بێستون ژاڵه‌یی
ئه‌نفال هه‌ر به پێوە سه‌ربڕینی چیرۆكه‌كانی عیشق و
سه‌ربورده‌كانی بەرگری و
ڕفاندنی مینبه‌ره‌كانی نوور و
سووتاندنی ده‌فته‌ری حیكایه‌ته‌كانی دڵداری بوو .
ئه‌نفال نه‌بووایە
ته‌كیه‌ی شێخ حسه‌ینی هه‌زاركانی زیكری لێ نه‌ده‌بڕا و
ئاوایی بێ ملی نه‌وی نه‌ئه‌كرد
ئه‌نفال ڕازی عیشقی هه‌زار فه‌رهادی زینده‌به‌چاڵ كرد و گۆزه‌ی دڵی هه‌زار شیرینی شكاند
ئه‌نفال چاوی ڕه‌شی گوڵاڵه سووره‌ی گه‌رمیانی كوێر كرد و دڕكی له گه‌ردنی ناسكی كچه كونه به‌كۆڵه‌كانی ئاوایی ئاڵان
ئه‌نفال دنیا ئاخری بوو، دنیا ئاخری!
********************
ئه‌نفال ڕاپێچكردنی ئومه‌تێكی پاكی خوا بوو
بۆ تۆپزاوه و نوگره‌سه‌لمان!
ئه‌نفال ئه‌گه‌ر له كورد نه‌قه‌ومایه
هی هه‌ر گه‌لێكی تر بووایه
ئێستا شوێنێك بۆ ئه‌نجامده‌رانی له نه‌خشه‌ی دنیادا نه‌بوو
********************
ئه‌نفال بۆ سڕینه‌وه بوو له وجوود
ئایا ئیدی یه‌كدی ناسڕینه‌وه؟
ئه‌نفال به خیانه‌ت بووه ئه‌نفال
ئه‌رێ دوای ئه‌و مێژووه
جاش نه‌ما، خیانه‌ت كۆتایی هات ؟!
*******************
ئه‌نفال هه‌ناسه‌ی قبووڵنه‌كردنی جیاوازی و
زاڵكردنی لۆژیكی هێز بوو
ئه‌ی دوای ئه‌نفال هه‌موو جیاوازییه‌كانمان قبووڵ كرد!
له‌جیاتی لۆژیكی هێز، هێزی لۆژیكمان به‌كارهێنا!
********************
ئێستا ئه‌بێ هه‌ركێ له خۆتان بپرسن
له ئه‌نفاله‌وه چی فێر بوون؟
ئه‌نفال چی له ڕه‌فتارمان گۆڕی؟
ئه‌نفال بومه‌له‌رزه‌یه‌ك بوو كوردستان و كورده‌واریی هه‌ڵته‌كاند
دوای ئه‌و زه‌لزه‌له وێرانكه‌ره چیمان بیناكرده‌وه وچۆن؟!
دوای ئه‌نفال چی گۆڕا؟
قیامه‌تی ئه‌نفال چ حه‌شرێكی به‌دوای خۆیدا هێنا؟
دوای ئه‌نفال خوێمان كرده زامه‌كان یا هه‌توان ؟
گوڵمان چاند یا ژه‌هر و ڕق؟!
دڵمان دایه‌وه یا دڵمان شكان؟!
دوای ئه‌نفال
گوند و ڕۆحه ڕووخاوه‌كانمان ئاوا كرده‌وه
یا مانای ڕه‌قترمان دایه كاولكردن!
دوای ئه‌نفال بیناییمان بۆ كانی و کارێزه كوێركراوه‌كان گه‌ڕانده‌وه!
یا ئه‌و چاوانه‌شمان ده‌رهێنا كه ده‌ستی ئه‌نفالی پێنه‌گه‌یشتبوو!
چیمان كرد، دوای ئه‌نفال
ئه‌نفال هه‌وێنی هه‌ستانه‌وه وشۆڕش بوو له ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یه‌كدا
ئه‌نفال به‌س بوو بۆ بینایه‌كی هه‌زار ساڵی
به‌ڵام كه ئێمه تێنه‌گه‌ین؟
به ئێمه چی؟!
********************
ئه‌نفالمان نه‌خسته سه‌ر زمانی گوڵ، نه‌مانكرده لۆگۆی گه‌شه‌پێدان
ئه‌نفالمان ده‌رباز نه‌كرد له لاڵانه‌وه و لاواندنه‌وه، نه‌مانكرده ئومێد وپرۆژه!
هۆلۆكۆست جووی كرده خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت
جوولەکەی كرده هێزی نه‌رمی هه‌موو شوێنێ
هۆلۆكۆست جوولەکەی برده دوند و لوتكه، كردنیه بڕیاربه‌ده‌ستی دنیا
ئێستا كه‌س ناتوانێ به‌خه‌یاڵیش گومان له كۆكوژیی جوو بكا!
به‌ڵام كورد نه‌بێ كه‌س ئه‌نفال ناسه‌لمێنێ
دوای هۆلۆكۆست جوولەکە كه‌وتنه ناو هه‌موو گرێبه‌سته‌كانی دارایی و ده‌وڵه‌تداری
جووی دوای هۆلۆكۆست گه‌وره‌تر، به‌هێزتر ،كاریگه‌رتر، ژیر وحسابیترن له پێش وتاوان وكۆسته‌كه؟
ئه‌ی ئێمه‌ی دوای ئه‌نفال ؟
ئه‌نفال چی لێكردین وچیمان له ئه‌نفال كرد
كوردی دوای ئه‌نفال هه‌ر ئاردی ناو دڕكن وتۆزی ده‌م با؟
كوردی دوای ئه‌نفال، ئه‌نفالی تریش كران
ئه‌نفال هه‌ر له ده‌شتی گه‌رمیان و مله‌سوورە و قه‌ڵای قۆره‌توو و تۆپزاوه نه‌ما
ئه‌نفال گه‌یشته شه‌نگال وكۆجۆ و دوورترین كونجی دونیا!
********************
ئای له كوردبوون
چ ژانێكی ئه‌به‌دی و
چ ده‌ردێكی گران و
چ حه‌سره‌ت وچ خه‌م و چ نقومبوونێكی خنكێنه‌ره!
وای له كوردبوون !
كه یه‌كسانه به هه‌ده‌ردانی هه‌له‌كان
كوردبوون كۆمان ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر سفره‌ی ڕق وهه‌ڵچوون و كاردانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه!
كوردبوون بینینمان كورت ده‌كاته‌وه بۆ به‌رپێمان
كوردبوون نایه‌ڵێ تێبگه‌ین!
كوردبوون له ئه‌نفالیشا!
په‌رته‌وازه‌ین و كه‌وتینه سه‌ر ڕێچكه پێچاوپێچه‌كانی مێژوو
جێماین وشوێنمان له نه‌خشه‌ی دنیادا
كه‌وته ناو خانووه له‌وحین و دارینه زیاده‌ڕۆكانی
كه‌نار شاری گه‌وره‌ی گه‌ردوون
چ هێڵه‌ی پێكردین ڕۆژگار ؟!
چه‌ن خراپ بووین بۆ خۆمان ؟!
چه‌ن دووركه‌وتینه‌وه له ئاسۆ ؟!
چه‌ن دابڕاین له دنیا؟!
***************
ئێوه بڵێن : ئه‌نفالیش توانیی ژیرمان كا ؟
ئه‌نفال فێری كردین پشتی یه‌ك بگرین و یه‌كمان خۆش بوێ ؟
ئه‌نفال تێی گه‌یاندین چوار ده‌ورمان ئاگره و بڵێسه‌ی گڕ ڕووی لێمانه ؟!
ئه‌نفال نیشانی داین بۆ خۆپاراستن وپه‌ڕینه‌وه
ده‌بێ زنجیره‌ی به‌یه‌كه‌وه‌بوونمان نه‌پچڕێ !
تا نه‌سوتێین ونه‌خنكێین !
ئه‌نفال ده‌رسی داین كه ترازان یه‌كسانه به ئه‌نفالكران!
ئه‌رێ گه‌لۆ
توخودا چۆن ئومه‌تێكین؟
كه له‌و تونی مه‌رگه تێنه‌گه‌شتین!
كه ئه‌و هه‌موو خوێن وهه‌تك و هاوار وقیژه و خنكان وحه‌شر و نه‌شره جۆشی نه‌داین و دروستی نه‌كردینه‌وه!
********************
ئه‌نفال هات وئه‌نفال ڕۆیی :
نه ده‌وڵه‌ت و نه‌قه‌واره و نه قه‌رار و نه ژیارمان بونیاد نه‌نا .
ئه‌نفال هات و ئه‌نفال ڕۆیی :
هه‌ر یه‌كترمان سڕیه‌وه
تۆوی یه‌كمان بڕیه‌وه !
ئه‌نفال هات وئه‌نفال ڕۆیی:
نه‌بووینه هیچ
له‌سه‌ر كورسی ئه‌رز و ئاسمانمان نایه یه‌ك
شه‌ڕی به‌ش و گیرفانی خۆمان وه‌ك شه‌ڕی پیرۆز نیشاندا
ئه‌نفال هات وئه‌نفال ڕۆیی :
هه‌ر شه‌ڕمان بوو له‌سه‌ر یاڵ وگردۆڵكه وقه‌زا وناحیه و باره‌گا و قوتابخانه ومه‌قه‌ڕ و مه‌كۆ وماقڵه‌ی مناڵانه .
ئه‌نفال هات وئه‌نفال ڕۆیی :
نه مۆنۆمێنت و نه‌په‌یكه‌ر و نه مه‌زارێكی جیهانی !
ئه‌نفال هات وئه‌نفال ڕۆیی:
كۆسته‌كه‌مان نه‌خسته سه‌ر نه‌خشه‌ی تاوانی جیهانی
هه‌ر خۆمان به جینۆسایدی ده‌ناسین!
ئه‌نفال هات وئه‌نفال ڕۆیی :
به‌ڵام هه‌رده‌م كه له مایك ومینبه‌ر و شاشه‌كانه‌وه ده‌م ئه‌كه‌ینه‌وه هه‌ناسه‌كانمان بۆنی ئه‌نفال وسڕینه‌وه‌ی لێ دێ .
ئه‌نفال هات و ئه‌نفال ڕۆیی :
پاره‌ی دنیامان كه‌وته ده‌ست ،به‌ڵام ئه‌م كه‌س وكاره سه‌ربه‌رزانه‌ی قوربانییان، هێشتا هاوار ودادیانە
بۆ ژیانێ به كه‌رامه‌ت، بۆ له‌تێ نان!
ئه‌نفال هات وئه‌نفال ڕۆیی :
ئازاره‌كانمان نه‌كرده داتا
تاوانه‌كه‌مان نه‌خسته سه‌ر زمانی جیهان
كتێبه‌كانی ئه‌نفالمان نه‌نووسییەوه
مۆزه‌خانه‌ی ئه‌نفالمان ئاوا نه‌كرد
وه‌ك جوو كۆسته‌كه‌مان به دنیادا نه‌گه‌ڕان
ئه‌نفال هات وئه‌نفال ڕۆیی :
گه‌وره وگه‌ردونی نه‌بووین
نه‌كراینه‌وه، وازمان له ته‌شهیر وته‌خوین وقه‌سوه‌ت له دژی یه‌كتر نه‌هێنا!
ئه‌نفال هات وئه‌نفال ڕۆیی :
به‌خۆماندا نه‌چووینه‌وه، ڕانه‌چڵه‌كین، دروست نه‌بووینه‌وه ، دانه‌خراین ونه‌كراینه‌وه ، نه‌برژاین ونه‌بڕاینه‌وه، نه‌مردین ونه‌ژیاینه‌وه !
ئاخ چ حه‌سره‌تێكین ئێمه وئه‌نفال؟!