نووسینی: ڕەزا بابایی
وەرگێڕانی: عەلی حسێن
ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتداران زۆر سوودبەخش نییە؛ چون ئەوان لە ئەودوای خەڵک جیا نین. کاتێک ڕەوتار و وتاری ئەوان، کەموزۆر هەمان ڕەوتار و وتاری باوی نێو خەڵک بێت، ڕەخنەگرتن لە حکوومەت، تفی ڕووەو ژوورە [و بەر خۆت دەکەوێتەوە]. ئێمە لە دەسەڵات و دەسەڵاتداران، دەرۆزەی سینگفراوانی، دادپەروەری، ویژدان، ڕەچاوکرنی بەرژەوەندە نەتەوەییەکان و دیموکراسی دەکەین؛ بێئاگا لەوەی هیچ حکوومەتێک، لە خەڵکەکەی خۆی باشتر نییە. بۆچی دەبێت حکوومەت سینگفراوان و بەویژدان بێت، لە کاتێکدا خەڵکەکەی ژێردەستی، نازانن سینگفراوانی، ویژدان و قوربانیدان بەری چ دارێکن؟ بەرژەوەندە نەتەوەییەکان چین کە ڕەچاوکردن و پاراستنیانمان تەنیا بە دەسەڵاتداران سپاردووە؟ ئەگەر دسپلۆماسیی دەرەکی بە دەستی حکوومەتەوە بێت، خۆ بەشێک لە ژینگە بە دەستی خۆمانەوەیە. ئاخۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی لە دیپلۆماسیدا کورت هەڵهاتووە؟ ئەدی ژینگە بەشێک لە بەرژەوەند و سامانە نەتەوەییەکان نییە؟ خەڵکێک دارستان و ڕووبارەکان دەکەنە سرکەوان و ژار و زبڵ بە قوڕگی سرووشتدا دەکەن، بۆچی خۆیان بە شایەنی حکوومەتێک دادەنێن کە بەرژەوەندە نەتەوەییەکان دەپارێزێت؟ تانەی ئەوە لە بەرپرسان دەدەین، لە دەوری وەهم کۆ بوونەتەوە و مەستی قسەکانی خۆیانن. بەڵێ، بەڵام ئەوان بۆچی واز لە سەرخۆشی بهێنن و لێی بترسن، کاتێک بەرهەمی خەڵک بۆ حکوومەت، بریتییە لە خەڵووز؟ داوا لە بەرپرسان دەکەین، ڕێز لە ژیانی تایبەتی هاووڵاتان بگرن، بەڵام ئەگەر دەرگایەک بە ڕووی ژیانی تایبەتی کەسێکدا کراوە بێت، تا کونجی ماڵەکەی ژێروژوور دەکەین. نازانین مافەکانی هاوسێیەکی بێزیان چین، وەلێ چاوەڕوانین حکوومەت، مافی زیندانی و تۆمەتبار ڕەچاو بکات. باشە ئێمە لە ماڵ، فرۆشگە، فەرمانگە، گەشتی خێزانی و هەڵبژاردنی خواردندا دیموکراسی لە بەر چاو دەگرین، وا بەتەماین حکوومەتەکەمان دیموکرات بێت؟
بەڵێ، دەسەڵاتڕانان و سیاسەتەکانیان کار لە فەرهەنگی کۆمەڵ دەکەن، بەڵام ئەوە خوو و خدەی خەڵکە، شێوە و کەسایەتی بە دەسەڵاتدار دەبەخشێت. هەر حکوومەتێک، پوختەی چاکی یان خراپییەکانی خەڵکەکەیەتی. کام حکوومەت لە دنیادا، لە خەڵکەکەی چاکتر بووە؟ کام گەل لە مێژوودا لە دەسەڵاتدارانیان خراپتر بوون؟ خۆمان کەی و لە کوێ دڵمان بۆ حکوومەت و دەوڵەت سووتاوە و هەوڵمان داوە، بارێکیان لەسەر شان هەڵگرین، وا هەمان چاوەڕوانیمان لێیان هەیە؟ دیرۆکی ئێران، دیرۆکی ڕووخاندنی حکوومەت و دەوڵەتەکانە نەک چاککردن و دەستگرتنیان. هەر لەبەر ئەمە، حکوومەت لە ئێراندا، هەگیز متمانەی بە خەڵک نییە و لە تێلیگرامەوە تا سایتی (فەرهنگی دهخودا) دادەخات.
لەوانە نیم کە گاریگەریی پێکهاتە و دامەزراوە سیاسییەکان لەسەر فەرهەنگ بە هیچ دەزانن. سیستەم و پێکهاتە سیاسییەکان، کەموزۆر کار لە سرووشت و ئاراستە فەرهەنگییەکانی کۆمەڵ دەکەن؛ لێ لەم سەردەمەدا، گەر پێکهاتە سیاسییەکان لە کەمتر لە بیست ساڵدا، ڕوو لە باشبوون نەکەن، خەتای فەرهەنگی گشتییە. بیست ساڵ کەمە؟ تۆ بڵێ سی، نەخێر بێژە حەفتا ساڵ. لە سەردەمی مەشرووتەوە تا ئێستە، نەمانتوانیوە یەکەم هەنگاویش بنێین. شەقاوی یەکەم، بریتییە لە توانست و لێوەشاوەیی لە کاری دەستەجەمعیدا و دەرچوون لە تاکگەرێتیی پەرتوبڵاو، ئەمەش بە سەختی پەکی لەسەر ئاسانکاری بۆ یەکدی و پێکەوەهەڵکردن کەوتووە. چەند چەتەیەکی زەریایی، دەتوانن یەک لە دوای یەک، سەد دوڕگەی دوورلەیەک و پەرت تاڵان بکەن، بەڵام بە تاقمێکیانەوە، ناتوانن دەست بۆ شارێکی گچکە درێژ بکەن. ئێمە لە شاردا دەژیین بەڵام نەبووین بە شاری؛ بۆیە دەتوانرێت لەو مافانەی بۆ هاووڵات دەستەبەر کراون، بێبەش بکرێین.
گریمان کاریگەریی سیاسەت لەسەر فەرهەنگ، پتر لە کاریگەریی فەرهەنگ بەسەر سیاسەتەوەیە؛ هێشتایش ئەمە مانای ئەوە نادات، تاقە ڕێگەی چاکسازی لە فەرهەنگدا، بریتی بێت لە سیاسەت. لە مەیدانی چاکسازی و لە مەودای درێژخایەندا، فەرهەنگ لە پێشی سیاسەتەوەیە، تەنانەت ئەگەر لە بواری کرداری و لە مەودای کورتخایەندا، کاریگەریی سیاسەت لەسەر فەرهەنگ، بەرچاوتر بێت. لە ڕەوتی درێژخایەنی چاکسازیدا، کاریگەریی فەرهەنگی گشتی لەسەر چارەنووسی وڵات، زۆر لە کاریگەریی فڵان سیاسەتوان و فیسار بەرپرس زێترە؛ بەڵام بە داخەوە، فەرهەنگی گشتی، کەمتر لە فڵان و فیسار بەر ڕەخنە دەدرێت. ئەو پرسیارەی دەبێت بەردەوام بیخەینە بەردەممان و تێوەی ڕامێنین، ئەوەیە: ئێمە شایەنی چیین و چی شایەنمانە و بۆچی دەبێت شتێکمان بوێت، کە لایقی نیین؟
بە طواف کعبە رفتم، بە حرم رهم ندادند
کە تو در برون چە کردی کە درون خانە آیی
واتە: بۆ تەوافی کەعبە چووم، ڕێیان نەدام بچمە ناو حەرەمەکەیەوە، وتیان تۆ لە دەرەوە چیت کردووە تا بێیتە ژوورەوە؟