قورئان چۆن ده‌بێته‌ گوته‌ی خودا له‌ كاتێكدا زۆربه‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌ڵكانی تره‌وه‌؟

فیکر 2018-10-09 کۆمێنت 1456 جار بینراوە

نووسینی: محه‌مه‌د ڕه‌مه‌زان بووتی

وه‌رگێڕانی: میران مه‌جید

یه‌كێك له‌وان ده‌ڵێت (مه‌به‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ قورئان ده‌گرن):

ئێوه‌ سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ قورئان گوته‌ی خودایه‌، له‌ كاتێكدا زۆربه‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌ڵكانی تره‌وه‌. له‌وانه‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی نێوان نوح، هود، له‌گه‌ڵ قه‌ومه‌كانیان و، موسا و فیرعه‌ون. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌ باره‌ی قسه‌ی (موئمینی ئالی فیرعه‌ون) و، ئامۆژگارییه‌كانی لوقمان بۆ كوره‌كه‌ی بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌. ئیتر چۆن ئه‌م قسانه‌ ده‌درێنه‌ پاڵ خودا له‌ كاتێكدا قورئان خۆی له‌م كه‌سانه‌ و خه‌ڵكانی تره‌وه‌ ده‌یانهێنێت؟

منیش ده‌ڵێم: كاتێك ددان به‌وه‌دا ده‌نێین و جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ قورئان فه‌رمووده‌ی خودایه‌، لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ (فه‌رمووده‌) ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر به‌ته‌نها واتای ئه‌و قسانه‌ بده‌ینه‌ پاڵ خودا به‌بێ له‌فزه‌كه‌ی. چونكه‌ ‌گه‌ر وا بێت فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) و قورئان ده‌بن به‌ یه‌ك شت، ئه‌و مانایانه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ) له‌ باره‌یانه‌وه‌ ده‌دوێت له‌ لایه‌ن خوای په‌روه‌ردگاره‌وه‌ به‌سرووش بۆ پێغه‌مبه‌ر هاتوون‌ (به‌ هه‌ڵاوێردنی باسه‌ دنیاییه‌كان و ئه‌و شتانه‌ی كه‌ به‌ ته‌بیعه‌تی به‌شه‌ری گوزارشتیان لێ ده‌كات) له‌م كاته‌دا قورئان و فه‌رمووده‌ ده‌بن به‌ یه‌ك، به‌ ڕوانین له‌وه‌ی كه‌ داڕشتنه‌ له‌فزییه‌كه‌ی له‌ هه‌ردووكیاندا له‌لایه‌ن پێغه‌مبه‌ری خوداوه‌یه‌ (د.خ).

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ لای هه‌موو موسوڵمانێك زانراوه، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قورئان كه‌لامی خودایه‌ به‌ له‌فز و ماناوه‌. واته‌ داڕشتنی له‌فزی له‌ قورئاندا شتێك نییه‌ دروستكراوی به‌شه‌ر بێت به‌ڵكو ئه‌و له‌فزه‌یش دابه‌زێنراوه‌ته‌ سه‌ر دڵی پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ) له‌ ڕێگه‌ی جیبریله‌وه‌. له‌ ڕوونترین ئه‌و به‌ڵگانه‌یش له‌سه‌ر ئه‌مه،‌ ئه‌و شێوه‌ تایبه‌ته‌ جیاوازه‌یه‌ كه‌ داڕشتنی قورئانی پێ جیا ده‌بێته‌وه‌ له‌ داڕشتنی هه‌ر قسه‌یه‌كی تر، له‌ ناو ئه‌وانه‌دا قسه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا (د.خ). به‌ڵگه‌یه‌كی‌ تریش باسكردن و خستنه‌ڕووی ئه‌و ڕه‌وانبێژی(بلاغة)یه‌ ده‌سته‌پاچه‌كه‌ره‌یه كه‌‌ له‌ داڕشتنی كۆی قورئاندا هه‌یه‌ و، له‌ لایه‌ن زانایانی زمانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ خراوه‌ته‌‌ ڕوو.

كاتێك ئه‌مه‌ ڕوون بوویه‌وه،‌ كه‌واته‌ قورئان گوته‌ی په‌روه‌ردگاره‌ چونكه‌ هیچ كه‌سێك ده‌ستی له‌ ڕێكخستن و دانانی هیچ شتێكی قورئاندا نه‌بووه‌. به‌ڵێ گواستنه‌وه‌ی قسه‌ی هه‌ندێ كه‌سی تێدایه‌ له‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی نێردراون بۆ قه‌ومه‌كانیان و كه‌سانی تریش، به‌ڵام ئه‌مه‌ گواستنه‌وه‌ی واتای ئه‌و قسانه‌یه‌ كه‌ له‌فزه‌كانیان له‌خۆی گرتوون نه‌ك گواستنه‌وه‌ی خودی ئه‌و له‌فزانه‌ بێت كه‌ به ‌زمانی خۆیان قسه‌یان پێ كردووه‌، له‌ ڕاستیدا گه‌لانی پێشووتر قسه‌كانیان به ‌زمانی بێجگه‌ له‌ عه‌ره‌بی بوون‌. قورئانیش به ‌زمانی عه‌ره‌بیی ڕاست و ڕه‌وانه‌. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی قورئان ده‌یگێڕێته‌وه‌ له‌ گفتوگۆی نوح و قه‌ومه‌كه‌ی بۆ نموونه‌، له‌ گوته‌ی په‌روه‌ردگاره‌وه‌یه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌یش كه‌ بیروبۆچوونی كه‌سانی ترن و ئه‌و قسانه‌یش كه‌ به‌ زمانه‌كانی خۆیان گۆیان كردووه‌ سه‌رجه‌می گوته‌ی خوای گه‌وره‌یه‌، ئه‌مه‌یش ڕاستییه‌كی زانراو و ئاشكرایه‌ له‌ نێو خه‌ڵكیدا. تۆ ده‌ڵێیت: ئه‌م كتێبه‌ دانراوی فڵانه‌ كه‌سه‌ و، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی قسه‌ی ئه‌وه‌، له‌ كاتێكدا ده‌بینیت ته‌ژییه‌ له‌ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ به‌ وته‌ی خه‌ڵكانی تر. له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ نابێته‌ هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كتێبه‌ هه‌مووی به‌ موڵكی نووسه‌ر دابنرێت، له‌ كاتێكدا ئه‌و واتایانه‌ی كه‌ گۆ كراون له‌ لایه‌ن هه‌ندێ كه‌سه‌وه‌ و قورئان ده‌یانهێنێت، ئه‌مانه‌ ته‌نها كۆمه‌ڵێك واته‌ی په‌تین داڕێژراونه‌ته‌وه‌ به‌ زمانی خاوه‌نه‌كانیان كه‌ هاتووه‌ به‌سه‌ر زمانیاندا به‌ڵام ئه‌و له‌فزانه‌ی كه‌ هاتوون و بوونه‌ته‌ به‌رگێك بۆ ئه‌و واتایانه‌، ئه‌مانه‌ بریتین له‌ له‌فزی قورئان، واته‌ له‌ لایه‌ن خوای په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتوون.

پاشان ئه‌و واتایانه‌ی كه‌ قورئان له‌ پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌ ده‌یانگێڕێته‌وه‌ كاتێك قسه‌یان له‌گه‌ڵ گه‌له‌كانیاندا كردووه ئه‌وانه‌ وه‌حیی خودا بوون بۆیان. له‌ خوداوه‌ هاتوون و، خودای گه‌وره‌ كاتێك ئه‌م مانایانه‌ له‌وانه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه،‌ له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه كه‌ خۆی به‌ وه‌حی بۆی ناردوون له‌ كه‌لامه‌كه‌ی.

به‌ڵام ئه‌و مانایانه‌ی كه‌ قورئان له‌ غه‌یری پێغه‌مبه‌رانه‌وه ده‌یانگێڕێته‌وه‌ وه‌كو ‌(موئمینی ئالی فیرعه‌ون) و قسه‌ی لوقمان له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یدا، ئه‌مانه‌ به ‌كه‌لامی خودا خۆی ده‌گێڕدرێنه‌وه‌. به‌ وته‌ی خودا خۆی (جل جلاله) تۆ ئاگه‌داری ئه‌و قسانه‌ ده‌بیت كه‌ خودای گه‌وره‌ خۆی ده‌یانگێڕێته‌وه‌.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ به‌لاغه‌تی زمانی عه‌ره‌بیدا پێی ده‌گوترێت (الإلتفات)، له‌ ڕه‌وانبێژیی زمانی كوردیشدا هه‌یه‌ و شاعیرانی گه‌وره‌ی ئێمه‌یش به‌كاریان هێناوه‌، بۆ نموونه‌ (مه‌حوی) له‌م به‌یته‌دا ده‌فه‌رمووێت:

له‌ من نازانم ئیتر نه‌فسی به‌دخو چی ده‌وێ (مه‌حوی)

كــه‌ بـه‌د‌كردار و بـه‌دڕه‌فتار و بـه‌دئه‌فكار و ‌بـه‌دته‌ورم

ده‌بینین لێره‌دا مه‌حوی خۆی كردووه‌ به‌ كه‌سی دووه‌می تاك و ده‌بێت به‌ دوێندراو. یاخود له‌ شوێنێكی تردا ده‌فه‌رمووێت:

كـه‌ نـادا (مـه‌حـویا) دادێ بـه‌ حـاڵت

به‌س بێ داد و ئاهـ و ناڵه‌، با به‌س‌  ‌   ‌ ‌  ‌ ‌ ‌

لێره‌یشدا به‌ هه‌مان شێوه‌ وه‌كو نموونه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ مه‌حوی دوێندراوه‌ و له‌ جێگه‌ی كه‌سی دووه‌می تاكه‌.

له‌ شوێنێكی تریشدا خۆی ده‌كات به‌ كه‌سی سێهه‌می تاك (غائیب) و ده‌فه‌رمووێت:

ئێستـا بــۆ لاف و گـه‌زاف هـه‌ركـه‌س ده‌بینـی عــاشـقـه‌

نه‌ك هـه‌مـوو كـه‌س جـانفیدا وه‌ك میم و حێ و واو و یـێ

(مه‌حوی) ئه‌مرۆ زۆر نه‌خۆشه‌ قه‌ت شیفای نایێ به‌ هیچ

گـه‌ر شیفـای بێت بـه‌ بـۆیی زوڵـف و ئـه‌و ئـه‌گـریجـه‌ دێ

ئه‌م بابه‌ته‌ پانتاییه‌كی فراوانی له‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بیدا هه‌یه‌، هه‌ركه‌س ده‌یه‌وێت زیاتر ئاشنای ببێت ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كتێبه‌كانی ڕه‌وانبێژی. وه‌رگێڕ

پاشان ئه‌م گومانه‌ هیچوپووچه‌ له‌ گوته‌ی په‌روه‌ردگار، له‌و پووچێتییه‌ی تر ده‌چێت كه‌ له‌ خه‌یاڵی هه‌ندێ له‌وانه‌دایه‌ كه‌ خه‌ریكی غه‌زوی فیكرین، كاتێك یه‌كێك له‌وان ده‌ڵێت: قورئان زۆر كات به‌ ڕاناوی كه‌سی سێهه‌می تاك (ضه‌میری غائیب) قسه‌كانی په‌روه‌ردگار ده‌گێڕێته‌وه‌، وه‌كو ده‌فه‌رمووێت: {واعبد ربك حتی یأتیك الیقین} (الحجر:99). یاخود {وإذ قال ربك للملئكة إني جاعل في الأرض خلیفة} (البقره‌:30). یانیش {وقضی ربك ألا تعبدوا إلا إیاه وبالوالدین إحسانا} (الإسراء:23). ده‌ڵێن: ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ قسه‌كه‌ر كه‌سێكی تره‌ نه‌ك خودای په‌روه‌ردگار. چونكه‌ ناگونجێت قسه‌كه‌ر و ئه‌وه‌ی قسه‌كه‌یشی لێوه ‌‌گێڕدراوه‌ته‌وه‌ هه‌ر یه‌ك كه‌س بن.

ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پووچێتییه‌ ده‌داته‌وه‌ له‌ تێگه‌ییشتنی ئه‌م ئایه‌تانه‌ و نموونه‌كانیان، ئه‌و ئایه‌تانه‌ن‌ كه‌ خوای په‌روه‌ردگار به‌ ڕاناوی قسه‌كه‌ری گه‌وره‌ (المعظم نفسه) باسی زاتی خۆی ده‌كات، ئه‌م ئایه‌تانه‌یان هێناون و ڕه‌خنه‌یان لێ گرتوون‌ و، بیریان چووته‌وه‌ خودی ئه‌م ئایه‌تانه قسه‌ی ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ باسی زاتی خۆی ده‌كات لێره‌دا به‌ ڕاناوی كه‌سی سێهه‌می تاك (ضه‌میری غائیب)، یاخود به‌ ناوی (الله) یاخود به‌ ناوی(الرب)ه‌وه‌، بۆیه‌ ناگونجێ دوو وه‌همی پووچ كۆببنه‌وه‌: لێره‌ و له‌وێ له‌سه‌ر یه‌ك داوا و بۆچوونی ئه‌وان.

له‌ دوای ئه‌مه‌وه‌ به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌م جۆره‌ گومانانه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌ڵێم: قسه‌كه‌ر كاتێك فه‌رمانی شتێك به‌ گوێگره‌كه‌ی ده‌كات و، ده‌یه‌وێت سه‌رنجی ڕابكێشێت بۆ لای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و شته‌ ده‌یخوازێت و هۆكاره‌كه‌یشی له‌ خودی كه‌سی فه‌رمانكه‌ردا ده‌ر ده‌كه‌وێت، ئه‌و فه‌رمانه‌ به‌ سیغه‌ی قسه‌كه‌ر(موته‌كه‌لیم) داناڕێژرێت، به‌ڵكو به‌ سیغه‌ی كه‌سی سێهه‌می تاك(غائیب) دایده‌ڕێژێت، كه‌ سیغه‌ی ئیسمی موشته‌قی بۆ به‌كار ده‌هێنیت، یاخود وه‌سفێكی ئاگاداركه‌ره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆكار و داخوازیی فه‌رمانه‌كه‌ به‌كار ده‌هێنێت، بۆ نموونه‌ باوك به‌ كوڕه‌كه‌ی ده‌ڵێت ولله المثل الأعلی گوێڕایه‌ڵی باوكت ببه له‌و شتانه‌دا كه‌ فه‌رمانت پێ ده‌كات، لێره‌دا سیغه‌ی (غائیب) كه‌سی سێهه‌می تاك به‌كار ده‌هێنێت، بۆئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی له‌ سیفه‌تی باوكایه‌تی ئاگه‌دار بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و سیفه‌ته‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ گوێڕایه‌ڵیی بۆ كه‌سی فه‌رمانكه‌ر هه‌بێت. گومانی تێدا نییه كه‌ ئه‌م سیغه‌یه ڕه‌وانتر و قه‌ناعه‌تپێكه‌رتره‌ له‌وه‌ی كه‌ بیگوتایه‌: گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانم ببه‌.

له‌م ڕووه‌وه‌یه‌ خوای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت (واعبد ربك حتی یأتیك الیقین) واته‌: په‌رستشی بكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگارته‌ و، ئه‌مه‌ت به‌سه‌ كه‌ وات لێ بكات گوێرایه‌ڵی بیت و په‌رستشی بۆ بكه‌یت. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت {وقضی ربك ألا تعبدوا إلا إیاه} واته‌: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگارته‌ و، گومانیشی تێدا نییه،‌ هیچ په‌روه‌ردگارێكیشت نییه‌ جگه‌ له‌و. هه‌روه‌ها له‌ وێنه‌ی ئه‌مه‌ وه‌كو ده‌فه‌رمووێت {إن الذین یخشون ربهم بالغیب لهم مغفرة وأجر كریم} (الملك:12). هۆكاری ترسان له‌ خوای گه‌وره په‌روه‌ردگارێتی‌(ربوبیة)یه‌تی‌، فه‌رمانه‌كه‌یش له‌گه‌ڵ ئه‌م هۆكاره‌دا گونجاوه‌ و، هه‌موو ئه‌و ئایه‌تانه‌ی قورئانیش باسی زاتی په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ن و به‌ ناوی (الرب) یاخود به‌ ناوی (الله) ناوی ده‌به‌ن له‌ جیاتیی جێناوی قسه‌كه‌ر(ضه‌میری موته‌كه‌لیم) هه‌ر له‌م جۆره‌ن، واته‌ پابه‌ندن به‌و بنه‌مایه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: (الحكم علی المشتق ینبئ‌ عن علیة ما منه الإشتقاق) له‌سه‌رو ئه‌مه‌یشه‌وه‌ ئه‌و وه‌همه‌ی له‌ مێشكی ئه‌و كه‌سانه‌دایه‌ كه‌ گومانیان هه‌یه‌ یاخود گومان دروست ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵێ ئایه‌تی تری زۆر هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و گومانانه‌ بنه‌بڕ ده‌كه‌ن و خوای گه‌وره‌ (جل جلاله) به‌ جێناوی قسه‌كه‌ر(ضه‌میری موته‌كه‌لیم) خۆی ده‌ناسێنێت، وه‌كو ده‌فه‌رمووێت {إنني أنا الله لاإله إلا أنا فاعبدون} (طه:14). یاخود وه‌كو ده‌فه‌رموێت {وأنا ربكم فاعبدون} (الانبیاء:92). یاخود وه‌كو ده‌فه‌رمووێت {إنا نحن نزلنا الذكر وإنا له لحافظون} (الحجر:9).

بۆیه‌ سه‌یرم له‌و كه‌سانه‌ دێت كه‌ ئه‌م دوو وه‌همه‌ دژ به‌یه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ گۆڕه‌پانی خۆبادان و ئه‌قڵیان له‌م گۆشه‌یه‌دا قه‌تیس ده‌كه‌ن. هه‌ر كه‌سێكیش پیشه‌ی وا بێت ده‌مارگیری بپه‌رستێت، ئه‌وا به‌ئه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌یه‌كی سوكه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ڕێیه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.



تاگەکان    
ئابورریی ئیسلامی ئەنیمی خێوەتگە چەواشەکاریی لۆژیکی ئیسرائیل حەج ژیانی پێغەمبەر ڕانانی کتێبب ژن فەرهەنگ ڕانانی کتێب خوێندنەوە ئاوی زەمزەم زانست مێژوو
فیکر
2018-10-09 کۆمێنت 1456 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی