تابلۆ: زانست و خێر، پابلۆ پیکاسۆ.
نووسینی: بێستوون عه‌بدولکه‌ریم
دیارده‌ى زانست مژارێكی نامێژوویی و نه‌گۆڕ نییه، به‌ڵكو بابه‌تێكی مێژووكرد و خوڵقاوه. زانست به بێ جیاوازیی لقه‌كانى، گه‌نجینه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی مێژووی ژیاری مرۆڤه و لێكه‌وته‌ى پرسیار و گومان و بنكۆڵی ئاده‌میزاده. كه‌واته زانست گرێدراوی ژیانه، زاده‌ى بیركردنه‌وه و به‌هره‌كان و كۆششه‌كانی مرۆڤه، په‌یوه‌ندیی به سروشت و هه‌لومه‌رج و هۆشیاریی كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه دامه‌زراوه‌كانی میری و ڕژێمی حوكمڕانی و بونیاده‌كانی كۆمه‌ڵگا، شوناس و بایه‌خ و پێودانگی زانست له وڵات‌دا دیاری ده‌كه‌ن. فه‌لسه‌فه‌ى په‌روه‌رده و خوێندنيش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى فه‌لسه‌فه و كولتووری سیاسیی وڵاته. ناسینی فۆرمی سیاسی، پێشمەرجی تێگه‌یشتنه له كه‌رتی په‌روه‌رده و خوێندن، كه‌واته عه‌قڵی سیاسی، په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی خوێندن و په‌روه‌رده داده‌ڕێژێت، چونكه بنه‌ما و سیاسه‌ت و ڕژێم و دامه‌زراوه‌كانی زانستخوازی، له بنه‌ڕه‌ته‌وه پارێزه‌ری كۆڵه‌كانی حوكمڕانین و ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه درێژه به ته‌مه‌نی سیاسیی خۆی بدات. ده‌توانین بڵێین مانا و گرنگی و كاركردی زانست له ناو ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراس و خه‌ڵكسالار و كراوه و بێداردا جیاوازه له پێناسه و به‌هاى زانست له ناو ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆری و كۆمه‌ڵگایه‌كی شڵه‌قاو و خه‌واڵوو و دۆشداماودا. پرسه‌كه ئه‌وه‌یه، زانست له ناو ڕژێمه سته‌مكارییه‌كاندا ده‌بێته قوربانیی ئه‌و پۆلێنبه‌ندییه بێ بنه‌ما و ناڕاسته‌ى كه پلانداڕێژه‌رانی په‌روه‌رده و خوێندن بۆ جۆر و به‌هاى زانسته‌كان ده‌یكه‌ن، هه‌ندێك له زانسته‌كان پیرۆز ده‌كه‌ن و ڕه‌واجی پێ ده‌ده‌ن و، پۆلێكی تریش له زانسته‌كان په‌راوێز ده‌خه‌ن و به چاوێكی سووك و كه‌م ته‌ماشای ده‌كه‌ن. ڕژێمه سته‌مكاره‌كان به سروشت ڕقیان له "زانسته مرۆییه‌كان" ی وه‌كو فه‌لسه‌فه و كۆمه‌ڵناسی و سیاسه‌ت و مێژووه و هه‌ر زانستێك بانگه‌وازی ڕابوون و هۆشه‌مه‌ندی بكات و ختووكه‌ى مێشكی مرۆڤ بدات، سڵی لێ ده‌كه‌نه‌وه و هه‌وڵی پاكتاوكردنی ده‌ده‌ن، له‌به‌رانبه‌ردا شه‌یداى "زاسته ئه‌زموونییه‌كان"ی وه‌كو پزیشكی و ئه‌ندازیاری و یاسا و فیزیا- ن. زانستی مرۆیی، زانستێكه بیر له مرۆڤ‌سازی و ڕه‌خنه‌سازی و ئاگامه‌ندی ده‌كاته‌وه و زانسته ئه‌زموونییه‌كانیش، چون زانستی په‌تین و سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ ماده و جه‌سته و ژماره‌دا هه‌یه و زياتر مژۆڵی تاقیكردنه‌وه و پشكنینن، داهێنانه‌كانی ئه‌م بوارانه هیچ مه‌ترسییان بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان تێدا دروست نابێت وهیچ له شكۆ و پێگه‌ى ئه‌وان كه‌م ناكەنەوە. ئه‌م وتانه ماناى ئه‌وه نییه كه ئه‌ندامانی ئه‌م زانسته ده‌ستیان له تێڕامان و هۆشیاریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی شۆردووه و ڕوویان له مه‌عریفه‌ى مرۆیی وه‌رچه‌رخاندووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكوومه‌تێكی پیشه‌یی و كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست هه‌بێت، ئه‌م جیاوازییانه ده‌سڕێنه‌وه و هه‌موویان به ته‌نیشت یه‌كه‌وه خزمه‌ت دەکەن. زانسته‌كان كۆمه‌ڵێك توخم و ڕه‌گه‌زن و یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن و په‌یكه‌ربه‌ندیی زانستی پێكده‌هێنن. هه‌ر جۆره جیاكارییه‌ك كه ڕه‌ونه‌ق و ناوبانگ ببه‌خشێته زانستی سروشتی و زانستی كۆمه‌ڵایه‌تیش ئیفلیج و به‌ره‌ڵا بكات، نیشانه‌ى هه‌ژاریی مه‌عریفی و كۆڵه‌واریی فیكرییه. شه‌و و ڕۆژ به مه‌به‌ست له ڕێگه‌ى میدیا و بازاڕ و ده‌زگاكانه‌وه، بانگەشە بۆ ئه‌م په‌تا زانستییه ده‌كه‌ن .