نووسینی: ئارمان تهها
سێ سەد ساڵ پێش ئێستا، ئەو دەمەی ئۆتۆمبێل ئەسپ و عەرەبانە بوو، گڵۆپ مۆم و چرا و فتیلە بوو، سپلێت و زۆپا ئاگردان و تەندوور بوو، پێنووس پەڕەمووچ و مەرەكەب بوو، ئەو وەختە پیاوێك ھەبوو لە ئاوایی بایەزید لە باكووری كوردستان، كە فەرمووی:
بێگانە نەڵێن كە كورد نەزانن
بێ نووسەر و ھۆنەر و زمانن
پێمان نەڵێ وێژەوانی بیر ورد
دڵداری نەبوو لە نێو گەلی كورد
كورد ھێندە نە گێل و گێژ و كاسن
داخم ئەوە بێكەسن، كەساسن
ژیر و بە دڵن گەلێك دەزانن
بێ خێوییە بێ سەر و زمانن
بەڵێ، ئەو پیاوە ئەحمەدی خانی بوو.
ڕۆمانی "میرنامە" بە بارانی ڕەشی مەرەكەب شاعیری كورد "ئەحمەدی خانی"ی لەسەر تابلۆی خەیاڵ سپی سپی نەخشاندووە.
ئەوە ڕاستە كە خانی لە بیابانی تەنیاییدا كانیی عیشقی دۆزیوەتەوە، بەڵام ھێلانەی شیعرێن وی تەنێ كۆتری ئەوینداری تێدا نییە، بگرە گەلەك باسوخواسی بەسەر كردوونەتەوە و "جانی دۆستان" بە ڕووناھیی ڕۆمانەكەی پەردەی لەسەر ئەو گەوھەرە نەبەدییانەی خانی لاداوە.
شەرحا غەمێ دل بکەم فەسانە
زین و مەمێ بکەم بەھانە
خانی خودان دوو دوێت بوو،
دوێت*ێكی ڕەش كە ڕووی ڕەشی بەدكوردانی پێدا پێدا دادەماڵی، دوێت**ێكی سپییش كە دڵی خامۆشی خانی پەیتا پەیتا نوورڕێژ دەكرد.
جان دۆست دەیەوێت پێمان بڵێت خانی لە ھەمبەر برایەتی و یەكدەنگی كورددا خامەی ھیشك نەدەبوویەوە، لەگەل ملكەچكردن و سوخمەكێشی میرانی كورد لە عاست دەسەڵاتدارانی ڕۆم و عەجەم نەبوو.
خانی دەیخواست بەرگی مسوڵمانی بپۆشین بەڵام بەسەر پێستی كوردایەتیدا، بە نەواری ویژدان پرچی لێكترازاوی كوردان گڵۆڵە بكەینەوە، شیری ژیری، بۆ جارەكی، لە ئامبازی نەیاران بەرز بكەینەوە و بە سرێشی خۆشەویستی حەساری تڵیشاومان چێ بكەینەوە.
خانی پێشی سێ سەت ساڵ بەوە دەزانێت كە تیری دوژمنان گەر بۆ یەكدیش بێت ھەر كورد دەئەنگاوێت و دەیكاتە خۆڵەمێشی بەر پای ئاگری دەوڵەتان.
گۆپاڵی دەسی ئەوانە ئێمەین
بۆ تیری بەڵا نیشانە ئێمەین
یەك ھێرشی بۆ سەر ئیدی بێنێ
ھەر كوردە دەبن شەڵاڵی خوێنێ
گەر ئێمەش بە زیافەتێكی ئیلاھی بووبووینایەتە خودان ماڵ و حاڵ، نھا زەمانێك بوو حیلەی شاعیرانمان دەگەیشتە حەلحەلەی ئاسمان، مەم و زینەكەی خانی وەكو 'ڕۆمیۆ و ژوولێت'ی شەكسپیرە و 'ئیلیاد و ئۆدیسە'ی ھۆمیرۆس لە ئاسمانی ئەدەبی جیھانیدا لە شەقەی باڵی دەدا.
بۆ مەش كە ھەبایە خێو و سەردار
بەخشندە و ژیر و زیت و ھۆشیار
من ئێستە لە كۆڕی وێژەوانان
ئاڵام دەشەكا لە عاسمانان
دەمخستەوە ژین مەلای جزیری
پێم زیندوو دەبوو عەلی حەریری
وەختایەك ژەنگی ڕك و كینە و ئیرەییمان لە كەشتی دڵمان مشتوماڵ كرد، تەنێ ئەو عانە دەكارێت سەربەخۆ و سەربڵند ڕێی كۆنی كوردان بگرین و لە زەریای دوژمن دەرباز بین و چارۆكەی سپیمان ھەڵبدەین.
كەنگێ پێستی خیانەت لە خۆ دادەپڵۆخێنین؟ كەی زەمینی ناپاكی بە قۆچی كوردان دادەتڵیشێنین؟ چما ئەوەی بەسەرماندا ھاتووە بەس نییە؟ چەوا خوێنی یەكدی بووەتە كڵۆ شەكر لە زارماندا؟ داخۆ چاوەڕێی چ فریادڕەسێكین؟ مەگەر ھەر خۆمان بریندار و نوژدار نین؟ چرا و تاریكی نین؟ ئاور و ئاو نین؟ ژەنگ و زاخاو نین؟ بكوژ و كوژراو نین؟ بار و بارەبەر، ژێر و ژۆر، بنار و تۆقەڵان نین؟
كوردیش كە ببایە یەكدڵ و دەست
دەستیان دەكەوت ژیانی سەربەست
لە میرنامەوە تێدەگەین كە شنەی مۆچیاریی خانی ھەمیشە تەوێڵی میرانی كوردی ڕادەمووسی، لێ بێ سوود بوو ھەر وەك ئەوەی خۆخۆری بووبێتە خوێنێكی مەیو و لە شادەماری كورددا بۆ ئەبەد ھەواری خستبێت.
خانی دەچرپێنێ بە گوێی گرانماندا: “إِنَّ اللَّهَ لا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ”
لای خانی ناسكردنی خۆمان گەلەك لە ژیان پێویستترە و دەبێت لاشەی لەوتاومان بە دەستنوێژی برایەتی پاكەوە بكەین و نوێژی كوردان لە میحرابی دەوارێكی سەربەخۆدا داببەستین .
میرنامە دەركەیەكە تا لێوەی پیچەك خانی بناسین، ئەو پیاوەی زیاد لە سێ سەدە بەری نووكە، پەرتبوونی كورد بووبووە كەڵكەڵە و خەمی ھەرە گەورەی .
_______________________________
دوێت*: مەرەكەبدان
دوێت**: كچ
ھیشك: وشك
نەوار: قردێلە
ئامباز: ڕووبەڕووبوونەوە
سرێش: شلەیەكی لینجە وەك كەتیرە
زیافەت: داوەت
مۆچیاری: ئامۆژگاری
"میرنامە" ڕۆمانێكە لە نووسینی 'جان دۆست' كە سەباح ئیسماعیل وەری گێڕاوە بە زمانێكی گەلەك پاراو و چێژبەخش، كە تەژییە لە وشەی ڕەسەنی كوردەواری و پەیڤی نەستەق .