نیشتیمانپەروەری لەنێوان بەهای مرۆڤبوون و ڕەگەزپەرستیی جاهیلییەتدا

نووسینی: یووسف ئەیووبی
فیکر 2025-01-07 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 266 جار بینراوە

لەگەڵ هاوڕێیەکمدا کەوتینە گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ئوممەتی ئیسلام و بێشعوربوونی مرۆڤایەتی بەرانبەر تاوانەکانی داگیرکەران لە زۆرینەی وڵاتاندا.

وەک هەمیشە و زۆرینەی خەڵکی، هاوڕێکەم لە بەرانبەرمدا کەوتە بەرگرییەکی کوێرانە و ڕەگەزپەرستانە لە میللەتی کورد، وەک بڵێی من دوژمنم و هێرشم کردووەتە سەر میللەتەکەمان و قڕم کردوون تەنها لەبەر ئەوەی باسی غەززەم کرد و بابەتەکە وابەستە بوویەوە بە بیروباوەڕی قووڵی ئیسلام. بەلامەوە سەیر نەبوو و یەکەم جارم نەبووە تووشی حاڵەتی وا ببم.

لێم پرسی کە من هەرگیز وتوومە دژی کوردم؟ یان هەرگیز دیوتە ئێمەی ئیسلامی لەگەڵ زاڵم دەست تێکەڵ بکەین و بیانهێنینە ناو خاک و نیشتیمان؟ یان جەنگی ناوخۆمان بەرپا کردووە و ڕۆڵەی نیشتیمان بەکوشتن بدەین؟

بۆچی خۆت خستووتە سوچێکەوە و بەرگرییەکی کوێرانەی ناواقیعی دەکەیت لە کاتێکدا هیچ کەس هێرشبەر نییە و هەمووانت لە خۆت کردووەتە دوژمن و زوو زوو دەڵێیتەوە کە چیاکان هاوڕێتن و نیو کاتژمێر بەرگە ناگریت بەسەریدا سەرکەویت؟!

ئەم جۆرە مرۆڤانە زۆرن و هەمیشە ڕەشبینن و ناواقیعی بیر دەکەنەوە و خۆیان دوور گرتووە لەبەهاکانی مرۆڤایەتی، جا کە لێیان دەپرسیت پێناسەی نەتەوەم بۆ بکە و بەدوایشیدا پێکەوەژیان، هەموو قسەکانی دەبنەوە دژیەک!

نیشتیمانپەروەری لەلای زۆرینەیەک دەگۆڕێت بۆ شۆڤێنیبووون، کە پێناسێکی نوێیە بۆ دەستەواژەی هۆزگەرایی سەردەمی جاهیلییەت؛ تیایدا پەیوەندیی خوێن و خزمایەتی لە سەرووی هەموو شتێکی ترەوەیە.

هەر ئەوە بوو لە جاهیلییەتدا دەوترا  "براکەت سەر بخە گەر ستەمکار و ستەملێکراویش بێت." بەڵام کە ئیسلام هات سەروەرمان ئەم شێوە تێگەیشتنەی ڕاست کردەوە کە لێیان پرسی "چۆن براکەم سەر بخەم لە کاتێکدا ستەمکار بوو؟" ئەویش فەرمووی: "ڕێگریی لێ بکە کە ستەم بکات، ئەوە سەرخستنە."

هەربۆیە دادگەریی خستە سەرووی پەیوەندیی خوێن و خزمایەتی، سنوورێکی دانا بۆ ئەو هەموو پێشێلکاری و خوێنڕشتن و نامرۆڤبوونە.

هەروەک مامۆستا تەحسین دەفەرمووێت: "ئەرکی یەکەمی ئایین ڕزگارکردنی ئێمەیە." ئێمە لەناو جیهانی خۆماندا داخراوین، وەک بڵێی لە ژوورێکداین و جیهان تەنها بریتییە لەو ژوورە، ئەرکی یەکەمی ئایین ئەوەیە لەم ژوورە پەنجەرەیەکمان بۆ دەکاتەوە. دەرەوەیش دەبینین، بە واتای ئەوەی لەم جیهانە سادە بچووکە دەرماندەهێنێت و پەیوەندی دەکاتەوە بە جیهانی غەیب.

هەرکات مرۆڤ توانای ئەوەی هەبوو لەگەڵ دونیای دەرەوەی خۆیدا پەیوەندی ببەستێت، ئەوا دەوترێ دونیابینیی فراوانە و ئاستی تێگەیشتن و پەیپێبردن و مرۆڤبوونیشی فراوان و گەورەیە.

ئێستا دەبینیت دوو مرۆڤ تەنها لەبەر ئەوەی بە دوو زمانی جیاواز قسە دەکەن؛ کینەبەرایەتی دەکەن و دژی یەکتر دەجەنگن لەسەر سنوورگەلێکی وەهمی کە دانراوی داگیرکەرانە، تاوەکو سنورەکانی نێوانمان دوورتر بخەنەوە و ئاستی لێکتێگەیشتن و پێکەوەژیانیشمان کەمتر ببێتەوە.

جا ئەمانەی کە لەبەر جیاوازیی زمان کەسانی تر بە دوژمنی خۆیان دەزانن، هیچ کات ناتوانن بیری گەورە بکەنەوە و خەیاڵی ئەوە بکەن لە جیهانێکی دوور لە جەنگ و سنووری وەهمی بژین!

لە سەردەمی جاهیلییەتدا نزیکی خوێن بەس بوو تاوەکو پاڵپشتیی ستەمکارێک بکرێت و ستەملێکراوێک ئەشکەنجە بدرێت، دوای هاتنی ئیسلام هاوکێشەکان پێچەوانە بوونەوە، لەسەر ئەساسی خوێن کەس پاڵپشتیی کەسی نەدەکرد، بەڵکو دەکرا دوو کەس کە لە هەمان خوێنن بجەنگن دژی یەکتر، لەبەر ئەوەی یەکێکیان ستەمکارە و پێویستە لە سنووری خۆیدا ڕابگیرێت تاوەکو مرۆڤایەتی زیاتر نەشێوێ و کۆمەڵگە تێکنەچێت.

ئایا ڕۆژێک لە سەرووی سنوورە وەهمی و جیاوازییە لاوەکییەکان بیرمان کردووەتەوە؟ ئایا بیرمان کردووەتەوە کە چی بۆ ئێمەی مرۆڤەو مەبدەئ و بەهایە؟

درێژتری نەکەمەوە، مرۆڤ بەپێی فیترەتی خۆی دەستە و کۆمەڵەیەک هەڵدەبژێرێت لەناویدا بژیێت کە ژیانێکی ئارامی هەبێت و دەستەبەری پێداویستییەکانی بکات و بە ئازادی و کەرامەتەوە بتوانێت ژیانی بە ڕێ بکات.

هەموو ئەمانە زاڵ دەبن بەسەر بڕیاری ئەوەی لەگەڵ هاوزمانەکانی بژیێت یان لەگەڵ هاوهۆز و هاوگەڕەک و نەتەوەیەکی نزیک لە خۆی دابنیشێت.

چەند مرۆڤمان بینی کە لەیەک نیشتیمان گەورە بوون و هاوزمان بوون بەڵام بە هۆی جیاوازیی ترەوە یەکیان کوشتووە و دژی یەکتربوون؟!

کەواتە چی وام لێ دەکات قبووڵی بکەم لەگەڵ کەسانێکدا بژیم کە لە بیرکردنەوەدا لێم جیاوازن؟ لە بەرانبەردا چی وام لێ دەکات هاونەتەوە و هاوزمانەکانم جێبهێڵم و واز لە نیشتیمانم بهێنم و کۆچ بکەم بۆ وڵاتێکی تر!

تاگەکان    
هاوڕەگەزخوازی تەنیایی نائومێدی عەبدولکەریم سرووش مردن کۆرۆرنا خێوەتگە نوێژ پۆرن باران ستەم گەنجان کوردستان بوومەلەرزە فیکر
فیکر
2025-01-07 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 266 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی