کۆشش بێستانسوورى
هەندێک موسڵمانی بەڕێز کە باسی بەهەدەردانی پارەی سعودیە دەکەین یەکسەر ئەو دێڕەی عەلمانییەکان دێنن و دەڵێن: (ئیتر بۆچی بچین بۆ حەج و عومرە، ئەوەتا ئەوان پارەی ئێمە بەهەدەردەدەن!)
چەند سەرنجێک لەمبارەیەوە دەخەمە ڕوو:
- ئەوانەی دەڵێن بۆچی بچین بۆ حەج و عومرە، خۆیان نە ئەهلی حەجن و نە ئەهلی عومرەن و دەیانەوێت موسڵمانانیش لە فەرز و سوننەتێکی گەورە سارد کەنەوە، بە ساردبوونەوە لەوەیش لە پراکتیزەکردنی ئایین ساردمان دەکەنەوە! بەڵێ دەسەڵاتدارانی سعودیە بە ملیاران بەهەدەر دەدەن، بەڵام داهاتی حەج و عومرە ئەگەر هەموویشی لە خزمەت حاجیان و عومرەکاراندا خەرج نەکرێتەوە، ئەوە بە نزیکەیی هەمووی لە خزمەتی حاجیان و عومرەکاراندا خەرج دەکرێتەوە!
- لە ساڵى ٢٠١٥دا سعودیە تێچووی حەجی بە ٨٠٠ دۆلار دیاری کرد، باشە بۆ ناپرسن بۆچی حاجیانی هەرێمی کوردستان ٤٠ وەرەقە (٤٠٠٠ دۆلار) و زیاتریان لێ وەردەگیررێت؟ دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارەیش لای خاوەن کۆمپانیاکان و حکوومەتی هەرێم وەربگیررێتەوە نەک لە من کە هیچ ئامارێکم لەبەردەستدا نییە و ئەوانیش هیچ ئامارێک ناخەنە ڕوو!
- ئەوانەی کە ئەم دەستەواژانەیان هێناوەتە ناو موسڵمانان خۆیان ساڵانە دەچنە ئوتێل و کەنار دەریاکانی تورکیا و ئەوروپا و ئەمریکا، یان دەچنە ئێران بۆ جەو گۆڕین، باشە ئەگەر تۆ کوردایەتی دەکەیت خۆ دەبێت پارە نەدەیت بە تورکیا و ئێران و هتد..! ئەی بڕیار نەبوو فیلمی تورکی ئیتر پەخش نەکرێت؟! ئەو بڕیارە چیی لێهات؟! یان تەنیا بۆ گەوجاندنی خەڵک بوو و، دەیانزانی خەڵک ماوەیەکە و لەبیری دەچێتەوە؟!
- لە مەککە، ڕۆژانە ئەگەر یەک ملیۆن کەسیش لە مانگی ڕەمەزاندا بەربانگیان بۆ ئامادە بکرێت، ئەوە تێچووی یەک بەربانگی ئەو یەک ملیۆن کەسە نزیکی ٢ ملیۆن و ٦٧٠ هەزار دۆلار دەبێت. واتە تەنیا تێچووی ئیفتارکردنەوە لە ٣٠ ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا زیاتر لە ٨٠ ملیۆن و ٧٦ هەزار دۆلار دەکات! ئەمە تەنیا بۆ بەربانگکردنەوە، کە سەرلەبەری خزمەتکردنە بە عومرەکاران و حاجیان، جگە لەو هەموو خزمەتگوزارییە بەردەوامەی مەککە کە سەرجەمیان بە پارە بەڕێوە دەچن نەک بە مــــــــــــــــاچ!
- لە ڕەمەزانی ساڵى ٢٠١٠دا تێچووی یەک بەربانگ بۆ عومرەکاران لە مەدینەی مونەووەرە ٦٧٠ هەزار دۆلار بووە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن عومرەکار، بەم شێوەیەیش هەر عومرەکارێک ٠,٦٧ دۆلاری بۆ ئیفتارکردنەوەی خەرج کراوە. ٣٠ ڕۆژەکەش زیاتر لە ٢ ملیۆن دۆلار دەکات، ئەمە تەنیا بۆ ئیفتار، جگە لەو هەموو کارمەند و خزمەتکردنی مزگەوت و شوێنەکانی تری پەیوەست بە حەج و عومرەوە لە مەدینەی مونەووەرە کە سەرجەمی ئەمانیش بە پارە بەڕێوەدەچن نەک مــــــــــــــــــاچ!
- ئەو کەسانەی ئەم قسانە دێننە ناو خەڵکی لە هەرێمە بچووکەکەماندا، تەنیا بۆ سەرقاڵکردنی موسڵمانانە بۆئەوەی دزییەکانی خۆیان بشارنەوە کە بە ملیاران دۆلاری ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوەیان دزیوە و هەر ڕۆژەو لە قومارخانەیەکی ڕۆژئاوادا ملیۆن و ملیارە دۆلار دەدۆڕێنن، یان هەندێکیان کۆی دەکەنەوە و بەنیازن سوێری کەن بۆناو گۆڕەکانیان و لەگەڵ خۆیاندا بۆ ئەو دونیای ببەن!
- بەپێی بلومبێرگ داهاتی نەوتی سعودیە لە ساڵى ٢٠١٧دا بریتی بووە لە ٦٩٦ ملیار دۆلار و بۆ ئەمساڵ بۆ ٩٢٦ ملیار دۆلار بەرزی دەکاتەوە، بەڵام ئەو چەند ملیۆن یان ملیار دۆلارە دیارە کە حاجیان بۆ حەج و عومرە سەرفی دەکەن، کە بگرە بە زیادەوە دەبێت بۆ خزمەتی حاجیان و عومرەکاران و شوێنەکانی پەیوەست بە حەج و عومرەوە خەرج بکرێتەوە!
- ئەوە تەنیا نزیکەی ٣٠ خولەکێک لە تەمەنم لە گەڕان بۆ ئەو ئامارانەدا سەرف کرد، ئەگەر کەسێک هەبێت مانگێک یان چەند مانگێک بەدواداچوون بکات هەر زۆر باشە و وەڵامێکی دەمکوتکەر دەبێت بۆ ئەو کەسانەی ئەو قسە سواو و بێتامانە دەکەن! بۆیە ئەو دەستەواژە سواوە ئیتر با بەس بێت.. تــــــــــــــکـــــایە! دووبارە لەگەڵ ڕێزدا.