نووسینی: موحەمەد دلێر
نەنگییە هەست بە خەونی منداڵێك نەكەیت كاتێك باڵندەیەك دەبینێت، ئەمیش مەیلی فڕینی نەبێت، یان ئارەزووی ئەوە نەكات، هەروەك چۆن فوودانەكەی لە دەست دەڕوات و بەرز دەبێتەوە بۆ قوڵایی ئاسمان، ئەمیش مەیلی ئەو فڕینە نەكات و ئارەزوو نەكات لە دەستی زەوی ڕزگاری ببێت، وە هەتا ونبوون بەرز ببێتەوە بۆ قوڵایی ئاسمان، ئیتر لێرەوە ڕوونە هەر لە منداڵیمانەوە لێمان دیاربوو كە ڕێبڕینی ئێمە ئاسۆیی نییە، ستونییە !
ئەوە ڕوانینە ئەرێنییەكە بوو، كە مرۆڤ بە ئومێدەوە بژی، بەڵام ئاریشەكە لەوێوە دەست پێدەكات، كە تاكی ئەوڕۆ لەجێی مەیلی بەرزبوونەوە، مەیلی نزمبوونەوە دەكات، لەجێی فڕین، ئارەزووی ڕۆچوون بەناخی زەویدا دەكات، لە جێی گەمە و سەمای قوڵایی ئاسمان و ژیان، ئارەزووی لە گۆڕدا ڕەپبوون و مردن دەكات، وە لە جێی بۆ خەون ژیان لە خەودا ژیان هەڵدەبژێرێت، كە بریتییە لە گۆڕینەوەی ئاگایی بە غەفڵەت، وە خۆ سەرخۆش كردن و ڕاكردن لە حەقیقەت .
زۆركات ئەوانەی هەڵبژێردەر یان ماناپێدەری نەرێنی ژیانن و ڕۆژ بە تاریكی و شەو بە بێ مانگ و ئەستێرە دەناسن و دەناسێنن، وە ئامادەش نین مۆمێكی تێدا هەڵبكەن، قەدەر دەكەنە بیانو بۆ هەڵبژاردنەكەیان و پێیان وایە ئەوە ئەوان نین ئەو مانایانەیان هەڵبژاردووە لە ئەنجامی خوێندنەوەكانیانەوە، بەڵكو حەقیقەتی ژیان بەو شێوەیە، و ئەوان بێ ویستی خۆیان بەو شێوە دەژین، یان بای قودرەت بێ ئارەزووی ئەوان و هەڵبژاردنی ئەوان وای ئاڕاستەكردوون، كە سەرەنجام پیشەی هەمە ساتەیان لەباوەشكردنی ئەژنۆی خەمە .
وەك بڵێی سەراپا وێستگەكانی ژیان بریتییە لە گەمەی بەرزیلان و مرۆڤ خاوەنی توانای هەڵبژاردن نییە، كێشەكەی ئێرە ڕەهایی بوونی ئەم دیدەیە .
لە ڕاستیدا ئەوان سەرەتا ئەو مانایانەیان هەڵبژاردووە و پاشان خزاونەتە نێو ئەو جۆرە لە ژیانكردن .
مرۆڤ بیری لەكوێ بێت، لە كۆتایدا بەرەو ئەو ئاڕاستەیە ڕێ دەكات، ئەگەر پێشی وابێت بەرەو ئەوێ نەڕۆشتووە. شتێك كە بوویە چەق لە بیركردنەوەی مرۆڤدا، پێیەكانیشی بەرەو ئەو ڕووگەیە ملی ڕێ دەگرن .
تەماشای هەر ئەم حەقیقەتە لە دەركەوتە ئەرێنییەكەیدا بكەین؛ وەختێك عاشق لە هەموو شتێكدا معشوق دەبینێتەوە، خۆ بە ئەنقەست یاخود ڕوپامایی (تصنع) نایەوێت ئەو مانایەی لێ هەڵبگۆزێت، بەڵام چون هەمیشە ئاگایی عاشق بە معشوقەوە سەرقاڵە، هەر شتێكی سەربەخۆ و جیا لە معشوقیش ببینێت، هەر ئەوی تێدا دەبینێتەوە و هەموو ڕێیەكانی لێ دەچنەوە سەر ئەو .
٭ فوودان: میزەڵدان، یاخود شیشڵدان .
٭ بەرزیلان: یاری شێر و خەت .