نووسینی: د. عبدالكريم بكار
وه‌رگێڕانی به ده‌ستكاریه‌وه: پاسوان قبلان
ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له كۆمه‌ڵگه‌دا ئامرازی زبر و، لە ھەمان کاتدا نه‌رمیشی هه‌یه. ئامرازه تونده‌كان ده‌وڵه‌تان به‌كاری ده‌هێنن بە مەبەستی پتەوکردنی پێگه‌ی خۆیان، كه بریتین له سوپا، هێزی ئه‌منی، سامان، دانپێنانی نێوده‌وڵه‌تی. له‌م سه‌رده‌مه‌دا ته‌نانه‌ت ڕاگه‌یاندنیش ده‌كرێ له ئامرازه تونده‌كان هه‌ژمار بكرێت، چونكه له ژێره‌وه بڕە پاره‌یه‌كی ئێجگار گەورە خەرج ده‌كرێت له دروستكردنی میدیا سێبه‌ر لە خزمەت به‌دیهێنانی ئامانجی تایبه‌ت. ئامرازه نه‌رمه‌كانی گۆڕینی كۆمه‌ڵگەش ئه‌مانه‌ن: په‌روه‌رده و فێركردن، گفتوگۆ، كاری خێرخوازی و خۆبه‌خشی، بانگه‌شه‌كردن بۆ خوڕه‌وشت و به‌های به‌رهه‌مهێن، له‌گه‌ڵ هه‌ندێ هۆکاری تری ڕاگه‌یاندندا. ئێمه ناتوانین له میانی یاساكانه‌وه ژیانی خۆمان بگۆڕین، به‌ڵكو دەکرێ ئەم کارەمان بەجێ بێنین له ڕێگه‌ی ڕۆشنبیری و هۆشیاركردنه‌وه و په‌روه‌ردە و قوتابخانه و دایه‌نگه‌كانی تری په‌روه‌رده‌یی، هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی كه‌سانی سه‌رمه‌شق و پێشه‌نگه‌وه كه نموونه‌ی كه‌سایه‌تیی جوان و سه‌ركه‌وتوو پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌سانێك كه تازه‌پێگه‌شتووان چاویان لێبكه‌ن و کەسانی گەورەتریش سوودیان لێوه‌رگرن و له ئاستی چاوه‌ڕوانیی لاوان و پێگەشتوواندا بن . ئامرازه نه‌رمه‌كان بۆ گۆڕینی كۆمه‌ڵگەن، لێ ئامرازه زبره‌كان بۆ ئه‌وه‌ن ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر پێ بوه‌ستێت و سه‌قامگیریی بۆ دروست ببێت و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات بێت و بتوانێت یاساكان بسه‌پێنێت، بۆ ئه‌مانه‌ش پێویستی به‌م ئامرازانه هه‌یه . جا هه‌ڵه ده‌بێت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێك لای وابێت ده‌توانێت كاروباره‌كانی به ئامرازە نه‌رمەكان به‌ڕێوه‌ببات، به هه‌مان شێوه هه‌ڵه‌یه ڕۆشنبیران و نوێخوازان و دروستكه‌رانی ڕای گشتی گومان ببه‌ن كه ده‌توانن له ڕێی ئامرازه زبره‌كانه‌وه ژیانی كۆمه‌ڵگه و شێوازی ژیانی خه‌ڵك بگۆڕن، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه. چونكه خه‌ڵك ڕه‌نگه له‌ژێر زه‌بری به‌كارهێنانی هێزه‌وه ڕه‌فتاریان بگۆڕن، به‌ڵام له ناخه‌وه هه‌ڵگری هه‌مان بیركردنه‌وه و بڕوا و بۆچوونەکانی پێشوویانن، واته ئه‌م هه‌وڵه ده‌بێته مایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی دووڕوویی . سوودی ئه‌م جیاكارییه ئه‌وه‌یه، ئه‌وانه‌ی خه‌ون و په‌یامی گۆڕانكارییان هه‌یه، پێویسته به گوێره‌ی پسپۆڕی و لێهاتوویی و ئاره‌زووی خۆیان ڕێگا و مه‌یدانی خه‌باتی خۆیان دیاری بكه‌ن بۆ كۆشین له پێناو به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی گۆڕانكارییه‌كاندا. ئه‌گه‌ر پسپۆڕی و شاره‌زایی و خولیاكانت ئه‌وه‌ن كه له ده‌زگایەکی ده‌وڵه‌تدا جێگه‌ی شایه‌ن به‌ده‌ست بێنی، ئه‌وا هه‌وڵده به ڕێكاری یاسایی ببیت به به‌شێك له ده‌وڵه‌ت و له‌وێوه ھەوڵ و کۆشش بدەی لە پێناو گۆڕانكاریدا، خۆ ئه‌گه‌ر خۆشت به ڕۆشنبیر و نوێخواز ده‌زانیت، ئه‌وا ده‌بێ پشوودرێژانه له ڕێی ئامرازە نه‌رمه‌كانه‌وه درێژه به هه‌وڵ و خه‌بات لە پێناو گۆڕانكاریدا بده‌یت. به گشتی پێویسته له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ده‌وڵه‌ت و مه‌عریفی کە كار بۆ گۆڕانكاری بکەن تا به‌رهه‌می ببێت.