نووسینی: عهبدوڵڵا ئۆج ئالان
وهرگێڕانی له ئینگلیزییهوه: هاوكار فهرهج
بە درێژاییی ژیانم کێشەی ئازادیی ئافرەت سەرقاڵی کردووم. لە سەرەتاوە پێم وابوو، کۆیلایەتیی ژن لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و بە گشتی(لە دونیادا)، دەرئەنجامی دواکەتوویییەکانی فیوداڵیزم بێت، وەلێ پاشی چەندین ساڵ لە پراکتیکی شۆڕشگێڕی و لێکۆڵینەوە لەسەری، گەییشتم بەوەی کە گرفتەکە زۆر قووڵترە؛ مێژووی پێنجھەزار ساڵەی شارستانییەت، ڕاستییەکەی مێژووی بەکۆیلەکردنی ژنە. لێرەیشەوە، ئازادیی ئافرەت تەنھا لە ڕێگەی تێکۆشانێکەوە، کە دژی بەھا و دامەزراوەکانی سیستمی زاڵ بێت، بە دەست دەھێنرێت.
شیکردنەوەیەکی تەوژمی سەرەکیی شارستانییەت، کە پرسی ئازادی بە بنەما بگرێت، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شارستانییەت، کۆیلایەتییش لەگەڵیدا بەرەوپێش چووە. ئەم 'تەوژمی شارستانییەت'ە لە سۆمەری بۆ ئەکەدی، لە بابلی بۆ ئاشووری، لە فارسەوە بۆ گریک، ڕۆم، بێزەنت، ئەورووپا و دواجاریش ویلایەتە یەکگرتووەکان، درێژ بووەتەوە و ھاوکاتیش کاریگەریی ھەر یەک لەوانەی لەسەر بووە. بە درێژاییی مێژووی شارستانییەت، کۆیلایەتی لە سێ ئاستدا بەردەوامیی پێ دراوە؛ یەکەم جار، کۆیلایەتییەکی ئیدیۆلۆگی بونیاد دەنرێت(ئەوەیش ڕوون و واتادارە، بە بەکارھێنانی ئەفسانەناسی"میتۆلۆگی"، خوداوەندە زاڵ و تۆقێنەرەکان، دروست دەکرێن،) پاشانیش بەکارھێنانی ھێز جێگای باس دەبێت و، دوایینیشیان بریتی دەبێت لە قۆرخکردنی ئابووری.
ئەم سێ ئەڵقە بە یەکەوە بەستراوەی کۆمەڵگە زۆر ئاشکرا لە زەقوورەت(Ziggurat)ەکاندا بەرجەستە دەبن؛ ئەو پەرستگایانەی لە لایەن 'دەوڵەتی ڕاھیبی سۆمەر'ەوە بونیاد نراون. بەشەکانی سەرەوەی زەقوورەتەکان، بە شوێنی ئەو خوداوەندە دادەنرێن کە دەست بەسەر بیر و ھۆشدا دەگرێت. چینەکانی نێوەڕاستی زەقوورەتەکە، پێک دێن لە سەرکردایەتیی ڕامیاری و بەڕێوەبەرایەتیی کاھینەکان. لە بەشی خوارەوەشدا ھەر یەک لە پیشەگەر و جووتیارەکان جێ دەکرێنەوە، کە ناچار دەکرێن بە ئیشکردن لە ھەموو بوارەیلی بەرھەمھێناندا. بە شێوەیەکی بنەڕەتی، ئەم مۆدێلە ھەتا ڕۆژی ئەمڕۆیش وەکوو خۆی ماوەتەوە! ھەر بۆیە شیتەڵکردنی زەقوورەتەکان، ڕاستییەکەی شیکردنەوەی تەوژمی بەردەوامی شارستانییەتە، ئەمەیش توانای ئەوەمان پێ دەبەخشێت، سیستمی ھەنووکەی دونیای سەرمایەداری، لەسەر بنچینە ڕاستەقینەکەی، شیی بکەینەوە. گەشەسەندنی چڕ و بەردەوامی دەسەڵات و سەرمایە تەنیا دیوێکی دراوەکەیە! دیوەکەی دیکەی بریتییە لە کۆیلایەتییەکی ترسناک، برسێتی، ھەژاری و، دواتریش سەپاندنێک، بۆ پێکھێنانی کۆمەڵگەیەکی مێگەلئاسا.
بەبێ دابڕینی کۆمەڵگە لە ئازادی و دڵنیابوون لەوەی کە وەک مێگەلێک بە ڕێوە دەبرێت، شارستانێتیی ناوەندی، لەبەر سروشتی ئەو سیستمەی کە بنەمای کارکردنەکەی پێک دەھێنێت، ناتوانێت درێژە بە خۆی بدات یاخۆ خۆی بپارێزێت. ئەمە لە ڕێگەی بەرھەمھێنانی سەرمایە و ئامڕازەکانی ھێزەوە بە دەست دەھێنرێت، کە ڕێگە خۆش دەکەن بۆ زیادبوونی ھەژاری و دروستبوونی ئەقڵیەتێکی مێگەلئاسا. ھۆکاری ئەوەیش کە بۆچی پرسی ئازادی، لە ھەموو سەردەمێکدا پرسێکی ھەرەسەرەکییە، دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی سیستمەکە.
مێژووی لەدەستدانی ئازادی، ھاووەخت مێژوویەکە تێیدا ئافرەت پێگەی خۆی لە دەست داوە و، لە سەر سەکۆی مێژوو دیار نەماوە! مێژوویەکە تێیدا پیاوی سەردەست، لە ڕێگەی خوداوەند و بەندەکانییەوە، سەردار و ژێردەستەکانییەوە، لە ڕێی ئابووری، زانست و ھونەرەوە، ھێزی بە دەست ھێناوە. کەوتن و ڕووخانی ئافرەت، ھاوکات کەوتن و ڕووخانی تەواوی کۆمەڵگەیە، ئەمەیش دەرئەنجامەکەی پێکھاتنی کۆمەڵگەیەکی ڕەگەزپەرست (sexist society)ە! ڕاستییەکەی پیاوی ڕەگەزپەرست (sexist male) لەوە دەگەڕێت کە زاڵێتیی کۆمەڵایەتیی خۆی، بەسەر ئافرەتدا بسەپێنێت، بەوەی کە ھەموو جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ ژندا، بە نمایشێک بۆ دەرخستنی باڵادەستیی خۆی، دەگۆڕێت. ڕەگی کۆیلایەتیی ژن و بە قەستیی پەردەپۆشکردنی ئەم ڕاستییەیش، بە تەواوی وابەستەی سەرھەڵدانیەتی لەنێو کۆمەڵگەیەک، کە ھەم ھێزی پلەداریی تێدایە و ھەمیش ھێزی دەوڵەت ئامادەیە. ھەر کە ژن لەسەر کۆیلایەتی ڕا دەھێنرێت، ئیتر لێرەوە پلەداری Heirarchy) وشە گریکییەکەی بە واتەی "بەڕێوەبردن لە لایەن چینی باڵای کاھینەکان"ەوە دێت) دادەمەزرێت؛ ڕێگە لەبەردەم بەکۆیلەکردنی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەدا دەکرێتەوە. بەکۆیلەکردنی پیاو لەدوای بەکۆیلەکردنی ژنەوە دەست پێ دەکات، کۆیلایەتیی ڕەگەزییش لە چەند ڕوویەکەوە جیاوازە لە کۆیلایەتیی چین و نەتەوە. بەیاساییکردنی کۆیلایەتیی ڕەگەزی، لە ڕێگەی چەپاندنێکی خەست و بەھێزەوە لەگەڵ ئەو درۆودەلەسانەی کار لە ھەست و سۆز دەکەن، بە دەست دەھێنرێت. جیاوازیی بایۆلۆگیی ژن، وەک پاساوێک بۆ بەکۆیلەکردنی، دەقۆزرێتەوە. ھەر ئیشێک کە ژن بیکات بە "ئیشێکی بێسوود و پووچ"ی ژن سەیر دەکرێت. بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئامادەییی ژن لە گۆڕەپانی گشتییدا، لە لایەن ئایینەوە قەدەغە کرابێت؛ لە ڕووی ئاکارییەوە بە شەرمھێن دادەنرێت، ئیتر وردە وردە ژن لە ھەموو بوارە گرینگەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، پاشەکشێی پێ دەکرێت. ھەر کە ھێزی سەرەکیی چالاکییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکان لە لایەن پیاوەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، ئیدی لاوازیی ژن بە شێوەیەکی بەرچاو بە دامەزراوە دەکرێت! ئیتر ھەر لێرەوە بیرۆکەی 'ڕەگەزی لاواز' دەبێت بە بۆچوونێکی گشتی.
ڕاستییەکەی مامەڵەی کۆمەڵگە لەگەڵ ژندا، تەنیا لەسەر ئەو بنەمایە نییە، کە لە ڕووی بایۆلۆگییەوە ڕەگەز (sex)ێکی جیاوازە، بەڵکوو وەک نەژاد ((،race چین یان نەتەوەیەکی جیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت- ئەو نەژاد، نەتەوە یان چینەی کە ھەرە زێدە فشاری خراوەتە سەر؛ (بە کەیبانووکردنی ژن (Housewifisationکۆیلایەتییەکی سیستماتیکە، ئەوەندەی ژن کراوەتە بابەتێک بۆ ئەم کۆیلایەتییە و بەسەریدا سەپێنراوە، ھیچ نەژاد، نەتەوە یاخۆ چینێک، ڕووبەڕووی شتێکی وەھا نەبووەتەوە.
ئەو بێئومێدییەی لە شکستھێنانی ھەر تێکۆشانێکەوە ھەستی پێ دەکرێت، ئیتر تێکۆشان بێت بۆ ئازادی یان یەکسانی، یاخود تێکۆشانی دیموکراتی، سیاسی، ئاکاری، یان چینایەتی بێت، ھەمیشە ھەڵگری جێپەنجەی تێکۆشانە بنەڕەتییەکەیە، لەپێناو پەیوەندییەک لەسەر بنەمای ھێز بێت؛ ئەو پێوەندییەی لە نێوان ژن و پیاودا ھەیە. ھەر لە پێوەندیی نێوان ژن و پیاوەوە ھەموو جۆرە پێوەندییەکانی دیکە، کە دەبنە ھاندەر و خۆراکپێدەری نایەکسانی، کۆیلایەتی، دەسپۆتیزم، فاشیزم و میلیتاریزم، سەرچاوە دەگرن. گەر بمانەوێت مانای ڕاستەقینەی چەمکگەلێکی وەک یەکسانی، ئازادی، دیموکراسی و سۆشیالیزم، کە زۆر بەکاریان دەھێنین، ڕوون بکەینەوە، پێویستە ئەو (تەون)ە دێرینەی پەیوەندییەکان، کە لە دەورووبەری ژن چنراوە، شیی بکەینەوە و بیڕووخێنین! جگە لەمە ھیچ ڕێگەیەکەکی دیکە نییە بۆ گەییشتن بە یەکسانی(بە مانا ھەمەجۆرەکانییەوە،) ئازادی، دیموکراسی و ئاکارەتیی ڕاستەقینە.
وەلێ ئیتر ئەوە ئاشکرایە کە ڕوونکردنەوەی ڕەوشی ژن، تەنیا لایەنێکی بابەتەکە پێک دەھێنێت، ئەوی ھەرە زێدە بایەخدارە پرسی ئازادییە؛ بە واتەیەکی دیکە، چارەدۆزیی ئەم گرفتە، لەوە زیاتر دەخوازێت، کە تەنیا گرینگیدان بە دەرخستن و شیکردنەوەی، بەس بێت.
لە دۆخی ھەنووکەی کائیۆس(گێژاو-پشێوی)ی سیستمی سەرمایەدارییدا، ئەوەی کە جێگەی ئومێد بێت(ھەرچەندە سنوورداریش بێت) دەرخستنی ڕەوشی ژنە. لە دواچارەکی سەتەی بیستەمدا ڕەوتی فێمینیزم(ھەرچەند بەپێی پێویستیش نەبوو) لە ڕاستینەی دۆخی ژنان نێزیک بوویەوە. لە وەختی ھەبوونی دۆخێکی کائیۆسدا، گریمانەی ڕوودانی گۆڕانکاری لە ھەر دیاردەیەکدا، لەگەڵ ئاستی بەرەوپێشچوون یاخود شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی ئەو دیاردەیە، زیاتر دەبێت؛ ھەر بۆیە لەم کاتانەدا، گەر ھەنگاوی بچووکیش بەرەو ڕووی ئازادی بنرێن، ڕەنگە ببنە ھۆی بەرەوپێشچوونی گرینگ. لەنێو کێشە ھەنووکەیییەکاندا، ئازادیی ژن، دەکرێت وەک براوەیەکی مەزن دەر بکەوێت. ھەر شتێک کە بە دەستی مرۆڤ ھاتبێتە دروستکردن، دەکرێت ھەر بە دەستی مرۆڤیش بڕووخێنرێت؛ کۆیلایەتیی ژن، نە یەکێکە لە یاساکانی سروشت و، نەیش چارەنووسە! ئەو شتانەی پێویستمان دەبن، ئەمانەن؛ تیۆری، بەرنامە و ڕێکخستن، لەگەڵ ڕێکارەکانی جێبەجێکردنیان.