نووسینی: مرتضی الهی قومشهای
وه‌رگێڕان: دڵشاد ئیبراهیم
بەداخهوه زۆرێك وا گومان دەبه‌ن میوه‌ی داری عیشق، ناكام و خه‌ماوییه، عیشق هیچ كات به ویساڵ و شادی كۆتایی نایه، بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بۆچوونه‌یان چیرۆكی (شیرین و فه‌رهاد، له‌یل و مه‌جنون) به نموونه دێننه‌وه. ده‌بێت بێژین ناكامی له عیشقدا له‌به‌ر خودی عیشق نییه، به‌ڵكو له‌به‌ر عیشقی پێنهگهییشتوو و به كه‌ماڵ نه‌گه‌ییشتنه. عیشق به زانین(معرفت) پێ ده‌گات، عیشقی ته‌واو به دوای شادی و ویساڵهوهیه، نه‌ك شوێنكه‌وته‌ی غه‌م و دابڕان. عاشق مهولانائاسا به غه‌م ده‌ڵێت: ئه‌ی غه‌م ئه‌گه‌ر ببیته موویش، ناچیته دڵمه‌وه!
به‌ڵام عاشقێك كه دۆڵه‌كانی زانینی تهی نه‌كردبێت، فهرهادئاسا ته‌وری تیژی عیشق به سه‌ری خۆیدا ده‌كات و عیشق به ناكامی و مه‌رگ كۆتای پێ دێنێت. ده‌بێت بزانین ئامانجی عیشق ویساڵه، نه‌ك فیراق. عیشق وه‌ك ویساڵ پێویستی به شادی و هاوسه‌نگیی ژیانه، نه‌ك به غه‌م و مه‌رگ. ئه‌م هه‌موو هۆنراوه غهمیاوییانەی بۆ عیش نووسراون و ئێستایش له گۆرانی و ئاوازی ئێرانی‌دا ده‌بیستین، ئاڕاستەی به‌رئه‌نجامی ناپێگهییشتووییه به عیشق.
كلتوور وه‌ك باخی گوڵه کە گژوگیا له ناویدا ڕوا بێت، باخه‌وان ده‌بێت ئه‌و گژوگیایانه ڕیشهكهن بكات تا گوڵه‌كان بتوانن پێ بگه‌ن.
غه‌م و خه‌فه‌ت وه‌ك ئه‌و گژوگیایه له ناو كهلتوورماندا سه‌وز بوون، به‌داخه‌وه لێكه‌وتی هه‌ندێك له ڕۆژئاوازهدهكان ئه‌وه‌یه ده‌بێت ئه‌و باخه به ته‌واوی سه‌ر و بن بكرێت و سه‌ر له نوێ بڕوێنرێته‌وه. ئه‌م لێكه‌وته تونده بووه‌ته مایه‌ی دژوه‌ستانه‌وه‌ی سوننەتگهراكان و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، به جۆرێك ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌مڕۆ پێیان وایه نابێت ده‌ست له كلتوور بدرێت هه‌ر چۆنه با وا بمێنێته‌وه. ئه‌م دوو لێكه‌وته لادانێكن ده‌رخواردی یه‌كتر ده‌درێن.
ئه‌مڕۆ پێویستمان به سازكردنی گفتوگۆیه. سوننەتگهراكان و گه‌نجان پێكه‌وه له‌گەڵ خه‌ڵك دانیشن و تێبكۆشن، باخی فه‌رهه‌نگمان به بێ ئه‌وه‌ی زیان به‌ر گوڵه‌كان بكه‌وێت چاك بكرێن. ئه‌م كاره هه‌روا ئاسان نییه و پێویستیی به وردبینییه، بۆ نموونه كاتێك لەگەڵ بابه‌تی غه‌م ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه، ده‌بێت سه‌رنج بده‌ین هه‌موو غه‌مێك گژوگیا نییه. زۆر غه‌م له وێژه و كلتوورماندا لایه‌نێكی بنیادنه‌ریان هه‌یه. ئه‌وه‌ی ده‌بێت له وێژه‌مان بكرێته ده‌ره‌وه غه‌می بێ هووده و وێرانكه‌رن. غه‌م بنیادی پێشه‌كییه‌كه بۆ شادی و، خۆی له به‌رانبەر شادی‌دا نمایش ناكات. حه‌وت گومه‌زی نیزامی به ڕه‌نگی ڕه‌ش ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام به ڕەنگی سپی كۆتاییان دێت.
غهمانێك هه‌ن وێرانكه‌ر و دهردەدارن و پەتان. نابێت عیشقی فه‌رهاد و خۆكوژی و سادهدڵییهكهی ستایش بكه‌ین. زۆر غه‌مبار بووم، كاتێك شیعری شاعیرێكی هاوسهردهمم خوێنده‌وه ستایشی یه‌كه‌مین خۆكوژی سه‌ر بورجی میلادی ده‌كرد، كچێكی گه‌نج به هه‌موو هێزێكی، خۆی له بورجه‌كه خستووەته خواره‌وه، به ناونیشانی شه‌هیدی عیشق یادی ده‌كرده‌وه! ئه‌مه تووشبوونه به دهردهفهرهاد.
گۆرانیی عاشقانه‌مان پێویست نییه ئه‌وه‌نده باس له لێكدابڕان و تاوان و بێوه‌فاییی مه‌عشوق و به‌دبه‌ختی و نه‌خۆشی و مردنی عاشق بكات. مه‌گه‌ر عیشق ویساڵی نییه؟ مه‌گه‌ر عیشق شادیی نییه؟ مه‌گه‌ر عیشق نابێت لێوان‌لێو بێت له شادی و ئومێد؟ تاكه‌ی ستایشی دۆڕاوه‌كان بكه‌ین؟ مه‌گه‌ر قوماری عیشق براوه‌ی نییه؟!