نووسينى: عه‌بدوڵڵای شێخ
خودا و پێغه‌مبه‌ر و ئایین و ...هتد، بابه‌تی زانستی نین، مه‌سه‌له‌یه‌كی ئیمانین و پێشگریمانه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ونه پێش تاوتوێكردنییانه‌وه. هه‌رچی من به به‌ڵگه‌ی ده‌زانم بۆ بوونی خودا و ڕاستیی په‌یامی پێغه‌مبه‌ر و هه‌قیقه‌تی ئایین، ڕێك لای خه‌ڵكێكی تر پێچه‌وانه‌یه. ئه‌وه‌ی گرێی خستووه‌ته دۆخه‌كه‌وه تێگه‌ییشتنه له پێناسه‌ی (ئیمان، یان ایمان). كورد به‌رانبه‌ر وشه‌ی (ایمان) وشه‌ی (بڕوا) به‌كار دێنێ! له ڕاستیدا وا نییه، بڕوا مانای (اعتقاد)ه.
جیاوازی نێوان (اعتقاد) و(ایمان) ئه‌وه‌یه: یه‌كه‌میان سه‌رپێییه و هه‌وڵ و كۆششی مرۆڤی تێدا نییه، ته‌نها پێی وایه و ئه‌گه‌ر وایش نه‌بێ گرفتێكی نییه. بڕوای وایه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌یه، كه‌چی یه‌كشه‌ممه‌یه، پێی وایه و كه ده‌ر كه‌وت وا نییه تووشی شۆك نایه‌ت، نیگه‌ران نابێت. به‌ڵام ئیمان مه‌سه‌له‌یه‌كی وجوودییه و مرۆڤ ته‌به‌ننای ده‌كا و بوونی له‌سه‌ری ده‌وه‌ستێ، یانی ناكرێ به‌رانبه‌ر به بوون و نه‌بوونی خوا بێلایه‌ن بیت. ئه‌گه‌ر كه‌سێكی به‌ئاگا بیت، دوای شه‌ڕێكی دژوار له‌گه‌ڵ گوماندا بڕیارێكی تایبه‌ت به خۆت له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌ده‌یت و كار بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌كه‌یش ده‌كه‌ی.
ئینسافی ئینسانیه‌ت سه‌لیم بێ، هه‌روا خۆی هه‌ڵ ناداته ناو بابه‌تێكی وه‌ها ئاڵۆزه‌وه، زوبانحاڵی هه‌موومان ده‌ڵێ: ئێمه نیگه‌رانی یه‌كلابوونه‌وه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له وجودییانه و له فه‌زایه‌كی گشتیدا تێگه‌ییشتنی خۆمان ناسه‌پێنینه سه‌ر یه‌كتریدا. پرسیار ده‌كه‌ین، گومان ده‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی به هه‌قیقه‌ت ناسێنراون، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیارێك له‌م باره‌یه‌وه بده‌ین سه‌رپێیی نه‌بێ و ئارامی به خۆمان و چوارده‌ورمان ببه‌خشین.
مێژوویه‌ك و هه‌روه‌ها شكۆیه‌كی كه‌ڵه‌كه بوو كه ده‌درێنه پاڵ ئیسلام، هه‌ر وه‌ك ئه‌و خوێندنه‌وه ناواقیعیانه‌یه كه ئێسته بۆ ئه‌وروپا و رۆژاوا ده‌كرێن، ده‌توانم گومان و پرسیار بخه‌مه سه‌ر زۆر باس كه لای خه‌ڵك شتێكی به‌دیهین. من ده‌مه‌وێ هه‌رچی ته‌كنه‌لۆجیا و زانست هه‌یه بكه‌ونه كار بۆئه‌وه‌ی بۆ منێكی ساده قسه‌یه‌كی ساده بكه‌ن و ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌م بۆ بخه‌نه فۆرمێكه‌وه لێی تێبگه‌م و دڵم ئاو بخواته‌وه. من ده‌مه‌وێ میكانیزمی داڕشتن و وه‌رگرتن و تێگه‌ییشتن ئازاد بێ و، نه من نه تۆ و نه هیچ كه‌سێكی تر ناچار نه‌بێ بكه‌وێته سه‌نگه‌ره‌وه له گه‌ڵ خه‌ڵكێكا سه‌نگه‌ری له دراوسێ و هاوشارییانی خۆیان گرتووه.
نه بوونی شارستانییه‌تیی ئه‌وروپای كافر به‌ڵگه‌یه بۆ لاوازیی بیری ئیسلامی و نه شكۆ و مێژووی ئیسلامیش به‌ڵگه‌یه بۆ لاوازی گومانی مرۆڤی مۆدێرن. خه‌مێكی وجودیمان هه‌یه و ته‌واوی بوونمان به زانست و خوێنه‌واری و شارستانییه‌ته‌وه قه‌له‌قی یه‌كلابوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ پرسێكی ساده‌دا له كوێوه هاتووین و، بۆ كوێ ده‌چین؟