نووسینی: قانع خورشید
له ڕێی چه‌ند براده‌رێكه‌وه لینكی چه‌ند بابه‌تێكی جیاوازم بۆ هات و له هه‌ندێ شوێنی تریشه‌وه بابه‌تی تری وه‌هام دیت، نووسه‌رانی ئه‌و بابه‌تانه گوایه هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه ڕاستیی ڕووداوه‌كانی بۆرما بخه‌نه به‌رده‌ست و نه‌هێڵن خۆڵ بكرێته چاوی خه‌ڵكی خۆمان، وه‌لێ كه خوێندمنه‌وه؛ سه‌یرم كرد نه‌ك به‌رچاوڕوونی نین، چه‌واشه‌كارییه‌كی زیاتریشن و له جێی ڕۆشنكردنه‌وه، حه‌قیقه‌تیان لێڵتر كردووه. كه ده‌مخوێندنه‌وه؛ له یه‌ك كاتدا ئیعلامی گه‌وجێنه‌ری به‌عسیی جاران و درۆ و تێكه‌ڵكردنی زۆربه‌ی كه‌ناڵه كوردی و عه‌ره‌بییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌م هاته پێش چاو كه شه‌و و ڕۆژ خه‌ریكی چاوبهستكردنن، ئه‌وجا بزهپێكهنینێكی تاڵیشم كه‌وته سه‌رلێو بۆ ئه‌و دۆستانه‌ی له نییه‌تپاكی و دڵسافی گورجێ ده‌كه‌ونه داوی ئه‌م ته‌رزه نووسینانه‌وه و پێیان سه‌رسام ده‌بن!
من نامه‌وێت بچمه تانوپۆی بابه‌ته‌كه‌وه و به پێویستیشی نازانم مێژووی ئیسلام له میانمار بگوازمه‌وه و خوڵاسه‌ی بكه‌م، چون له‌م وه‌خته‌دا كه هه‌مووان ئینته‌رنێتیان هه‌یه و ئه‌م بابه‌ته‌ی به‌نده‌یش هه‌ر له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ده‌خوێننه‌وه، زۆر ئاسان ده‌كرێت هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌ست بخرێن، ئاسانترین شت سێرچێكه له ویكیپیدیا، كه بابه‌تێكی پوختی له‌م باره‌یه‌وه تێدایه و بۆ هه‌موو داتاكان ئاماژه‌ی به سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو داوه، ئیتر هه‌رچه‌ند ویكیپیدیا وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی متمانه‌پێكراو دانانرێت، وه‌لێ كه له مهقالهیهكیدا سه‌رچاوه درا، ده‌بێته جێمتمانه. ئه‌م كوشتن و وه‌ده‌رنانه هیی ئه‌مڕۆ و دوێنێ و سی چل ساڵ نییه، به‌ڵكو چه‌ند سه‌ده‌یه دووباره ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌یشم لا ڕوونه كه هه‌رگیز ڕێی تێ ناچێت هه‌موو هه‌واڵێك ده‌رباره‌ی گشت ڕووداوێك ڕاست بێت، دڵنیام له هه‌ندێ شوێندا زیاده‌ڕه‌وی له نیشاندانی به‌شێك له كاره‌ساتێكدا ده‌كرێت، ده‌زانم سۆزیش وه‌كو ڕق ڕاستیی بابه‌ت تێكده‌دات، گومانم نییه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌گوترێن به‌شێكیان لێكدانه‌وه و خستنه‌ڕووی خۆیی (زاتی)یه نه‌ك بابه‌تی (مه‌وزووعی). من نامه‌وێت ئه‌مه باس بكه‌م، ئه‌وه‌ی به‌نده ده‌مه‌وێت بیخه‌مه ڕوو چه‌ند ورده سهرنجێكه ده‌رباره‌ی به‌شێكی زۆر له‌و جۆره نووسینانه‌ی به‌حساب بۆ ده‌رخستنی ڕاستیی مه‌سه‌له‌كه ئه‌م ماوانه بڵاو ده‌كرێنه‌وه و باسێكه له‌باره‌ی نووسه‌ره‌كانیان و كاتی نووسینیانه‌وه...
ئافه‌تی ئه‌م جۆره نووسینانه
ئه‌م جۆره نووسینانه به‌ر له‌وه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ی زانیاری و به‌رچاوڕوونكردنی خوێنه‌ر بن؛ خۆهه‌ڵنان، سه‌رقاڵكردن، خۆڵ له چاو كردن و كوشتنی كرۆكی بابه‌تێكن كه هه‌مووان له‌سه‌ری كۆكن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌یه له كورتیدا ببڕێته‌وه و خێراتر ڕوون ببێته‌وه، نموونه‌یه‌ك ده‌خه‌مه به‌ر ده‌ست: تۆ ده‌ته‌وێت له مه‌جلیسێكدا باسیی گه‌وره‌یی و بلیمه‌تیی تۆماس ئه‌دیسۆن بكه‌یت، ده‌ڵێیت: "ئه‌و ئهدیسۆنهی له منداڵی‌دا به بیانووی بیركۆڵی و نه‌فامییه‌وه نه‌یانهێشت له قوتابخانه بخوێنێت، توانی 2500 داهێنان بكات و..." كه‌سێك قسه‌كه‌ت پێ ده‌بڕێت و ده‌ڵێت: "ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌دیسۆن ماوه‌یه‌ك له قوتابخانه خوێندی و دواتر ده‌ریانكرد، ئه‌وه نه‌بوو نه‌هێڵن بچێته قوتابخانه، ژماره‌ی داهێنانه‌كانیشی 2496 دانه بوو، نه‌ك 2500ی ڕێك"! حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه ئه‌م كابرایه كه وه‌ك كه‌ڵه‌شێری ناوه‌خت حه‌زی چووه‌ته سه‌ر قوولاندن، نییه‌تی ڕاستكردنه‌وه نییه، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت زانیاریی له‌باره‌ی بابه‌ته‌كه‌وه پێیه و له‌مه‌یش خراپتر، هه‌ر حه‌زی لێیه ڕووحی باسوخواسهكه بكوژێت و قسه به‌وی دی ببڕێت. یان ده‌ته‌وێت بڵێیت كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پرتووگالی یاریزانێكی گه‌وره‌ی تۆپی پێیه، بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌یه ده‌ڵێیت: ئه‌م یاریزانه ته‌قریبه‌ن توانیویه‌تی له 140 یاریدا 80 گۆڵ بۆ هه‌ڵبژارده‌ی پرتووگال تۆمار بكات و هێشتایش سی ساڵ و شتێك ته‌مه‌نیه‌تی. یه‌كێك ده‌ڵێت: وا نییه، ڕۆناڵدۆ 32 ساڵ عومرێتی و 78 گۆڵی له 144 یاریدا تۆمار كردووه!
كوردی خۆمان له‌م كاتانه‌دا به زۆری به كه‌سی وا ده‌ڵێن: ئه‌و قسه‌یه‌ت نه‌كردایه ئه‌وه‌نده فلس یا ئه‌وه‌نده دینارمان پێ ده‌دایت -به‌هایه‌كی زۆر كه‌میش ده‌ڵێن!- یانی قسه‌كه‌ت زۆر بێ‌نرخ و بێ‌مانا بوو، چون تێبینییه‌كان هیچێك له مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕن و دوای به‌حسێب ڕاستكردنهوهكه، هه‌ر به نه‌فام سه‌یركردنه‌كه‌ی ئه‌دیسۆن له منداڵی‌دا و بلیمه‌تی و داهێنانكارییهكهیشی له گه‌وره‌ییدا له جێی خۆیاندا ده‌مێننه‌وه، هه‌روه‌ها ته‌وانایی ڕۆناڵدۆیش. ئیتر ئه‌م قسه زیاده‌یه نه‌كرایه، چی ده‌بوو!
ئه‌مان هاتوون، ده‌ڵێن زۆر له‌و وێنانه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه هیی موسڵمانانی بۆرما نین و هیی لافاوی فڵان ساڵ و بومه‌له‌رزه‌ی فیسار جێگه و مه‌راسیمی ئه‌وێ و ئه‌وكاته‌یه... ئه‌وه‌یش نییه ته‌نیا بڵێن چه‌ند وێنه‌یه‌كی دیاریكراو هه‌ڵه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی له‌م نووسینه‌دا مه‌به‌ستمن كه‌سانێكن له پشتی ئه‌م قسه‌یه‌وه گه‌ره‌كیانه بێژن: ئیتر ته‌واوی باسوخواسه‌كان و كاره‌ساته‌كه درۆیه! ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه بۆ خاوه‌نه‌كانی جێی دڵخۆشییه و هه‌ندێ كه‌سی ساده‌یش ده‌ڵێیت پووره‌ی هه‌نگ و كووپی هه‌نگوینیان له كونهلووتی خۆیاندا دۆزیوه‌ته‌وه؛ گورج ده‌كه‌ونه سه‌ما و دڵیان خۆش ده‌بێت، چون به عه‌قڵی خۆیان شتێكی تازه‌یان هێناوه، هاوڕێ و خوێنه‌ره‌كانیان سوپرایز كردووه و ئه‌و حه‌ماسه‌ت و هاوسۆزییهیشیان له دڵی مرۆڤدۆستان و موسڵماناندا كه‌مكردووه‌ته‌وه. یه‌ك دووانێك له‌م ڕۆشنبیرانهم دیت، تكا و ڕجایان كردووه هه‌ركه‌سێك ده‌رباره‌ی وێنه ساخته‌كانی بۆرما شتی لایه، بینێرێت، هه‌ر ئه‌وه ماوه له مزگه‌وتدا به‌رماڵ دابخه‌ن و سواڵی هه‌واڵ و زانیاری بكه‌ن!
یه‌كه‌م، ئه‌و زانیارییانه زۆر كۆنن و زۆرینه‌ی خوێنه‌واران له سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی باسی مۆسڵمانانه‌وه ده‌زانن زۆربه‌ی وێنه زۆر باوه‌كان هیی ڕووداوی ترن، به‌نده پێش دوو سێ ساڵ ڕاستیی بڕێك له‌و وێنانه‌م یا له فه‌یسبوكی خۆمدا بڵاوكرده‌وه یا به نامه بۆ هه‌ندێك له دۆستانمم نارد. كه‌وایه ئه‌م زانیارییه ئه‌وه‌نده‌یش تازه نییه خاوه‌نه‌كه‌ی دڵی پێ خۆش بكات. له‌وه‌یش شهرماویتر گه‌یشتن به‌م زانیارییه ماندووبوونی ئه‌م دۆسته كوردانه‌ی خۆمانی له پشته‌وه نییه، هه‌مووی ده‌قاوده‌ق له چه‌ندین ماڵپه‌ڕی جیهانی و عه‌ره‌بیدا دانراون! هه‌موومان ده‌زانین ئه‌ركی هه‌موو مرۆڤێكی ژیره كه وریا بێت ڕاست و درۆ و واقیع و ساخته تێكه‌ڵ به یه‌ك نه‌كات و بزانێت چی بڵاو ده‌كاته‌وه و له دانانی زانیاری و وێنه و شتی تردا، چه‌واشه‌كاری نه‌كات و چی ڕاسته، ئه‌وه بڵێت، وه‌لێ نه‌ك له پشتی ده‌رخستنی ڕاستییه‌كی زۆر بچووك و لاوه‌كی و بێبه‌هاوه، حه‌قیقه‌تێكی زۆر مه‌زن و گرنگ و سامناك بشێوێنێت.
دووه‌م، ڕه‌شه‌كوژیی موسڵمانانی بۆرما حه‌قیقه‌تێكی سه‌لماو و حاشاهه‌ڵنه‌گره، ئیتر خوام ده‌یكرد یه‌ك وێنه‌یشیان لێ بڵاو نه‌ده‌بوویه‌وه، ئایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جینۆسایدی گه‌لی خۆمان له ئه‌نفالكردنی بارزان و گه‌رمیان و سه‌دان گوندی كوردستاندا، وێنه‌ی لێ نه‌گیراوه، ئیتر پێویست به‌وه ناكات شه‌رمه‌زار و مه‌حكووم بكرێت و گریان و ناڵه‌ی ئێمه بۆ ئه‌نفالكراوان، له به‌لاش و بێعه‌قڵییه؟! ئه‌مه چ سافیلكهیی و گێلێتییهكه وا بزانین هه‌رچی تۆمار نه‌كرا، نییه و هه‌ر تاوانێك وێنه‌ی لێ نه‌گیرا، ئاساییه! یانی ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه ئێرانییانه نه‌بوونایه كه له شازده‌ی ئازاری 1988 و دواتردا هاتنه هه‌ڵه‌بجه و وێنه‌ی كاره‌ساتی كیمیابارانهكهیان گرت، ئیدی ئه‌و ڕووداوه ده‌بووه درۆ و پێویستی به هاوسۆزی و به‌ده‌مه‌وه‌بوون نه‌ده‌كرد؟ بریا ئه‌و حه‌له‌ی كورد ئه‌نفال كرا، له هه‌موو دنیادا كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی لافاو و ماڵوێرانی و كاولكاریی ئه‌ملا و ئه‌ولا بڵاوه‌ی بكردایه تا ویژدانی مرۆڤایه‌تی بجووڵاندایه و خه‌ڵكانێكی به‌ویژدان بهاتنایه هانامانه‌وه و هیچ نه‌بێت چاره‌كێك له‌و خه‌ڵكه هه‌ژار و بێكه‌سه له مه‌رگ ڕزگاریان بووایه.
یه‌كێك نووسیویه‌تی: "ئه‌ی ئه‌گه‌ر ڕاسته بۆچی ڤیدیۆ و وێنه‌یان بڵاو نابێته‌وه؟!" سه‌یری ئه‌و خونچه‌ی عه‌قڵه بكه وا نه‌كراوه‌ته‌وه! ئه‌ی ئه‌وه نییه دنیایه‌ك وێنه‌ی ماڵكاولییان بڵاو بووه‌ته‌وه، بڵێ تۆ گه‌ڕاویت تا ڤیدیۆی فره و فراوانیشت به‌رچاو بكه‌وێت؟ به‌ڵێ هه‌موو وێنه باوه‌كان ڕاست نین و هیی ئه‌وێ نین، به‌ڵام كه‌سیش نه‌یگوتووه هه‌موویان درۆن. ئه‌و وێنانه ژماره‌یه‌كی زۆریان هیی موسڵمانانی بۆرما و قهتڵوعامكردنیانه له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ك بوودایی بێ‌ویژدان و بێئهخلاقهوه و هه‌ندێك وێنه‌ی لافاو و بومه‌له‌رزه و سووتانی تریشیان تێكه‌ڵ بووه. جگه له‌مه‌یش، خۆ ئه‌گه‌ر به‌و مه‌نتیقه لێكدانه‌وه بكه‌ین، ده‌بێت بڵێین سه‌رله‌به‌ری داستانی هۆڵۆكستی یه‌هوودییه‌كانی ئاڵمان و ئه‌نفالی كورد و دیكتاتۆرییه‌تی كۆریای باكوور درۆیه‌كی شاخدان، چون شتێكی وه‌ها له ڤیدیۆ و وێنه له‌به‌ر ده‌ستدا نین بیانسهلمێنن!
سێیه‌م، مرۆڤێك مرۆڤ بێت و هێشتا ویژدانی زیندوو بێت، موسڵمانێك موسڵمان بێت و تۆسقاڵێك ئیمانی له دڵدا مابێت، به‌م ڕوونكردنه‌وه بێسوود و بێمهغزایانه ویژدان و ئیمانی گز نابێت و ده‌ست له هاوسۆزی هه‌ڵناگرێت. خواجه عوبه‌یدوڵای ئه‌حرار له (ملفوظات احرار)دا ده‌ڵێت: "ئێمه ناڵێین ئه‌گه‌ر كه‌سێك به به‌ڵا و ناڕحه‌تیی مرۆڤایه‌تی و موسڵمانان غه‌مگین و بێتاقه‌ت نه‌بێت، ده‌بێت له ته‌ویله‌ی كه‌راندا ببه‌سترێته‌وه، چون چوارپایان سوودیان لێ ده‌بینرێت، به‌ڵكو باوه‌ڕمان وه‌هایه كه‌سی وه‌ها ده‌بێت له ته‌ویله‌ی ورچاندا په‌ت بكرێت"!
نووسه‌ران و پاڵنه‌ری پشتی ئه‌م نووسینانه
زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌س و ده‌زگا ئیعلامییانهی ئه‌م ته‌رزه نووسینانه به‌رهه‌م ده‌هێنن و بڵاویان ده‌كه‌نه‌وه، كه‌سانێكن یا هه‌میشه ئه‌خلاق و ویژدانیان له ژێر پرسیاردا بووه و هه‌موو جووڵه و كرده و گوته‌یه‌كیان بۆ كاسه‌لێسی و خۆده‌رخستن بووه، یا له‌وه‌ته‌ی بوون ناموسڵمان و دژی دینداری بوونه، یا له ئیسلامه‌تی هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه و له دۆخێكی ناجێگیری شه‌ڕ به دین فرۆشتندا ده‌ژین، یا (یعبدون الله علی حرف) و تاقه‌تی ئیسلامه‌تییان نه‌ماوه و له هه‌موو شت كه‌وتوونه‌ته گومانه‌وه و خه‌ریكه به یه‌كجاری كۆت و به‌ندی ئیسلامه‌تی تووڕ هه‌ڵده‌ده‌ن. له‌مه خراپتر ئه‌وه‌یه ئه‌مانه بێدینبوونیان ناگه‌ڕێته‌وه بۆ پرسیاری وجوودی و سۆزی مرۆیی –چون كۆمه‌ڵێك كه‌س، هه‌ندێ جار به هۆی بڕێك گومانی جدییه‌وه كه وه‌ڵامی باشیان بۆ ده‌ست نه‌كه‌وتووه، سه‌نگه‌ر له دین ده‌گرن-، به‌ڵكو هۆكاری بێدینیی ئه‌مانه پاڵنه‌ری كه‌سه‌كی و گرێی سایكۆلۆژییه، بۆیه له‌م وه‌ختانه‌دا بیریان ده‌چێت كه دینداران و موسڵمانانیش پێش هه‌موو وه‌سفێك، مرۆڤن و مافیان هه‌یه! به‌كورتی ئه‌م ده‌زگا ئیعلامی و كه‌سه خۆبهنووسینههڵواسانه -نه‌ك نووسه‌ر- پاشه‌ڵیان پیسه و ڕابوردوویان ناپاكه و له ڕقی ئیسلامییه‌كاندا، حه‌ز به ڕیسوابوونی باوك و دایكی دینداری خۆیشیان ده‌كه‌ن!
ئه‌مانه به بیانووی ده‌رخستنی ڕاستییه‌كان و ڕۆشنكردنه‌وه‌ی دینداره عاتیفییه‌كان، هه‌وڵی سه‌لماندنی بێكه‌ڵكیی دین و دینداری ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت بیچه‌سپێنن كه دینداران و موسڵمانان، هه‌موو جۆش و خرۆش و حوكمدانێكیان ناعه‌قڵانی و شێتانه‌یه و له‌خۆڕا گێچی حه‌ماسه‌ت و عاتیفه‌یان هه‌ڵده‌ستێت. هه‌روه‌ك مه‌به‌ستیانه له گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه كه‌م بكه‌نه‌وه و به مه‌سه‌له‌یه‌كی كهمبههای بژمێرن.
ئه‌م ئاده‌میزادانه به ئاوازی قسه‌دا ده‌ناسرێنه‌وه، بۆ كه‌سانی دڵڕۆشن به‌ئاشكرا دیاره له پشتی قسه‌ی لووس و جوانیانه‌وه چ مه‌به‌ستێكی زبر و دزێو خۆی مه‌ڵاس داوه: (وَلَوْ نَشَاءُ لَأَرَيْنَاكَهُمْ فَلَعَرَفْتَهُم بِسِيمَاهُمْ ۚ وَلَتَعْرِفَنَّهُمْ فِي لَحْنِ الْقَوْلِ ۚ وَاللَّهُ يَعْلَمُ أَعْمَالَكُمْ) [محمد: 30]! بۆ زیاتر ناسینی ئه‌مانه، چاوێك به ڕابوردوویان و قسه و بابه‌تی تریاندا بخشێنه و لێیان ورد ببه‌ره‌وه بزانه له بۆنه هاوشێوهكاندا كه دیندارێك سته‌می لێ كراوه، چی‌یان گوتووه و هه‌ڵوێستیان چی بووه، ئیتر به‌ئاسانی ئه‌م ڕاستییه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت و زیاتر بۆت ڕوون ده‌بێته‌وه چتۆ بنیادهمێكن و به درێژایی ته‌مه‌نیان وشه‌یه‌كیان بۆ پشتیوانیی موسڵمانێك پێ ناگوترێت.
ئه‌مانه، بۆ ئه‌م كاره‌یان جگه له‌وه‌ی ده‌ڵێن وێنه‌كان ساخته و ناڕاستن، ده‌ست بۆ هه‌ندێ شتی تریش ده‌به‌ن، بۆ نموونه ده‌ڵێن "ئه‌و كوشتاره‌ی بۆرما به هۆی ئیسلامه‌تییه‌وه نییه و جه‌نگێكی تائیفییه" یان ده‌ڵێن "موسڵمانانی ئه‌و وڵاته‌یش زۆر بێوه‌ی و ئاشتیخواز نین، به‌ڵكو ئه‌وانیش له بووداییه‌كان ده‌كوژن"، یان "جه‌نگی بووداییه‌كان له‌گه‌ل ته‌نیا یه‌ك هۆزی موسڵماندایه كه كه‌مینه‌یه‌كی بێ ناسنامه‌ن و ته‌نیا 800 هه‌زار كه‌سن، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه خه‌تایه‌كیان نه‌بێت، بۆچی بووداییه‌كان باقیی موسڵمانانی ئه‌وێ ناكوژن؟"! دهیشڵێن "بۆچی ئه‌م كورده موسڵمانانه ئاوه‌ها بۆ شه‌نگال نه‌خرۆشان و وه‌ده‌نگ نه‌هاتن؟ كه‌چی ئێستا هه‌موو وێنه‌ی پرۆفایلی خۆیان له فه‌یسبوك كردووه‌ته (نه‌خێر بۆ كوشتنی موسڵمانانی بۆرما)؟" ئیتر وه‌خته له داخی هاوسۆزیی كوردانی ویژدانزیندوودا بۆ ستهملێكراوانی میانمار، كوێراییان دادێت.
به خستنه‌ڕووی یه‌ك دوو سه‌ره‌قه‌ڵه‌م وه‌ڵامی ئه‌م پرته‌وبۆڵانه كورت ده‌كه‌مه‌وه... مه‌سه‌له‌ی ناڕاستیی وێنه‌كان قسه‌ی له‌باره‌وه كرا و ئاتاجی پاتهكردنهوه نییه. كار له وێنه‌یه‌ك و دووان تێپه‌ڕیوه و ده‌یان ڤیدیۆ و فیلمی به‌ڵگه‌یی له‌و كاره‌ساته به‌رده‌سته.
لێره‌یشدا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی نووسینه‌كه زووتر بگات نموونه‌یه‌كی نزیك ده‌هێنمه‌وه و به به‌راوردكردنی له‌ته‌ك قڕكردنی موسڵمانانی بۆرمادا هه‌ندێ پرسیار ده‌كه‌م. ئایا ڕاسته موسڵمانانی بۆرما له‌سه‌ر ئیسلامه‌تی ناكوژرێن؟ ئه‌گه‌ر وه‌هایش بوو، ئیتر كوشتن و دهربهردهرییان پێویست به دوعا و هاوسۆزی ناكات! سه‌رنجی خوێنه‌ری خۆشه‌ویست بۆ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه ڕاده‌كێشم و له پهنایشهوه ئیشم به سته‌می دڕندانه‌ی داعش له خه‌ڵكی بێگوناهی شه‌نگال ده‌كه‌وێت. هه‌مان ئه‌و پرسیارانه‌ی ئه‌م نووسه‌ره به‌زاهیر حه‌قپه‌رستانه ده‌رباره‌ی میانمار ده‌یورووژێنن، من ده‌رباره‌ی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه ده‌یپرسم: ئایا ڕژێمی به‌عس له‌به‌ر كوردبوون خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ی ئیباده كرد؟ ئه‌گه‌ر وایه بۆچی ئه‌ودوای شاره كوردییه‌كانی له‌به‌ین نه‌برد؟ جگه له‌مه، ڕه‌وایه بگوترێت: "قوربانییانی هه‌ڵه‌بجه ته‌نیا 5000 هه‌زار شه‌هید بوون، له كاتێكدا كوردانی عێراق نزیكی چوار ملیۆن كه‌س بوونه، ئه‌مه‌یش یانی به ڕێژه‌ی (0.0012)ی كوردان كوژراون، كه وا بێت شتێكی وه‌ها گه‌وره‌یش ڕووی نه‌داوه"؟ ئایا دروسته ئه‌گه‌ر كوردێك هاوسۆزیی بۆ كوردێكی تری قوربانی ده‌ربڕی، پێی بڵێین ئه‌ی بۆچی ساڵی ئه‌وه‌نده فڵان وڵاتیش وایان لێ قه‌وما و نقه‌ت لێوه نه‌هات؟ كه وایه ئێستایش بێده‌نگ ببه!
هه‌مووان ده‌زانین قه‌باره‌ی هه‌ر كاره‌ساتێك و جهرگبڕییهكهی، به چۆنێتی و جۆرهكهیهتی، زیاتر له‌وه‌ی به ژماره‌كه‌ی بێت. سووتاندنی فڕۆكه‌وانه ئه‌رده‌نییه‌كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه دنیای هه‌ژاند، وێنه‌كه‌ی ئایلان جه‌رگی ملیۆنان كه‌سی كرده كه‌باب... ئێمه باسی دڕنده‌یی تاقمێك و چه‌وساوه‌یی ده‌سته‌یه‌كی دی ده‌كه‌ین، باسی به‌ناهه‌ق كوژران و سووتان و ده‌ربه‌ده‌ركردنی مرۆڤ و ڕژانی خوێنی ده‌كه‌ین، خۆ قسه‌مان له به‌فیڕۆچوونی بڕه پاره‌یه‌ك و به‌هه‌ده‌ردانی چه‌ند دڵۆپێك ئاو نییه، تا بێین و حساب و كتاب بكه‌ین و لێكی بده‌ینه‌وه بزانه زۆره یان كه‌م. ئه‌م ویژدانمردووه دڵڕه‌شانه نه‌ك چاویان به‌رایی نادات نووسین و وێنه و ڤیدیۆی باوه‌ڕداران و موسڵمانان ببینن وبه‌س، له ئاوه‌ها دۆخێك‌دا له ئاست ناڵه‌ی ڕۆژنامه‌نووس و بیرمه‌نده مرۆڤدۆسته‌كانی ڕۆژئاوا و ڕاپۆرتی ده‌زگا و تۆڕه هه‌واڵگرییه‌كانی بریتانیا و ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسایش كه‌ڕ و كوێر ده‌بن و ئاگایان له حه‌قیقه‌ت نامێنێت. نازانن، یان نایانه‌وێت بزانن كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه جیهانییه‌كانی مافی مرۆڤ تێكڕا هاوار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی له‌و وڵاته دژ به موسڵمانان ده‌كرێت، ئه‌وه‌نده وه‌حشییانه و دڕندانه‌یه له باس نایه‌ت و قابیلی قه‌بووڵ نییه.
ناخ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ئاده‌میزادانه بۆ قورئاندۆستان وه‌ك ڕۆژی ڕووناك دیاره و به‌ده‌ره‌وه‌یه، خوای گه‌وره ده‌رباره‌ی ئه‌م دڵنه‌خۆش و دووڕووانه ده‌فه‌رموێت: ئه‌گه‌ر چاكه‌یه‌كتان بێته ڕێ، دڵگرانیان ده‌كات و ئه‌گه‌ر ناڕحه‌تی و به‌ڵایه‌كتان تووش ببێت، پێی ده‌گه‌شێنه‌وه و شاد ده‌بن. خۆ ئه‌گه‌ر ئێوه ئارام بگرن و خۆ بپارێزن، فڕ و فێڵی وانه هیچ زیانێكتان پێ ناگه‌یه‌نێت، بێ گومان خوا ده‌وره‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی دهیكهنی داوه و له گشت كارێكیان به‌ئاگایه: (إِنْ تَمْسَسْكُمْ حَسَنَةٌ تَسُؤْهُمْ وَإِنْ تُصِبْكُمْ سَيِّئَةٌ يَفْرَحُوا بِهَا ۖ وَإِنْ تَصْبِرُوا وَتَتَّقُوا لَا يَضُرُّكُمْ كَيْدُهُمْ شَيْئًا ۗ إِنَّ اللَّهَ بِمَا يَعْمَلُونَ مُحِيطٌ) [آل عمران: 120].
هه‌روه‌ك چۆن به‌عس جگه له كوردبوون وردهبیانووی تری بۆ كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه هه‌بوو و كوردی جاشیشی بۆ ئه‌نفالكردنی كوردان له‌گه‌لدا بوو، به‌ڵام دروست نییه بڵێین كه‌واته ئه‌و كاره‌ساته له‌سه‌ر كوردایه‌تی نه‌بوو و په‌یوه‌ندییه‌كی به شۆڕشی كوردییه‌وه نه‌بوو، به هه‌مان شێوه‌یش كوشتوبڕی موسڵمانانی ڕۆهینگیا، جگه له ئیسلامه‌تی بیانووی تری له پشته‌وه‌یه، وه‌لێ بۆ كه‌سی ژیر و نهخهڵهفاو ڕوونه كه ڕیشه‌ی دوژمنایه‌تییه‌كه بۆ یه‌كتاپه‌رستیی ڕۆهینگیاییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. بووداییه توندڕه‌وه‌كانی میانمار ڕێك وه‌ك سه‌رانی قوره‌یش په‌رده‌ی گوێیان به ده‌نگی لا إله إلا الله ده‌دڕێت و به‌رگه‌ی بیستنی ناگرن، ئیتر به ته‌وحید ده‌یری و هار ده‌بن.
ئه‌گه‌ر ئێمه باسی تاوانی به‌عسمان له هه‌ڵه‌بجه كرد و كه‌سێك وتی خه‌تای پێشمه‌رگه بوو پاسداری ئێرانی‌یان هێنایه نیشتمانه‌وه و حكوومه‌تی عێراقیش به‌رگری له نیشتمان كرد، هه‌ڵوێستی ئێمه چۆن ده‌بێت؟ ئایا ئه‌گه‌رچی له ڕوویه‌كه‌وه قسه‌ی ئه‌و كه‌سه ته‌واوه، به‌ڵام وا ده‌كات كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له تراژیدیبوون بكه‌وێت و بگۆڕێته ڕووداوێكی ئاسایی؟ باشه ژن و منداڵ و جحێڵ و په‌ككه‌وته چی‌یان كردووه تا باجی هه‌ڵه‌ی ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی كورد و بڕێك پێشمه‌رگه بده‌ن؟ چما ڕه‌وایه بۆ وه‌ده‌رنانی په‌نجا شه‌ست پاسدار و پێشمه‌رگه‌یه‌ك، شارێك به مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و گه‌وره و گچكه و ته‌ڕ و وشكه‌وه خاپوور بكرێت و له‌ناوببردرێت؟! ئێستایش وامان دانا ژماره‌یه‌ك موسڵمانی ڕۆهینگیایی توندڕه‌و له ڕاخین یا ئهراكانی میانماردا ده‌ژین، ئه‌ی گوناهی پێنج ملیۆن -یا به قسه‌ی حكوومه‌تی بۆرمایی ملیۆنێك و پینجسهد هه‌زار- ڕه‌شوڕووت و داماو چییه، كه تاوبنرێن و بكوژرێن و له‌توپه‌ت بكرێن؟
كاتێك له وڵاتێكی ڕۆژئاوایی كه‌سێك به ماشێنێك یا به ده‌مانچه و چه‌قۆیه‌كه‌وه هێرش ده‌كاته سه‌ر كۆمه‌ڵێك، زۆربه‌ی ئه‌م پاڵه‌وانانه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، گورجێ كێچیان ده‌كه‌وێته كه‌وڵ و خوێنیان ده‌كه‌وێته كوڵ و چاویان سوور ده‌بێت و ده‌كه‌ونه وێزه‌ی ئیسلامی سیاسی و موسڵمانان و فیقهـ و فه‌رهه‌نگی ئیسلامی و پێیان بكرێت ده‌ڵێن به چاوی خۆمان بینیمان خوا خۆی به‌و كابرایه‌ی گوت بڕۆ و ئه‌و كاره بكه! خۆش ئه‌وه‌یه زۆر جار ده‌رده‌كه‌وێت كه‌سه‌كه موسڵمانیش نه‌بووه، یان موسڵمانێكی نامولتهزیمی ده‌روونپه‌رێشان بووه و كاره‌كه‌ی به پاڵنه‌ری دینی ئه‌نجام نه‌داوه. كه‌چی وا له بۆرما تێكڕای ئوممه‌تێك ڕووبه‌ڕووی پاكتاوی ڕه‌گه‌زی ده‌بنه‌وه، جه‌نابیان بێ ئه‌وه‌ی ته‌ریق ببنه‌وه و حه‌یا بكه‌ن، دێن و به خوێنساردییه‌وه شیكار بۆ ڕووداوه‌كان ده‌كه‌ن!
شه‌نگال و میانمار، لێكچوون و جیاوازی
ئه‌م موحه‌لیل و موحهقیقانهی كه‌یفیان به كوشتاری موسڵمانانی بۆرما و ته‌واوی دنیا دێت، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رقاپی ویژدانی گه‌نیویان بنێن و بۆنی پیسی هه‌ناویان سه‌ر نه‌كات، زوو زوو ده‌ست بۆ كوشتنی یه‌زیدییه‌كانی شه‌نگال ده‌به‌ن و له پشتی وانه‌وه خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن. پێش هه‌ر قسه‌یه‌ك پێویسته بڵێم: ئه‌وه‌ی دڵی بۆ كوشتنی خه‌ڵكی شه‌نگال ته‌نگ بووبێت و كه‌وتبێته خورپه، مه‌حاڵه وا سارد له كوشتاری ڕۆهینگیاییه‌كان بڕوانێت. هه‌ركه‌س له حینی كاره‌ساتێكی مرۆڤههژێندا به پشتبه‌ستن به ڕووداوێكی تر باوه‌شێنی دڵی بكات، درۆ ده‌كات و زه‌ڕه‌یه‌ك ڕاست له وجوودیدا نییه.
مرۆڤی ویژدانزیندوو، بۆ هه‌موو ئازارێكی مرۆیی نیگه‌ران ده‌بێت و هه‌ست به ئازار ده‌كات، سه‌عدی گوته‌نی: "مرۆڤایه‌تی ئه‌ندامی یه‌ك په‌یكه‌رن، كه له بنه‌وادا له یه‌ك گه‌وهه‌رن". وه‌لێ ئه‌گه‌ر هاتوو په‌یوه‌ندییه‌كی تر زیاد له په‌یوه‌ندیی مرۆڤبوون كه‌وته نێوانه‌وه، ئازاره‌كه زیاتر ده‌بێت، ئێمه بۆیه زیاتر بۆ ده‌ربه‌ده‌ری و كوشتاری شه‌نگالییه‌كان بێتاقه‌ت بووین، چون كورد بوون و په‌یوه‌ندیی نه‌ته‌وایه‌تیی له نێوانماندا هه‌بوو، ئێستایش بۆیه بۆ حاڵی موسڵمانانی بۆرما نیگه‌رانین، چون هاودینمانن، بمانه‌وێت یا نا، پێمان خۆش بێت یا ناخۆش، په‌یوه‌ندیی دینی له هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ك -ته‌نانه‌ت له په‌یوه‌ندیی خوێنییش- به‌هێزتر و كاریگه‌رتره، ئه‌مه سروشتی هه‌موو مرۆڤێكه له‌وپه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی ڕۆژئاوا. به‌ڵام كه‌سێك دڵی بووبێت به به‌رد و چێژ له ئازاری كه‌سانی تر ببات، به دوای بیانوودا ده‌گه‌ڕێت بۆ هه‌ڵڕشتنی كیم و زوخاوی ناخی و بهڵگهتاشی بۆ بێههستییهكانی خۆی ده‌كات.
ئه‌وه‌ی له شه‌نگال ڕووی دا، شاڵاوێكی دڕندانه‌ی گرووپێكی توندڕه‌وی تیرۆریست بوو، كه ته‌نیا دژی یه‌زیدییه‌كان كاری وای نه‌كرد، به‌ڵكو موسڵمان و ناموسڵمان، سوننه و شیعه، كورد و عه‌ره‌ب، عێراقی و بیانی به ئه‌ندازه و شێوه‌ی جیاواز به‌ر كوشتن و بڕینی كه‌وتن. ئه‌مه وا ده‌كات قوربانییه‌كان فره ببن و كه‌مێك دڵنه‌واییان بۆ بێت، كه‌چی له بۆرما ته‌نیا و ته‌نیا موسڵمانن كه‌وتوونه‌ته به‌ر لافاوی ڕق و دڕندایه‌تیی ڕاهیبانی بوودایی و هێز و سوپای حكوومی. جگه له‌مه، سوپاس بۆ خوا، گورجێك ته‌واوی دنیا بۆ به‌رگری له شه‌نگال و شاره‌كانی تری به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی داعش یه‌كیان گرت و هێزیان جووڵاند و كه‌وتنه گیانی ئه‌و گرووپه توندڕه‌وه، ده‌ی ئه‌گه‌ر چاره‌كێكی ئه‌مه بۆ موسڵمانانی بۆرما بكرێت، ئیتر ئێمه چیمان ده‌وێت؟ ئه‌و هه‌ژار و بێكه‌سانه وڵاتێكیش نییه په‌نایان بدات و جێ و خۆراكێكیان بۆ فه‌راهه‌م بكات. هه‌موو ته‌قه‌لای موسڵمانان و گۆڕینی وێنه‌ی پرۆفایلی فهیسبوكیان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه سه‌رنجی وڵاتان و ڕێكخراوه‌كان بۆ ئه‌م كاره‌ساته ڕابكێشن و به (أضعف الإیمان)ێك ئه‌ستۆی خۆیان پاك بكه‌نه‌وه، وه‌لێ ئه‌م نامرۆڤانه‌ی لای خۆمان ئه‌م هه‌وڵه بچووكهیشیان بۆ به ڕه‌وا نازانن.
له ته‌واوی دنیادا، هیچ گیاندا‌رێك ئه‌وه‌نده‌ی مرۆڤی موسڵمان خوێنی هه‌رزان و بێبه‌ها نییه، چاوێك به نه‌خشه‌ی جیهاندا بخشێنه، ته‌نیا له‌و جێگانه‌دا كوشت و بڕ ده‌بینیت كه موسڵمانی لێیه، ئه‌وه‌ی له چۆله‌كه‌یه‌ك زیاتر عه‌قڵی هه‌بێت ئاشكرا و دیار ده‌یبینێت ئه‌م شه‌ڕ و كوشتارانه سه‌پێنراوه‌ته سه‌ریاندا و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری جه‌نگه‌كان، بیانییان پێیانی ده‌گێڕن و ئاگره‌كه‌ی خۆش ده‌كه‌ن، زۆریشی هه‌ر بێباوه‌ڕانن خه‌ریكی ڕشتنی خوێنی دنیایه‌ك موسڵمانی مه‌ده‌نیی بێگوناهن و چاوی كامێرا و ئیعلامیان لێ دوور ده‌گرن، ئه‌وه‌نده‌یان داخ به دڵه‌وه ده‌نێن و ده‌یانچه‌وسێننه‌وه و به هانایانه‌وه ناچن تا گرووپێكی گچكه‌یان تێدا په‌یدا ده‌بێت وه‌ك په‌رچه‌كردار ده‌ست ده‌كه‌نه تۆڵه‌سه‌نده‌وه و خه‌باتی چه‌كداری، دوای ئه‌مه ڕێگه بۆ هه‌ندێ نه‌خۆش و پیاوكوژ خۆش ده‌كه‌ن خۆیان بگه‌یه‌ننه ناویان و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیشیان پێ ده‌گه‌یه‌نن، ئیتر كاتی ئه‌وه دێت چاوی كامێرایان بكرێته‌وه و بخرێته سه‌ر ئه‌م جیهادكهرانه و زوومیان له‌سه‌ر بكرێت و دنیایان لێ پڕ بكرێته‌وه... "ئه‌ها موسڵمانان گه‌وره‌ترین تیرۆریستی دنیان و بینیوتانه چه‌ند دڕنده و پیاوكوژن و چۆن خوێنی خه‌ڵك ده‌ڕێژن"! كه‌سانی گۆج و بووده‌ڵه و مێشكسواوی لای خۆیشمان زۆجی ئه‌م ئیعلامه گهوجێنهرانه ده‌بن و به كه‌وچكه ئاوی پیسیان ده‌كه‌ونه مه‌له. خۆ ئه‌گه‌ر مرۆڤێكی ویژدانزیندووی ئاگا بڵێت ئه‌مه پلانی ئه‌و زلهێزانه‌یه، چه‌ند گورنهتهڵهیهك قیت ده‌بنه‌وه و ده‌ڵێن "ئه‌م دینداره بێئاگایانه هه‌موو شت به پیلان ده‌زانن و له هیچ تێناگه‌ن"! هه‌رگیز په‌ی به كوێری و بێئاگایی و كلكایهتیی خۆیان نابه‌ن و حاڵی نابن كه خۆیانن كڵاویان له‌سه‌ر نراوه و چاویان كوێر كراوه!
ئه‌و وڵاته زلهێزانه خۆیان له كۆمه‌ڵكوژیی موسڵمانانی فه‌ڵه‌ستین، بۆسنه و هێرسك، كۆسۆڤۆ، فلیپین، میانمار، كشمیر، چیچان، داغستان و ده‌یان شوێنی تر نه‌بان و گێل ده‌كه‌ن و ڕفاندن و كوشتنی ڕۆژنامه‌نووسێكی خۆیان ئه‌وه‌نده گه‌وره ده‌كه‌نه‌وه، وه‌ك بڵێیت ئاسمان شه‌قی بردووه. ئێمه ده‌زانین و گومانمان نییه كوشتنی هه‌ر بێگوناهێك -با بتپه‌رست و خوانه‌ناسیش بێت- تاوانه و به هیچ جۆرێك نابێت به كه‌م سه‌یر بكرێت، وه‌لێ به هه‌موو پێوه‌رێك كوشتنی میله‌تێك له كوشتنی نه‌فه‌رێك یا چه‌ند كه‌سێك سامناكتر و گه‌وره‌تره.
ئه‌و یه‌زیدییه هه‌ژارانه شانسێكیان هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه بوو ئه‌وه‌ی سته‌می لێ كردن گرووپێكی توندڕه‌وی دراوه پاڵ ئیسلام بوو، ئه‌گه‌رنا كه‌س له‌سه‌ریان به ده‌نگ نه‌ده‌هات. شه‌نگال وه‌ك ڕۆهینگیا نه‌بوو، لێره نادییه مورادی كچه یه‌زیدیی قوربانیی ده‌ستی داعش ده‌برێته نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ده‌كرێته نوێنه‌ری ئاشتی و ده‌پاڵێورێت بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی، كه‌چی له‌وێ ژنه سه‌رۆكی وڵاتی بۆرما كه سوپاكه‌ی خه‌ریكی پاكتاوی ڕه‌گه‌زیی موسڵمانانه، هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی بدرێتێ! من ناڵێم ئه‌و ژنه خۆی ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی له كوشتنی موسڵماناندا هه‌یه یا هه‌وڵی چاككردنی دۆخه‌كه‌ی نه‌داوه، وه‌لێ ماقووڵ نییه سوپای وڵاتێك خه‌ریكی قه‌تڵوعامی سه‌دان هه‌زار مرۆڤی بێ‌دیفاع بێت و سه‌رۆك نه‌توانێت هیچێك بكات و هه‌ر به‌رده‌وامیش بێت له سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی، سه‌یرتریش ئه‌وه‌یه كوژراوانیش هه‌ر خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی خۆی بن!
یه‌كێك له‌و كاڵفامانه‌ی پێیان ناخۆشه هاوسۆزیی كورد بۆ موسڵمانان ببینن، نووسیبووی "ئه‌سڵه‌ن ئه‌م ڕۆهینگیاییانه وه‌ك قه‌ره‌ج وه‌هان و ڕه‌گه‌زنامه‌ی بۆرماییان نییه و هیچ وڵاتێك نایانگرێته خۆ"، ئیتر وای داناوه ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌كی مه‌حكه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وایی ببه‌خشێته كوشتنی ئه‌و موسڵمانانه. ئه‌م كه‌سانه ڕێك ده‌ڵێیت به مه‌مكی دهڵهدێوی به‌عسییه‌كان گۆش كراون، چون ئه‌وانیش ده‌یانگوت ئه‌و كوردانه‌ی ئه‌نفال كران، هیچیان ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقییان نه‌بوو. مانای ئه‌م قسه‌یه ئه‌وه‌یه هه‌ر كه‌سێك پارچه كاغه‌زێكی له گیرفاندا نه‌بوو كه پێی ده‌گوترێت ڕه‌گه‌زنامه، یا ناوی له دامه‌زراوه حكوومییه‌كاندا تۆمار نه‌كرابوو، ئیتر ئاساییه بیكوژیت، بیسووتێنیت، پارچه پارچه و زینده‌به‌چاڵی بكه‌یت!
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، خه‌ڵكی شه‌نگال بێئه‌ندازه زوڵملێكراو بوون و وڵاتان زۆر دره‌نگ به ده‌میانه‌وه هاتن و هه‌رچیشیان بۆ كرا له چاو قه‌باره‌ی ترس و تۆقینهكهیان هیچ نه‌بوو، وه‌لێ موسڵمانانی بۆرما سه‌دیه‌كی ئه‌وه‌یشیان بۆ نه‌كراوه. كاره‌ساتی موسڵمانانی میانمار ڕێك به كاره‌ساتی ئه‌نفالی خۆمان و جینۆسایدی بۆسنهییهكان ده‌چێت، حكوومه‌ته خه‌ریكی پاكتاوی ڕه‌گه‌زییه و میله‌تێكه خه‌ریكه له‌به‌ین ده‌بردرێت. كه‌چی ئه‌وه‌ی شه‌نگال، گرووپێكی یاخی سته‌میان كرد و چه‌ندین حكوومه‌ت به ده‌می قوربانیانه‌وه چوون و گه‌یشتنه فریایان.
ئه‌م ڕووداوانه فلته‌ری خوایین و مرۆڤ و ئاده‌میزاد، به‌ویژدان و بێویژان، دڵدار و دڕنده، مه‌رد و نامه‌رد، ڕاستگۆ و درۆزن و پاك و پیسی پێ جیا ده‌كاته‌وه، هه‌ر كه‌س له‌م ساته‌وه‌ختانه‌دا قسه‌ی زلی كرد و له نووسین و گوتاریدا سۆز و ههڵقرچانتان به‌دی نه‌كرد، بزانن ئاده‌میزادێكی پووچ و ناوبۆش و بێبه‌هایه و له‌وه به‌دوا له هیچ كات و شوێنێكدا ئاوڕ له قیافه‌ی نه‌حس و قسه‌ی بێنرخی مه‌ده‌نه‌وه، ئه‌و ڕه‌نجه‌ڕۆ و دۆڕاوی دنیا و قیامه‌ته، لێی نێزیك مه‌بنه‌وه با ئێوه‌یش به ده‌ردی خۆی نه‌بات. (لِيَمِيزَ اللَّهُ الْخَبِيثَ مِنَ الطَّيِّبِ وَيَجْعَلَ الْخَبِيثَ بَعْضَهُ عَلَىٰ بَعْضٍ فَيَرْكُمَهُ جَمِيعًا فَيَجْعَلَهُ فِي جَهَنَّمَ ۚ أُولَٰئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ) [الأنفال: 37].