نەخۆشی لەناو ببە، نەک نەخۆش !

فیکر 2017-11-22 کۆمێنت 2752 جار بینراوە

نووسینی: به‌ڕێز ئیسماعیل

(نەفەسێکی عیرفانی)

ئەم بابەتە زیاتر بابەتێکی مەعنەوییە، نەوەک لێکۆڵینەوەیەکی زانستی یان ئاوه‌زییانه‌ی ڕووت بێ، بۆ بانگخوازان و گەنجە پەیامدارەکانە، ئەو پەیامەی کێوەکان نەیانتوانی هەڵی بگرن. بانگەواز؛ لە دیدی (م. ناصڕی سوبحانی)یدا واتا: "بانگکردنی خەڵک بۆ بەندایەتی، بەندایەتییش واتا بەو جۆرە بی کە خودا داوات لێ دەکا، نەک بەو جۆرە بی کە خۆت دەتەوێ..." ئەم پێشەکییە بۆ ئەوەیە، ئەگەر (بانگەواز و دەعوە)ت بۆ خودایە، ئەوا دەبێ شێوازی بانگەوازەکە بە دڵی خودا بێ، نەوەک بە دڵی خۆت بێ، واتا نابێ دڵی کەس بڕەنجێنی و مرۆڤەکان بڕووخێنی، چونکە خودی فەلسەفەی بانگەواز؛ بونیاتنانی مرۆڤە، نەک ڕووخاندنی. پێغەمبەر (د.خ) وەک سەرمەشق و ڕابەرمان کاتێک ئازار دەدرا، دووعای بۆ دەکردن نەک دووعایان لێ بکا، واتا بە جۆرێک مامەڵەی دەکرد، کە ئەو ھاتووە ڕزگاریان بکا، نەک لەناویان بەرێ، کاتێک کەوتە ناو چاڵ و دەم و ددانی پیرۆزی نوقمی خوێن بوو و، زۆر ئازاری پێ گەیشت، ئەم دووعایەی وت: «اللهم اهدِ قومی فإنهم لا یعلمون» قووڵاییەکی زۆر جوان لەم دووعایەدا هه‌یە، واتا خودایە ئەمانە نازانن، نەخۆشن، ئەگینا هەرگیز وایان لێ نەدەکردم. بۆیە ھەمیشە پشووی درێژ بووە و، وڵامی خراپەی بە چاکە داوەتەوە و، ھەرگیز شەڕی لەگەڵ مرۆڤەکاندا نەبووە بەڵکو شەڕی لەگەڵ دیوی دووەمی ئه‌واندا بووە. بۆیە کاتێک یەکێک لە بێبڕوایان تەسلیم بووایە و، بیویستایە ببێ بە موسوڵمان، بەبێ بیرکردنەوە لە ڕابردووی، وەردەگیرا و بە چاوێکی نوێ سەیر دەکرا. تەنانەت نەیھێشتووە جنێویش بدرێ و، جوابی جنێوەکانیش بە جنێو بدرێتەوە، واتا بەم نەفەسە عیرفانییە کاری دەکرد. دەیویست نەخۆشییەکان چارەسەر بکا، نەک نەخۆشەکان ئازار بدا و بلیتی جەھەندەمیان پێ بدا. هەر خودی لێخۆشبوون لە ئەبووسوفیان؛ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو نەھاتووە، مرۆڤەکان سزا بدا و تۆڵەیان لێ بکاتەوە، بەڵکو ئەو بەو نەفەسە مامەڵەی دەکرد، وەک ئەوەی بیەوێ نەجاتیان بدا، نەک شەڕیان لەگەڵدا بکا، نەفەسێکی ئوصووڵیانە هەیە، ئەویش ئەوەیە ئه‌گه‌ر بتەوێ دەقە دینییەکان یان (یاساکان و حوکمە شەڕعییەکان) لەسەر موسڵمانان جێبەجێ بکەی. پێغەمبەر (د.خ) ڕێک پێچەوانەی ئەم نەفەسە کاری دەکرد، دەقەکان یان (یاساکان و حوکمە شەڕعییەکان)ی لەگەڵیاندا جێبەجێ دەکرد و، ئازارەکانی لەگەڵ بەش دەکردن. ئەمەیە جیاوازیی پێغەمبەر لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی ئێستادا .

یاخود هەندێ گرووپ لە موسوڵمانان، سەلام لە گرووپێکی تر ناكه‌ن و تەجمیدیان دەکەن، بە بیانووی بێ بنەما و مەزهەبی، ئەمە ڕێک پێچەوانەی ئەو نەفەسە عیرفانییەیە کە دەبێ ڕقمان لە (فعل) بێ نەک (فاعیل). ئەگەر سەیری قورئان بکەین، ناوی هیچ خراپەکارێکی نەهێناوە بەڵکو باسی خراپەکانی کردوون. وەک (د.علی منصور کیالی) دەڵێ: "کاتێک قورئان دەڵێ (فیرعەون) ناوی ناهێنێ بۆ نموونە بڵێ (ڕەمسیسی یەکەم یان دووەم) و، کاتێک دەڵێ (ئەبوولەهەب) ناوی ناهێنێ بۆ نموونە بڵێ (عبد العزی بن عبد المطلب)، بەڵکو سیفەتەکانی لە پاڵ نووسیوە، هەتا قیامەت کێ وەک ئەوان بکا هەمان سزای دەبێ‌..."، جیاواز لەم قسەیەیش، سەیری (چیڕۆکی یووسف) بکە، قورئان ناوی براکانی یووسفی نه‌هێناوە، ناوی خێزانی عەزیزی میسڕیشی نه‌هێناوە، مەگەر خودا نازانێ کێ بوون! بە دڵنیاییەوە دەزانێ بەڵام باسەکە شتێکی ترە... دونیا شوێنی سزادان نییە، بەڵکو لە قیامەت حەقی موتڵەق کەشف دەبێ و، هەرکەس بە ئەندازەی نزیک و دووریی لێی، پاداشت یان سزا. وه‌رده‌گرێ‌ .

م. تحسین حەمەغه‌ریب؛ لە گۆڤاری هەژاندا و لە نووسراوی (ئەگەر پێغەمبەر بێتەوە)دا دەڵێ: " بە وردبوونەوە لە ژیانی پێغەمبەر و بەوەش عاریفەکان فەرموویانە وا دەردەکەوێت پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت پیشەی پزیشکی هەڵدەبژێرێت...  وتمان پێغەمبەر دەبێتە پزیشک، بەڵام پزیشکێک لە هەموو پزیشکەکانی دیکە جیاواز ئەو تەنها پرسیار لە ئاماژەکانی ئێمە ناکات و لەسەر زاری ئێمەوە داتا و زانیارییەکانمان لێ وەرناگرێت بۆ ئەوەی ئازارەکانمان تێ بگات، بەڵکو ئەو تەبیبەی ئێمە خۆی ئازارەکان دەچێژێت نەوەک تەنها لەسەر زاری ئێمەوە بیبیستێت..."، زۆر جوان مامۆستا بۆی چووە، بەڵگە بۆ پزیشکیی پێغەمبەر، ئەو پیاوەیە حەزی لە زینا بووە، چۆن توانی بە پێغەمبەر بڵێ و، دەردی خۆی باس بکا. وڵامەکەی ئەوەیە، کە پێغەمبەر؛ بە پزیشک تێ گەیشتووە و زانیویەتی چارەی دەردی دەکا نەک چارەی خۆی! مامۆستای ئەم نەفەسە عیرفانییە، خودی پێغەمبەرە... دەبێ لەوەوە فێرە بین. تەنانەت هاوەڵانی پێغمبەریش بەم ڕووح و نەفەسەوه‌ پەروەردە کرابوون. بۆ نموونە، م. قانع خورشید؛ لە کتێبی دووەمی (بۆ ئەوانەی وەکو خۆمن)دا دەڵێ: " هاوەڵانی پێغەمبەر، سەلامی خوا لەم و ڕەحمەتی لەوان، مرۆڤ بوون، وەک باقی مرۆڤەکان، چاکەیان هەبوو، هەڵەشیان هەبوو، ئەوەی وای کردووە ئێمە وەکو فریشتە لێیان بڕوانین ئەوان خوویان بەوەوە نەگرتبوو باسی خراپەی یەکتر بکەن، هەمیشە چاکەی کەسانی تریان باس دەکرد و خراپەکانیان دەشاردەوە... ئیتر ئەوانەی دوای خۆیان پەی بە هەڵەکانیان نابەن... ئێمە بۆیە ڕێمان لە هەڵەی وان ناکەوێت، چون بۆمان باس نەکراوه‌"! تەنانەت زۆرێک لە عاریفان و زانایانی خواناس؛ هەوڵی زۆریان دەدا، بۆ ئەوەی ڕیشەی ڕق و کینە لە دڵی موسڵماناندا دەر بکەن و، پەروەردەیان بکەن لە سەر ئەوەی یەکتریان خۆشبوێ. بۆ نموونه‌، کاک ئەحمەدی موفتی زادە؛ لە نووسراوی -دڵی ساز و دڵی ناساز- دا دەڵێ: " لەبارەی -کینەوە- پێویستە کە ئاماژەیەک بکەم بزانن تەنانەت لە بەرانبەر ئەندامانی ئەو حیزبانەی کە خۆیان بە دوژمنمان دەزانن نابێت قینتان هەبێت و ڕق و کینەتان لە دڵدا بێت... تۆش لە هەر جەژنێکدا لەبەر خاتری خوا و خەڵک -محمد- (صلی اللە علیە وسلم)، تەواو ئەو کەسانەی لە ئوممەتی ئەون ببەخشە و ئازادیان بکە و صادیقانە و موحیببانە دووعای لێخۆشبوونیان بۆ بکە (بە تایبەتی دوای مردنیان...) ئازیزانم زۆر لێبڕاوانە کۆشش بکەن و ڕیشەی هەموو جۆرە -غل- و کینەیەک دەربارەی هەر موسڵمانێکی باش یان خراپ و مردوو و زیندوو لە دڵتاندا دەربهێنن" من بانگەشە ناکەم بۆ دروشمگه‌لی، بۆ نموونە ناکرێ تۆ لە ژیانتدا به‌ پیشەی (مامۆستایەتی)دا نەڕۆیشتبیت، بڵێی بەخوا (مامۆستایەتی) کارێکی قورسە! لەم بابەتەشدا ناکرێ خەیاڵپڵاوی بکەین و خۆمانمان لێ بگۆڕێ بۆ (عاریف). بەڵام بە لایەنی کەمه‌وه‌ دەتوانین بە ئیحساس و نەفەسێکی ئاوا جوان؛ بانگەواز بکەین و خەریکی (دەعوە الی اللە) بین. موسڵمانێکی توندڕەو هاتە لای (شێخ احمد دیدات) و، وتی: دەمەوێ خۆم بە یانەیەکی شەواندا بتەقێنمەوە؟ شێخ؛ لە وڵامدا وتی: تۆ و شەیتان هیچ فەرقتان نییە، چونکە هەردووکتان خەڵکی دەنێرن بۆ دۆزەخ... بۆیە لە بانگەوازدا ئەوەی ئەم نەفەسەی هەبێ، کەس نانێرێ بۆ دۆزەخ، بەڵکو نەخۆشیبەکان چارە دەکا، نەک نەخۆشەکان لەناو بەرێ. تەنانەت گوتەی تر هەیە، قووڵترن لەم نەفەسە عیرفانانییە، بە جۆرێک کە حەز ناکەن، هیچ مرۆڤێک ئازار بدرێ، بە باش و بە خراپیشەوە، بۆ نموونە ئەو گوتەیەی (م. سعید نورسی) کاتێک دەڵێ: "خودایە من ڕازیم بمخەیە جەهەنەم و، هەموو خەڵکی بخەیە بەهەشت!" یان ئەو گوتەیەی (ئەبوبکری صدیق) کاتێک دەڵێ: "خودایە لاشەی من ئەوەندە گەورە بکە و، بمخەیە جەهەنەم؛ بۆ ئەوەی جێگەی کەسی تری نەبێتەوە !"

تاگەکان    
بووژانەوە کونە ڕەشەکان مۆدێرنە کورد فەڵەستین مێژوو فەلەستین گەڕان زانایان وەچەخستنەوە فەلسەفەی ئەخلاق دەروون شیعر فێمینیزم تەنیایی
فیکر
2017-11-22 کۆمێنت 2752 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی