ئیلحادی نوێ وێرانکەرە
فیکر
2019-02-18
کۆمێنت
1528 جار بینراوە
نووسینی: ئاڤار قهرهداغی
بهشی سێیهم(کۆتایی)
یەکێک لە سیماکانی ئیلحادی نوێ، ڕوانینی دوژمنکارانەیە بۆ ئایینەکان بەگشتی و ئیسلام بە تایبەت. لهبارەی ئیسلامهوه، مولحیدی عەرەب محهمهد مزوغی دەڵێت: "ھیچ نییە بیڵێم، تەنھا ئەوە نەبێت ھاوڕابم لەگەڵ ئەو نووسینەی (سامی کاب)، لە پێگەی خۆی بڵاوی کردووهتەوە لە ئینتەرنێت -کۆتایی ئیسلام نزیکە بۆ ھەمیشە، چیدی گوێمان لە دەنگی بانگی گوێدرێژەکان نابێت، مزگەوتەکان چۆڵ و وێران دەبن و پڕ دەبن لە مشک و سیسرک، چیدی نابینین مەڕە سپییەکان بە دەوری کەعبەدا بسوڕێنەوە، مەبەستم قەحبەی ئیسلامییە لە ھەموو ساڵێکدا لە وەرزی حەجد؛ مەبەستم مەوسمی ھەمەجە، ئیتر ڕەمەزان نابینین ھەموو ساڵێک، مەبەستم (مرضان)ه، ئیتر دەگەینە ئارامی، چیدی نەزانی، نەخۆشی؛ دواکەوتوویی، توندوتیژی و ئیرھاب، کوشتن، دزی و، فەساد نامێنن. بەڵێ ژیانێکی باشتر و ئارامتر دەست پێ دەکەین، خۆشەویستی و ئاشتی و ئازادی دێنە دی، بەئاسودەیی و خۆشی و برایەتی پێکەوە دەژین. کاتێک ئیسلام کۆتاییی دێت، کۆتایی بە مێژوویەکی ڕەشی ئازاربەخش دێت، کۆتایی دێت بە ئایینێک کە شارستانییەتی تووشی شەلەل کردووە، سەدان ساڵ بۆ دواوەی گەڕاندووینەتەوە. بە کۆتاییھاتنی ئیسلام پێشکەوتنی زانستی و تەقەنی و پێشکەوتنێکی خێرا لە ھەموو لایەنەکانی شارستانییەتیی مرۆڤایەتییەوە دێتە ئارا و، پەڕەیەکی سپی ھەڵدەدەینەوە و مێژوویەکی نوێ لەدایک دەبێت کە پڕ بێت لە ئاسوودەیی. خۆشەویستی بۆ ئەوکسهی ڕقی لە ئیسلامە.-" (تحقیق ماللإلحاد من مقولة، ص ۲۰٤-۲۰٥)
ههموومان ئەو دێڕانەی محهمهد مزوغیمان خوێندەوە، بینیمان چەندە نابابەتی و ڕقئامێزن، بینیمان چەندە وشەی ناشرینی بەکار ھێناوە، بەڵام با بزانین ئەوە تەنھا محهمهد مزوغی نییە وا دەنوسێت، بەڵکو ئێسته دەیخەینە ڕوو کە مولحیدە دیارەکانیش ھەمان ڕوانینیان ھەیە.
ڕیچارد دۆکینز دەڵێت: "باوەڕم وایە، ئیسلام گەورەترین ھێزە بۆ شەڕ و خراپە لە جیھانی ئەمڕۆدا." (میلیشیا الالحاد، ص ۷۰)
سام ھاریس دەڵێت: "ئێستا کاتی ئەوەیە ددان بەوەدا بنێین، کە ئێمە لە جەنگدا نیین لەگەڵ تیرۆر، بەڵکو لە جەنگداین لەگەڵ ئیسلام." ھەروەھا دەڵێت: "بە دیاریکراوی لە جەنگداین لەگەڵ ئەو ڕوانینە بۆ ژیان کە قورئان دیاریی دەکات بۆ ھەموو موسوڵمانان، ناڵێین لە جەنگداین لەگەڵ ھەموو موسوڵمانان، بەڵام لە جەنگداین لەگەڵ ملیۆنان مرۆڤ کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە قاعیدەوە نییە." (میلیشیا الالحاد، ص ۷۰-۷۱)
کریستۆڤەر ھیتشینز دەڵێت: "ئیسلام بە شێوەیەکی گەورە ھەموو ئەو پێکھاتانەی تێدایە کە گرووپێکی توندەڕەو لە کوشتندا بەرھەم بھێنێت، بە بەراورد بە ھەر دینێکی تر کە مرۆڤ دایھێنابێت." (میلیشیا الالحاد، ص ۷۱)
ئەم بۆچوونانە، ھەمان ئەو بۆچوونەن کە باسکاڵ بۆنیڤاس بۆمانی دەخاتە ڕوو، بۆنیفاس دەڵێت: "موسوڵمان یەکسانە بە ئیسلامی، ئیسلامی یەکسانە بە ئیسلامیی ئوسوڵی، ئیسلامیی ئوسوڵی یەکسانە بە ئیرھابی (تیرۆریست). یان دەڵێن ھەموو موسوڵمانان تیرۆریست نین، بەڵام ھەموو تیرۆریستەکان موسوڵمانن!" (المثقفون المغالطون، ص ٤٤).
لای ھەریەک لەو مولحیدانە، موسوڵمانان یەکسانن بە تیرۆریست، وەک بۆنیفاس دەڵێت: "جیاکردنەوەی موسوڵمانی ئاسایی و توندڕەو تەنھا وەھم و فێڵە، ھیچ حەقیقەتێکی تێدا نییە." ڕاستیش دەکات لە بەشی زۆری ڕاگەیاندنی ڕۆژاوایی و لە دیدی ئەو مولحیدانەوە موسوڵمانان یەکسانن.
چارلیز لی گای ئیتون ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ دەکات، دەڵێت: پاپا ئیوسینتی سێیەم، پەیامبەر موحەممەد بە مەسیحی دەجال وهسف دهكات، دوای حەوتسەد ساڵ داوتی وەسفی موحەممەد دەکات بە عەرەبی بێزراو و زۆردار. لە ساڵی ۱۹۳٦ ئێچ ئەی ئێڵ فیشەر کتێبی مێژووی ئەوروپای نووسی، کە تێیدا وەسفی موحەممەد دەکات و دەڵێت: موحەممەد دڕندە و فێڵباز و ئارەزووباز و نەزان بووە." (الاسلام ومصیر الانسان، ج۱ ص ۳۷)
ئەو ڕوانینە مێژوویەکی درێژی ھەیە، دۆکینز و مێگەلەکەیشی لە نێو چوارچێوەی ھەمان گوتاردا دەسووڕێنەوە.
ڕیچارد دۆکینز دەڵێت: "دەگونجێت تەسلیمی ویستت ببم و ڕێگر ببم لە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنە کاریکاتێرییانە، چونکە دەترسم لە دڕندەییت، بەڵام بۆ تەنھا ساتێکیش وا بیر مەکەرەوە کە ڕێزت لێ دەگرم، ڕێزت لێ ناگرم، من تڕۆت دەکەم." (میلیشیا الالحاد، ص ۷٤)
ئاگاتان لێیە زانا بایلۆجییەکەمان چەندە نەرمونیان و بەئەدەبە؟ ئاخر دۆکینز ھێزی لە دەستدا بێت و سوپایهکی گەورەی وەک سوپاکەی ھیتلەری بخەیتە بەردەست، پێتان وا نییە وەک جوولەکەکانمان بەسەر بھێنێت؟ با بەردەوام بین لەگەڵی، بزانین زانا ئاشتیخوازەکەمان چ سوپرایزێکی تری پێیە بۆمان. ڕیچارد لە باسی منداڵ لەباربردن، دوای ئەوەی چەند دێڕێک نەقڵ دەکات لە ڕاندال تێری، کە دژی لەباربردنی منداڵە و سەر بە ڕێکخراوی تاڵیبانی ئەمریکییە، کە مەسیحە و بانگەشەی مەسیحییەت دەکات و پێی وایە ڕق و کینە باشە، ئامانجیان دامەزراندنی نەتەوەیەکی مەسیحییە، پێیان وایە ئینجیلیان لە ئەستۆدایە. دۆکینز دەڵێت: "ئەم بڵندخوازییە بۆ بەدەستھێنانی ئەوەی، تەنیا دەتوانرێت پێی بوترێت، دەوڵەتێکی فاشیستی مەسیحی، یان نموونەیەکی تەواوی تاڵیبانی ئەمریکییە. دروست ھەر وەکو ئاوێنە، وێنەی دەوڵەتێکی فاشیستی ئیسلامی." (وەھمێک، لا ٦۱٥-٦۱٦)
لێرەیش بە فاشیست ناوی موسوڵمانان دەبات، با بزانین باسکاڵ بۆنیفاس چۆن ئەم چەمکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، بۆنیفاس دەڵێت: "چەمکی ئیسلامیی فاشیست واتە فەلسەفەیەکی ھاوبەشە لە نێوان ئیسلامیی ڕادیکاڵی و بزوتنەوە ئیسلامییەکان، لەگەڵ بزووتنەوە فاشیستییەکان کە لەسەرەتای سەدەی بیست دەرکەوتن. جۆرج بۆشیش لە ساڵی ۲۰۰٦ وتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە جەنگێکدان دژی -فاشیستی ئیسلامی-" (المثقفون المغالطون، ص ٤۷-٤۸) ئیسلام بە فاشیست ناو دەبەن، فەرقیشی نییە دۆکینزی مولحید بێت، بۆشی دەبلیو بێت، تەنھا بزووتنەوە ڕادیکاڵەکانیش بە فاشیست ناو نابەن، بەڵکو ھەموو موسوڵمانان بە فاشیست ناو دەبەن، ڕەنگە بڵێن وا نییە، با بزانین باسکاڵ بونیفاس دەڵێت چی لەو بارەیەوە: "جیاوازی دادەنێین لە نێوان موسوڵمانە میانگیرەکان و موسوڵمانە ڕادیکاڵەکاندا، بەڵام ئەم جیاکردنەوەیە ھیچ نییە فێڵێک نەبێت، موسوڵمانە میانگیرەکان زۆرینەی موسوڵمانانن، کە میانگیرن، کاتێك موسڵمانێک کە ڕێز لە ڕێساکانی ئیسلام نەگرێت، ڕۆژوو و نوێژ گوزارشتن لە ڕادیکاڵیەتی ئایینی" (المثقفون المغالطون، ص ٥۳).
جلوکیسمان لە ساڵی ۱۹۹٤ لە گۆڤاری (ئیکسپرێس) لە ژمارەی ۱۷ لهبارەی باڵاپۆشییهوه دەڵێت: "باڵاپۆشی کردەیەکی تیرۆریستییە. لە فەڕەنسا خوێندکارانی ناوەندیی خوێنگەرم، دەزانن کە باڵاپۆشی خوماری خوێنە!" (المثقفون المغالطون، ص ٥٥)
لە ساڵی ۲۰۱۰ مارین لوبان نوێژی موسوڵمانانی لەسەر شەقام چواندووە بە داگیرکاریی نازییەکان لە جەنگی دووەمی جیھانی.(المثقفون المغالطون، ص ٥۲).
با تەماشایەکی وتەیەکی تریش بکەین، تەماشای ئەو ڕستەیە بکەین کە لە (چارلی ھیبدۆ) بڵاو کرایەوە، لە ژمارەیەکی تایبەت لهبارەی وێنە کاریکاتێرییەکانی پەیامبەر موحەممەد-هوه، کە زیاتر لە ٥۰۰ ھەزار نوسخەی لێ بڵاو کرایەوە، تێیدا ھاتوە: "ئێمە دژی شمولییەتین، دوای شکستھێنانی فاشییەت و نازییەت و، ڕوخانی ستالین، جیھان ڕووبەڕووی ھەڕەشەیەکی گشتگیر بووهتەوە، ئەویش جووڵانەوەی ئیسلامییە(الاسلامویة)." (المثقفون المغالطون، ص ٤۸).
بۆنیفاس دەڵێت کوا ئەو پۆلە مودەڕەعانەی ھیتلەر؟ کوا ئەو سەدانھەزار سەربازەی ئەڵمانیای نازی؟ کوا ھەزاران چەکی زەڕی و دەیانھەزار دەبابەی یەکێتیی سۆڤییەت؟ بێگومان موسوڵمان ھیچ کام لەوانەی نییە، بەڵام وەک بۆنیفاس دەڵێت، دەبێت ئەو بەراوردە بکەن، چونکە ئەوان بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانیان ئامادەن درۆیش بکەن، ئەوەتا بۆنیفاس دەڵێت: "پێمان دەڵێن عەرەب ھەر به جین توندڕەون." (المثقفون الـغالطون، ص ٥۸) مەبەستیشیان لە عەرەب بە تەنھا عەرەب نییە، بەڵکو مەبەستیان کۆی موسوڵمانانە. با سەیریش نەبێت بەلامانەوە، ئەوەتا
ویلیام ئیمرسون دەڵێت: "ئەوەی لە بێباوەڕیی ئهم زهمهنهدا نوێیە بەتەنیا بریتی نییە لە دوژمنداری و چەواشەکارییەکەی، یاخود ڕەواجپێدانی لەلایەن ڕاگەیاندنەکانەوە، یاخود ئەوەی بەشێوەیەکی زانستییانە باس لە ئایین دەکات، بەڵکو نوێترین لایەنی بریتییە لە ھێرشکردنە سەر ڕەفتارە ئیسلامییەکان، بەڵکو ھێرشکردنە سەر خوودی ئیسلام" (خورافەی ئیلحاد، لا ٥۷۰)، ویلیام ئیمرسۆن جوانی وتووە، ئەوەتا دۆکینز نەرمییەکی نواندووە بەرانبەر بە مەسیحییەت و دەڵێت: "بە پێی زانیاریی من ھیچ مەسیحییەک نییە باڵەخانەیەکی تەقاندبێتەوە، گوێمان لەوە نەبووە کە ھیچ مەسیحییەک خۆکوژ بێت، ھیچ بانگخوازێکی مەسیحی شک نابەم باوەڕی بەوە ھەبێت ھەڵگەڕانەوە لە ئایین سزاکەی کوشتنە، من بەرانبەر مەسیحییەت ھەستی جیاوازم ھەیە، ئێستا باوەڕم بەوە ھەیە دەکرێ مەسیحییەت قەڵایەک بێت بۆ پاراستنمان لە شتێکی خراپتر(مەبەستی ئیسلامە)" (خورافەی ئیلحاد، لا ٤٨٨).
دۆکینز سەرەتای گرێ دەروونییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کە لە قوتابخانەی ناوخۆیی ئەنجلیکانی، لە تەمەنی ۹ ساڵیدا لەلایەن مامۆستایەکی لاتینیی پەیوەست بە کەنیسەی ئەنجلیکانی، تووشی دەستدرێژیی سێکسی دەبێتەوە. (نفسیة الالحاد، ص ۱۱٦)، دۆکینز لە ژێر کاریگەریی ئەو ڕقە زۆرەی بۆ ئایین ھەیەتی بۆ ئیسلام دەڕوانێت، ئاساییشە پاشەکشە بکات لە ھەندێ بۆچوونی دەربارەی مەسیحییەت، بەتایبەت کە لە ڕۆژاوادا زوومەکە لەسەر ئیسلامە بۆیە دۆکینزیش زوومەکەی دەخاتە سەر ئیسلام، کەمێکیش دۆخەکەی ھێمن دەکاتەوە لەگەڵ بیرمەند و زانا مەسیحییەکان، کە بەردەوام لە گفتوگۆ و دیبەیتدان لەگەڵی و، بەردەوام وەڵامی دەدەنەوە. دۆکینز شارەزایش نییە لە ئیسلام، ئەوەتا مەھدی حەسەن لێی دەپرسێت، چی دەڵێیت دەربارەی خودای قورئان؟ دۆکینز دەڵێت: "لەڕاستیدا زۆر نازانم دەربارەی ئەو خودایەی لە قورئاندا باسکراوە."(حوارات سیدنی، ص ۱۰۸)
دۆکینز لەگەڵ ئەوەیش زانیاریی نییە، بەردەوامە لەسەر ئەوەی ئیسلام بە سەرچاوەی تیرۆر بزانێت، لە کاتێکدا بە پێی ئامارێکی (ئێف بی ئای)، کە سەرژمێریی کردووە بۆ کردە تیرۆریستیەکان لە ساڵی ۱۹۸۰-۲۰۰٥ ، دەریخستووە کە ۹٤٪ ی ھێرشەکان موسوڵمانان ئەنجامیان نەداوە.
ھەروەھا پێگەی (گلۆباڵ ریسێرچ) لە لێدوانی لەسەر ئەو ئامارە دەڵێت: "زیادەڕەویی زۆر کراوە لە پیشاندانی ئیسلام و موسوڵمانان بە تیرۆریست، لە کاتێکدا زیاتر ۹۰٪ی کردە تیرۆریستیەکان لە ئەمریکا ناموسڵمانان پێی ھەستاون." (اسس غائبة، ص ۲۰٤-۲۰٥)
بەڵام ڕیچارد دۆکینز دەست ھەڵناگرێت، دەڵێت: "ترسنکاترین دوو جەنگ لە مێژووی نوێ ئایین بەرپرس نەبووە لە ھەڵگیرسانیان." مەھدی حەسەن لێی دەپرسێت: کاتێک دوو گەورەترین جەنگ ئایین لێی بەرپرس نەبووە، بۆچی ئایین ھێندە لۆمە بکرێت؟ دۆکینز دەڵێت: باوەڕێکی دۆگمایی بە بیرێکی دیاریکراو، بۆنموونە مارکسییەت، یان ئیسلام، یاخود نازییەت، ھەتا نیشتمانپەروەریی قووڵ، ئەمانە ھەموویان بیروباوەڕی زیانگەیێنن، کە پاڵ بە شوێنکەوتەکانییانەوە دەنێن بۆ کاری توندوتیژی و کوشتن." (حیوارات سیدنی، ص ۱۱٤)، دەبینین دۆکینز گرێی دەروونیی ھەیە، دیسان دێت ئیسلام دەئاڵێنێت بە مارکسییەت و نازییەتدا، ئێ بۆ؟ چونکە دۆکینز وای پێخۆشە، ئەگەر وانەکات چۆن بێت و دەروێشەکانی بگەوجێنێت؟ بە کورتی و پوختی جەنگە خوێناوییەکانی سەدەی نوێ مولحیدەکان و فەلسەفە ئیلحادییەکەیان لێی بەرپرسن، بەو شێوازە لە ھێرشکردنە سەر ئایین و ئیسلام بابەتەکە پەردەپۆش نابێت. دۆکینز و ھاوشێوەکانیان لەلای بەشێک لە مولحدەکانیش بێزراون ھێندە ناشرین دەدوێن، ئەوەتا ماسیو نسبت ویس دەڵێت: "پرسیارم لێدەکەن دەربارەی بیروباوەڕم، بە پێکەنینەوە دەڵێم مولحیدم بەڵام مولحیدێکی نەرمونیان." (میلیشیا الالحاد، ص ٥٤)
سەرچاوەکان
٭وەھمێک، ڕیچارد دۆکینز، و.نوری کەریم، ۲۰۱٦، چاپخانە تاران.
٭زیاتر لە تلیاک، کۆمەڵێک نووسەر، و. بابان ئەنوەر و ئەوانی تر، ئەندێشە، ۲۰۱۸.
٭خورافەی ئیلحاد، عەمر شەریف، و.موزەفەر عەوڵا قەسرێی، تەفسیر، ۲۰۱۸.
٭ناڕێکییەکانی مارکس، فازڵ قەرەداغی، ڕێن.