مرۆڤایەتی، جێگرەوەی ئایين؟

فیکر 2019-02-22 کۆمێنت 1681 جار بینراوە

نووسینی: محه‌مه‌د جه‌بار


تێبینی: مەبەستم لە وشەی بێباوەر پووچگەراكانه‌.

ئايا دەتوانين بابەتگەلێكی وەك ئەخلاق، بەها، دانايی و پايەكان، بەبێ بابەتی خودا-نەك دين- بنیات بنێیین؟

دوای ئەوەی كە ئيله‌ن مەسك ماشێنه‌که‌ی بەرەو دەرەوەی خولگە نارد، ئەم بابەتەم بەبيردا هات. بيرم لەوە دەكردەوە گەر وڵاتان ڕازی بن مرۆڤ بۆ دەرەوەی زەمين بنێرن بۆ ژيان-مارس بەنموونە- و بڕياريان لەسەر ئەوە بوو كەسێکی بێباوەڕ بنێرن، بە بیانووی ئەوەی ئایین لەگەڵ سەردەم و پێشکەوتن نامۆیە، ئاخۆ ئەو كەسانە گەر وەچەيان خستەوە و بە بێباوەڕی پەروەردەكران چ دەقەومێت؟

ڕەگەزی مرۆ هەزاران ساڵ لەژێر كاريگەریی ئايیندا ژياوە، ئايینيش توانيويەتی بابەت گەلێكی وەك ئەخلاق و ياسا و بيروباوەڕمان بۆ دابين بكات، بگرە تەنانەت بابەتی زمان و ڕێزمانيش.

بۆيە ڕەوايە بپرسين ئایە دەتوانين نەوەيەكی بێباوەر پەروەردە بكەين لەسەر سيستەمێكی ئيلحادیی ڕووت و ڕەها؟

بۆ ئەوه‌ی ئەو هەوڵە سەر بگرێت دەبێت بەربەست بۆ دين و لێككەوتەكانی لەگه‌ڵ جۆره‌یلێك لە هونەر دابنێين لەگەڵ ڕەتكردنەوەی هەر بابەتێك كە هەستێك ببزوێنێت پەيوەندیی بە غەيرە جيهان و مادەوە ببێت و، بەرەو جيهانی تری بڕفێنێت يان بەرەو ديوە ميتافيزيكيیەكان سەما بكات.

چونكە هەموو ئەوانە هەستی نامۆبوونی مرۆڤ و پێويستیی بە جيهانی ڕۆح زياتر دەكه‌ن، هەرچەند ئەو پێشگریمانەیەیش ئێستە قورسە چونكە هەموومان -بە بێباوەڕەکانیشەوە- لەژێر سێبەری ئایينداين چ بە لايەنی ئەرێنی چ بە نەرێنیش، دەتوانین ئەوەیش دووپات بکەینەوە کە ئەخلاقی بێباوەڕان زۆربەی هەرەزۆری کاریگەریی بوونیەتی بە ئایین و ئەخلاقە بنەڕەتییەکان بە ڕێگەیەکی هەستپێنەکراو بەڵام پتەو، تەنانەت لە کاتی ڕەخنەگرتن لە ئایین دیسانەوە کاریگەر دەبێتەوە بە ئەخلاقی ئەوانەی کە بەرانبەرین. گریمان ئێمە لەم بیردۆزەمان پاشەکشەیەکمان کرد بۆ ئەوەی سیناریۆکەیان بگونجێت. هەوڵ دەدەین تێڕوانینێکی مەعریفی(ئیپیستیمۆلۆجی)مان هەبێت بۆ چەمکی ئەخلاق، تەنها لە دونیابینیی بێباوەڕانەیشەوە دەڕوانین.

هەرچەندە لە دیدگه‌ی بێباوەڕێكی‌ وه‌ك‌ ڤلادیمیر لینین-دامەزرێنەری دەوڵەتی سیکۆلاری بەڵشەفی-یەوە ئەخلاق تەنها فێڵێکی میتافیزیکە، ئەنگلزیش لە کتێبی(أصل العائلة والدولة والملكية الخاصة) جەخت لەو خاڵە دەکاتەوە کە سیستەمی خێزانی سەردەم پیاوسەنتەرییە، ئامانجیش لەوە بریتییە لە خستنەوەی وەچەیەک کە باوکیان زانراوبێت، بۆئەوەی میراتیان بەربکەوێت، بەڵام ئێمە زیاتر لە حەقی خۆمان دێینە خوارەوە، با وا دابنێین سیستەمی ئەخلاقی بێباوەڕان سیستەمێکی تەواو نموونەیی دەبێت، ئەخلاقێک کە بە ناخی مرۆڤ ڕۆ چووبێت، ڕەسەن، ڕوون. پێکەنینەکە لێرەدا ئەوەیە کە بانگخوازانی بێباوەڕی، دەبێت ڕەنجێکی زیاتر لە پێغەمبەران بدەن کە لە پێناو ئایین دەیاندا، چونکە درۆی میتافیزیکییان بە دەستەوە نییە! نە بەهەشت نە ئاگر، هیچ قازانجێکی داهاتووشیان به‌ دەستەوە نییە بۆ ڕاگرتنی بەهاکان.

بیرمەندی ئینگلیزی جۆن لۆک دەڵێت "ئەگەر هەموو ئومێدی مرۆڤەکان سنووردار بکرێن له‌سه‌ر ئەم جیهانە، ته‌نها سەرچاوەی چێژمان ئەم جیهانە بێت، لە ڕووی لۆژیکییەوە هیچ نامۆ نییە کە بەدوای ئەو هەستەدا بڕۆین لەسەر حسابی کوڕ و باوکیشمان بێت" ئەمە پارادۆکسە، بگرە خراپتریش! بەڵام با جارێکیتریش خاتریان بگرین، لە خەیاڵماندا وا وێنا بکەین کە سیستەمەکەیان چەسپاند بە هەر ڕێگەیەک بێت، بڕیاریشیان داوە کە کێبەڕکێ لەگەڵ بڕواداران –په‌یڕه‌وانی هه‌ر ئایینێک بن- بکەن، وازیان لە خراپە و تاوان و شەڕیش هێناوە، دەستیان داوه‌ته‌ ئەخلاقێکی نموونەیی و پڕ تەقوا! بەڵام دیسان پارادۆکسێکی تر ملەقوتە دەکات!

لە ڕوانگەی بێباوەڕەکانەوە هیچ مانایەک بۆ باشە و خراپە یان ستەم نامێنێتەوە، چونکە ستەم بە مانای خستنەشوێنی شتێکی نەشیاو دێت، هەروەها شوێنی شیاو لە جیهانی فیزیکی و ماددیی ڕەها بریتییە لەو شوێنەی یاسا فیزیکییەکان بۆی دادەنێن، پاشان لەبەرئەوەی دانە ئەتۆمێک نییە کە دژیەک بوەستێتەوە لەگەڵ یاساکانی سروشت، کەواتە هەموو شتێک لە شوێنی خۆیەتی، ئەو کاتەیش خراپە و ستەم لەو جیهانە مادییە و سیستەمە بێباوەڕێتییە بوونی نابێت. لێرەدا مرۆڤە بەدبەختەکانی سەر مەریخ، لەوە تێدەگەن کە یاساکانی سروشت یەکسانە بە یاساکانی ئەوان بەبێ هیچ زیاد و کەمێک، بە تێپەڕبوونی کات پارادایمی ئەوان دەگۆڕێت، لە مرۆڤەوە دەبن بە ماشێنێکی بایۆلۆجی، کە مێشکیش ناتوانێت هیچ خۆی تاک بکاتەوە بە بیروباوه‌ڕێکی جیاواز، چونکە ئەوکات حسابی ئەوە دەکرێت کە مرۆڤ پاژێکی تری غەیرە ماددەی تێدایە، سیستەمەکە هەرەسی هێنا! چاویش لەمە دەپۆشین!  هەروەک وتمان مێشک کە ناتوانێت خۆی لەو سنوورە دەرباز بکات بە فیکر، لە هەمان کاتدا ناتوانێت بە هەستیش خۆی جیا بکاتەوە. چونکە هەر هەستێک -هەستی ئیمانداری و ویژدان بە نموونە- ڕوو لەو تاکە بکات، لە دیدگه‌ی ئەوانەوە لە ئاستێکی ماددە یان دۆخێک زیاتر تێپەر ناکات، وەک ئەوە دێتەوە کە کەسەکە سەرخۆش بووە. نەک هەر ئەوەیش، لەو پارادایمە بێباوەڕییانەوە، مرۆڤ پاشگەز دەبێتەوە لە مرۆڤسەنتەری، سروشتی ماددە  کە بنچینەیە دەبێت بە سەنتەر، ئەمەیش هەنگاوێکی ترە لە ڕووخانی مرۆڤایەتی.  

لەم چوارچێوە مادییەدا، مرۆڤایەتی دەبێتە پاشخوانی میتافیزیک، بۆ نموونە یارمەتیدانی کەمئەندامان هیچ مانایەکی بۆ نامێنێتەوە هەر هەوڵدانێکیش بۆی دژی یاسای هەڵبژاردنی سروشتییە، چونکە ئەگەر پەرەسەندن بەو شێوەیەی ئەوان ڕاست بێت، ئەو کاتە دەبێتە یاسایەک لە یاساکانی سروشت، پارێزگاریکردنیش لەو یاسایە سەروترە وەک لە پارێزگاریکردنێک لە کەمئەندامێک، هەربۆیە قەلاچۆپێکردن بۆ کەمئەندامەکان باشترین دەرهاوێشتەیان دەبێت.

جیهانێک بە یاسای مانەوە بۆ باشترینە یان بەهێزترین و گونجاوترین ببرێت بەڕێوە؛ دیسانەوە لە چوارچێوە مادییە تەسکەکەیانەوە ناتوانرێت خەونەکانی مرۆڤایەتی پێ بهێنرێتە دی؛ ئەوکاتیش زاناگەلێکی وەک سام هاریس دەبنە ڕابەری ئەو کڵاوە بابردووەی مەریخییەکان کە لە تێڕوانینی ئەو (هاورەگەز بازی خراپ نییە چونکە یاسای ماددە و سروشتی نەبەزاندووە بەڵام فرەژنی تاوانە!) هیوادارم ئەوکات زەمینییەکان بە تەکنۆلۆژیاکانی ئەو ماشێنە بایۆلۆجییانە هەڵنەخەڵەتێن، وەلێ باوەڕ ناکەم بگەنە ئاستێک کە بتوانن شارستانه‌تییه‌ک دروست بکەن.


تاگەکان    
تەکنۆلۆژیا كتێب ستەم بوووژانەوە کوردستان کۆیلایەتی بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن فیلم کورد مردن تەنیایی زانایان ئەیاد قنێبی دەروونی جەنگی هۆشیاری
فیکر
2019-02-22 کۆمێنت 1681 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی