نووسینی: ڕێناس ئهحمهد
كاتێك تەلارسازێكی مەزن، باڵەخانەیەكی گەورە بونیاد دەنێت، بەجۆرێكی دەسازێنێت كە لە هەر كوێیەكی باڵەخانەكەدا ون ببیت، بتوانیت دەروازەكان بە ئاماژەكان بدۆزیتەوە. من ناخی مرۆڤم بەو چەشنە دێتە پێش چاو، كە هەر كاتێك لە نێو كوچەكانی ناخی تەنگ و تاریكی خۆیدا ون دەبێت، دەیان ئاماژە هەن كە گەر شوێنیان بكەوێت، ڕێگایەك بۆ دەربازبوون دەدۆزێتەوە. ئەوەی مرۆی چێكردووە، هێندە ئاماژەی تێدا داناوە كە لە هەر كوێیەكدا ون ببێت بتوانێت بۆ لای وی بگەڕێتەوە .
خودا مرۆڤی لە لاوازی چێكردووە، تا هەر دەم ئاتاجی هێزێكی لە خۆی سەرتر بێت و پەنا بۆ وی ببات. تا ئەو كاتەی مرۆڤ دەركی شكستی خۆی ناكات، خۆی بە بێئاتاج لە هەر شتێكی دەرەوەی خۆی دەبینێت، كەم نین ئەو فیرعەونانەی كە ڕۆژانە لێیانەوە بە زمانی حاڵ دەبیستین، أنا ربكم الأعلی. ئەوە هێزە دەمانكات بە خوا، هەستی خوابوونمان بۆ دروست دەكات و، وا دەزانین گەیشتووین بە قوولەی قاف و، ئەوەی خەیاڵی دەكەین لە بن دەستمان ئامادەیە، ئەوە ئەو دەمەیە كە خەریكین بە چەقۆی لووتبەرزی بەندەبوونی خۆمان سەردەبڕین. ئێرە ئەو وێستگەیەیە كە خودا شكستمان وەك دیاری پێ دەبەخشێت و، سەرمان دەكێشێت بەو تاوێرەی پێیدا هەڵزماوین .
شكست، یانی داننان بەوەی هیچ ڕێگایەك نییە بۆ دەربازبوون، یانی چەمانەوە لەبەردەم ئەو لەمپەرەی هاتووەتە ڕێگات، یانی ناچاربوون بە پەنابردن بۆ كەسێك بەسەر هەموو لەمپەرەكاندا زاڵە، (إذا مس الإنسان الضر دعانا لجنبه)
هەندێك لە عارفەكان، شكست گەیاندوونی بە هێزی موتڵەق. هیجران و شكست لە بەدەستهێنانی یار لەلای عاریفان، ڕێگایەكی دیارە كە زۆرێكیان پێیدا ڕۆیشتوون و، ناویان ناوە لە عیشقی مەجازییەوە بۆ عیشقی حەقیقی .
یان چیرۆكی فیرعەون، نومایندەی ئەو ڕاستییەیە، كاتێك لە ترۆپكی هێزدایە، خودایە و، كاتێكیش لە گەرووی دەریایە، بەندەیەكی شكستخواردووی بێنازە .
بۆیە زۆر جار شكست هێزە و هێزیش شكستە، هێزێك زادەی خود بێت و، مل نەدات بۆ هیچ هێزێكی دەرەوە، تەمەنی دەوامی نییە. شكستێكیش مرۆڤ بگەیەنێتە مەنزڵ و، وەك ئاماژەیەك لێی بڕوانرێت، هێزێكی لەبن نەهاتووە .