ڕەگەزپەرستیی تەمەن

فیکر 2018-07-30 کۆمێنت 1456 جار بینراوە

نووسینی: شاڵاو جه‌لال



ژیانی ڕۆژانەی ھەر مرۆڤێک پڕە لە چەندین جۆر مامەڵەی جیاواز له‌گه‌ڵ دەوروبەر و کۆمەڵگەکەیدا، ئایا تا ئێستا ئێمە لە خۆمانمان پرسیوە ئەم مامەڵە جیاوازانە بۆ؟ 

ئێمە بە بێ ویست و ئارەزووی خۆمان بە چه‌ندین ڕەگەز، نەتەوه‌، زمان و، ڕەنگی جیاوازی پێست، دروست کراوین، ھەروەھا لە سەردەمە جیاوازەکاندا ھاتووینەتە بوون و خودا ئافراندووینی! جیاوازیی ته‌مه‌ن و كاتی هاتنه‌بوونمان وای كردووه،‌ کەسانی بەتەمەن بەرانبەر کەسانی له‌ خۆیان گه‌نجتر، کەمتر مامەڵەی جیاواز بكه‌ن، ئەم جۆرە جیاوازییەیش بووە بە خوو و پێویستییەک و تەنانەت پەلی ھاوێشتووە بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ داب و نەریتی کۆمەڵگه‌. 

ڕەگەزپەرستی، جۆرێکە لە تێگه‌ییشتن و مامه‌ڵه‌ و، به‌ ئه‌ندازه‌ی جیاواز لە ھەموو کۆمەڵگه‌یەکدا ھەیە و بە داخەوە لە ھەندێک وڵاتدا له‌ ڕه‌وتاری ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكدا ده‌یبینین.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا گەنجان کەمترین ڕاوێژیان پێ دەکرێت، بەربەستی زۆریان بۆ دروست دەکرێت و، ڕێگە لە چوونە پێشەوەیان دەگیرێت، ئەمەش تەنیا له‌به‌ر کەمیی تەمەنیان! ئه‌ڵبه‌ته‌ نەبوونی ئیرادەیەکی بەھێز، متمانەنەبوونی زۆرێک لە گەنجان بە تواناکانیان، بیانووی پاراستنی داب و نەریت و، جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی ئاینییش، هۆكارگه‌لێكی ترن بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌! فێركارییه‌ ئیسلامی و ئه‌خلاقییه‌كانیش لە لایەن گه‌وره‌كانی کۆمەڵگەوە بە سوود و قازانجی خۆیان و بۆ بێده‌نگكردنی گه‌نجان، به‌ هه‌ڵه‌ به‌ كار ده‌هێنرێت.

كه‌چی هه‌قیقه‌ت به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌، گەر سەرنجێک لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بدەین، دەبینین گەنجان بزوێنەری سەرەکیی بڵاوبوونەوە و چەسپاندنی بوون‌، لە ژیانی پێغه‌مبه‌ریشدا سه‌لامی خودای له‌سه‌ر بێت دەبینین گرینگییەکی یەکجار زۆر بە توانا و لێھاتوویی گەنجان دراوە. لە یەکێک لە جەنگەکاندا، پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێت سەرکردایه‌تیی سوپای بە گەنجێکی تەمەن حه‌ڤده‌ساڵ بە ناوی (ئوسامەی كوڕی زه‌ید) سپارد و ھاوەڵانی تری وەک ئه‌بووبه‌کری سیددیق، عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب، عوسمانی كوڕی عەففان، عەلیی کوڕی ئه‌بووتالیب و چەندانی تر، لەو سوپایەدا لە ژێر فەرمانی ئەم گەنجە لێهاتووەدا بوون. 

لەم ھەڵوێستەی ئازیزمانه‌وه‌ بنەمایەکی جوانی كرانه‌وه‌ و شارستانییه‌‌تیمان بۆ دەر دەکەوێت کە بریتییە لە (دانانی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو).

لە كۆتاییی کۆڕێکی مامۆستا قانع خورشیددا ده‌رباره‌ی ئه‌وین، کەسێک کە تەمەنی لە زۆرێک لە بەشداربووانی كۆڕه‌كه‌ زیاتر بوو، ڕەخنەی ئه‌وه‌ ده‌گرێت کە نابێت ئەم بابه‌تانە بۆ گەنجانی خوار بیستوپێنج ساڵ بخرێنە بەر باس و بۆیان ڕوون بکرێتەوە، چون توانی درككردنیان لاوازه‌ و وه‌ك پێویست تێی ناگه‌ن. بەڵام مامۆستا زۆر بەجوانی وه‌ڵامی ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ ده‌داته‌وه‌. ته‌واوی كۆڕه‌كه‌ و پرسیار و وه‌ڵامه‌كان له‌ كتێبی (ئه‌ڤین ته‌نیا بیانووی ژین)دا چاپ كراون، من لێره‌دا وه‌ڵامی ئه‌م ئیشكاله‌ له‌ زاری مامۆستا قانعه‌وه‌ وه‌ك خۆی داده‌نێم و بابه‌ته‌كه‌م كۆتایی پێ دێنم.

" ڕێزم بۆ خاوەنی قسەكە هەیە، دەزانم بەو نییەتە نەیگوتووە، بەڵام ئەو قسەیە جۆرێك سوكایەتیكردنە بە گەنجانی خوار بیستوپێنج ساڵی، وەكو ئەوەی بڵێیت ئەمانە نا‌فامن، هیچ نین... پێویستە بۆ منداڵان منداڵانە قسە بكەین و بۆ گەورانیش گەورانە بدوێین، من وا دەزانم ئێمە پێویستمان بە بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی خەڵك هەیە، خۆ ئەگەر لەگەڵ كۆمەڵێك بەقاڵدا تەواو بەقاڵانە قسە بكەین و، لەگەڵ گەنجاندا تەواو گەنجانە! ئیتر دەمانەوێت بەرەو كوێیان ببەین؟ ئەی نابێت پلیكانەیەك بەرەو سەرەوە دانێین و دەستیان بگرین تا سەر بكەون؟ یەكێك لەو هەنگاوانەی پێویستە بە گەنج بینێین ئەوەیە تێگەیشتنی، گوێگرتنی، هەڵسەنگاندنی، خەیاڵ و بیری گەورەتر بكەین، من لە زۆر شوێندا كە قسە دەكەم تەواو گەرمیانییانە قسە دەكەم، كەچی لەم كۆڕەی نێو ئەم چەقی گەرمیانەدا هەوڵم دا قسەكانم زیاتر بە دەقێكی خوێنراو بچن تا وتاردان، حەزم دەكرد سەرتاسەر كۆڕەكەیش هەر وا بێت، بە تایبەت كاتێك بینیم زۆربەی ئامادەبووان گەنجن و زۆربەیشیان قوتابییەكانی خۆمن كە لە قوتابخانە وانەیان پێ‌ دەڵێمەوە، بۆیە گوتم جیا لەو زمانەی لە مەكتەب قسەی پێ‌ دەكەم لێرەدا بە جۆرێكی تر قسەیان لەگەڵدا بكەم، چونكە گەر هەمان مامۆستاكەی ئەوێ‌ بم، هەرچەندە یەكمان خۆشدەوێت، بەڵام هەر ئوسلووبەكە ماندووكەر دەبێت بۆیان، دەبێت بە زمانێكی تر، بە ڕوویەكی تر خۆمیان نیشان بدەم، ئەوان هاتوون لێرە كۆڕگێڕێك ببینن، نووسەرێك ببینن، ئەگەر وا نەبوو دەڵێن: خۆ هەر مامۆستاكەی قوتابخانەیە!

نامەوێت وا بم، من لە تەمەنی ئەماندا خۆم بە هیچ پیاوێك نەدەگۆڕییەوە، بیرمە هێشتا لە قۆناغی سەرەتایی بووم هەندێك حیكایەتم لە پیرەمێرد و پیرێژنی سەر كۆڵان و بەر ماڵان دەبیست، زۆر ناماقووڵ و بێعەقڵانە بوون، دەهاتمەوە لە ماڵ باسم دەكرد، دەمگوت: بە خوا فڵانە كەس ئەمڕۆ قسەیەكی كرد منداڵیش باوەڕی پێ‌ ناكات! خۆم منداڵەكە بووم، بڕوام پێ‌ نەدەكرد، ڕاستیشم دەكرد و حەقیشم بوو، بەڵام وا قسەم دەكرد وەك بڵێیت من گەورەم و شتەكەم زۆر پێ‌ پووچە و دەزانم نەك خۆم منداڵیش قسەی وای بەلاوە بێمانایە! بۆیە هەرگیز بە چاوی كەم ناڕوانمە ئەوانەی قەدەریان وا بووە چەند ساڵ دوای هاتنەدنیای من بێنە دونیا، خۆ زانست و ژیری بە گەورە و بچووكی نییە!

هەڵەیەكی گەورەیە گەر وا بزانین گەنجانی خوار هەژدەساڵ هیچ نافامن، دوور نییە گەنجێكی شانزدەساڵ گاڵتەی بە نووسین و وتاری من بێت، ئیتر چۆن ڕەوایە بڵێم: ئەو نافامێت، هەر ئامادەبوونی لە كۆڕێكی وادا یانی زانستخوازی و مەعریفەویستی، ئەركی سەر شانمە وا قسەیان لەگەڵدا بكەم كەیفیان بە خۆیان بێت و هەست بە گەورەبوونی خۆیان بكەن، ڕێز لەوەیان بگرم كە لە ماڵەوە بەم عەسرە هاتوون بۆ گوێگرتن و فێربوون، دەبێت گەورانە قسەیان بۆ بكەم چونكە گەورەن، كەسێك فامی ئەوەی كردبێت لە كۆڕدا دابنیشێت و بەشداری تێدا بكات، یانی گەورەیه‌".

تاگەکان    
قەدەر گۆرانی عاشوورا سۆفیگەری پۆرن بوووژانەوە دەروونی مێژوو بوومەلەرزە کۆمەڵکوژیی بۆسنە فەلەستین دیمانە مردن نائومێدی چیرۆک
فیکر
2018-07-30 کۆمێنت 1456 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی