نووسینی: فههمی عهلی عهزیز
ڕاستە کە ناتوانرێ نکووڵی لە هەندێک خزمەتی سەرمایەداری بکرێ، بەڵام ئەگەر بەراورد بکرێت بە کارەسات و کارە شەیتانییەکانی، ئەوا وەکو دەنکە لمێک وایە لەناو بیابانێکی فراواندا.
سەرمایەداری وەکو داینەسوورێکی دڕندەی برسی وایە، هەرچییەکی دێتە بەردەم هەڵی دەلووشێت و ئەوەیشی پێی ناخورێت و لە توانایدا نییە، سەرەتا ڕامی دەکات و پاشتر دەیکاتە ئامرازێکی پەیداکردنی ژەمە خۆراکەکانی. زانست بە دەست سەرمایەدارییەوە، ڕێک ئاوهای لێ هاتووە.
سەرمایەداری لە ڕووکەشدا خۆی وا نمایش دەکات کە خزمەتکاری زانستە و دواجاریش خزمەتکاری مرۆڤایەتی، کەچی زۆرجاران وا نییە و پێچەوانەکەیەتی.
کاتێ سەرمایەداری خۆی دەخزێنێتە ناو کایە زانستییە جیاوازەکانەوە، ئیدی تا ڕادەیەکی زۆر وا لەو زانستە دەکات، دابماڵرێت لە ڕێکار و سنوورە ئەخلاقییەکان. بۆ نموونە کە سەرمایەداری دێت و وەبەرهێنان لە کەرتی تەندرووستیدا دەکات، ئیدی زانستی پزیشکی وەکو ژمارەیەکی بێگیان و ڕەقەمێکی بۆرسەیی لە مرۆڤ دەڕوانێت و پزیشکیش وەکو بارزگانێکی لێ دێت، بەڵام جیاوازییەکەیان تەنیا لەوەدایە کە جۆری پیشەکەیان جیایە. (پزیشکم تەنیا وەکو نموونەیەک هێنایەوە ئەگەرنا نموونەی تر و پیشەی تریش زۆرن. ئینجا ئەم دەردە تەنیا تایبەت نییە بە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتی و دواکەوتووەکان، لە ئەوروپا و ئەمریکایش هەیە، لە فۆرمێکی تردا)
ئەوەتا سەرمایەداری خۆی خزاندووەتە ناو توێژینەوە پزیشکییەکان و بە ئارەزووی خۆی یاری بە داتای ئەنجامی توێژینەوەکان دەکات، هەتاوەکو بڕێک پارەی زیاتر بماشێتەوە.
تۆ دیقەتی ئەو دووڕووییە ناشیرینەی سەرمایەداری بدە، هەر خۆی پیشەسازیی جگەرە و کانزا و ماددەئالوودەکەرەکان و چەک و زۆری تری کۆنترۆڵ کردووە و قازانجیان پێ پەیدا دەکات، هەر خۆیشی بە زانست بۆی سەلماندووین کە ئەوانە زیانی زۆری وەکو شێرپەنجە و نەخۆشیی تریان هەیە، بەڵام لەولاوە هەر سەرمایەداری کۆنترۆڵی یاسایشی کردووە و ناوێرێ نقەی لێوە بێت.
بەهەمان شێوە خۆی خزاندووەتە ناو زانستی کشتوکاڵ، ئەندازیاری، تەکنەلۆجیا و ...هتد
بە بۆچوونی من، شتێک نییە بە ناوی جەنگی جیهانی سێیەم و ئەو شتانەوە، تەنانەت جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانییش تەنیا ناولێنانن و جۆرێکن لە چەواشەکاری و زمانی ئەکادیمی. جەنگی سەرمایەداری، جەنگی جیهانیی حەقیقییە، ئەو جەنگەیە کە ساڵانە سەدان هەزار خەڵک دەکوژێت و هێشتا سوپاسیشی دەکرێت.