لیشیک کۆلاکۆڤسکی"ی پۆڵەندایی لە وتارێکیدا بە ناوی "سەرکردەی کاریزمایی و مامۆستای کارێزمایی" لێکۆڵینەوەیەکی وردی دەربارەی کەسێتیی کاریزمایی کردووە و لە پەسنی سەرکردەی کارێزماییدا ئێژێت: «کەسێتییەکە بەر لەوەی هێشتا دەمی کردبێتەوە، باوەڕمان بە ڕاستی و دروستیی هەموو قسەکانێتی. بەم مانایە، سەرچاوەگەرێتیی کەسێتیی کاریزمایی لایەنێکی نیمچە پیرۆزی هەیە و پشت بە بنەمای ئەقڵانی نابەستێت.» واتە کەسێتیی کارێزمایی هەر قسەیەک بکات، خەڵک بە دروستی دەزانن و بڕوای پێ دەکەن، ئەم خاڵە بۆ سەرۆک و بەڕێوەبەر زۆر گرنگە، جا سەرۆکی وڵات یا حیزب، یا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەک تا ڕێکخراو و دەستەیەکی بچووکیش دەگرێتەوە، کە بەداخەوە لەم وڵاتەی ئێمەدا لە ڕووە سیاسییەکەوە لە دیدی بەشێکی زۆری خەڵکیدا کەسێتییەکی لەم جۆرە نییە و لە دیدی بەشێکی دیکەدا تاقە کەسێ بە کارێزما دەزانن و بەس، لە ڕووی بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتی و گرووپ و ڕێکخراوەکانیشەوە تاکوتەرا کەسانێک هەن کە دکارین بێژین؛ وان سەرکردەنە... هەر لەو وتارەدا کۆلاکۆڤسکی باسی خەسڵەتەکانی کەسێتیی کارێزمایش دەکات کە ئەگەر کەسێ بیەوێ کارێزما بێت، پێویستە ئەو خەسڵەتانە بناسێتەوە، بەڵام کارێزمایی شتێک نییە بە خوێندنەوەی کتێبێک یا خولێک و کۆمەڵێ ڕاهێنان ببێتە بەشێک لە تۆ، بەڵکوو بەشێکی خوویەکی بنەڕەتییە کە لە مناڵییەوە لەتەکتا گەورە دەبێت... ڕەنگە کەسێک بتوانێ بە خوێندنەوەی کتێبگەلێک هەندێ خووی کارێزمایی لە خۆیدا پەرە پێ بدات، لێ مەرج نییە بۆ هەمووان وا بێت!
لیشیک کۆلاکۆڤسکی لە درێژەی باسەکەیدا دەچێتە سەر باسی مورشید و مامۆستا و ئێژێت: «کەسانێک هەن لە سەرچاوەگەرێتیی کارێزمایی بەهرەمەندن و بەڕاستی پێویستمان پێیانە. کەسانێک کە مەرج نییە سەرکردەی سیاسی بن، بەڵکوو ڕۆڵی ڕێنماییکار، پارێزەر و هاریکار دەبینن. دەشێ مامۆستا بن، بەڵام جۆرێکی تایبەتی مامۆستا: زیاتر فێرکارێک یا مورشیدێک، نەک مامۆستایەکی ئاسایی.» ئەم جۆرە مامۆستایەیش کەمینەن، وەلێ کاریگەرییەکی زۆریان هەیە. چونکە فێرکار پێویستە لەتەک فێرکردنا، کاریگەرییش لەسەر فێرکراو دانێت، کاتێ سەرنج و کاریگەریی تێکەڵ بە فێربوون دەبێ، فێربوونی ئەبەدی دێتە بوون، بەس گەر تەنیا فێربوونێکی ڕووت بێ، دەچێتە یادگەی کورتمەوداوە و زۆری پێ ناچێ، دەبێتە خۆڵەمێش...
پاشان ئەوەی خستووەتە ڕوو کە مەرج نییە مامۆستای کارێزما وەک سەرکردەی کارێزما ناسراو بێت و بەردەوام لەپێش چاوی خەڵکیدا دەرکەوێت و قاڵەی بێ، هێندە بەسە سەرنجی دەستەیەک فێرخواز کەمەندکێش بکات و توانا و بەهرە و کارامەییەکانی خۆی بۆ وان بگوازێتەوە.
بۆ ئەوەی ببیتە مامۆستایەکی کارێزما پێویستە شێتانە عاشقی پیشە و بوارەکەت بی و گڕوتینی ئەو عەشقەت پێوە دیار بێ... لە هەمان کاتدا نووسەر ئاماژەی بەوەیش کردووە کە مامۆستای کارلزما لە فێرکردنا توندوتیژە، چونکە ئامانجی ئەو گواستنەوەی توانا و بەهرەکەی خۆیەتی بۆ فێرخوازەکەی، بۆیە بە زەبری هێز و تووڕەیی فێرخوازەکانی فێر دەکات... بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم قسەیەیش گەر سەیری فیلمی (Whiplash) بکەی زیاتر ئەم ڕاستییەت بۆ ڕوون دەبێتەوە کە چۆن مامۆستای کارێزما بێبەزییانە فێرخوازەکەی فێر دەکات... هەر سەبارەت بەم بابەتە لە پەروەردەکردنا هەڵەیەک هەیە کە دایباب یا مامۆستا لە کاتی فێرکردنی مناڵ لە بواری ژیان و خوێندنیشدا ئاسانکارییەکی زۆریان بۆ دەکەن تا فێر بن، وەلێ بە پێچەوانەوە مرۆڤ بە ئاسنکاری فێر نابێ، بەڵکوو پێویستە ڕێگەی قوورسی بۆ دانێی تا بە جۆرێک فێر بێ کە قەت بیری نەچێتەوە. ئاسانکاری، مناڵ گەمژە دەکات، بەڵام سەختییەکان مرۆڤ توندوتۆڵ و کارامە دەکات... بۆیە لە پەروەردەکردن و فێرکردنی مناڵ و فێرخوازدا نابێ ئاسانکارییان بۆ بکرێ، بەڵکوو پێویستە ڕێی سەخت و هەورازیان پێ تەی بکەی، تا ببنە مرۆڤێک بۆ ژیانی واقعی، نەک ژیانێکی بەڕێخراو...
نووسەر لە وتارەکەیدا ئاماژەیەکی بە شانۆنامە بەناوبانگەکەی ساموێل بیکێت "لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا" کردووە کە چۆن ئومێدی نائاکام بۆ بینینی مامۆستایەکی ڕێنوێن شانۆییەکەی درەوشاندووەتەوە و هەموو هەوڵ و هیوایەکیان چاوەڕوانییە بۆ هاتنی گۆدۆ کە ببێتە ڕێبەر و ڕێنوێنیان...
مناڵیش هەمیشە چاوەڕێی "گۆدۆ"یەکە کە دەستی بگرێ و بیپەڕێنێتەوە، گەر بمانەوێ گۆدۆ بین، پێویستە مورشیدێکی کارێزما بین تا پەروەردەی بکەین، نەک ڕێخۆشکەر و ئاسانکار بین. دایک زۆر جار عاتیفەی زاڵە و زۆرینەی کارەکانی مناڵەکەی خۆی ئەنجامی دەدات، کە ئەمە کاریگەریی خراپ لەسەر توانا و بەهرەی مناڵەکە دروست دەکات، بەڵام گەر مناڵ خۆی ئەرکەکانی خۆی ڕاپەڕێنێ، ئەوە هەر لە مناڵییەوە فێری بەرپرسیارێتیی دەبێت.
یا کاتێ مامۆستایەک ئەرکی ماڵەوە بە فێرخوازێک دەدات، نابێ دایباب خۆیان ئەرکەکەی بۆ جێبەجێ بکەن، بەڵکوو پێویستە لێگەڕێن ئەو خۆی وەڵامی دەست کەوێ، کاتێ شتێ بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆت دەست دەخەی، دەبێتە بەشێک لە تۆ، بۆیە فێربوونی ڕاستەقینە ڕوو دەدات، نەک فێربوونی ناڕاست...
کاتێ مناڵەکەت ئەیەوێ فێری لێخوڕینی پاسکیل بێ، لێگەڕێ با دوو جار بە زەویدا بکەوێ و زامار بێ... کە ئەیەوێ فێری نووسین بێ، خۆت دەستی مەگرە و قەڵەمێکی پێ بدە تا پشت وە خۆی بوەسێ و خۆی فێر بێ...
بەگشتی، مرۆ تاقەتی بەرپرسیارێتیی نییە، حەز دەکاە کەسێکی دی لەجیاتیی وی کارەکانی ڕاپەڕێنێ، هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو ئاسانکارییەی کە دایباب و مامۆستا لە فێربوونی ڕۆڵە و فێرخوازاندا کردوویانە... هۆکاری ئەوەیش کە لە گەورەییدا زوو نائومێد و بێتاقەت دەبین و ناتوانین کارێک بەڕێکی ببەینە سەر، یا توانای بڕیارمان نییە و دەترسین کارێکی نوێ تاقی بکەینەوە و ڕێیەکی تازە بگرینە بەر هەر ئەو هەموو ئاسانکارییانەی مناڵییە، وای کردووە نەتوانین خۆمان بڕیار بدەین و ڕێی نوێ بگرینە بەر، چون ئیدی دایکمان لەتەکماندا نایەت تا سەری کۆڵانەکە، باوکمان بە کۆڵ و باوەش لە جۆگەلەیەک نامانپەڕێنێتەوە، مامۆستاکەمان بیست جار ڕێگەی فێربوونمان بۆ پاتە ناکاتەوە... ڕێک وەک ماسیگرێک کە هەمیشە ماسییی ئامادەکراوی پێ درابێت و فرۆشتبێتی تا ڕۆژێ کەس نابێ ماسیی پێ بدات و ناچار دەبێ خۆی بچێ ماسی بگرێ، کەچی نوقمی دەریا دەبێ.
قسە زۆرە و کردار کەم، هیوامە کردارمان زۆر بێ و گوفتارمان کەم.