ناوه‌ندڕۆیی

فیکر 2017-11-19 کۆمێنت 1676 جار بینراوە

نووسینی: عه‌زیز نه‌سین

وه‌رگێرانی له‌ فارسییه‌وه‌: عه‌بدوڵڵا مه‌جید

له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بڕۆ

كه‌سێ له‌ پشه‌وه‌ بانگی كردم. ده‌نگه‌كه‌ گه‌لێ ناسراو بوو. لێ چه‌ند كۆشام، نێوی خودان ده‌نگه‌كه‌م ناس نه‌كرد. به‌ده‌م ته‌وقه‌كردنه‌وه‌ چاكوچۆنیمان كرد و له‌ ئه‌حواڵی یه‌كترمان پرسی. كاورا گوتی:

_"ئه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شاره‌وه‌ دێم، له‌ لای پزیشك بووم."

+خوا له‌ به‌ڵا دوورمان كا.

_دومه‌ڵێك له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌رمه‌وه‌ ده‌رچووبوو، دومه‌ڵێكی هه‌وكردوو و پڕ له كیم.

+سه‌لامه‌تییه‌ ئینشاڵڵا، چاك ده‌بی هیچ نییه!

له‌ ناوه‌ڕاستی ڕێگه‌ داوای لێ كردم بچینه‌ قاوه‌خانه‌یه‌ك تاوێ دانیشین، پشوویه‌ك بده‌ین و قاوه‌یه‌ك ‌بخۆینه‌وه‌. قه‌بووڵم كرد.

گارسۆنه‌كه‌ی بانگ كرد:

_ دوو قاوه‌مان بۆ بهێنه‌.

+تاڵ یا شیرین؟

_ئه‌وه‌ی من نه‌ تاڵ نه‌ شیرین، با ناوه‌ندی بێ!

ئه‌م دۆسته‌ی من فره‌ په‌ست و بێحاڵ بوو، گوتم:

+چی ئاوا ناڕه‌حه‌ت و بێزاری كردووی؟

_كوڕه‌ ناونجییه‌كه‌م له‌ خوێندندا زۆر ته‌نبه‌ڵه‌، به‌و حاڵه‌ی ته‌واو بێ ئۆقره‌ی كردووم. له‌ تاقیكردنه‌وه‌دا كه‌وتووه‌. مامۆستا لێی پرسیوه‌: سه‌ته‌كانی ناوه‌ڕاست چین؟ نه‌یتوانیوه‌ به‌رسڤی بداته‌وه‌‌.

+له‌ پۆلی چه‌نده؟

_دووه‌می ناوه‌ندی.

له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی تردا هێنده‌ خراپ نه‌بوو، گشت نمره‌كانی ناوه‌ند بوون. به‌ڵام له‌مه‌ی ده‌رباره‌ی سه‌ته‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه،‌ بووه‌ سفری هێناوه‌!

+خه‌م مه‌خۆن، ئه‌مساڵ هه‌رچۆن بووه‌ هه‌ر ده‌رده‌چێ.

_وه‌لێ كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌م تا بڵێی ئۆگری مێژووه‌، به‌ تایبه‌ت چاخه‌كانی به‌ر له‌ سه‌ته‌كانی ناوه‌ڕاست و پاش سه‌ته‌كانی ناوه‌ڕاست!

ئه‌ز، هێشتا به‌ ڕه‌وانی بیرم نه‌ده‌هاته‌وه‌ ئه‌و كیێه‌‌! ئیتر‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵكوو بیرم كه‌وێته‌وه‌، ناچار جگێ پرسیارم ئاراسته‌ كرد:

+نهۆ‌ له‌ كیهان گه‌ڕه‌ك ئاكنجین؟

_له‌ گه‌ڕه‌كی (ناوه‌نداوا!). ڕۆژێ بێنه‌ مێوانیمان. كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شاره‌وه‌ ته‌شریفتان‌ هێنا، وه‌ختێ به‌ ناوه‌نداوا ده‌گه‌ن پانتاییه‌كی فراوانی لێیه‌، له‌وێدا ڕاوه‌ستن و ڕێك به‌رانبه‌رتان له‌ ناوه‌ڕاستی دره‌خته‌كانه‌وه‌ خانوویێكی دارین ده‌بینن، ئه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی منه‌. خراپ نییه‌ لێ به‌داخه‌وه‌ ژووری ناوه‌ڕاستی له‌ ئانی باراندا چكه‌ ده‌كات.

+كار و گوزه‌رانتان چتۆیه‌؟

_خراپ نییه‌، ناوه‌ندییه‌. له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ڕابردوودا مامه‌ڵه‌یه‌كمان هه‌بوو، ده‌ڵاڵه‌كه‌ كڵاوی نایه‌ سه‌رمان! هاوار له‌ ده‌ست ئه‌م ده‌ڵاڵانه‌، خوا نه‌كا كارت بكه‌وێته‌ ده‌ستیان! هه‌ر لێی گه‌ڕێ...

+قوربان، ئێوه‌ كه‌ هێنده‌ ناوه‌ندگۆن، بارودۆخی ئه‌م ڕۆژگاره‌ به‌ كوێ ده‌گا؟

_"ئاخر ئه‌مه‌ بارودۆخ نییه‌ تێی داین! ده‌بێ‌ دۆخێكی ناوه‌ندی بێته‌ ئاراوه‌. پێدڤییه‌ هه‌ردوولا پێكه‌وه‌ دانیشن، به‌ جوانی گفتوگۆ بكه‌ن و دۆخێكی ناوه‌ندی قه‌بووڵ بكه‌ن، تا گوزه‌ران له‌مه‌ی هه‌یه‌ خراپتر نه‌بێ و وه‌زعه‌كه‌ كه‌مێ ئارام ‌بێته‌وه‌‌. ئه‌سڵه‌ن ئه‌مه‌ی ده‌گوزه‌رێ هه‌ر له‌ زه‌ره‌ری چینی ناوه‌ڕاسته‌! چینی سه‌ره‌وه‌ چ كێشه‌یان نییه‌، چینی خواره‌وه‌یش له‌ هیچ شتێ تێناگه‌ن، به‌ڵام هاوار له‌ حاڵی چینی ناوه‌ڕاست! ئاخر كاكی من، گیانی من، ئه‌زیزی من، ژیان و مرۆڤی ئه‌م ناوه‌نده‌ خۆ كه‌ره‌سته‌ی یاری نین، ئاخر..."

سه‌ری قسانم لی وه‌رگرت!

+ مه‌به‌ستتان چییه‌؟!

_نا نا... به‌نده‌ مه‌به‌ستێكی دیاریكراوم نه‌بوو، نایه‌وێت له‌ ناوه‌ڕاستی ئاریشه‌دا مژوڵی خه‌مڵاندنی به‌هاكان بین. ئه‌ز مرۆڤێكی خودان حاڵ و گوزه‌رانێكی ناونجیم، په‌یوه‌ندیم به‌ كاروباری چ كه‌سه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌م ناوه‌نده‌دا دڵم به‌ حاڵی ئه‌م خه‌ڵكه‌ ده‌سووتێ!

+به‌هه‌رحاڵ، پێم خۆشه‌ كاروبارتان باشه‌، ئینشاڵڵا باشتریش ده‌بێ.

_سپاس بۆ خوا هاوبه‌شه‌كه‌م مرۆڤێكی چاكه‌. نه‌ گه‌نجه‌ و نه‌ پیر. ته‌مه‌نی ناونجییه‌، باڵای ناونجییه‌، بارودۆخیشی ناونجییه‌، به‌ كورتییه‌كه‌ی گشت شتێكی ته‌واو ناونجییه‌!

+زۆرباشه‌، گه‌ر مۆڵه‌تم به‌ن من ئیتر ده‌بێ بڕۆم.

_منیش كارم هه‌یه‌، ده‌بێ بچمه‌ دووكانێكی گوڵفرۆشی، هێندێ تۆوی گوڵ ببه‌م و له‌ ناوه‌ڕاستی باخچه‌كه‌ماندا بیچێنم. له‌ ڕاستیدا ده‌مویست بڵێم: "یه‌كێ له‌ به‌دبه‌ختییه‌كانی ئێمه ئه‌وه‌یه‌‌، میانڕه‌وی به‌ ئه‌ندازه‌ی پێویست‌ له‌م‌ وڵكه‌یه‌ی مه‌دا بوونی نییه‌!"

+ببورن، چیتان فه‌رموو؟!

_مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌ بوو پێویسته‌ له‌سه‌رمان به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ هه‌وڵ بده‌ین كه‌لتووری میانڕه‌وی و ناونجیبوون له‌م وڵاته‌ماندا وه‌شان بكه‌ین. ئه‌سڵه‌ن بۆچی له‌ زانستگه‌كاندا كۆرسی ناوه‌ندۆلۆگی ناخوێنرێت؟! باشه‌ بۆچی گرۆیه‌ك میانڕۆی پسپۆر ته‌قه‌لای پێگه‌یاندنی جیلێكی ناوه‌ندۆلۆگیست ناده‌ن؟!

+ڕاست ده‌كه‌ن، هه‌ق به‌ ئێوه‌یه‌.

ماڵاواییمان له‌ یه‌كتر كرد و جوێ بووینه‌وه‌. له‌ پشته‌وه‌ بانگی كردم:

+به‌ڵێ

_هاواری كرد: له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بڕۆ، له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بڕۆ! پێش بكه‌وی، ده‌كه‌ویت و ملت ده‌بێته‌ ژێرته‌وه‌. دوا بكه‌وی، ده‌ستت به‌ هیچ ناگا. تا ده‌توانی له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بڕۆ، له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌...

تاگەکان    
مردن ئیلحاد ئاوی زەمزەم گۆرانی ئازادی یاسا شەهید فیلم دیمانە کۆرۆنا سایکس-بیکۆ ئەنیمی فەڵەستین باران ژن
فیکر
2017-11-19 کۆمێنت 1676 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی