تاك و جڤاك

فیکر 2018-04-07 کۆمێنت 1900 جار بینراوە

نووسینی: موسته‌فا مه‌حموود
وه‌رگێڕانی: یووسف مه‌لا خه‌لیل

"تۆ ئه‌گه‌ر سفره‌ و خوانه‌كه‌ت ته‌نێ به‌و جۆره‌ ده‌ڕازێنیته‌وه‌ كه‌ له‌ باوانته‌وه‌‌ فێر بوویت و، پۆشاكه‌كه‌ی به‌رت له‌و سنووره‌دا هه‌ڵده‌بژێریت كه‌ مۆدێلی ساڵانه‌ بۆی دیاری كردوویت و، ڕسته‌ و گوته‌كانیشت هه‌ر له‌ تابلۆكانی چاولێكه‌ری و دابونه‌ریته‌وه‌ ده‌خوازیت و پاته‌یان ده‌كه‌یته‌وه‌ و، له‌ فه‌رهه‌نگی زمانیشدا، له‌ وشه‌ی "به‌ڵێ" بترازێت، چ وشه‌یه‌كی دی نازانیت، ئه‌وا من له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو په‌رده‌ چڕوپڕه‌ی به‌رچاویان ته‌ماوی كردوویت، سه‌باره‌ت به‌ ده‌رخستنی حه‌قیقه‌تی تۆ وه‌ك ئینسانێك، ڕووبه‌ڕووی گه‌لێك سه‌ختی ده‌بمه‌وه.‌" من تۆ ته‌نیا وه‌ك دنگه‌یه‌كی ساده‌، یان ئاوێنه‌یه‌كی هه‌ڵواسراو، كه‌ كارت ته‌نێ‌‌ دانه‌وه‌ی وێنه‌ی شته‌كانه‌ وه‌ك خۆیان، بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكیان بۆ زیاد بكه‌یت، ده‌بینم و هیچی تر! ئاخر تۆ هیچ شتێكی نوێت له‌ ناختدا هه‌ڵنه‌گرتووه‌، تۆ خاوه‌نی خودێكیش نییت!
 بێگومان جڤاكی چاك بریتی نییه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ سفرێكی بێنرخ، به‌ڵكوو له‌ كۆمه‌ڵه‌ تاكێكی به‌هادار پێك دێت. به‌رده‌وام ڕێژه‌یه‌كی كه‌می تاكبوون گرنگ و پێویسته‌، تا به‌و له‌ونه‌، مرۆ له‌ ئاژه‌ڵ و، جڤاك له‌ گایه‌ل، جودا بكرێنه‌وه‌‌! هه‌رده‌م له‌ گشت بۆنه‌ و شوێن و زه‌مانێكدا، ملیۆنێك مرۆڤ هاوئاواز پێكه‌وه‌ ده‌ڵێن "به‌ڵێ"، ئەرخەیان بە، بۆچوونه‌كه‌یان پشتی پێ نابه‌سترێت، ئاخر ته‌واو وه‌ك ئه‌و ملیۆن خشته‌ی نێو چواردیوارییه‌كان وەهان كه‌ به‌ یه‌كجار، هه‌مان ده‌نگی بیستراو، به‌ ڕووی خاوه‌نه‌كه‌یاندا وه‌ك خۆی، ده‌ده‌نه‌وه‌! كه‌وایه‌، توانه‌وه‌ی تاكه‌كان له‌ نێو كۆمه‌ڵدا، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی جڤاكدا نییه‌، ئاخر ئه‌وسات مۆركی تاكایه‌تی به‌ ته‌واوی له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و، چه‌شنی مێرووله‌، دوابه‌دوای یه‌ك، بێ مه‌به‌ست، میكانیكییانه‌، به‌ ئاڕاسته‌كراوی، قه‌تار ده‌به‌ستن. به‌ڵكوو پێویسته‌ هه‌ر تاكێك له‌ چوارچێوه‌ی خۆیدا، هێنده‌ ئازادیی بۆ بمێنێته‌وه‌، تا بتوانێـت لێیه‌وه‌، هه‌وای سه‌ربه‌ستی هه‌ڵبمژێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌قیقه‌تێكی به‌رایی و به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی باس و گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌؛ داخۆ ئه‌م تاكه‌ تا چ مه‌ودایه‌ك بۆی هه‌یه‌ هه‌ناسه‌ هه‌ڵبمژێت؟! چما ئه‌وه‌ مافی تاكه‌، له‌سه‌ر حسابی ملیۆنان كه‌س، كه‌ به‌ ده‌وروبه‌ریه‌وه‌ وه‌خته‌ بخنكێن، هه‌ردوو سینه‌ی پڕ هه‌وا بكات؟! ئه‌م باسه‌، دواجار سه‌رمان له‌ یه‌كێك له‌ ئارێشه‌ فیكرییه‌ هه‌ره ‌گه‌وره‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كات، كه‌ سه‌دان عه‌قڵی گه‌وره‌ به دیار چاره‌كردنیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و شه‌ونخوونی ده‌كێشن!
 ئایا ئازادیی تاك تا چ مه‌ودا و مه‌رزێك بڕ ده‌كات و، ئه‌وه‌ چ جێگه‌یه‌كه‌، به‌رژه‌وه‌ندیی تاكی تێدا به‌ كۆتا ده‌گات و، لێیەوە به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی جڤاك ده‌ست پێ ده‌كه‌ن؟! بێگومان تاك، دابونه‌ریت، بیروبۆچوون، پێوانە‌ ڕه‌فتارییه‌كان و ته‌نانه‌ت خواردنیشی له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، كه‌ تێیدا گه‌وره‌ ده‌بێت، لێ خۆ وه‌ك ده‌فرێكی به‌تاڵ نییه‌، ته‌نێ شته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌خۆ بگرێت و به‌س، به‌ڵكوو وه‌ك كووره‌یه‌ك وایه‌، توخمه‌ بنچینه‌ییه‌ جڤاكییه‌كانی تێدا ده‌توێته‌وه‌ و، دوای كارلێك و پوخته‌كردن و گۆڕانكاری، قاڵبێكی نرت و نوێ، جیا له‌وه‌ی پێشووی، لێ چێ ده‌بێت.
تاك به‌ سرووشتی خۆی، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كارلێك ده‌كات و، ده‌كۆشێت كاریگه‌رییان له‌سه‌ر جێ بهێڵێت، وه‌ك چۆن ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌می جێ ده‌هێڵن و هه‌وڵ ده‌دات، شێواز و ده‌ره‌نجامی ئه‌و كارلێكانه‌ش به‌ شێوه‌یه‌ك ڕێك بخات و ئاڕاسته‌ بكات، وه‌ك عه‌ره‌بانه‌ قه‌تاربه‌ستووه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، دوابه‌دوای یه‌ك یه‌كدیی كێش بكه‌ن و، دواتر خواستی خۆی له‌ سه‌ره‌تایانه‌وه‌ جێگیر بكات و به‌ ته‌واوی بوونیشیه‌وه‌ ته‌قه‌لا ده‌كات، له‌ ڕێگه‌یه‌كه‌وه‌‌ بیانبات، ڕووه‌كه‌ی له‌و ئاسۆیه‌ بێت،‌ كه‌ خۆی ده‌مێكه‌ ئامانجی بووه‌ و به‌ته‌مایه‌تی‌. به‌ڵام بارودۆخه‌ جڤاكییه‌كان خۆ به‌سته‌ڵه‌كئاسا، چه‌ق نابه‌ستن و بێ په‌روا، هه‌ر سات له‌ بزاوتێكی به‌رده‌وامدان‌ و، له‌ سایه‌ی قانوونێكی تایبه‌تدا، پێكه‌وه‌ وابه‌سته‌ و ڕێكخراون و، ڕووه‌و ئامانجێكی خواستراو و دیاریكراو، ده‌ڕۆن و گه‌شه‌ ده‌كه‌ن. ته‌وژمی دۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌واو وه‌ك باهۆز وایه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر تاك پێویسته‌ باڵه‌كانی به‌ جوانی بۆ بكاته‌وه‌ و، به‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشییه‌وه‌ به‌ پیر پێشهات و ڕووداوه‌كانه‌وه‌ بچێت و، گه‌ر ده‌شیه‌وێت به‌ شتێك بگات، ده‌بێت هێزی ته‌وژمه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا ببات، كه‌ خۆی ئامانج و مه‌به‌ستییه‌تی و، بێگومان تاكیش ناتوانێت له‌ نێو ئه‌و هه‌موو ته‌وژم و هه‌را و هه‌نگامه‌یه‌دا، به‌ تاقی ته‌نێ، باڵ بوه‌شێنێت و مه‌له‌ بكات! خاترجه‌م به‌ تاك و جڤاك، دوو هێزی یه‌كسان نیین! كۆمه‌ڵگه‌ هێزیكی گه‌وره‌ی له‌بن نه‌هاتووه‌‌، ئاخر له‌ ئه‌نجامی یه‌كگرتنی ویستی گشت تاكه‌كان
ه‌وه‌ چێ بووه‌ و‌، پشتی به‌ خواستی گه‌شه‌ و مێژووی جڤاك، بەهێز و قاییمە‌‌! هه‌رچی تاكه‌؛ بریتییه‌ له‌و هێزه‌ بچووكه‌ی مینا كه‌شتییه‌كی ساده‌‌‌ خه‌ریكه،‌ سه‌ختیی زریانه‌ خرۆشاوه‌كان و شه‌پۆلی پڕ له‌ هه‌وراز و نشێوی زه‌ریاكان، به‌ ڕێ ده‌كات! ئه‌وه‌ كریستۆڤه‌ر كۆڵۆمبه‌س بوو كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار، ئه‌مریكای دۆزییه‌وه‌. به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مریكا خۆی هه‌ر له‌سه‌ر‌ ڕێگه‌ی دۆزینه‌وه‌دا بوو، جا چ كۆڵۆمبه‌س ویستبای‌ یاخود نا، هه‌ر ده‌دۆزرایه‌وه‌، ئاخر به‌ر له‌و، كه‌شتییه‌ چارۆكه‌داره‌كان به‌رده‌وام‌ حه‌وت زه‌ریاكه‌ی جیهانیان له‌ هه‌وڵێكی نائومێدانه‌دا، ته‌نێ له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌كی بازرگانیی كورتدا، كه‌ ئه‌ورووپا به‌ هیند و وڵاتانی دی بگه‌یه‌نێت، ته‌ی ده‌كرد و، بێگومان له‌ پشت هه‌موو ئه‌وانه‌‌شه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك خواست و به‌رژه‌وه‌ندیی جڤاكی كه‌ڵه‌كه‌ بووبوون، وایان ده‌كرد ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه‌ وه‌ك پێویستییه‌كی یەکجار گه‌وره‌ و گرینگ، ته‌ماشا بكرێت! ده‌ركه‌وتنی ناوه‌یلی مانه‌ندی فێرناندۆ ماگێلان و ڤاسكۆدا گاما له‌گه‌ڵ ناوی كۆڵۆمبه‌س له‌یه‌ك كاتدا، به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌ن؛ ئه‌وه‌ ته‌نیا كۆڵۆمبه‌س نه‌بوو، قاڕه‌ی ئه‌مریكای دۆزییه‌وه‌! به‌ڵكوو ئه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو پێویستییه‌ جڤاكییه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ بوو، كه‌ فووی به‌ چارۆكه‌كانی كه‌شتیی كابرای پورتوگالیدا كرد و به‌ره‌و ئه‌و خاكه‌ نوێیه‌ی‌ په‌لكێش كرد.
 بێگومان پاڵه‌وان، هه‌رگیز ئه‌فسانه‌ی ته‌نیا تاكێك نییه‌! به‌ڵكوو ئه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی یه‌كگرتنی ویستی تاك‌ له‌گه‌ڵ ویستی جڤاك له‌ بارێكی گونجاودا، دێته‌ ئاراوه‌ و، چه‌شنی ده‌ست و ده‌ستكێش، پڕ به‌یه‌ك، یه‌ك ده‌گرن‌... ئه‌وی تاك، وه‌ك مه‌له‌وانێكی لێزان وایه‌، خۆی به‌ده‌م تاڤگه‌یه‌كی به‌خوڕه‌وه بدات‌، هێنده‌ خێرا بێت، هه‌زار میل له‌ چركه‌یه‌كدا ببڕێت، بێگومان ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات، وه‌ك په‌رجوو وایه و مرۆ تووشی سه‌رسوڕمان ده‌كات‌، لێ ڕاستییه‌كه‌ی، ئەوی پەرجووی ئافراندووە، ده‌ست و بازوو و لاقی ئه‌م نییه‌، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ خوڕ و چوست و توانای ئه‌و سۆلاڤه‌‌یه‌، ئه‌م سه‌ری كه‌وتووه‌! وه‌ك ده‌زانرێت، لویسی شازده‌یه‌می پاشای فه‌ڕه‌نسا و ده‌ست و پێوه‌نده‌كه‌ی و پیاوانی كڵێسا پێكه‌وه‌ ته‌نیا خۆیان، خاوه‌نی هه‌رچی باخ و ڕه‌ز و كێڵگه‌ و بێستان و به‌راو و ده‌ریاچه‌ و یه‌ك له‌سه‌ر شه‌شی گشت زه‌وییه‌ به‌پیته‌كان و هه‌زاران كۆیله‌ و كرێكاری چه‌وساوه‌ و داماو، بوون! ئه‌وكات، جووتیاری چاره‌ڕه‌شی فه‌ڕه‌نسایی گه‌نمی ده‌چاند، كه‌چی له‌ به‌ره‌كه‌ی نه‌ده‌خوارد و گەل، هەموو به‌ده‌ست هه‌ژاری و برسێتی و بێكاری و بێدادییه‌وه‌، ده‌یانناڵاند و هاوزه‌مان، به‌وپه‌ڕی تووڕه‌ییه‌وه‌ چاویان له‌ پادشای خۆشبه‌خت و بێخه‌می وڵات بوو، چلۆن دڵی سووتاویان، ته‌نیا به‌ هه‌ڵگیرساندنی شەڕوشۆڕ و سه‌پاندنی باج و سه‌رانه‌ و، ڕفاندنی كیژۆڵه‌ی بێگه‌ردی بن ماڵانیان، ده‌داته‌وه‌! ئه‌و ده‌مه‌، له‌ نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا، له‌ بن زه‌ویی ئه‌و وڵاته‌وه‌، گڕكانی قین و تووڕه‌یی و ناڕه‌زایی تاوی ده‌سه‌ند و هه‌ڵده‌قووڵا و، ته‌نێ له‌ دووی كه‌لێنێك ده‌گه‌ڕا، تا لەوێوە، گڕ و بڵێسه‌ی خۆی بڕک ببه‌ستێت! ڕاستییه‌كه‌ی هه‌وای شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی، پێش هه‌موو شت، له‌ كه‌له‌ی هه‌مووانی دابوو... هه‌ر له‌ كتێبه‌كانی ڕۆسۆ و مۆنتیسكیۆ و دالمپیر و دێدرۆوه‌ تا ده‌گات بە پیاوێكی سه‌رشه‌قام، هه‌موو پێكه‌وه‌، دۆخی شۆڕش دایگرتبوون! ئه‌و كاته‌ی شۆڕش هه‌ڵگیرسا و ته‌ختی پادشایه‌تی له‌ناو برد و، فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌و وڵاته‌ی، له‌ پادشایه‌تییه‌وه‌ بۆ كۆماری هه‌ڵگێڕایه‌وه‌ و ڕابەرانی چون میرابیۆ و ماراوبسپیریش، دوابه‌دوای یه‌ك ڕابه‌رایه‌تییان وەئەستۆ گرت.
 بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ دووره‌وه‌ به‌ وردی سه‌رنجی مێژوو ده‌دات و به‌ قووڵی به‌ ناخی دیرۆكدا ڕۆ ده‌چێت، به‌ جوانی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ هه‌ست پێ ده‌كات و ئه‌وه‌ش ده‌بینێت، چلۆن تاكه‌ ئازا و نه‌به‌رده‌كان سوار شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان‌ بوون و، دواتر خرۆش و تووڕه‌ییه‌كه‌ی‌ هێند‌ به‌هێز و ڕاده‌به‌ده‌ر بوو، ئه‌وانی سه‌ركرده‌شی له‌گه‌ڵ خۆدا، بۆ هه‌ر كوێیه‌ك خۆی بیه‌وێت، ڕا‌پێچ كرد! ‌ له‌ دووره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینێت، چلۆن جڤاك وه‌ك زریان ده‌خرۆشێ و سەرانیش له‌سه‌ر تۆفانه‌كه‌، زه‌ق و زۆپ، جوان جوان ڕۆنیشتوون! بێگومان ئه‌و كاته‌ی ویستی جڤاك، ده‌ڕژێته‌ نێو ناخی تاكێكه‌وه‌، ئەوەندە‌ وزه‌ی وێ ده‌دات، هێز و تینی پڕ پڕ ده‌كات، هه‌ر ئه‌ویشه‌ ئه‌و توانایه‌ی پێ ده‌به‌خشێت، بتوانێت مێژوو به‌و شێوه‌یه‌ بگۆڕێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌، ڕێك وه‌ك ده‌ست و ده‌ستكێش، چۆن پڕاوپڕ یه‌كتر ده‌گرن، وایه‌! هه‌موو ئه‌وانه‌، ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نن تاك، له‌ سۆنگه‌ی پێشهاته‌كانه‌وه‌ ته‌نیا ژماره‌یه‌كی نه‌گۆڕ بێت‌، نه‌ زیاد ده‌كات و نه‌ كه‌م، به‌ڵكوو مێژوو له‌ گۆڕان و هه‌ڵكشان و داكشانێكی به‌رده‌وامدایە و، تاڤگه‌یه‌ك نییه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی، بێ وچان، ئاوی سازگاری لێوه‌ هه‌ڵقووڵێت، به‌ڵكوو جارناجارێك مینا ئاوی زه‌ریا بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی، ئارام ئارام، مەنگیی ڕووی تێ دەکات، با خه‌و ده‌یباته‌وه‌، ئاشتی به‌رقه‌رار ده‌بێت، ئه‌وسات تاك ده‌ست به‌ ژیان ده‌كات و، ئاسۆكان فراوان و ئه‌گه‌ره‌كان پتر ده‌بن و، ڕۆڵی تاكیش له‌ ڕۆنانی ئه‌و ڕووداوه‌ پاشەبەرانەی کە له‌ داهاتوودا دێنە گۆڕێ و، ده‌بنه‌ بنه‌مای چرۆکردن و به‌ره‌وپێشڤه‌چوون، گه‌لێك له‌ جاران زێتر ده‌بێت.
 جڤاك وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی قفڵدراو وایه‌، تاكیش چه‌شنی كونێكی بچكۆله‌، بەڵام كونێك ڕووناكی لێ بچێته‌ ژوور، بێگومان جڤاكیش حه‌وجێ به‌ هه‌وا و ڕۆشناییه، چون به‌رده‌وام له‌ بارێكی باش و جێگیری وه‌هادا نییه،‌ هه‌میشه‌ ڕاستی میوانی بێت، ئاخر ئه‌ویش چۆن پێش ده‌كه‌وێت، هه‌ر وایش تێ ده‌كه‌وێت، چۆن یه‌ك ده‌گرێت، ئاوایش لێك هه‌ڵده‌وه‌شێت، ئه‌وه‌ ته‌نیا تاكی سه‌ربه‌ستی وشیاره‌ كه‌ ده‌توانێت، ڕێساكانی شیكردنه‌وه‌ و خراپه‌كاریی نێو كۆمه‌ڵگه‌ به‌ جوانی بدۆزێته‌وه‌ و له‌ كاتی پێویستدا، ده‌ستی به‌ په‌تی ڕزگاریی بگات و ده‌ربازی ببێت! جا بۆیه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی جڤاكدا نییه‌ تاكه‌كانی له‌ نێو خۆیدا بتوێنه‌وه‌ و، له‌ كۆمه‌ڵه‌ تاكێكی به‌هاداره‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵه‌ سفرێكی بێبەها، یا ڕیزه‌ مێروویه‌كی ئاڕاسته‌كراو، بگۆڕێن، به‌ڵكوو ده‌بێت بۆ هه‌ر تاكێك، كڵاوڕۆژنه‌یه‌ك له‌ سه‌ربه‌ستی بهێڵرێته‌وه‌، تا لەوێوە‌ ئازادانه‌ هه‌وا هه‌ڵمژێت و به‌وه‌ش، هێز و جیڕییه‌كی وای لێ ده‌گوورێت، به‌رگه‌ی گشت تووش و پێشهاتێك ده‌گرێت و، بڕستی مانه‌وه‌ بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات و، وه‌ك گڵێنه‌یه‌كی پڕبایه‌خی پته‌وی لێ دێت، كه‌ چ وەخت شکان ڕووی تێ ناكات!


تاگەکان    
زانایان سیاسەت فەرهەنگ دیمانە چەواشەکاریی_لۆژیکی یاری بوومەلەرزە كتێب ئەنیمی نیشتیمان کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین سایکس-بیکۆ کۆرۆنا دوعا ئازادی
فیکر
2018-04-07 کۆمێنت 1900 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی