له‌ چاوه‌ڕوانیی (مه‌هدی)دا خه‌ریك بوو خۆی بكوژێت

فیکر 2017-06-14 کۆمێنت 2516 جار بینراوە
 له‌ چاوه‌ڕوانیی (مه‌هدی)دا خه‌ریك بوو خۆی بكوژێت

پاسه‌وان قه‌پلان


ڕووخانی خه‌لافه‌تی عوسمانی، كه‌ دوا خه‌لافه‌تی فه‌رمی و ددانپێدانراوی ئیسلامی بوو، له‌ ئه‌ده‌بیاتی په‌روه‌رده‌یی گرووپه‌ ئیسلامییه‌كاندا سه‌ره‌تای فرچككردنی په‌روه‌رده‌ییه‌ بۆ جۆشدانی هه‌ستی ئیسلام په‌روه‌ری له‌ ناخی نه‌وجه‌وانان و تازه‌پێگه‌یشتوواندا، ڕووخاندنی خه‌لافه‌تی عوسمانی وه‌كو دیمه‌نێكی سه‌ره‌تایی به‌كارده‌هێنرێت بۆ بنیاتنانی هزر و سۆزی ئیسلامیانه‌ و دروستكردنی خه‌ون و خولیا و خه‌یاڵكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆ و ده‌سه‌ڵات بۆ ئیسلام، به‌ مه‌به‌ستی پاڵنانی گه‌نج بۆ كاركردن له‌ پێناو ئیسلامدا، دواتر ده‌خرێته‌ ئه‌و قاڵبه‌ كاركردنه‌ی گرووپه‌كه‌ باوه‌ڕی پێیه‌.
(عه‌گید) گه‌نجێكی كوردی ده‌ڤه‌ری بادینانه‌، بۆنی ئه‌م په‌رورده‌یه‌ چووه‌ به‌ لووتیدا، به‌ڵام ئه‌و نائومێد بووه‌ له‌وه‌ی له‌م دۆخه‌ی ئێستا و به‌م شێوازه‌ی كاركردنی ئیسلامییه‌كان خه‌ونه‌ گه‌وره‌كه‌ به‌دی بێت، خه‌لافه‌ت و شكۆ له‌كیسدراوه‌كه‌ی ئیسلام بگه‌ڕێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌سته‌مه‌ ئه‌مه‌ ڕوو بدات تا (محمد المهدی) ده‌ركه‌وێت و ته‌ختی حوكمی خودا ئاوه‌دان بكاته‌وه‌؛‌ بۆیه‌ كاتێك له‌ سوریا گرووپه‌ جیهادییه‌كان ده‌ركه‌وتن و ده‌ستیان كرد به‌ شه‌ڕ و، گرته‌ ڤیدیۆكانیان له‌ ئه‌نته‌رنێتدا بڵاو ده‌بنه‌وه‌ ئه‌م سه‌یریان ده‌كات و پێیان سه‌رسام ده‌بێت، وا ده‌زانێت ئه‌مانه‌ پێشهاتی ده‌ركه‌وتنی فریادڕه‌سی گه‌وره‌ (محمد المهدی)ن، ئیدی به‌ڕێ ده‌كه‌وێت، هه‌وڵ ده‌دات بچێته‌ سووریا بۆ جیهادكردن له‌وێ له‌گه‌ڵ گرووپه‌ جیهادییه‌كان، به‌ڵام ناتوانێت بگاته‌ شوێنی مه‌به‌ست، به‌ ناچاری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵی خۆیان.
هاوكات برایه‌كی عه‌گید پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی داعش هاته‌ عێراق و ده‌ستی به‌سه‌ر مووسڵدا گرت و شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ و داعش ده‌ستی پێكرد ئه‌و برایه‌ی عه‌گید له‌سه‌ر ده‌ستی داعش شه‌هید ده‌كرێت... كۆسته‌ گه‌وره‌كه‌ی (عه‌گید) لێره‌وه‌ ده‌سپێده‌كات، له‌ده‌ستدانی براكه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی داعش بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك بوو بۆ مێشك و ده‌روونی (عه‌گید)، كوده‌تایه‌ك بوو زۆر له‌ هه‌ست و چه‌مكه‌كانی (عه‌گید)ی ئاوه‌ژوو كرده‌وه‌؛ چونكه‌ تا ئه‌و كات داعش له‌ زه‌ین و خه‌یاڵدانی ئه‌ودا یه‌كێكه‌ له‌و گرووپانه‌ی كار بۆ سه‌رخستنی ئیسلام و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆی ئیسلام ده‌كه‌ن و ڕه‌نگه‌ به‌شێكیش بن له‌ سوپاكه‌ی (محمد المهدی)!‌
ئه‌م جاره‌ خۆی له‌ هێزی خۆبه‌خش تۆمار ده‌كات و ده‌چێته‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی داعش ده‌كات، زۆریش پێداگری ده‌كات بچێته‌ پێشه‌وه‌ی به‌ره‌كانی شه‌ڕ تاوه‌كو ئاگری كڵپه‌سه‌ندووی نێو ناخی سووتاوی دامركێنێته‌وه‌ به‌ كوشتنی چه‌ند داعشێك، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یش هاته‌وه‌ و شه‌ڕی به‌جێهێشت بێ ئه‌وه‌ی ئاواته‌كه‌ی به‌دی بێنێت و ئاو به‌ ئاگری ناخیدا بكات، برینه‌كه‌ی به‌ ساڕێژنه‌كراوی مایه‌وه‌.
  عه‌گید له‌ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕی داعش به‌ یه‌كجاری ده‌روونی تێك ده‌چێت و ده‌ڕووخێت؛ چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ئومێد و متمانه‌ی به‌ هیچ گرووپ و ڕه‌وتێكی ئیسلامی نه‌بوو و نه‌ما بوو جگه‌ له‌و گرووپه‌ جیهادیانه‌، گره‌وی له‌سه‌ر ڕاستی و دروستیی ئه‌وان بوو، تاقه‌ ئومێدی ئه‌و بوون بۆ گه‌یشتن به‌ خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی ئیسلام، به‌ڵام كه‌ براكه‌ی به‌ ده‌ستی ئه‌وان شه‌هید بوو؛ به‌ هۆی ئازاری له‌ده‌ستدانی براكه‌ی و، هاوكات له‌ده‌ستدانی بڕواكه‌یه‌وه‌ به‌م گرووپانه‌؛ ژیانی له‌به‌ر چاو ڕه‌ش بوو، ئاخر له‌ده‌ستدانی بڕوا به‌ ئه‌ندازه‌ی له‌ده‌ستدانی برا به‌سوێیه، ئه‌گه‌ر مردنی برا ناخهه‌ژێن بێت، ئه‌وا داڕمانی بیروباوه‌ڕێك مرۆڤهه‌ژێنه‌.
عه‌گید تا ئه‌و ئاسته‌ دژه‌ ژیان و نامۆ ده‌بێت كه‌ مردن به‌ ئاوات ده‌خوازێت، له‌گه‌ڵ كه‌س قسه‌ی نه‌ده‌كرد مه‌گه‌ر به‌ زۆر كه‌سێكی نزیكی قسه‌ی لێ ده‌ربهێنابا، به‌ڵام دۆخی ده‌روونیی له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت. جارێكیان وێنه‌ی كه‌ڤه‌ری فه‌یسبووكی خۆی كرد به‌ نووسراوێكی خۆی، كه‌ تیایدا بانگی مردنی كردبوو: "ئه‌ی مردن له‌ كوێی، ده‌وه‌ره‌ بۆچی نایه‌ی، من چاوه‌ڕێی تۆم"! كه‌ ئه‌مه‌م بینی نامه‌یه‌كم بۆ نارد، گوتم ئه‌وه‌ چییه‌؟ چی كێشه‌یه‌كت هه‌یه؟ وه‌ڵامی دامه‌وه‌، گوتی: هیچ كێشه‌یه‌كی تایبه‌تم نییه‌، به‌گشتی له‌ ژیان بێزارم. ماوه‌یه‌كی تری پێچوو، وێنه‌ی پرۆفایله‌كه‌ی گۆڕی بۆ وێنه‌ی كه‌سێك كه‌ لووله‌ی ده‌مانچه‌ی ناوه‌ به‌ بنی چه‌ناگه‌یه‌وه‌، وه‌كو هێمایه‌ك بۆ خۆكوشتن. دواتر ئه‌و زانیارییانه‌ی سه‌ره‌وه‌م له‌سه‌ری وه‌رگرت. ئه‌م جاره‌یان چوومه‌ لای و ماوه‌یه‌كی زۆر قسه‌م بۆ كرد، ڕۆژی دواتر نامه‌ی بۆ ناردم و سوپاسی كردم و بۆی نووسیبووم كه‌ زۆر سوودم له‌ ئامۆژگارییه‌كانت وه‌رگرت.
كاتێك ڕه‌خنه‌ له‌ باسه‌كانی وه‌ك (محمد المهدی) ده‌گیرێت، ده‌گوترێت: كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌، ئیتر بۆچی باسی بكه‌ین. به‌ڵام ئه‌مه‌ی باسم كردووه‌ لێره‌دا نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ و ڕاسته‌قینه‌ی كاریگه‌ریی بڕوابوون به‌و بابه‌ته‌یه‌، كه‌ سه‌ری له‌ خۆكوشتنه‌وه‌ ده‌رچووه‌. ده‌بێت بوێرانه‌ ئه‌و كه‌لتووره‌ ئایینییه‌ له‌ ڕاستییه‌كانی ئایین دوورخه‌ینه‌وه‌، ده‌نا سه‌دان لاوی وه‌ك عه‌گید یان ده‌چن خه‌ڵك بكوژن، یان خۆیان، یان به‌ لاوی پیر ده‌بن و له‌ چاوه‌ڕوانیی مه‌هدیدا هیوایان به‌ ژیان و تێكۆشان و گۆڕانكاری نامێنێت، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ر چه‌ند ساڵێك كه‌سێك له‌ قوژبنێكه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و خۆی به‌ مه‌هدی ده‌زانێت و، گرفتی لێ دروست ده‌بێت. هه‌ر له‌ كوردستاندا چه‌ندین كه‌س له‌ كاتی جیاوازدا خۆیان به‌ محه‌مه‌د مه‌هدی ناساندووه‌، ئه‌وان تیاچوون و هیچ شتێكیش ڕووی نه‌داوه‌، چونكه‌ به‌ پێی گێڕانه‌وه‌كانی باسی مه‌هدی، ده‌بێت هاوكات بێت له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ده‌ججال و دواتریش عیسای مه‌سیح دێته‌ خوار. له‌ مێژوویشدا چه‌ندین جار كه‌ پشێوییه‌كی سه‌رتاسه‌ری له‌ جیهانی ئیسلامیدا هاتبێته‌ ئاراوه‌ موسڵمانان چاوه‌ڕێی مه‌هدی و عیسا بوون، كه‌چی -وه‌ك مه‌لای گه‌وره‌ ده‌ڵێ- "نه‌ ئه‌و دێته‌ خوار نه‌ ئه‌م دێته‌ ده‌ر".
تاگەکان    
فێمینیزم #پیری خاڵبەندی سیاسەت پارەی ئیلیکترۆنی جنۆکە فیلم باران سۆفیگەری نائومێدی دەربارەی کتێب حزبی ئیسلامی نامە زانکۆ بووژانەوە
فیکر
2017-06-14 کۆمێنت 2516 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی