شەهوەت و تەمەنی پێگەیشتن

نووسینی: مستەفا مەحموود وەرگێڕانی: ئازاد حسێن
فیکر 2025-01-06 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 364 جار بینراوە

کە تازەلاو گەیشتە تەمەنی پێگەیشتن لە ناوەوەیدا گێژەڵۆکی حەز و ئارەزوو هەڵدەکات و ئاگری شەهوەت کڵپە دەستێنێت، جەستە داوای بەشی خۆی دەکات و ئێژێت تێرم بکە. گەنج هەست بەم حەزانە دەکات، پاڵی دەنێن و دنەی دەدەن، هەر دەڵێیت ویستێکی ترن و لە ناخیدا قیت بوونەتەوە و دەکۆشن خۆیانی بەسەردا بسەپێنن. 

دەبینێت نەفسی داوای شتێکی لێ دەکات و بەرەو شوێنێکی پاڵ دەنێت و ئەم بەری دەگرێت، جارێک ئەم ئەو جڵەو دەکات و جارێک ئەو ئەم، کەڕەتێک دەیگرێتەوە و چەندین کەڕەت لە دەستی دەردەچێت؛ شەهوەت ئەو بە دوای خۆیدا کێش دەکات و دەیگەیەنێتە چاڵی چێژە هەستەکییە ڕاستەوخۆکان و کارێلێکی سەرەتایی. ئەمەیە هەرزەکاری. 

ئەگەری هەیە گۆشەگری و داخران و ڕەشبینی و شۆڕش و شەڕ و ئاژاوەی لەتەکدا بێت. ئەگەری هەیە تازەلاو دەست بکاتە دیندارییەکی ناتەندروستی سەرکەشانە یان ڕێچکەی بێباوەڕی و سەرپێچی و یاخیبوون و ڕەتکردنەوەی گشت ئاکار و نەریتێک بگرێتە بەر. 

دەبینین لاوێک دەڵێت: جەستەم موڵکی خۆمە، کەیفی خۆمە چیی پێ بکەم و مادام دەستدرێژیم نەکردووەتە سەر کەس، چۆنم بوێت چێژ وەردەگرم! یان کچێک ئێژێت: من ئازادم، خۆم بەوە دەبەخشم وا خۆشمدەوێت و خۆم هەڵمبژاردووە، کەسیش بۆی نییە دەست لە کاری ئێمە وەر بدات، خۆ ئێمە ئازاری کەسمان نەداوە! 

ئەگەری هەیە ئەم چێژخوازییە بگاتە ترۆپک و ئاڵای فەلسەفەگەلێکی مینا پووچگەرایی و بوونگەرایی و هەڕەمەکیگەرایی بە دەستەوە بگرێت و هەڵببڕێت. بەم چەشنە ڕێککەوتنێکی ساختە تەک عەقڵدا مۆر دەکات، بگرە لەمەیش زیاتر، عەقڵ دەکاتە خزمەتکاری خۆی تا خۆشیگەلێکی زیاتری بۆ دەستەبەر بکات و لەززەتێلێکی هەمەڕەنگتر و فرەتری بۆ ژێربار بکات.

یەکێکیان دەڵێت خیانەت و نواندنی ناوبەتاڵ و لافی درۆی لێ دەربچێت گشت شتێکی تر ڕێگەپێدراوە. ئەم قسەیە دەرخەری تێکەڵکردن و لێتێکچوونێکی مەترسیدارە. ئاخر ئەگەری هەیە وان وا گومان ببەن ئەم شەهوەتەی ملی هەڵبڕیوە ویستی ڕاستەقینەیانە، بۆیە کردوویانەتە ئامانجی بوون و ژیانیان.

لە کاتێکدا حەقیقەت شتێکە دوور لەمە. خوا وەختێک ئەم جەنگە لە ناخی مرۆڤ و لەنێوان دوو دژدا دێنێتە بوون، لەنێوان ڕووح و جەستەدا، دەیەوێت بەمە ویستی ئازاد و هەستی سەربەستی، بەئاگا بهێنێتەوە و پاڵفتەی بکات و وەک شتێکی تایبەت و جیاوازی دیار و باڵا دەستنیشانی بکات و لە ویستی جەستە و ئەندامەکانی وەچەخستنەوەی جیا بکاتەوە. 

خوای مەزن دەیەوێت هەموو بنیادەمێک بزانێت و پەی بەوە ببات کە خودی ئەو تەنیا جەستە نییە، بەڵکوو ئەو خاوەن و بڕیاردەرە بەسەر جەستەدا و بە هیچ شێوەیەک نابێت هاوکێشەکە پێچەوانە ببێتەوە، جەستە ببێتە دادوەر و بڕیاردەر و ئەو ببێتە دیل و جێبەجێکار. 

ئادەمیزاد، گەورە و ئاغای ئەم دیوە دەرەکی و ماددییەیە، ئاخر چۆن دەبێت ئاغا ببێتە خزمەتکار و دادوەر ببێتە تاوانبار؟ گەر ئەمە ڕووی دا ئینسان دەچێتە ڕیزی ئاژەڵانەوە. مرۆڤ تا پای لە داوی شەهوەت گیر نەبێت و پەتی حەزی لە مل توند نەبێت درک بەم ڕاستییە ناکات. ئەووەخت هەست دەکات ئازادییەکەی ئەوە هیچ زیادی نەکرد، بەڵکوو کۆتەکەی لە دەست و پێ قایمتر بوو، نەک ئازاد نەبوو بگرە بووە کۆیلە، ئەوەتا بووەتە دیلی جەستەی و وا ئەندامەکانی دەستیان لە هەوکی گیر کردووە و خەریکن دەیخنکێنن.

جا گەر ئەم کەسە فریوخواردووە ڕاستگۆ بێت، دژی ئەم کۆیلایەتییە شۆڕش بەرپا دەکات و کۆتەکان دەشکێنێت و ئازاد دەبێت، تا دەکەوێتە سەر ڕاستەشەقامی مرۆڤی هاوسەنگ و دروست و بەرەو پەیوەندییەک هەنگاو دەنێت ئەم حەزەی لە هاوسەرگرییەکی سەرکەوتوودا تێدا ڕێک بخات، یان واز لە ملکەچبوونی بهێنێت و کارێکی بەرهەمدار دەست پێ بکات.

لێ گەر ژیانی ئاژەڵڕەنگانە هەڵبژێرێت، لە غلۆربوونەوە بۆ دۆڵی پەستی بەردەوام دەبێت تا دەروونی دەلەوتێت و ڕووحی دەژاکێت، ڕێک مینا مێشەنگێک لە هەنگویندا بچەقێت و تێیدا بخنکێت. جیاوازیی نێوان جڵەوکردنی ئەم حەزە و وێڵکردنی، جیاوازیی نێوان باخی مەیموون و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی لێ دەکەوێتەوە.

چەند زۆرن ئەو وڵاتە ڕۆژاواییانەی کە ئێستا زیاتر لە شارەمەیموون دەچن. گوێلەمستبوونی ئەم حەزەیش هەردەم سەر بۆ جۆرێک لە گێلی و تەنبەڵی و خامۆشی و مردنی ڕووحی دەکێشێت، ڕێک چەشنی پڕکردنی گەدە و ترشاندنی بە خواردن. 

ئادەمیزاد بەوە دەبێتە ئادەمیزاد کاتێک پێش ئەوەی تێر بخوات هەڵبستێت. مرۆڤ تەنیا کاتێک مرۆڤە بتوانێت ڕەشمەی حەزەکانی و ئەوەی پێی خۆشە بکات و بەرگەی ئەوەی لەسەری قورسە بگرێت. ئینسان وەختێک ئینسانە عەقڵی زاڵ بێت بەسەر بەشە ئاژەڵییەکەیدا و گەورەیی و پێگەیشتووییەکەی، گێلی و نەفامییەکانی دابپۆشن. ئەمەیش یەکەم سیمای ئادەمیزادە و سەرەتاییترین نیشانەی مرۆڤبوونێتی.

تاگەکان    
نیشتیمانپەروەری سایکس-بیکۆ کورد بوونەوەری ئاسمانی ڕەزا بابایی دەروونی تەنیایی ئەیاد قنێبی شەڕ یاری دیزاینی زیرەک بووژانەوە جوانی زمان لۆجیک
فیکر
2025-01-06 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 364 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی