایانە داماڵدراوە و ناتوانیت پشتیان پێ ببەستیت بۆ دەستخستنی دەسەڵاتێکی ئەخلاقیی دادپەروەر.
هەر بۆیە مەنزوومەی ئەخلاق لە ئیسلامدا چارەسەرە بۆ کێشەی دەسەڵاتدار و کۆمەڵگەی نائەخلاقی.