زانست لە ڕوانگەی ئیسلامەوە

فیکر 2018-02-04 کۆمێنت 3371 جار بینراوە

نووسینی: عەبدولکەریم سرووش
وەرگێڕانی: عەلی حسێن حەسەن

حەزرەتی عەلی دەفەرموێت: (إعلم أنه لا خیر في علم لا ينفع). واتە زانستێک سوود نەگەیەنێت، باشیی تێدا نییە. لە ڕیوایەتدا هاتووە دوو جۆرە زانست هەن، زانستی سوودبەخش و زانستی زیانبەخش. فێربوونی زانست یان بوون بە زانا، بە شێوەیەکی ڕەها، خوازراو و پەسەندکراو نییە. فێربوونی زانستی سوودبەخش، باشە و فێربوونی زانستی بێسوود، ناباش. یەکێک لە نموونە گرنگەکانی زانستی بێسوود، ئەو زانستەیە مرۆڤ کاری پێ ناکات، تەنانەت ئەگەر زانستەکە بە ڕووکەش بەرز و ڕێزلێگیراویش بێت، ئاخر لە چاویلکەی ئیسلامەوە، زانا وەک کەس جێی بایەخە نەک زانستەکە. زانست بەو شێوەیەی لە کتێب یان لە زەیندایە، زۆر جێی سەرنج نییە، مەسەلەی بایەخدار، بارودۆخی کەسی زانایە.

     زانایەک ئیش بە زانستەکەی نەکات، هەبوویەکی باش و خێردار نییە، بگرە خراپییەکە و ئەو زانستەشی پێیەتی، خەسڵەتی خراپی و بێفەڕی لە هەڵگرەکەیەوە وەردەگرێت. لە لایەکی ترەوە، کەسێک زانستێکی کەمی هەبێت و بەپێی ئەو زانستە کەمەی بجووڵێتەوە، هەبوویەکی چاکە و ئەو زانستەشی لایەتی، خێردار و بەرەکەتدارە. زانست کاتێک پۆشاکی کرداری بە خۆوە نەدیت، دیارە بۆ بەخۆدانازین، مشتومڕ و فشەیی و شتی وا بە کار دێت. زانستێک کاری پێ نەیەتە کردن، لە هەر شتێک زیاتر، پەتای لووتبەرزی بەهێز دەکات و بە دەربڕینی مەولانا، لەباتیی ئەوەی باری مرۆڤ سووک بکات و بۆ فڕین ئامادەی بکات، قورسی دەکات و پتر بە زەوییەوەی دەنووسێنێت.

     زانست دەبێت بارهەڵگری مرۆڤ بێت نەک خۆی ببێتە بار بەسەر شان و دڵیەوە، دەبێت وامان لێ بکات زیاتر ئامادەی خزمەتکردن بین نەک تا زانستمان زیاد بکات، داواکاریمان فرەتر ببێت. یەکێک لە کێشەکانی ئەم سەردەمە ئەوەیە، بە زۆری کەسانی دەرسخوێندوو و بڕوانامەدار، چاوەڕێی ئەوە دەکەن پۆشتەتر و خۆشگوزەرانتر بن. ئەمە نموونەیەکە لە زانستی بێسوود و زەوینی کە دەبێتە بار بە کۆڵمانەوە. کەسی زانا، بە هۆی زانابوونەوە، پشک و ڕۆزیی خۆی لەم دنیایەدا بە دەست هێناوە، هەر بۆیە دەبێت ئاسانگرتر، دڵسۆزتر و کەمچاوەڕێتر بێت و لە بەرانبەر نەبوونی و بێبەشی لە بوارەکانی تردا، لە خەڵکی دیکە خۆڕاگرتر بێت. زەلامێک بە هۆی هەبوونی زانستەوە، چاوەڕوانیی زیاد بکات، دیارە زانستەکەی سوودی پێ نەگەیاندووە. ڕیوایەتێکی زۆر جوان لە میری بڕواداران، حەزرەتی عەلییەوە (سەلامی خوای لێ بێت)، گێڕدراوەتەوە کە کوتومت بەم مانایەیە، لێی دەپرسرێت ئاخۆ بۆچی بە زۆری کەسانی بیرتیژ و خاوەنعەقڵ، ڕۆزی و پشکیان لە لایەنی مادییەوە، لە هیی خەڵکی تر کەمترە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، چون عەقڵیشیان بەشێکە لە ڕۆزییەکەیان.

     مەبەست ئەوە نییە کەسی زانا و دەرسخوێندوو، نابێت لە لانی کەمی پێویستییەکانی ژیان بەهرەمەند بێت؛ مەبەست ئەوەیە، نابێت مرۆڤ لەبەر ئەوەی زانستی زیاترە، داواکاری و چاوەڕوانییشی پتر بێت. خودانزانست، نابێت کوێرانە خەفەت بۆ کەیف و خۆشیی کۆمەڵێک کەممایەی خاوەنزێڕ و دنیاپەرست بخوات و ژیان لە خۆی تاڵ بکات و ئەو سامان و دەستمایە مەزنە مەعنەوییەی خۆی نەنرخێنێت.

     ڕێک دەکەوێت زانست بنیادەم قورستر بکات و پتر بە زەوییەوەى گرێ بدات، زانستی لەم جۆرە، زیاندەرە و نەبوونی لە بوونی باشترە. بێگومان نەزانی، لە زانستێک داواکارتر، خۆویستتر و قورسترمان بکات و ئاوی درەختی فیز و بەخۆسەرسامیمان بدات، لەپێشتر و ڕێزدارترە.

     سوود و زیانی زانست، لەبەر ڕۆشنایی پێوەندیی نێوان زانست و زانادا پێناسە دەکرێن. هەر بۆیە، ناتوانین بڵێین فیزیا بە شێوەیەکی ڕەها زیانبەخش و فەلسەفە یان فیقه، بە شێوەیەکی ڕەها سوودبەخشە. دەکرێت کەسێک سوودیان لێ وەرگرێت و یەکێکی تریش زیانیان لێ بکات. لە ناوچاوانی هیچ زانستێک نەنووسراوە باشە یا خراپ، سوودبەخشە یاخۆ زیانبەخش، ئەوە زانایانن باش و خراپیان هەیە. چاکی یان خراپیی زانایش بەوەوە بەندە بزانرێت، ئەو زانستەی فێری دەبێت، کار لە چ لایەنێک لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتیی دەکات و تۆخی دەکاتەوە. زانستێک وا دەکات مرۆڤ خاکیتر بێت و زیاتر خزمەت بکات؛ سوودگەیێن و ئەوەشی دەبێتە هۆی پتربوونی لووتبەرزی و داواکاری، زیانگەیێنە. زانست لەم ڕووەوە وەکو خۆراک وایە. ترسناکترین دەرمان و ژار لە هەندێک حاڵەتدا بەکەڵکن و چارەی دەرد دەکەن؛ خاسترین و بەتامترین خواردنیش لە هەندێک حاڵەتدا ژاری کوشندەیە. ناکرێت هەندێک خۆراک بە شێوەیەکی ڕەها بە خراپ و بڕێکی دیکە، بە باش دابنرێن.

     ڕاڤەکەرانی قورئان لە ڕاڤەی ئایەتی (فلینظر الانسان إلى طعامه: با مرۆڤ بڕوانێتە خۆراکی خۆی) (عبس، ٢٤)دا گوتوویانە، مەبەست لە خۆراک، خۆراکی دەروونییە کە بریتییە لە زانست. ئینسان دەبێت بزانێت فێری چی دەبێت و گوێ لە کێ دەگرێت و چی دەرخواردی خۆی دەدات. بە قسەی مەولانا:

آدمی فربە شود از راه گوش

جانور فربە شود از حلق و نوش

واتە (ئینسان لە ڕێگەی گوێچکەوە قەڵەو دەبێت و گیانداریش لە ڕێگەی خواردن و خواردنەوەوە).

     پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) لە دوعاکانیدا، بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە زانستی بێکەڵک پەنای بە خوا دەگرت: (أعوذ بك من علم لا ينفع). غەززالی لەمبارەیەوە دەڵێت، زانست وەختێک بەسوود نەبوو؛ بە دڵنیاییەوە زیانی دەبێت و ناتوانێت بێلایەن بێت. واتە سێ جۆر زانستمان نییە، (سوودبەخش)، (زیانبەخش) و (بێلایەن) کە نە سوودی هەبێت و نە زیان. زانست تەنیا دوو جۆرە؛ سوودبەخش و زیانبەخش، جا کە سوودی نەبوو؛ بزانە زیاندەرە و بەرەو دۆزەخت پەلکێش دەکات. بەم پێیە، دەبێت لە فێربوونی زانستدا، ئەوپەڕی وردبینی و وریایی بە خەرج بدەین.                                

 

سەرچاوە: کتێبی (حکمت و معیشت)، بەرگی دووەم، چاپی شەشەم، انتشارات صراط، ١٣٨٧.


تاگەکان    
سەرفیترە گەنجان شیرک قەدەر وەلی ئەمر باران لۆجیک هاوڕەگەزخوازی گفتوگۆ مێژوو دەروونناسی یاسا جنۆکە ئاوی زەمزەم کۆرۆنا
فیکر
2018-02-04 کۆمێنت 3371 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی