نامەیەک بۆ خەڵکی غەززە!

نووسینی: ئەدهەم شەڕقاوی وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
فیکر 2025-01-16 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 325 جار بینراوە

دەزانم خامە هەرچەنێک بڵند و شکۆدار بێت، هەرگیز ناتوانێت بگاتە قولەپێی تفەنگ و، مرەکەب چەنێک ڕەوانی و مانا بتکێنێت، لە هەمبەر خوێندا بێبەها دێتە پێش چاو! بەڵام ئەم وشانە لە دڵمدا تاویان سەند و ویستم بیاننووسمەوە. پێش من، غەسسان وتبووی: «تەواوی قسەی ئێمە جێگرەوەیەکی ڕووداری نەبوونی تفەنگە!»
ئەی تاجگەلی سەران:
ئەمە هەوەڵین جەنگە لە مێژوودا ئەنجامەکەی پێش کۆتاییەکەی ئاشکرایە! بۆیە دڵگەش بن بەوەی هەرگیز کۆتایی ئەم جەنگە ڕەنگی ئەم سەرکەوتووییە کاڵ ناکاتەوە! ئێوە درزێکی وەهاتان خستووەتە ڕۆحی ئەم ڕژێمەوە، هیچ وەخت ساڕێژ نابێتەوە و بزمارێکی وەهاتان لە تابووتەکەی داوە، توانای ئەوەی نییە وەدەری نێت. ئێوه ئەو ڕۆحەی ئوممەت کە لەدەستی دابوو، بۆتان گەڕاندەوە، دەڵێی فووی ئیسرافیلە لە مردووان کە دەڵێت: هەستنەوە! هەستی هیممەتبەرزییەکی لە ئێمەدا چاندتان، شتێکە خۆتان لێی بێئاگان، هەر بەو جۆرەی چۆلەکە نازانێت دەنگی چ شوێنەوارێک لە دڵی بیسەرانیدا دادەنێت و، گوڵ ناتوانێت بۆنی بەرامەکەی هەست پێ بکات.
ئەی تاجگەلی سەران:
خواوەند بۆ پاکترینی جەنگەکانی، تەنێ پاکترین جەنگاوەرانی هەڵدەبژێرێت. سوێند بە خودا، ئێمە بۆ ئەم هەڵبژاردنەی ئێوە ئاواتەخوازین. باریتەعالا پەیمانی داوە بۆ نەوەی مەیموونگەل بەندەیەلێک دەنێرێت ئەوان تووشی ئازارێکی سەخت بکەن و، ئێوە هەر ئەو بەندانەن کە خودا هەڵیبژاردوون. پێغەمبەری سەروەرمان -دروودی خوای لەسەر بێت- هەواڵی پێ داوین کە باشترین جیهاد، جیهادە لە عەسقەلان و ئێمە بینیمان سوپاکان ئەوێیان لە ڕووناکیدا دیوە!
بۆ ئێوە ئەوەندە شانازی بەسە کە ببنە ڕاڤەی ئایەتەکانی قورئان و موژدەی پەیامبەر بن لە پەڕاوەکانی فەرموودەدا. ئێمە بە دیتنی ئێوە ئیمانمان ڕاساوتر دەبێت و خاترجەم دەبین بەوەی ئەم دینە هەقە و لە هەقتەعالا زیاتر، هیچ باڵادەستێک بوونی نییە و، ئێوە تاقم و هەڵبژاردەی ئەون و بە ئیزنی ئەو سەردەکەون.
ئەی تاجگەلی سەران:
دەزانین دواجار ئێوەیش مرۆڤن، جەنگ ئازاردەرە و بۆمبباران سەخت، ئاوارەیی وەڕەزکەرە و لەدەستدانی ئازیزانیش غەریبییە! بەڵام خواوەند هیچ میوەیەک ناخاتە سەر هیچ لقەدارێک ئەگەر توانای هەڵگرتنی نەبێت. ئەو ئەرکەکان ئاسان دەکات، نەوەک ئەستەم. ئەگەر ئێوە دەرد دەچێژن، ئەوانیش هەمان شێوە دەرد دەچێژن. یاسای خواوەند وەهایە لە جەنگی نێوان هەق و ناهەقدا هیچ پیرۆزییەک بەبێ تاقیکردنەوە و، هیچ ئەمن و ئەمانێک بەبێ ترس بە دەست نایەت.
لە غەزای خەندەقدا، دڵی هاوەڵان وەخت بوو دەربچێت، تاقمەکان لە دەرەوە و یەهوود و دووڕووانیش لە ناوەوە، هەمووان وایان گومان دەبرد ئەمە ڕۆژانی ئاخری ئیسلامە، وەلێ دە ساڵ پاشی ئەوە، هاوەڵان ئیمپەراتۆرییەتەکانی ڕۆم و فارسیان تەفروتونا کرد.
ئەمڕۆ ئێوە ڕێگە بەرەو مزگەوتی ئەقسا تەخت دەکەن. سوێند بە خودا، تەنیا چەند ساڵێک ماوە تا ئێمە لە مزگەوتی ئەقسادا نوێژ بخوێنین، ئازاد بووە بە لێوەشاوەیی خودا، بەرەکەتی جیهاد و ڕاوێستاویی ئێوە!
ئەی تاجگەلی سەران:
ئێوە تەنیا نین، سەرباری ئەوەی دیمەنەکە وەها دێتە بەر چاو. لە پشتی ئێوەوە ئوممەتێک دەکوڵێت، مێردەزمەیەک لە قابی ئەفسانەیی کە ڕۆحی تێ گەڕاوە، هەستی شکۆداریی ئەوی بێدار کردووەتەوە و تاسەی بۆ دەورانی «فتووحات» زیندوو کردووەتەوە. پەروەردگار بە میهر و بەخششی بارودۆخ دەگۆڕێت.
مەگەر ئێوە هەمان ئەو کەسانە نین کە لەسەر هەق لە «بەیتولمەقدیس» و چواردەوریدا وەستاون؟ مەگەر ئەوان کەسانە نین کە لەپێش لەدایکبوونتانەوە بە هاوکارینەکردن گفت دراون، بەڵام بە ڕاوەستاوی تا هاتنی ئەمری خودا مژدە دراون؟ 
خۆزی بە حاڵتان، خۆزی بە جیهادتان و ماچەکانم بۆ پێیەکانتان پێش سەرتان... وەسسەلام.

تاگەکان    
ئاوی زەمزەم دیزاینی زیرەک دوعا گەڕان فیلم یاسا فەڵەستین ئازادی مێژوو ئابورریی ئیسلامی مردن ڕەزا بابایی فەلسەفەی ئەخلاق نامە قوتابخانەکانی نوور
فیکر
2025-01-16 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 325 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2025 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی