خەڵاتی درۆ، ڕۆژاوای دووڕوو

فیکر 2018-10-07 کۆمێنت 2742 جار بینراوە

فەرهاد شاکەلی

زانستگەی ئوپسالا، سوێد

دوو سەعات لەمەوپێش، چاوم لە ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆی کۆمیتەی نۆبێل بوو، کە خەڵاتی ئاشتیی ساڵی ٢٠١٨ دەدرێتە (دێنیز موکوێگێ)ی خەڵکی کۆنگۆ و خاتوو (نادیا موراد)ی ''ئەندامی کەمینەی یەزیدی لە باکووری عیراق''. تا دوایین چرکەی ڕاگەیاندنەکەم بینی و گوێ لێ بوو، نە خەڵاتدەرەکان و نە ئەو هەموو ڕۆژنامەوان و میدیاکارانەی لەوێ ڕاوەستابوون بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوەکە و هەندێ پرسیاریشیان لە خانمی پێشکەشکار کرد، بە یەک تاکە وشەیش ناوی کوردبوونی نادیا مورادیان نەهێنا و نەیانگوت خەڵکی کوردستانە.

ئەم جۆرە هەڵوێستە بۆ من شتێکی تازە نییە و دەمێکە لە میکانیزمی ڕوواڵەتکارانە و چەواشەکارانەی ئەم ڕێزلێنان و خەڵاتکردنە درۆ و ساختەکارانە تێگەیشتووم. ئەم پاییزە دەبێتە چل ساڵی ڕێک کە من لە سوێد دەژیم. لەم چل ساڵەدا سیونۆ (٣٩) جار پێشکەشکردنی خەڵاتی ئەدەبییات و چل (٤٠) جاریش خەڵاتەکانی دیکەم بینیوە و تا ڕادەیەک ئاگاداری یارییەکانی پشت پەردەی بڕیارەکانی کۆمیتەی نۆبێلیش بوومە، کە لێرە و لەوێ لە ڕێگەی هەندێ ڕۆژنامەوان و میدیاکاری چوختی و بەلەسەوە ئاشکرا دەکرێن. بۆیە وتم (٣٩) جار خەڵاتی ئەدەبییات، چونکە ئەمساڵ خەڵاتی ئەدەبییات نادرێ. ئەکادیمیای سوێدی ئاوڕووی خۆیان و خەڵاتەکەیشیان برد، کاتێ ئەوە ئاشکرا کرا کە مێردی ئەندامێکی ئەکادیمیای سوێدی، پێوەندیی سێکسیی لەگەڵ ژنی بەشێک لە ئەندامانی ئەکادیمیادا هەبووە و ئەنجامی ئەم پێوەندییانە چی بووە.

من لە دڵەوە پێم خۆشە کە خاتوو (نادیا موراد) خەڵاتەکەی وەرگرت و پیرۆزبایی لێ دەکەم. نادیا و ئازارەکانی نادیا و سەدان و هەزارانی دیکەی وەک نادیا، شایانی ئەوەن دەیان و سەدان خەڵات وەربگرن و ڕێزیان بگیرێت و خەم و خەفەت و ئازارەکانیان بۆ خەڵکی ئەم دنیایە و بۆ مرۆڤایەتی تۆمار بکرێن. بەڵام دەبێ لای مرۆڤە هۆشیارەکان و ڕووناکبیران و بڕیاردەر و سیاسەتمەدار و خەڵکانی دیکەیش ئەوە ڕوون بێت، کە خەڵاتی نۆبێل، چ هیی ئاشتی و چ هیی ئەدەبییات، بە فیلتەری سیاسەتێکی دزێو و ناشیرین و گوماناویدا تێدەپەڕێت و هیچ پێوەندییەکی بە داهێنان، یا بە چەوسانەوە و بەدبەختییەوە نییە. باسی خەڵاتەکانی دیکەی نۆبێل، فیزیا و کیمیا و پزیشکی و ئابووری، ناکەم، چونکە وەک ئەم دووەی باسم کردن، ئاگاداری ئەوانە نیم.

کۆمیتەی نۆبێل بە نادیا موراد دەڵێ ''ئەندامی کەمینەی یەزیدی لە باکووری عیراق''. ئەوان لە من و تۆ چاکتر دەزانن و ئاگادارن کە نادیا کوردە و خەڵکی کوردستانە. ئەوان زۆر چاک ئاگادارن کە نادیا و سەدانی وەک نادیا بە هەوڵ و کۆششی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕزگار کراون. بەڵام بەرژەوەندیی ڕۆژاوا ئەوەیە هەمیشە جەختی یەزیدیبوون بکات، بە کوردستانیش بگوترێ باکووری عیراق. لەم بوارەدا دەبوو خزمانی یەزیدی خۆیان، بە زمانێکی ڕوون و ئاشکرا، بە هەموو ئەوانەی باسیان دەکەن، یا قسەیان لەگەڵ دەکەن یا ڕێزیان دەگرن، بڵێن: تۆ مافی ئەوەت نییە بڕیاری ناسنامەی ئێمە بدەیت. ئێمە کوردین، ئایینەکەمان یەزیدییە و ''وەلاتێ مە کوردستانە''. کۆمیتەی نۆبێل لە کورد و کوردستانیبوونی نادیا خان خۆی گێل دەکات، کەچی لەوەدا هیچ هەڵە ناکات کە لە جێی (شەنگال) بڵێ (سنجار)، چونکە ئەمەیان ئەو شێوەیەیە کە عیراقی عەرەبی پێی خۆشە و دەیەوێ بیسەپێنێت. (داعش) دەیویست بە زۆر و بە هەڕەشە و سووکایەتی نادیا خان و هەزاران نادیای دیکە واز لە دین و ئایینی خۆیان بهێنن، ڕۆژاوایش دەیانەوێ بە خەڵاتکردن و بە بەرتیل بەرگی جوانی کوردبوونیان لە بەر دابکەنن.

هەر لەم دەرفەتەدا دەبێ ئەوەیش ڕوون بکەمەوە کە میدیاکارانی کوردستان، زۆر جار خوێنەر و بیسەر و بینەر چەواشە دەکەن، ئەوانەی کە ئینگلیزی یا زمانەکانی دیکەی ئەورۆپا نازانن، و بە شێوەیەک قسە و لێدوانی ڕێبەر و سیاسەتمەدارانی ڕۆژاوا دەگوێزنەوە کە لەگەل ڕاستیدا ناگونجێت. دەیان جار گوێم لێ بووە و بینیومە، کە کابرای ڕۆژاوایی وتوویەتی (Northern Iraq)، کەچی ئەمان بە (کوردستان) تەرجەمەی دەکەن. تەنانەی بەرانبەر سیاسەتمەدار و بەرپرسانی عەرەبیش هەر ئاوا (شەرمن و سەلار)ن. کابرای عەرەب دەڵێ (الاقلیم)، بەڵام ئەمان کە تەرجەمەی دەکەن، دەڵێن (هەرێمی کوردستان).

ئێستا کە یەکەمین جارە لە مێژوودا کوردێک خەڵاتی نۆبێل وەردەگرێت، دەبێ کورد لەوە ژیرتر و وریاتر و ڕاستگۆتر بن، کە کڵاوی زەرد و سوور و کەسکی ڕۆژاوایان بکرێتە سەر. دەبێ ڕاستوڕەوان بە ڕۆژاوا بڵێن، یەزیدی کوردن و یەزیدیخان کوردستانە. نابێ لەوە بترسن و سڵ بکەنەوە کە ''دۆستەکانیان!'' لێیان زویر ببن. ڕووناکبیرانیش دەبێ ئەو ڕاستییەیان لا ڕوون بێت کە خەڵاتی نۆبێل، لە ٣٠-٣٥ ساڵی ڕابوردوودا، زۆر جار، وەک ڕێگایەک و وەک کەرەستەیەک بۆ ناوزڕاندن و دژایەتیکردنی ئیسلام بە کار دەبرێت، نەک بۆ ڕێزگرتنی داهێنانی ئەدەبی یا خەبات لە پێناوی ئاشتیدا. زۆر جار بینیومانە کە مرۆڤکوژ خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی پێ بەخشراوە و کۆلکە نووسەر خەڵاتی ئەدەبییات. ڕۆژاوا ئەگەر شەڕی ئیسلام و موسڵمانان دەکات، با بچێت خۆی بیکات، نەک کورد بە کار بهێنێت و دواییش بە گورگانخواردی بدات. لە شەڕی (داعش)دا هەزاران تێکۆشەر و خەباتگێڕ و قارەمانی کورد کوژران و بریندار کران، بەڵام ڕۆژاوا پاداشتی کوردیان بەوە دایەوە کە دژی گشتپرسی ڕاوەستان و داگیرکردنی نیوەی خاکی کوردستانیان پێ ئاسایی بوو.

هەر ئەم ڕۆژاوایە و هەر ئەم کۆمیتەی نۆبێلە، ساڵی ١٩٨٨، کە هەڵەبجە ژارباران کرا و (ئەنفال)ی بەدناو ڕووی دا و هەزاران کچ و ژنی کورد دیل کران و هەرچی خراپە بەسەریان هێنرا، یەک وشەیان لە دەم دەرنەچوو، نەوەک سەددام حوسەینی دۆست و خۆشەویستیان زویر ببێت. نە ئەوسایش و نە ئێستایش نەیانهێشت ڕاستیی ئەو کارەساتانە ئاشکرا بکرێت، چونکە ئەودەم ئەوەیش ئاشکرا دەبوو کە خۆیان هاوبەش و هاوکرداری ئەو تاوانانە بوون.

نادیا خانمی بەڕێز و خۆشەویست! لە دڵەوە پیرۆزبایی لە تۆ و لە نەتەوەی کورد و لە کوردستانی نیشتمانی هەموومان دەکەم. تۆ زۆر لە خەڵاتی نۆبێل گەورەتریت و زۆر لە سیاسەتی ڕۆژاوا پیرۆزتریت. ئازارەکانی تۆ، ئازاری هەموو مرۆڤایەتین و بەشێکن لە مێژووی مەینەت و چەوسانەوە و ژێردەستیی مرۆڤ لە سەرانسەری مێژوودا. تکایشت لێ دەکەم: ئەو ئێوارەیەی کە خەڵاتەکە وەردەگریت و ئاخاوتن پێشکەش دەکەیت، بە کوردی قسە بکە و زۆر ڕوون و ئاشکرا بڵێ: ئەز کوردم و وەلاتێ من کوردستانە.

برینی نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی، نە بە خەڵاتی نۆبێل و نە بە بەڵێن و دۆستایەتیی ڕۆژاوا ساڕێژ دەبێت. ئەم جارەیش، ئەم نووسینەم بە وتە جوانەکەی سۆکرات، فیلۆسۆفی گەورەی یۆنانی، دەبڕمەوە، کە فەرموویەتی: ''خۆت بناسە: Know Thyself! ''.

ئوپسالا، سوێد، ٥-١٠-٢٠١٨


تاگەکان    
کۆمەڵکوژیی بۆسنە ئایا سۆفیا فیلم بووژانەوە دیمانە فەلەستین یادەوەری کورد نیشتیمان ستەم ژن وەلی ئەمر گێڕانەوە ئیلحاد دەروون
فیکر
2018-10-07 کۆمێنت 2742 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی