لە هەندێ دۆخی وەک ئەوەی ئێستا لە ئەمریکادا ڕوودەدات، بۆت دەردەکەوێت زۆرێک لە مسوڵمانان باوەڕیان بە ئایاتی خوا نەماوە و تا سەر ئێسقان بە ژیاری ماددیگەریی ڕۆژاوا کاریگەر بوون و بە خۆیانیان نەزانیوە! بابەتی ئەوەی ڕوودەدات، ئایا غەزەبی خودایە یاخود نەخێر، بووەتە جێی مشتومڕ و یەکێک دەڵێت بەڵێ وایە و دووان ئێژێت هیچ وا نییە! ڕاستییەکەی بابەتەکە لەوە زۆر ڕیشەدارترە. هێندە نموونەمان هەیە لە قورئاندا ئەم باسە ورد دەکاتەوە، مرۆڤ سەری سوڕ دەمێنێت کە مسوڵمان نایانبینێت!
خوا ڕقی لە مرۆڤ نییە و نایهەوێت لەناوی ببات، وەلێ هەندێ ڕێسای جێگری داناوە، لێیان لابدەیت تووش دەبیت. بەڵا لە سزا جودایە و ئامانجی ڕێگەگرتن و گەڕانەوەیە لە تاوان. دەربڕینی (سا بەڵکوو بگەڕێنەوە) لە چەند جێی قورئاندا هاتووە؟
(وَقَطَّعْنَاهُمْ فِي الْأَرْضِ أُمَمًا مِّنْهُمُ الصَّالِحُونَ وَمِنْهُمْ دونَ ذَٰلِكَ وَبَلَوْنَاهُم بِالْحَسَنَاتِ وَالسَّيِّئَاتِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ) (الأعراف: ١٦٨) واتە: لە زەمیندا کردمانن بە چەندین دەستەی لێکتر جیا. هێندێ لەوان بە چاک دەرچوون؛ هێندێ تر وەک ئەوان نەبوون؛ بە خۆشیان و بە ناخۆشیانییشمان ئەزموون، سا بەشکوو بگەڕێنەوە.
(ظَهَرَ الْفَسَادُ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ بِمَا كَسَبَتْ أَيْدِي النَّاسِ لِيُذِيقَهُم بَعْضَ الَّذِي عَمِلُوا لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ) (الروم: ٤١) واتە: گەندەکاریی ئەم مەردمە لە بەژ و دەریا خۆی نواند. دە با سزای هێندێک لە ئاکارەکانیان پێ بچێژێ؛ شایەتا بگەڕێنەوە.
(وَلَنُذِيقَنَّهُم مِّنَ الْعَذَابِ الْأَدْنَىٰ دُونَ الْعَذَابِ الْأَكْبَرِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ) (السجدة: ٢١) واتە: بێگومانە ئێمە بە جگە ئازارە هەرە گەورەکە، ئازاری ئەم دنیایەشیان پێ دەچێژین؛ شایەتا بگەڕێنەوە.
(وَمَا نُرِيهِم مِّنْ آيَةٍ إِلَّا هِيَ أَكْبَرُ مِنْ أُخْتِهَا وَأَخَذْنَاهُم بِالْعَذَابِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ) (الزخرف: ٤٨) واتە: هەر نیشانەیەکی خۆمان نیشانی ئەوانە دەدا، لە نیشانەکەی پێشەوە گرینگتر بوو. تووشی ئازاریشمان کردن، بەشکەمێ بگەڕێنەوە.
(وَلَقَدْ أَهْلَكْنَا مَا حَوْلَكُم مِّنَ الْقُرَىٰ وَصَرَّفْنَا الْآيَاتِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ) (الأحقاف: ٢٧) واتە: فرە لەو باژێڕانەمان قڕ تێ خستوون کە هەر لە دەوری ئێوە بوون. هەموو جۆرە نیشانەمان بۆ ڕاناون، کە بەشکوو بگەڕێنەوە.
دەبینیت لە هەموو ئایەتەکاندا سزا "العذاب" و تاقیکردنەوەکان بەستراونەتەوە بە (سا بەڵکوو بگەڕێنەوەوە: "لعلهم یرجعون").
یان ئەو هەموو ئایەتانەی باسی سزای خوایی دەکەن لەپای لەخۆباییبوون و بێباکی و بەدنمەکیی خەڵک:
(وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا إِلَى أُمَمٍ مِنْ قَبْلِكَ فَأَخَذْنَاهُمْ بِالْبَأْسَاءِ وَالضَّرَّاءِ لَعَلَّهُمْ يَتَضَرَّعُونَ * فَلَوْلَا إِذْ جَاءَهُمْ بَأْسُنَا تَضَرَّعُوا وَلَكِنْ قَسَتْ قُلُوبُهُمْ وَزَيَّنَ لَهُمُ الشَّيْطَانُ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ * فَلَمَّا نَسُوا مَا ذُكِّرُوا بِهِ فَتَحْنَا عَلَيْهِمْ أَبْوَابَ كُلِّ شَيْءٍ حَتَّى إِذَا فَرِحُوا بِمَا أُوتُوا أَخَذْنَاهُمْ بَغْتَةً فَإِذَا هُمْ مُبْلِسُونَ). (الأنعام: ٤٢-٤٤) واتە: ئێمە بۆ سەر گەلێک لە گەلانی پێش تۆیش [پێغەمبەرمان] بە ڕێ کردوون. [ئەو کەسانەی یاغی دەبوون] تووشی بەڵا و موسیبەتانمان دەکردن، تا بەشکێکوو لە بەرمان بلاڵێنەوە. دەیسا بۆچی کە بەڵاشمان بە سەر هێنان، لە بەرمان نەپاڕانەوە؟ بەڵام ئەمان دڵڕەش بوون و، شەیتانیش کارەکانیانی وا لە بەر ڕازاندبوونەوە [کە هەر لە سەر حاشایە مان]. جا وەختێ ئەو هەموو ئامۆژگارییانەیان -کە کرابوون- لە بیرەوە چوو، هەموو دەرگای بەختەوەریمان بۆ کردنەوە هەتا کەوتنە خۆشی و شادی؛ ئەوسا لەپڕ و نەکاوێک بەر تووڕەیی خۆمان خستن و هەموو ناهومێد مانەوە.
(وَمَا أَرْسَلْنَا فِي قَرْيَةٍ مِنْ نَبِيٍّ إِلَّا أَخَذْنَا أَهْلَهَا بِالْبَأْسَاءِ وَالضَّرَّاءِ لَعَلَّهُمْ يَضَّرَّعُونَ * ثُمَّ بَدَّلْنَا مَكَانَ السَّيِّئَةِ الْحَسَنَةَ حَتَّى عَفَوْا وَقَالُوا قَدْ مَسَّ آبَاءَنَا الضَّرَّاءُ وَالسَّرَّاءُ فَأَخَذْنَاهُمْ بَغْتَةً وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ) (الأعراف: ٩٤، ٩٥) واتە: ئێمە هەر پێغەمبەرێکمان بۆ هەر کۆمەڵێک ناردووە، بە نەخۆشی و ناگوزووری بە تاقیمان کردوونەوە؛ شایەتا بپاڕێنەوە. * جاری دوایی ناخۆشیمان بە خۆشی بۆ گۆڕیونەوە، تا هەموو شتیان زێدە بوو. گوتیان: باب و باپیریشمان تووشی خۆشی و ناخۆشیان بوون. ئیتر لەپڕ -بەبێ ئەوەی هەست پێ بکەن- گرتمانن.
سەختە دەبینیت مسوڵمان ئەوەندە بێئاگایە لەو کتێبەی بڕیارە ڕێنوێنیکاری بێت و، لە دەرەوەی ئەوەوە زانیاری وەردەگرێت و گەنگەشەی باسوخواسەکان دەکات و بۆی پرسیارە ئەوەی ڕوودەدات سزایە یان سزا نییە؟ لە کاتێکدا دەبوایە بیزانیبایە هەر شتێک لەم گەردوونەدا ڕوودەدات بەرلەوەی سزا بێت، نیشانە "ئایەت"ـە!
(سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنفُسِهِمْ حَتَّىٰ يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ يَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ) (فصلت: ٥٣) واتە: هاکا وامان کرد ئەوانە لە ئاسۆکانی زەمین و عاسماندا و لە خۆشیاندا نیشانەکانمان ببینن؛ هەتا لێان ڕوون بێتەوە کە ئەو ڕاستە. ئاخۆ هێندەیان بەس نییە، پەروەرندەت لە هەموو شت ئاگادارە؟
(فَقُلْنَا اضْرِبُوهُ بِبَعْضِهَا كَذَٰلِكَ يُحْيِي اللَّهُ الْمَوْتَىٰ وَيُرِيكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ). البقرة: ٧٣) واتە: ئەوسا گوتمان: پاژێک لە لاشی چێڵەکە لە لاکی کوژراوەکە دەن، خودا ئاوا مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئاوا نیشانەکانی خۆی نیشان دەدا، بەشکوو بتوانن تێبگەن.
(وَلَقَدْ أَرَيْنَاهُ آيَاتِنَا كُلَّهَا فَكَذَّبَ وَأَبَىٰ). طه: ٥٦) واتە: ئێمە هەموو نیشانەکانمان نیشان دا؛ ئەو هەر بڕوای پێ نەکرد و گوێی پێ نەدا.
(وَقُلِ الْحَمْدُ لِلَّهِ سَيُرِيكُمْ آيَاتِهِ فَتَعْرِفُونَهَا وَمَا رَبُّكَ بِغَافِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ). النمل: ٩٣) واتە: بێژە: سوپاس بۆ خودایە و بەم زووانە ئەو نیشانەکانی خۆیتان نیشان دەدا و دەیانناسن. پەروەرندەت ئاگاداری هەموو کردەوەیەکتانە.
(هُوَ الَّذِي يُرِيكُمْ آيَاتِهِ وَيُنَزِّلُ لَكُم مِّنَ السَّمَاءِ وَمَا يَتَذَكَّرُ إِلَّا مَن يُنِيبُ). غافر: ١٣) واتە: هەر ئەو نیشانانی خۆیتان بۆ دەنوێنێت و لەو حەوایە بژێویتان بۆ بەڕێ دەکات. تەنیا کەسێ لەو ئامۆژگارییە تێدەگا، کە ڕووی هەر بەرەو خودا بێ.
(وَيُرِيكُمْ آيَاتِهِ فَأَيَّ آيَاتِ اللَّهِ تُنكِرُونَ). غافر: ٨١) واتە: زۆر لە نیشانانی خۆی، دەخاتە بەرچاوی ئێوە. ئێوە حاشا لە کام نیشانەی خوا دەکەن؟
وەکوو لەبیدی کوڕی ڕەبیعە دەڵێت:
فَيا عَجَباً كَيفَ يُعصى الإِلَـهُ
أَم كَيـفَ يَجـحَدُهُ الـجاحِــدُ
وَفـي كُـــلِّ شَـيءٍ لَـهُ آيَــةٌ
تَـــدُلُّ عَـــلـى أَنَّــهُ واحـِـدُ
وَلـِلَّـهِ فـي كُـلِّ تَـحـريـكَـةٍ
وَتَـسـكـيـنَــةٍ أَبَـداً شـاهِـدُ
قورئان زۆر بەڕوونی پێمان دەڵێت بێباوەڕان لە دنیادا بەردەوام سزای لابەلا تووشیان دەبێت، ڕەنگە ئەو سزایە تەنیا کێشەیەکی دەروونی بێت، یان هەندێ وردە ئاریشە بێت کە جگە لە تووشبووەکە خۆی، کەسی دیکە پێی نەزانێت. (وَلَا يَزَالُ الَّذِينَ كَفَرُوا تُصِيبُهُمْ بِمَا صَنَعُوا قَارِعَةٌ أَوْ تَحُلُّ قَرِيبًا مِنْ دَارِهِمْ حَتَّى يَأْتِيَ وَعْدُ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ لَا يُخْلِفُ الْمِيعَادَ). (الرعد: ٣١) واتە: خودانەناسەکانیش هەر -لەبەر کاروکردەوەیان- گرفتاری بەڵایەکی دژوار دەبن؛ یان هەر لە پەنا ماڵ خۆیان ئەو بەڵایە دێتە سەریان؛ تا ئەو کاتەی بەڵێنی خودا دێتە جێ. دیارە خودایش بەڵێنی خۆی ناداتە پاش.
ئەم سزایە شتێک نییە ڕۆژێک ڕوو بدات و ڕۆژێک ڕوو نەدات، یان لە زەمانێکدا ڕوو بدات و لە سەردەمێکی دیکەدا ڕوو نەدات، (ولا یزال) بۆ بەردەوامییە.
سەیرە زەینی مرۆڤ بۆ شتی بچکۆلانە و بێبایەخی وەک ئەم جۆرە پرسیارە دەچێت: "چۆن شوێنێک بەر سزا دەکەوێت لە کاتێکدا باوەڕداری تێدایە؟" لە کاتێکدا ئایەتی ئاشکرا هەیە، ڕووی لە باوەڕدارانیشە: (وَمَا أَصَابَكُمْ مِنْ مُصِيبَةٍ فَبِمَا كَسَبَتْ أَيْدِيكُمْ وَيَعْفُو عَنْ كَثِيرٍ * وَمَا أَنْتُمْ بِمُعْجِزِينَ فِي الْأَرْضِ وَمَا لَكُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ مِنْ وَلِيٍّ وَلَا نَصِيرٍ) (الشورى: ٣٠، ٣١) واتە: هەرگا تووشی بەڵایەک بوون، بەهۆی کردەوەی خۆتانە؛ لەزۆر گوناهەکانیشتان چاو دەپۆشێت. نایشتوانن لەم سەرزەمینە خۆ لە خودا بدزنەوە. غەیرە خودایش، نە هیچ گەورەیەکتان هەیە، نە کەسیش بە هاناتانەوە دێ.
تەنانەت بۆ مسوڵمانانیش تەنیا دوو شت ڕێگرن لە سزادان، دەنا هەر ساتێک ئەگەری سزادان لە ئارادایە، ئەو دوو شتەیش یەکێکیان نەماون: (وَمَا كَانَ اللَّهُ لِيُعَذِّبَهُمْ وَأَنْتَ فِيهِمْ وَمَا كَانَ اللَّهُ مُعَذِّبَهُمْ وَهُمْ يَسْتَغْفِرُونَ) (الأنفال: ٣٣) واتە: هەتا تۆیان لە ناودا بێ، خودا جەزرەبەیان نادا. هەتا داوای بووردن لە گوناهیش بکەن، خودا هەر ئازاریان نادا.
کێ وتوویەتی باوەڕدار تووشی بەڵا و سەختی نابێت؟ هەرچییەکی ڕوودەدات نیشانەی هێزی خودایە، چ لە ئاستی تاک بێت و چ لە ئاستی کۆ، چ ناوچەیی بێت چ جیهانی. کۆی ڕووداوەکان یەک ئامانجی گەورەیان هەیە: بیرمان بخەنەوە دنیا لە خۆیەوە هەڵناسووڕێت، پێمان بڵێن خودا ئاگای لە دنیایە و دەستی لێ بەرنەداوە!
چەند بێگرێ و چەند ئاشکرا قورئان باسی سایکۆلۆژیای ستەمکارانمان بۆ دەکات و ئەوجا لەو بەرزییەوەی خودا لێوەی دەڕوانێت، دیمەنەکە پیشان دەدات و بچکۆلەیی و نیگاتهنگیی ئەوانمان بۆ ڕوون دەکاتەوە: (فَأَمَّا عَادٌ فَاسْتَكْبَرُوا فِي الْأَرْضِ بِغَيْرِ الْحَقِّ وَقَالُوا مَنْ أَشَدُّ مِنَّا قُوَّةً أَوَلَمْ يَرَوْا أَنَّ اللَّهَ الَّذِي خَلَقَهُمْ هُوَ أَشَدُّ مِنْهُمْ قُوَّةً وَكَانُوا بِآيَاتِنَا يَجْحَدُونَ) (فصلت: ١٥) واتە: جا هۆزی عاد بە ناڕەوا خۆیان لەو سەرزەمینەدا بە زل زانی. دەیانگوت: کوا؟ کێ لە ئێمە بەهێزترە؟ نەیاندیبوو ئەو خودایەی ئەوانی درووست کردووە گەلێک لەوان بەهێزترە؟ هەر وا بە نیشانەکانمان بێبڕوا بوون.
وەختێ هەستی ئەوەی کەس لە من بەهێزتر نییە (مَنْ أَشَدُّ مِنَّا قُوَّةً) لە ناخدا چەکەرەی کرد، بێمنەتیی بە دوادا دێت (وَكَانُوا بِآيَاتِنَا يَجْحَدُونَ)، ئەودەم ئیتر دەرگای سزای ئاسمانی دەکرێتەوە: (فَأَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ رِيحًا صَرْصَرًا فِي أَيَّامٍ نَّحِسَاتٍ لِّنُذِيقَهُمْ عَذَابَ الْخِزْيِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَلَعَذَابُ الْآخِرَةِ أَخْزَىٰ وَهُمْ لَا يُنصَرُونَ) (فصلت: ١٦) واتە: ئەوسا ئێمە ڕەشەبایەکی بەهێزمان -لەو ڕۆژانەدا کە شومن- ناردە سەریان؛ تا ئازاری ئابڕووبەریان -لە ژیانی ئەم دنیایەدا- پێ بچێژین. بێگومان سووکایەتیی ئازاری ئەولایش زۆرترە و کەسیش دە هانایان نایە.
کۆتایی
لەم سەردەمی پەرتەوازەیی و جەنجاڵییەدا پێویستمان بەوەیە زۆرتر لەگەڵ قورئاندا بژیین و لە خودا بپاڕێینەوە دەرگای تێگەیشتنیمان زیاتر بۆ ئاوەڵا بکات.