نیوەی کورد یان سیحری لێ کراوە یان جنۆکەی تێدایە!
فیکر
2018-11-13
کۆمێنت
1610 جار بینراوە
نووسینی: هێمن خورشید
ئایا ئایین ئەفیونی گەلان نییە؟
تا ئێستایش لەناو خەڵکی خۆماندا، جۆرە سڵکردنەوەیەک لە چوونە لای دەروونپزیشک ماوە و هەر کەسێک سەردانی کلینیکێکی دەروونی دەکات، حەز ناکات کەس پێی بزانێت، چونکە باوەڕێکی ساویلکانەی کۆمەڵایەتی هەیە، پێی وایە ئەو کەسەی سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕی ئارێشە دەروونییەکان بکات، ئەوا تەواو نییە، یان بە دەربڕینە باوەکە؛ شێتە!
لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵکی بەردەوام پێویستیان بە ڕاوێژی دەروونناسان و دەروونپزیشکانە، لە سادەترین گرفتی خێزانییەوە بیگرە تا نەخۆشیگەلی سەختی وەک خەمۆکی و ڕاڕایی و بەدگومانی و..... هتد.
ئەمەی باس کرا تەنیا نیوەی کێشەکەیە، پرسیارێک کە وەڵامدانەوەی زۆر ئاسان نییە ئەوەیە؛ بۆ ئەو خەڵکەی چوونەلای پزیشکێکی دەروونییان پێ شەرمە و بە عەیبەی دەزانن، بە بێ هیچ جۆرە لەخۆدامان و شەرمکردنێک لەبەردەم تەکیەی ئەم شێخ و ماڵی ئەو مەلا و قاوەگرەوە و فاڵچییەدا بە ڕیز ڕادەوەستن و لە چاوەڕوانی مەرحەتی دارکاریکاری و ژێرپێکوتان و نوشتەنووسینیاندا، تامەزرۆیانە ئارام دەگرن و دەقە دەژمێرن نۆرەیان بێت؟!
بەڕاست کەسێکی ئاوەزکراوە و بوێر لەناو گرۆی دینداراندا نییە دەنگ هەڵببڕێت و بەئاشکرا بڵێت؛ جنۆکە خۆ هەوا نییە بڕواتە ناو جەستەی بنیادەمەوە؟ کەسێک نییە بڵێت؛ ئەمەی گرۆگەلی ئایینی دۆگما دەیکەن گاڵتەکردنە بە خودا پێشی بەندەکانی خودا؟ کابرا دڵی تەنگە پێی دەڵێن جنۆکەت تێدایە، سەرجێی پێ ناکرێت دەڵێن جنۆکە داگیریان کردوویت، ئیشتیهای خواردنی نەماوە، دەڵێن دێو دەستیان لێ وەشاندووی....
لەپاڵ ئەم بابەتی جنۆکەیەدا، بابەتی سیحرلێکرانیش بازاڕی گەرمە و هەر کەسێک جنۆکەی تێدا نەبێت، بە بڕوای ئەو جۆرە مەلا و ئاوەزدۆگمایانە، سیحری لێ کراوە...
بەڕاست سیحر چییە؟ ئایا لەم کۆمەڵگە چەند ملیۆنییەدا ساحیر هێندە زۆرن؟ یان هەموو کەسێک دەتوانێت سیحر بکات؟ ئینجا ماهییەتی سیحر چییە؟ ئایا سیحر کاریگەریی جەستەییشی هەیە یان تەنیا کاریگەریی لەسەر دەروونی بنیادەم دادەنێت؟ کەم ڕۆژ هەیە لە ڕاوێژکاری و کلینیکە دەروونییەکان، پزیشکانی پسپۆری دەروونی چەند کەسێک نەبینن، لەوانەی چوونەتە لای مەلا و شێخ و پێیان وتراوە؛ جنۆکەت لە لەشدایە یان سیحرت لێ کراوە.
لەکاتێکدا سیحر دژی باوەڕە و چەندین ڕێنمایی پەیامبەری ئیسلام هەیە، بە مسوڵمانان دەڵێت؛ نە بچنە لای جادووگەر و نە ئەگەر قسەیەکیشیان کرد؛ بڕوایان پێ بکەن!
بەگوێرەی بڕوای ئەم جۆرە مەلا و دینفرۆشانە بێت، ساحیر شتێک لە خودا کەمتر نییە، ئاخر ساحیرێک بە تەنیا نوشتەیەک، دەستوپێی کەسێک گۆج بکات، لە زمانی بخات، کوێر و کەچەڵی بکات، تەنانەت دەستی بگاتە نێولینگی و ڕێی ڕەپبوونیشی لێ بگرێت، چیی لە خودا کەمە؟
لە شەش ساڵی ڕابردوودا، سەدان حاڵەتی دەروونیم بینیون، تا ئێستا یەک تاقە کەسیشیان نە جنۆکەی لە لەشدا بووە و نە سیحری لێ کراوە، کەچی یەک لە پێنجیان پێیان وتراوە جنۆکە جەستەی داگیر کردوویت یان سیحرت لێ کراوە!
کچه کەسی بە دڵ نییە و ڕاڕایە لە هەڵبژاردنی مێرددا، لە ماڵی باوکیدا ماوەتەوە، پێی وتراوە؛ تۆ بەختت بەستراوە و فڵانە کەس سیحری لێ کردوویت! کوڕە بەدوای شاجواندا دەگەڕێت و بە خەیاڵی هونەرمەند و ئەکتەرەکانەوە ڕۆژ دەکاتەوە و کچێکی ئەم وڵاتە لە ئاستی خۆیدا نابینێت، پێی دەڵێن؛ جادووی ڕەشت لێ کراوە و بەختت هەڵناسێت. ژن و مێرد دانوویان پێکەوە ناکوڵێت و ئەم دەڵێت سیر، ئەو دەڵێت پیاز، بە ژنە دەڵێن خوشکەکانی مێردەکەت سیحریان لێ کردوویت و لەبەرچاوی مێردەکەت ڕەش کراویت....
ئایا ئەمەیە پەیامی ئایین؟ ئایا ئیسلام بۆ ئەوە هاتووە تەبایی لەنێوان خەڵکیدا دروست بکات یان خەڵک بکاتە دووژمنی یەکتری؟
کۆمەڵێک کەسی دینفرۆش و بێویژدان، بە ناوی خوا و پێغەمبەرەوە بازاڕیان گەرم کردووە و بە سایەی سافیلکەیی خەڵکەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گیرفانی کڕیارەکانیان دەڕووتێننەوە و بەرکی خۆیانی پێ قەڵەو دەکەن!
ئەگەر ئایین ئەمە بێت، نیوەی خەڵکی بکاتە سیحرلێکراو و نیوەکەی تریشیان بە ژێردەستە و کۆیلەی جنۆکە، قسەکەی (کاڕڵ مارکس) چ عەیبێکی تێدایە کە گوتوویە؛ ئایین تریاکی گەلانە؟!