خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی ئایین و کێشەکان
فیکر
2018-11-28
کۆمێنت
1360 جار بینراوە
ئاڤار قهرهداخی
بهشی سێیهم
یەکێکی تر لەو بەڵگانەی دەخرێنە ڕوو، لەسەر ناسیستەمی و نەبوونی خودا، ھەبوونی شەڕە. م. تەحسین دەڵێت: شەڕ بەڵگەی ناسیستەمیی ئەم بوونەیە، خەڵکی بۆ لەبرسا دەمرن و نەخۆشی لەناویاندا بڵاو دەبێتەوە؟ بۆچی مرۆڤەکان یەکتر لەناو دەبەن؟ ئەوەی ڤۆڵتێر و ئەوانی تر لە سەدەی ھەژدەدا، وەڵامی پیاوە ئایینییەکانیان دەدایەوە، لەبەر ئەوە بەڵگەی سیستەمبوونی بوون بە ڵگەیەکی لاواز بوو، بەڵام ڕووخان و ھەڵوەشاندنەوەی ئەم بەڵگەیە، مانای ڕووخانی بوون و نەمانی خودا نایەت. (ئایین و کێشەکان، ل 10 - 11)
سەرەتا پێویستە کاتێك ئێمە لە جیھان ورد دەبینەوە، لە ھەر ڕوویەکیەوە بێت، فیزیایی، کیمیایی، بایۆلۆجی... لە ڕوانگەی یاسا گشتییەکەوە بێت، تێگەییشتنمان نەوەک حاڵەتە شازەکان، ھەڵەیە حاڵەتە شازەکان بگشتێنین بەسەر بنەڕەتدا، بەڵام بێخواکان (مولحیدەکان) وا نیشان دەدەن، خەیر بوویەکی سانەوی ھەیە و بنەڕەت خراپەیە!
ئێمە دەتوانین خراپە لە جیھاندا دیاری بکەین، چونکە بوونی شەڕ سنووردارە، دەڵێین: نەخۆشی خراپەیە، دیاردە سروشتییەکان ھەندێکیان خراپەن، بەڵام لە بەرانبەردا ناتوانین سەرژمێری خەیر بکەین، بە ھۆی فراوانییەکەیەوە لە بووندا. لە ھەر لایەکەوە لێی بڕوانیت، لەلایەنی یاساکانی گەردوونەوە، ئەگەر مرۆڤ تەنھا تەماشای جەستەی خۆی بکات، شتانێکی زۆر دەبینیت پێی دراون، ھەتا چێژ لە ژیان ببینێت. ئەوە بەشێکی زۆر بچووکە لەم جیھانەدا و، ھەتا بێت زیاتر دەر دەکەوێت.
خراپە شازە، دەرچوونە لە یاسا گشتییەکە کە خەیرە، نەخۆشی دەرچوونە لە بنەڕەت کە لەشساغییە، واتە خراپبوونی کاری بنەڕەتیی یەکێک لە ئەندامەکانە. ئایا ژیرانەیە بڵێین، ئەو سیستەمەی جەستەی لەسەر بە ڕێوە دەڕوات خراپە؟ لەبەر تێکچوونی کاری ئەندامێك؟
وەك (ویلیام لین کریغ) دەڵێت: بوونی موعانات، گومان درووست دەکات لەسەر بوونی خودا، لەسەر ئاستی ڕووکار (صطحی،) بەڵام لە قووڵایییەکانیدا بوونی خودا دەسەلمێنێت، چونکە لە ئامادەنەبوونی خودادا، موعاناتەکان نابنە شتێکی بێزراو، ئەگەر ھاتو مولحید باوەڕی وا بوو، موعاناتەکان شتانێکی بێزراون، یان لەوەی ھەن پێویستە باشتر بن، ئەوا بەو کارە یاسایەکی ئەخلاقییان پێشکەش کردووە، ئەمەیش ناگونجێت لە کاتێکدا نەبێت کە خودا بوونی ھەبێت.
دەتوانین بەم شێوەیە داڕشتن بۆ بەڵگەکە بکەین:
1– ئەگەر خودا بوونی نەبێت، ئەوا بەھا ئەخلاقییە بابەتییەکان بوونیان نییە.
2– شەڕ بوونی ھەیە.
3– بەھا ئەخلاقییە بابەتییەکان بوونیان ھەیە.
4– خودا بوونی ھەیە.
کەواتە کاتێك ددان بە بوونی خراپەدا دەنێین، ئەوا لە دوو حاڵەت دەرناچین، یان ئەوەیە ددان دەنێین بە بوونی بنەما ئەخلاقییە بابەتییەکاندا، کاتێکیش ددانمان نا بە بنەما بابەتییە ئەخلاقییەکاندا، ئەوا دەبێت ددان بنێین بە بوونی خودادا.
یاخود ددان نانێین بە بوونی بنەما بابەتییە ئەخلاقییەکاندا، لێرەیشدا شتێك نامێنێت بە ناوی خراپ و باشەوە.
لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکیشدا لەنێوان (برتراند ڕاسل و فریدریک کوبلسون)دا، ڕاسل دەڵێت: من ھەست بە ھەندێک شت دەکەم کە باشن، ھەندێکیش خراپن، من شتە باشەکانم خۆش دەوێن و، ڕقم لە شتە خراپەکانە.
من ناڵێم ئەم شتانە باشن، چونکە بەشداری دەکەن لە چاکسازیی خوایی.
کوبلسون: بەڵێ، بەڵام پێوەرت چییە بۆ جیاکردنەوەی باش لە خراپ؟ یان چۆن جیاوازیی نێوانیان دەبینیت؟
ڕاسل: ھیچ پێوەرێکم نییە بۆ جیاکردنەوەیان، چۆن شین و زەرد لێک جیا دەکەمەوە؟ پێوەرم چییە بۆجیاکردنەوەی ڕەنگی زەرد و شین لە یەکتر؟ ئەوەیە دەبینم ئەو دوو ڕەنگە جیاوازن لە یەکتر.
کوبڵسون: باشە، ئەوە پێوەرێکی زۆر باشە، من ھاوڕاتم، تۆ جیاوازی دەکەیت لەنێوان زەرد و شیندا بە بینینت، ئەی بە ھۆی چییەوە جیاوازی لەنێوان باش و خراپدا دەکەیت؟ ڕاسل: بە ھەستەکانم.
یەکێک لە فەیلەسووفەکان دەڵێت: کۆبڵسۆن زۆر موئەدەب بووە، ئەگەر من لە باتیی ئەو بوومایە دەمپرسی: ھەندێک شارستانییەت بانگی ئەوە دەکەن، لەگەڵ دراوسێکانماندا باش بین، بەڵام ھەندێکی تریان بانگمان دەکەن، دراوسێکانمان بخۆین، ھەڵبژاردن بۆ ھەر یەکێکیان لەسەر ھەستەکان وەستاوە، ئایا کامیان ھەڵدەبژێریت؟
ددان نان بە بوونی شەڕدا، ڕاستەوخۆ دداننانە بە بوونی خەیریشدا، بوونی خەیریش بەڵگەیە لەسەر بوونی خودا، چونکە خەیر نییە لەنێو جیھانی ماددەی ڕووتدا، بۆیە ( سی. ئاس. لویس) دەڵێت: ئەگەر من مولحید بم و، بەڵگەم لەسەر ڕەتکردنەوەی خودا ئەو ستەم و وەحشیگەرییەیە کە ھەیە، بەڵام چۆن بیرۆکەی ستەم و دادپەروەریم وەرگرت؟ مرۆڤ ناڵێت دەربارەی ھێڵ، ئەوە ھێڵێکی لارە، ئیللا لە کاتێکدا نەبێت، کە مەعریفەیەکی ھەبێت بە ھێڵی ڕاست، ئەی چی دەربارەی ئەم جیھانە؟ کاتێك دەڵێین ئەوە نادادپەروەرییە؟ بە سروشتی وێنای دادپەروەری دەکەین، دەڵێین: ئەوە بەپێی بۆچوونی کەسیی خۆمان نییە کە وا دەڵیین، بەڵام ئەگەر وتمان بەپێی بۆچوونی خۆمان وا دەڵیین (واتە باوەڕمان بە بوویەکی بابەتی نەبێت،) ئەوا بەڵگەکەم لەسەر نەبوونی خودا دادەڕمێت، چونکە بەڵگەکەمان ڕاوەستاوە لەسەر ئەوەی دەڵێین: جیھان نادادپەروەرییە لە حەقیقەتدا، نەك ئەوەی لەگەڵ ئارەزووە تایبەتییەکانی مندا ناگونجێت.
لەلایەکی ترەوە بوونی شەڕ، بەڵگەیە لەسەر درووستبوونی گەردوون و پێویستیی بە پێویستەبوونێك، دەرخەری ئەوەیە کە گەردوون ممکن الوجودە.
(مشکلة الشر ووجود اللە، ص 57 – 67)
لەم ڕوونکردنەوەیەی کردمان بۆمان دەرکەوت، بوونی شەڕ دەلالەت لەسەر دوو ڕاستیی جەوھەری دەکات:
1– بوونی سیستەم دەسەلمێنێت: چونکە شەڕ لادان و دەرچوونە لەو سیستەمەی ھەیە، بۆ نموونە جەستەی مرۆڤ بە سیستەمێک بە ڕێوە دەچێت، کاتێك نەخۆش دەکەوێت ئەوا کەموکورتییەک لەو سیستەمەدا درووست بووە، بۆ گەردوونیش بە ھەمان شێوەیە.
2– بوونی خودا دەسەلمێنێت: کاتێك ددان بە بوونی شەڕدا دەنێین، ئەوا ددان بە باشەیشدا دەنێین، ناشتوانین بە شێوەیەکی بابەتی، باوەڕ بە بوونی شەڕ بھێنین، بەبێ ئیسپاتکردنی خودایەک.
گونجاوی و نەگونجاویی شەڕ لە گەردووندا، ئەوەیان م. تەحسین ھەڵسەنگاندنی بۆ کردووە و، ئێمە لێرەدا ناگەڕێینەوە سەری، تەنھا مەبەستمان بوو بڵێین، بوونی شەڕ دەلالەت ناکات لەسەر نەبوونی سیستەم و فەوزابوونی بوون.
لە کۆتاییی ئەم تەوەرەیەدا دەڵێین: م. تەحسین باوەڕی بە بەڵگە دەرەکییەکان نییە، بەڵگەیەکیش ناخاتە ڕوو بۆ سەلماندنی بوونی خودا. وەك ئەلڤین پلیتینجا پێی وایە، باوەڕ ھەستێکی سروشتییە باوەڕبوون بە خودا، وەك باوەڕبوونە بە چەمکە بنەڕەتییەکانی تر، وەک ئەوەی باوەڕت ھەبێت بە کەسانی دی، وەک ئەوەی ئێمە عەقڵمان ھەیە، وەک باوەڕبوون بە تەندرووستیی ھەستەکانمان، وەك باوەڕبوون بەوەی کە دەڵێین ھەموو گەورەترە لە بەشێك... ئێمە باوەڕمان بەم چەمکانە ھەیە، بەبێ ئەوەی پێویستمان بەوە ھەبێت، بەڵگەیان بۆ بھێنینەوە. (گەشتی عەقڵ، ل 68)
ھەروەھا کاتێک دەڵێت: بەڵگەکانی لەوەوپێش ھەموویان گوماناوی بوون، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بوو بێتن ئەو بەڵگانە، یەکێک باوەڕی پێیان ھەبوو، یەکێک ڕەتی دەکردنەوە، بەڵام لەمەیاندا عیشق و تاسەت بۆ درووست دەکات، ئومێدت بۆ درووست دەکات. ( ئایین و کێشەکان، ل 31)
ئەوا ئێمەیش دەڵێین: ئەگەر بەڵگە دەرەکییەکان جێگەی متمانە نەبن و، نەبووبێتنە جێگەی ئەوەی ھەمووان باوەڕیان پێ بێنن، ئەوا ئەوەی م. تەحسینیش باسی دەکات، ھەمان ڕەخنەی لێ دەگیرێت، توندتریش چونکە پەیوەستە بە ئەزموونەوە. جیاکردنەوەی درووستکەر و خودایش لەلایەن م. تەحسینەوە، بۆ خۆی جێگەی پرسیارە، ئایا بیسەلمێنین ئەم گەردوونە درووستکەرێکی ھەیە، ئەوا ھێشتا نەمان توانیوە خودا بسەلمێنین؟ خودا چ جیاوازیی لەگەڵ درووستکەردا ھەیە؟ حەتمەن ئێمە باس لە خۆمان دەکەین وەک موسوڵمان، ئایا ھەر ئەو درووستکەرە نییە پەیامی بۆ ناردوین؟ یان نەخێر بەلای بەڕێزیانەوە جیاوازە و یەك نیین؟
وتەکەی م. تەحسین لە لاپەڕە (10)دا، کاتێک دەڵێت: ئەگەر ڕاستیش بێت بوونی درووستکەر دەسەلمێنێت، لە کاتێکدا داھێنەر و خودا دوو شتی لە یەك جیاوازن!
بە نیسبەت ئایینە تاکخودایییەکانەوە (تەوحیدییەکان) یان ئیبراھیمییەکان جیاواز نیین، بەڵام باسکردن بێت لە ئایینە وسەنییەکان یان ئایینە بێخواکان ئەوەیان بابەتێکی ترە.
لینکی بهشهکانی پێشوو:
بهشی یهکهم
بهشی دووهم