نووسینی:
ڕەزا بابایی
وەرگێڕانی:
عەلی حسێن حەسەن
یەکەم.
نووسەر نابێت سەروەختی نووسین, خۆی بخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە؛ واتە نابێت وا
بزانێت لە کاتی نووسیندا خەریکی کارێکی قورس و جیاواز لە کاروباری ڕۆژانەیە.
هونەری نووسەرێتی لە کەمکردنەوەی مەودای نێوان زمانی نووسین و زمانی ڕۆژانەی
خەڵکدایە, بێ ئەوەی شپرزی و کەموکوڕییەکانی زمانی قسەکردن, لە زمانی نووسیندا
دووبارە ببنەوە. باشترین زمانی نووسین, بریتییە لە زمانی قسەکردن بەبێ عەیب و
کەموکورتییەکانی. زوانی قسەکردن چەند عەیب یان تایبەتمەندییەکی هەیە:
١.
لە کاتی ئاخاوتندا, وشەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەپێی خووگرتنمان پێیانەوە بە
زەینماندا دێن, نەک بەگوێرەی شێوازی ڕستەسازی. بۆ نموونە لە کاتی قسەکردندا دەڵێین
’چوومە بازاڕ ئەمڕۆ, بڕێ شتم کڕی.‘ بەپێی شێوازی زمان, دەبێت هاوەڵکاری (ئەمڕۆ) لە
سەرەتای ڕستەوە بێت, ’ئەمڕۆ چوومە بازاڕ...‘
٢.
سڕینەوەی ئامرازی دانەپاڵ و بگرە هەندێک جار وشەی کلیلییش, لە زمانی قسەکردندا
باوە. بۆ نموونە ڕستەی ’چوومە بازاڕ, بڕێ شتم کڕی.‘ نوقسانە, هەرچەند گوێگر
دەزانێت مەبەست لێی ئەمەیە: ’چووم "بۆ" بازاڕ "و" بڕێک شتم
کڕی.‘
٣.
عەیبی زمانی ئاخاوتن, هەژارییە لە ڕووی وشەوە؛ چونکە ئاخێوەر هەمان دەرفەتی
نووسەری بۆ گەڕان و هەڵبژاردنی گونجاوترین وشە لە بەردەمدا نییە و ناچار, باوترین
و بەکارهێنراوترین وشەکانی بە زاردا دێن. بەڵام نووسەر, وەک نموونە لە ڕستەکەی
سەرەوەدا, قایل نابێت وشەی (بڕێ) بە کار بهێنێت و لە جێیدا, وشەی (هەندێک) یان
هاوشێوەی ئەوە دادەنێت.
دووەم.
دوای ئەوەی بە ئاسانی و بێ هیچ داڵغە و دوودڵییەک نووسیت و کۆتا خاڵت دانا, ئینجا
نۆرەی دوودڵی و سەختگری دێت. لەم قۆناغەدا, تا دەتوانیت بە وردی و سەختی بە
نووسینەکەتدا بچۆرەوە و بەسەر یەک وشەشیدا باز مەدە. ئێرنست هێمینگوەى گوتەنی,
مەستانە بنووسە و هۆشیارانە هەڵەچنیی بکە. ئەم هۆشیاری و سەختگرییە یان دەبێت ڕستە
بە ڕستە بێت یاخۆ پارەگراف بە پارەگراف, یانیش دوای ئەوەی هەموو نووسینەکە تەواو
بوو.
سێیەم.
بەختی بنووس لەوەدایە پێش بڵاوبوونەوەی نووسینەکەی, کەسانێک بیبینن و ڕەخنەی لێ
بگرن. ئەگەر نووسەرێک هاوڕێ و کەسی وای نییە, دەبێت لە بڵاوکردنەوەی نووسینەکەیدا
پەلە نەکات, بەڵکو دەبێت پێش بڵاوکردنەوەی, چەندان جار بیخوێنێتەوە. لەم
دووبارەخوێنکردنانەیشدا, هەم ناوەڕۆکەکەی چاکتر بکات و هەم زمانەکەی. جارێک دووانیش
بە چاوی نەیارێکی گریمانەییەوە بیخوێنێتەوە.
چوارەم.
هەر نووسینێکمان کە بەر دیدەی کەسێک دەکەوێت؛ بەشێک لە پەزڵی کەسایەتیمان لە زەینی
ئەودا تەواو دەکات. هیچ نووسینێک تا نەیگەیەنیتە ئاستێک لە پەسەندکراوێتی, (لە
ناوەڕۆکەوە تا تایپ), بڵاوی مەکەرەوە, تەنانەت ئەگەر بزانیت خوێنەرانی ناگەنە
ژمارەی پەنجەکانی دەستێک.
پێنجەم.
شایەنترینی نووسینەکان بۆ خوێندنەوە, ئەوەیانە ناوەڕۆکێکی تازە, سەردەمییانە و
پێشخەرانەی هەبێت و بێزارکەرترینیشیان ئەوەیە کە پاتەی بیستراو و گوتراوی کەسانی
دیکە بێت. بەم پێیە, کەسانێک دەیانەوێت شتێک بڵێن کە خەڵک ڕۆژانە چەندان جار لە
میدیا فەرمی و بانگەشەکەر و گوتارە باوەکانەوە گوێبیستی دەبن؛ نابێت چاوەڕێی
ئاوڕلێدانەوە بن. ڕاستە هەر قسەیەکی نوێ و بێپێشینە ڕاست و درووست نییە؛ بەڵام
قسەی دووبارە هەمیشە بێزارکەرە, مەگەر بۆ کەسانێک بە قسەی دووبارە ڕاهاتبن.
شەشەم.
لووتبەرزیی نووسەر, دوژمنی پێنووسەکەیەتی؛ چون گەوهەری هاودڵی و خۆشەویستیی لێ
دەستێنێت. نووسەری کەپووبڵند, زیاد لەوەی لە بیری لێکگەیشتن و حاڵیکردندا بێت, لە
خەمی پارێزگاریدایە لە کەسایەتیی زانستی یان کۆمەڵایەتیی خۆی و هەرگیز پۆشاکی سام
و خۆقورسگرتن داناکەنێت. بەم پێیە, لە هەڵبژاردنی وشە و شێوازی نووسیندا, پتر بیری
لای پێگەی کۆمەڵایەتی و پلەی زانستیی خۆیەتی تا داخوازیی بابەتەکە. ئەو لەباتیی
ئەوەی دەست لە ملی خوێنەر بکات و لەگەڵیدا بکەوێتە گەشت و گەڕان, ئەوەی پێ باشترە
بەرانبەرەکەی دوور دابنیشێت و گوێ بۆ گوتارە فەرمی و ڕەوانەکەی ئەم ڕادێرێت.
حەوتەم.
هەر نووسینێک خوانێکە, نووسەر بۆ خوێنەری ڕاخستووە. سفرە, هەم جێی خۆراکی سەرەکی و
هەم جێی خۆراکی لاوەکی (زەلاتە و ترشی و...)یە, بەڵام سفرەیەک کە تەنیا خواردنی
لاوەکیی لەسەر بێت, بە دەردی کەسی برسی ناخوات. هەندێک نووسین تا کۆتایی
دەخوێنیتەوە, بەڵام یەک دوو دێڕێکی لێ بترازێت, بە دەردت ناخوات. بنووس
پێشەکییەکەی لە جێیەکی دوورەوە دەست پێ کردووە, یان لەم چڵەوە بۆ ئەو چڵ فڕیوە,
بەڵام لەو شوێنەی دەبێت هەرا بکات, نیشتووەتەوە. درەختێکی زل و زەلامی پێگەیاندووە,
بەڵام هاوشێوەی درەختی کاژ, نە بەری هەیە و نە سێبەر.
هەشتەم.
سڕینەوەی یەک وشەی زیادەش, هەڵگرتنی بارێکە لەسەر شانی ڕستە و تێگەیشتنی خوێنەر.
ڕستە تا پوختتر بێت, چالاکترە و لە تێگەیشتی خوێنەرەوە نزیکتر.
نۆیەم.
هەر نووسینێک, ناوەڕۆکێکی هەیە و فۆرمێک. بایەخدان بە فۆرم و دیوی دەرەوەی نووسین
(لە ڕستەسازی و پارەگرافبەندییەوە تا تایپی ورد و بێهەڵە), بە هەمان ئەندازەی
ناوەڕۆک گرنگە.
دەیەم.
هونەری نەنووسین, هەندێک جار لە هونەری نووسین کەمتر نییە, ئەگەر فێری نەبووین, با
فێر بین. کەواتە با نەنووسین مەگەر کاتێک لەسەر بابەتی نووسینەکەمان, لە خوێنەری
گریمانەیی, زیاترمان خوێندووەتەوە یان پتر تێوەی ڕاماوین؛ دەنا ئابڕووی خۆمان
دەبەین.