26 ساڵ، په‌نجا بزن حوكمی سێ شاریان بكردایه‌، حاڵی ئه‌و سێ شاره‌، له‌ ئێستای ئه‌م هه‌رێمه باشتر ده‌بوو !

فیکر 2017-12-16 کۆمێنت 1715 جار بینراوە
نووسینی: هێمن خورشید 

بیستوشه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كۆمه‌ڵێك له‌ نزمترین بنیاده‌مه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا، له‌ خه‌ڵك دابڕاو، چاوبرسی، گیرفاتبه‌تاڵ، تینووی سێكس، لاوازیی ڕژێمی به‌عس و تووڕه‌یی خه‌ڵكی داماو و كوشته‌ی ده‌ستی خۆیانیان قۆسته‌وه‌ و وه‌كو كوله‌، داوارین به‌سه‌ر شار و شارۆكه‌كانی كوردستاندا و له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ سێ ساڵدا، هه‌رچی هه‌بوو تاڵانیان كرد و ئاودیوی وڵاتانی دۆراوسێیان كرد. هه‌ر به‌وه‌یشه‌وه‌ نه‌وه‌ستان، به‌ربوونه‌ گیانی یه‌كتر و چه‌ند هه‌زار ڕۆڵه‌ی ئه‌م نیشتیمانه‌یان، له‌خۆڕایی به‌كوشت دا، دواییش ده‌ستیان هێنا به‌ سمێڵیاندا و وتیان بێگوناهترین و پاكترین كه‌س ئێمه‌ین و هه‌ركێیش كوژرا، خوا لێی خۆش بێت !

په‌رده‌ی نیوه‌ی یه‌كه‌می شانۆگه‌ریی حوكمڕانییان، كه‌ 12 ساڵ بوو، (1991-2003)، بریتی بوو له‌ :

یه‌كه‌م: وێرانكردنی ژێرخانی ئابووری و به‌تاڵانبردنی ئه‌وه‌ی هه‌بوو، له‌ كه‌ره‌سته‌ی به‌نداوه‌كه‌ی (بێخمه‌)ه‌وه‌ بیگره‌ تا ته‌لی عاموودی كاره‌با و مس و فافۆنی ماڵان !

دووه‌م: به‌كوشتدانی هه‌زاران گه‌نج، كه‌ ده‌كرا سوود له‌ تواناكانیان وه‌ربگیردرایه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان .

سێیه‌م: تێكدانی ئارامی و شێواندنی سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تیی دانیشتووانی كوردستان، له‌ ڕیی نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی و خه‌ڵك كردنه‌ دووژمنی یه‌كتر، په‌تای حیزبابه‌تیی ناوبۆش، كه‌ له‌وه‌تای هه‌بوو، خێرێكی بۆ كورد نه‌بووبوو، له‌ شاخه‌وه‌ هێنرایه‌ شاره‌وه‌ و برا كرا به‌ دووژمنی برا و باوك و كوڕیان پێی، له‌ یه‌كتر هه‌ڵبڕی !

چواره‌م: دانانی به‌ردی بیناغه‌ی حوكمێكی شێواو و هه‌مه‌جییانه‌ كه له‌ چوارچێوه‌ی هیچ جۆره‌ سیسته‌مێكی حوكمڕانیدا پۆڵێن ناكرێت .

پێنجه‌م: دروستكردنی نه‌وه‌یه‌ك كه‌ ته‌نیا مواسه‌فاتێك هه‌یانبوو، بۆیاغكردنی سه‌روسمێڵ و ماستاوساركردنه‌وه‌ و فڕێدانی قسه‌ی سواو و بڵاوكردنه‌وه‌ی درۆ و جنێو و چه‌واشه‌كاری بوو !

په‌رده‌ی نیوه‌ی دووه‌می شانۆگه‌ریی حوكمڕانییشیان كه‌ 14 ساڵه‌ (2003-2018) بریتی بوو له‌ :

یه‌كه‌م: ڕاكردن بۆ به‌غدا و دروستكردنه‌وه‌ی عێراقێك كه‌ نه‌مابوو .

دووه‌م: فرۆشتنی هه‌رچی پیرۆزیی مێژوویی و جوگرافیی كوردستانه‌، له‌ به‌رانبه‌ر بڕێك پاره‌ و داهاتی كه‌سه‌كیدا .

سێیه‌م: ڕاگه‌یاندنی ڕێككه‌وتنێك كه‌ خۆیان ناویان نابوو (ستراتیژی)، بۆ به‌شكردنی كێكی داهات و ده‌سه‌ڵات .

چواره‌م: له‌كارخستنی ده‌ستی كار و په‌كخستنی هه‌موو سێكته‌ره‌كانی بونیادنانی ده‌وڵه‌ت، له‌ ڕێی كڕینی خه‌ڵكه‌وه‌، واته‌ هه‌ڵڕژاندنی پاره‌یه‌كی زۆر، كه‌ به‌ موفت، له‌ به‌غداوه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وت، دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له‌ گه‌نج، زۆرینه‌یشیان له‌ سلكی سه‌ربازیدا، به‌ بێ هیچ ئامانجێكی نیشتیمانی، واته‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی داده‌مه‌زران، ده‌كران به‌ سه‌ربازی حیزبێك له‌و دوو حیزبه‌، به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م .

پێنجه‌م: كڕینی زۆرترین ژماره‌ له‌ خه‌ڵكی بێكار و ناونانیا به‌ ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكار، هه‌روه‌ها بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌یان بڵاوكراوه‌ی بێسوود و سه‌رلێتێكده‌ر و كردنه‌وه‌ی چه‌ندین كه‌ناڵی ئاسمانی، كه‌ نه‌بوونیان زۆر له‌ بوونیان، بۆ دۆزی كورد، باشتر ده‌بوو .

شه‌شه‌م: دانجیڕكردنه‌وه‌ له‌ به‌غدا و ڕاگه‌یاندنی (ئابووریی سه‌ربه‌خۆ!)، كه‌ سه‌ره‌نجام سه‌ری خۆیان و خه‌ڵكیشی خوارد و بۆ چه‌ند نه‌وه‌ی دواتریش، ئه‌م هه‌رێمه‌ی خسته‌ ژێر قه‌رزێكی پشتشكێنه‌وه‌ .

حه‌وته‌م: هه‌ڵبژاردنی هه‌نێ خه‌ڵكی بێئاگا له‌ هه‌موو شتێ، بۆ پۆستی گرنگ، كه‌ دیارترین ئاكاریان، مه‌ستی، چاوبرسێتی، ورگزلی، بۆینباخبه‌ستن و هه‌ڵه‌وه‌ڕی بوو .

له‌ ماوه‌ی ئه‌و 26 ساڵه‌دا، شتێك نه‌ما به‌ ناوی پیرۆزی و به‌هاوه‌. ئێستا كه‌س تاقه‌تی هیچی نه‌ماوه‌. ته‌نانه‌ت تاقه‌تی نه‌ماوه‌ هاواریش بكات و به‌و سه‌روسه‌كوته‌ بێزراوانه‌ بڵێت بڕۆن و ملتان بشكێنن !

پرسیار ئه‌وه‌یه‌: تا كه‌ی ئه‌م دێوه‌زمانه‌ به‌سه‌ر سنگی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌مێنن؟ خه‌ڵكی چ بكه‌ن؟ ئایا هه‌ر به‌ ڕاست ئه‌مانه‌ له‌و كه‌سانه‌ی به‌ دووژمنی كورد ناوده‌بردرێن، باشترن؟ !

تاگەکان    
خێوەتگە ڕەخنە سەرفیترە ئیسرائیل پۆدکاست فەلسەفەی ئەخلاق ڕۆژاوا دەروونی ئەدەبیاتی فارسی قودس فەرهەنگ ڕانانی کتێب کۆمەڵکوژیی بۆسنە سایکس-بیکۆ گفتوگۆ
فیکر
2017-12-16 کۆمێنت 1715 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی