نووسینی: موڕته‌زا موته‌ههه‌ری
وه‌رگێڕانی: یه‌حیا خه‌لیل
به‌شی یه‌كه‌م
پێش باس
قُلْ يا اهْلَ الْكِتابِ تَعالَوْا الى كَلِمَةٍ سَواءٍ بَيْنَنا وَ بَيْنَكُمْ الّا نَعْبُدَ الَّا اللَّهَ وَ لانُشْرِكَ بِهِ شَيْئاً وَ لا يَتَّخِذَ بَعْضُنا بَعْضاً ارْباباً مِنْ دونِ اللَّهِ . آل عمران، 64 .
یهكێكیتر له‌و قوتابخانانه‌ی له باسی مرۆڤی كامڵدا، قوتابخانه‌ی سۆشیالیزمی(كۆمۆنیستی)یه. ئه‌م قوتابخانه‌یه كه‌موكووڕیی مرۆڤ له دووشتدا پوخت ده‌كه‌نه‌وه و، ده‌ڵێن: كه‌موكورتی له‌وێدایه كه مرۆڤ زیاتر لایه‌نی تاكایه‌تی بگرێت و، كهنارگری له كۆمه‌ڵ بكات كه كه‌ماڵی مرۆڤایه‌تی له كۆمه‌ڵدایه، به‌و مانایه‌ی كه مرۆڤ تاكوو "من"ه، ته‌واو نییه، وه‌ختێك كامڵ ده‌بێت كه "من" له‌و نێوه‌نده‌دا بسڕدرێته‌وه، ئه‌ڵبه‌ت نه‌ك به‌و مانایه‌ی كه عاریفان "من" له‌نێو ده‌به‌ن. چون عاریفان ده‌یانهه‌وێت "من" له‌به‌ر خاتری "ئه‌و" له‌به‌ین ببه‌ن، یانی "من" به _سه‌رناوی جێناوی كه‌سی یه‌كه‌م_ له په‌تی سێداره بدرێت و بڕووخێت، تا "جێناوی كه‌سی سێیه‌م" ئاشكرا و په‌یدا ببێت. ڕوونه كه مه‌به‌ستی ئه‌وان _عاریفان_ له "ئه‌و" خودایه، سڕینه‌وه‌ی "من" له "ئه‌و"دا، یانی له‌نێوبردنی مرۆڤ له خالقدا.
قوتابخانه‌ی سۆشیالیستی له‌و لایه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ عاریفان یه‌كده‌نگه به‌وه‌ی هه‌ردووكیان لایه‌نگری ئه‌وه‌ن كه "من" له‌سێداره بدرێت و بپووكێته‌وه، وه‌لێ نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "ئه‌و" ئاشكرا ببێت، به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "ئێمه" _جێناوی كه‌سی قسه‌كه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا_ ده‌ربكه‌وێت.
له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه مرۆڤی بێخه‌وش مرۆڤێك نییه چه‌شنی عاریف كه بڵێت، "چكهسێ له‌ژێر كهواكهمدا نییه بێجگه له ئافرێنه‌ر"، به‌ڵكه مرۆڤی ته‌واو ئه‌وه‌یه كه "من"ی له كۆمه‌ڵدا تواندبێته‌وه.
زۆرێك له ڕێبازه‌كانی تریش تا ئه‌م ئه‌ندازه‌یه ئه‌م داواكارییه‌یان له‌لا قه‌بووڵه. ئه‌و قوتابخانانهیش كه "من" هه‌پروون ده‌كه‌ن تا "ئه‌و" ئاشكرا ببێت، هیچ لارییه‌كیان له ده‌ركه‌وتنی "ئێمه" نییه، به‌ڵكه پشتگریشی لێ ده‌كه‌ن.
پوخته‌ی گوتاری ئه‌م قوتابخانه‌یه
له‌م قوتابخانه‌یه‌دا مرۆڤی كامڵ له‌و مرۆڤه‌دا ده‌بیننه‌وه كه له ئه‌ودا "من" به "ئێمه" گۆڕدرابێت. وێڕای ئه‌وه‌ی ڕێگاكه‌یشی پێشان ده‌ده‌ن به‌وه‌ی كه، لهههركوێدا شتانێك پێوه‌ندییان به "من"ه‌وه نه‌بێت و به "ئێمه"ه‌وه هه‌بێت، هۆكاری "ئێمه"بوونی تاكه.
وه‌ختێك تۆ پێوه‌ندیی شت به مرۆڤه‌وه ته‌ماشا بكه‌یت، ده‌بینیت دوو شێوه‌یه. شێوه‌ی یه‌كه‌میان، زنجیره‌یه‌ك كاروبار هه‌یه كه له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا پێوه‌ندییان به "ئێمه"وه هه‌یه. بۆ نموونه، ئایا زمانی فارسی ماڵی منه؟ نه‌خێر. هی ئێوه‌یه؟ نه‌خێر. هی ئه‌ویتره؟ نا. زمانی فارسی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك خاوه‌نیه‌تی. نیشتمان كێ خاوه‌نیه‌تی؟ ماڵی تاكێك نییه، كۆمه‌ڵ خاوه‌نیه‌تی. هه‌رچییه‌ك سه‌ر به‌م گرووپه‌یه یانی ئه‌وه‌ی كه هی كۆمه‌ڵه و مافی تاك نییه، تاكه‌كان بۆ یهكجهسته ده‌گۆڕێت.
ئێمه به‌ڵگه‌مان بۆ یه‌كگرتووییمان هاوزمانیمانه، یانی زمان به "ئێمه"وه پێوه‌نده نه‌ك به "من"ه‌وه، هاووهڵاتین، یانی وه‌ڵات به "ئێمه"وه پێوه‌سته نه‌ك به كه‌س و تاكه‌وه. وه‌ك چۆن هاوفه‌رهه‌نگ و، هاودین و هاودڵیشین. ئه‌وه‌ی كه به "ئێمه"وه پێوه‌ندداره و لایه‌نی پسپۆڕیه‌تی تێدا نییه و لایه‌نی هاوبه‌شایه‌تی تێدایه، تاكه‌كان به "ئێمه" ده‌گۆڕێت.
خاڵی دووه‌م، شتانێك هه‌ن كه پێوه‌سته به تاك تاكی جیاواز و لایه‌نی پسپۆڕیه‌تی تێدایه: ماڵی من، پاره‌ی من، جلكی من، فه‌رشی من، ئۆتۆمۆبیلی من. ماڵی من چیدی ماڵی ئێوه نییه، ماڵی منه. پاره‌ی من پاره‌ی ئێوه نییه، پاره‌ی منه. ئه‌م ته‌رزه پێوه‌ندییانه‌ی كه شت به مرۆڤه‌وه پێوه‌نددار ده‌كه‌ن، پێوه‌ندی به پسپۆڕیێتییهوه هه‌یه نه‌وه‌ك هاوبه‌شایه‌تی. ده‌بێژن ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه پێوه‌سته به پسپۆڕییه‌وه، "من_ساز"ه. "من" چی دروست ده‌كات؟ خاوه‌نداریه‌تی تاكی، پسپۆڕی. "ئێمه" چی به‌رهه‌م ده‌هێنێ؟ خاوه‌نداریه‌تی كۆمه‌ڵ، هاوبهشكاری. بۆیه بناخه‌ی كامڵبوونی مرۆڤه‌كان له"ئێمه"بوونی ئه‌واندایه و، بناخه‌ی "ئێمه"بوونی مرۆڤه‌كانیش له‌وه‌دایه كه پسپۆڕێتییهكان له‌به‌ین ببرێن و هاوبه‌شایه‌تی و سۆشیالیزم جێی پسپۆڕیێتی بگرێته‌وه.
ئه‌مان له‌و بڕوایه‌دان كه له سه‌ره‌تادا كه كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی هاته بوون، كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هاوبهشكار بووه و خاوه‌نداریه‌تی نه‌بووه، زه‌مینی من و زه‌مینی تۆ، سامانی من و سامانی تۆ، له ئارادا نه‌بووه و، هه‌موو شتێك هاوبه‌ش بووه و هه‌مووان ژیانیان له یهكبهههشت و له پارێزراویدا ده‌گوزه‌راند. وه‌ك چۆن له دینه ئاسمانییه‌كاندا هاتووه كه باوه‌گه‌وره‌ی ئێمه له سه‌ره‌تادا له به‌هه‌شتدا بووه و دواتر، له دارێك نێزیك بووه‌ته‌وه و تاوانێكی ئه‌نجام داوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی تووشی ئه‌و تاوانه بوو، له به‌هه‌شت ده‌ركرا و گرفتاری ژیانی زه‌وین بوو، ئه‌و ڕووداوه له دیدی ئه‌وانه‌وه به‌و له‌ونه‌یه كه، مرۆڤایه‌تی له سه‌ره‌تادا له به‌هه‌شتی هاوبهشكاریدا ده‌ژیا و "ئێمه" بوو، نه‌ك "من" و دواتر تووشی تاوانێك بوو و له به‌هه‌شتی سۆشیالیزمییهت ده‌ركراوه، ئه‌و تاوانه‌یش په‌یدابوونی خاوه‌نداریێتی تاكه. وه‌ختێك سه‌رمایه‌داریه‌تی تاك دروست بوو، مرۆڤ له به‌هه‌شتی خۆشبه‌ختی كرایه ده‌رێ و دووچاری به‌دبه‌ختی بوو، ئێستایشی له‌ته‌كدا بێ به‌رده‌وامیی هه‌یه. تۆبه‌ی مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌هه‌شت، تۆبه‌یه له خاوه‌نداریه‌تی و هه‌مانجۆر كه له په‌یامه ئاسمانییه‌كاندا هاتووه كه به‌هه‌شتێك كه دواتر مرۆڤ بۆی ده‌ڕوات له‌و به‌هه‌شته‌ی پێشووتر ته‌واوتر و باشتره. هه‌ركات به‌نی ئاده‌م له‌م تاوانه گه‌وره‌یه پاشگه‌ز بوویه‌وه و له جێگای خاوه‌نداریه‌تیی تاك، ڕووی كرده هاوبهشكاری و سۆشیالیزمی، ئه‌وا هه‌مدیسان به پایه‌ی ئاده‌می و مرۆڤایه‌تیی خۆی ده‌گات.
ده‌ڵێن: كاتێك خاوه‌نداریه‌تی ده‌ركه‌وت، سته‌م په‌یدا بوو _ و نادادی تازهكاره له خاوه‌نداریه‌تی_ و ئه‌وكات ئیمپه‌ریالیزم و داگیركراویش ده‌ركه‌وت. مرۆڤ له حاڵێكدا كه داگیركه‌ره یا داگیركراو، كامڵ نییه. تا وه‌ختێك ئه‌م ناهه‌مواری و بڵندی و نزمییه له نێوان تاكهیلی مرۆڤه‌كاندا وجوودی هه‌بێ، كه یه‌كێ هێند باڵا ده‌ڕوات كه به لووتكه‌ی كێوه‌كان ده‌گات و یه‌كێكیتریش له دۆڵێكی ترسناكدا وه‌خته تیابچێت، هه‌رگیز كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ڕووی خۆشبه‌ختی نابینن. كاتێك ڕووی خۆشبه‌ختی ده‌بینن كه حاڵه‌تی ده‌شت په‌یدا بكه‌ن و یه‌كسان بن. پاشان كه یه‌كسانی و به‌رابه‌ری بوویه فه‌رمانڕه‌وا، برایه‌تی دێته دی و له‌و هه‌نگاوه‌دا، چیتر مرۆڤ ناته‌واو نییه و مرۆڤ كامڵه.
ئه‌م قوتابخانه‌یه، بێخه‌وشیی مرۆڤ به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه پسپۆڕییه‌كان و هه‌موو پێویستی و پاشماوه‌كانی تر یه‌كسان ده‌كات، پاشماوه‌كانی وه‌ك داگیركه‌ران و داگیركراوان. داگیركردن له ههردووسهریهوه، هه‌زاران خه‌وش و ناته‌واوی ده‌خوڵقێنێ، له یه‌كێكیاندا ڕق و كینه په‌یدا ده‌بێت و له ئه‌ویتردا ئیرهكار و چاوچنۆك. وه‌ختێك ڕیشهكهیت بنه‌بڕ كرد، كه‌ماڵی مرۆڤ چاو هه‌ڵده‌هێنێت.
ئه‌م به‌شه و به‌شه‌كانی دواتری پێوه‌ست به‌م بابه‌ته له كتێبكی "انسان كامل"ی خوالێخۆشبوو "مورته‌زا موته‌ههه‌ری"یه‌وه وه‌رگیراوه.