بۆچی بیركردنه‌وه‌مان گه‌شه‌ ناكات، یاخود ناوچه‌یی بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌؟!

فیکر 2018-09-15 کۆمێنت 2269 جار بینراوە

نووسینی: دڵشاد ئیبراهیم


هه‌موومان توانای بیركردنه‌وه‌مان هه‌یه‌، به‌ڵام بیری هه‌موومان گه‌شه‌ ناكات، چونكه‌ گه‌شه‌كردنی هزر، پێویستیی به‌ پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌ن و ماندووبوونێكی زۆر هه‌یه‌.

ده‌بێت مرۆڤ كۆمه‌ڵێك وێستگه‌ی ژیان تاقی بكاته‌وه‌ و ببینێت، تا ببێت به‌ خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌یه‌كی فراوان و، له‌و قاوغه‌ی (گوند، گەڕەک، شار و وڵات) به‌ ده‌وریدا ئاڵاندوویانه‌ دەر بچێت. كه‌م كه‌س ده‌توانێت له‌م ته‌ونه‌ جاڵجاڵۆكه‌ییه‌ قوتار ببێت.

یه‌كه‌م وێستگه‌ مرۆڤ له‌ ژیانیدا ده‌یبینێت، ژینگه‌ی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییه‌، پاشان (ناوه‌ندی، ئاماده‌یی، زانكۆ) هه‌ریه‌ك له‌م وێستگانه‌، كۆمه‌ڵێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی تاك داده‌نێن و، به‌ره‌و كامڵبوونی ده‌بەن. بیرمه‌ كاتێك قۆناخی سه‌ره‌تایم بڕی و ڕۆییشتمه‌ ناوه‌ندی, به ‌لای خۆم و ماڵه‌وه‌وه‌‌ شتێكی زۆر گرينگ بوو، یه‌كه‌م گۆڕانم له‌و پرۆسه‌یه‌دا له‌پێكردنی (پانتۆڵ!) بوو، پاشان گه‌شتی قوتابخانه، دواتر چوونم بۆ ئاماده‌یی‌...


  جاران پرۆسه‌ی خوێندن‌ جیاواز بوو، چون هه‌ر قوناخێكت له‌ قوتابخانه‌یه‌كی‌ جیاواز ده‌خوێند، به‌ كۆمه‌ڵێك مامۆستای تر ئاشنا ده‌بووی، له‌ هه‌ریه‌كێك له‌و قۆناخانه‌ كۆمه‌ڵێك هاوڕێی جیاوازترت ده‌ناسین، هه‌ریه‌كه‌یان كوڕی گه‌ڕه‌كێكی جیاواز بوون و باسوخواسی جیاوازتریان ده‌كرد، ئه‌مه‌ وای ده‌كرد تۆ خه‌ڵكێكی زیاتر و یاری تر، بناسیت.

ئێسته‌ له‌گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌تان له‌ قوتابخانه‌یه‌كدا هه‌موو پرۆسه‌ی خوێندنت ته‌واو ده‌كه‌یت. زانكۆش هه‌ر له‌ شاره‌كه‌ی خۆتاندایه و‌، ئه‌ویش پێكه‌وه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن. ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی تێیدا له‌ دایك ده‌بیت هه‌ر له‌وێیش ژن ده‌هێنیت و له‌وێیش ده‌مریت، بۆیه‌ ئه‌مانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ت ده‌بێت. تا دێت قاوخه‌كان تۆكمه‌تر ده‌بن و، ته‌سكتر بیر ده‌كه‌یته‌وه‌، چون هێشتا هه‌ر له‌ قاوخی گه‌ڕه‌كه‌كه‌‌تدایت.

ئه‌م كردارانه‌ هێنده‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر تاك هه‌یه‌، كاتێك خوێندكارێك ناوی له‌ زانكۆیه‌كی دوور له‌ شاره‌كه‌ی خۆی دێته‌وه‌ سه‌ری دنیای لێ دێته‌ یه‌ك، پێش هه‌موو شتێك به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت تا بزانێت هیچ یه‌كێك له‌ هاوشارییه‌كانی له‌و زانكۆیه‌ وه‌رگیراون‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ به‌شه‌ناوخۆیی وه‌ر بگرن! بڕۆن سه‌رێ له‌ یه‌كێك له‌ به‌شه‌ناوخۆییه‌كان بده‌ن به‌ده‌گمه‌ن ده‌بینن (هه‌ولێریه‌ك و سلێمانێییه‌‌ك، گه‌رمیانیه‌ك و بادینییه‌ك...) پێكه‌وه‌ له‌ یه‌ك ژووردا بن. ئه‌م ئه‌قڵی گه‌ڕه‌كه‌ هێنده‌ گه‌وره‌ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له‌ زانكۆیه‌كدا گه‌رمیانییه‌ك و هه‌ولێریه‌ك پێكه‌وه‌ پیاسه‌یه‌ك بكه‌ن، ده‌كه‌ونه‌ به‌ر تیری ڕه‌خنه‌ی هاوشارییه‌كانیان و به‌سووكی ته‌ماشایان ده‌كه‌ن.

ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ئێسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی  كوردستان بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان پیاده‌ی ده‌كه‌ن، كارێكی فره‌ ژیرانه‌یه‌! خراپترین كاریگه‌ریی ئه‌م پرۆسه‌ كوشتنی ڕووحی شۆرش و زیندووڕاگرتنی ئه‌قڵی خێڵه‌كییه‌، بره‌وپێدانی شه‌ڕی شارچێتی و له‌باربردنی كۆبوونه‌وه‌ی بیری جوانه‌. ئاكنجییه‌كی بادینان ئاماده‌ نییه‌ بچێته‌ ژێر ڕكێفی كابرایه‌كی‌ خه‌ڵكی سلێمانییه‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌، چونكه‌ هیچ شتێك نه‌بووه‌ كۆیان بكاته‌وه‌، له ‌یه‌كتریان نزیك بكاته‌وه‌، خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی یه‌كتر بناسن و كاری له‌سه‌ر بكه‌ن. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت، وڵات له‌ ده‌ستی گه‌نده‌ڵكاران پاك بكه‌ینه‌وه‌، یه‌كه‌مین كارێك بیكه‌ین ده‌بێت بچین له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار و ناوچه‌كه‌ی خۆمان دوا قۆناخی خوێندن ته‌واو بكه‌ین.

ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتێكدا بیركردنه‌وه‌ نه‌جوڵێنرێت، پێشكه‌وتن چۆن ڕووده‌دات؟! له‌ وڵاتێكدا كاورای گه‌رمیانی تا ئێسته‌ نه‌زانێت بادینان له‌ كوێوه‌یه‌، یان مرۆڤێكی بادینی نه‌زانێت هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌وێته‌ كوێوه‌،‌ ئیتر چۆن ده‌توانین وڵات بنیات بنێین، بادینییه‌ك نه‌زانێت ئه‌نفال و كیماباران چین‌، نیشته‌جێیه‌كی سلێمانی خۆزگه‌ بخوازێت سه‌دام بادینانی خاپور كردایه‌ و ده‌یان چی و چیی تر...

تاگەکان    
ژن عەبدولکەریم سرووش وەلی ئەمر ئایین نەتەوایەتی تەلارسازی سۆفیگەری ئابورریی ئیسلامی سەرفیترە تەوبە دەروونی قوتابخانەکانی نوور بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن زمان مردن
فیکر
2018-09-15 کۆمێنت 2269 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی