نووسینی: مسته‌فا مه‌له‌كیان
وه‌رگێڕانی: دڵشاد برایم
ده‌توانین ئه‌م جۆره تهنیایییه به‌م جۆره پێناسه بكه‌ین: هه‌ستی ته‌نیایی واته «ئه‌و هه‌سته‌ی هیچ كه‌سێك منی له‌به‌ر خۆم خۆشنه‌وێت»، ئه‌مه یه‌كێكه له ماناكانی ته‌نیایی كه زۆر ئازارده‌ره. مرۆڤێك باوه‌ڕی به خودا نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره تهنیایییهدا ده‌سته‌ویه‌خه‌یه، بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته ده‌توانین به‌مشێوه‌یه ڕوونی بكه‌ینه‌وه:
ئه‌گه‌ر هه‌بوویه‌ک بیه‌وێت ئێوه‌ی خۆشبوێت، ده‌بێت به ته‌واوی له ئێوه بێ‌نیاز بێت و هیچ حهوجێیهكی پێتان نه‌بێت، هه‌بوویه‌ك ئه‌گه‌ر سه‌ره سوزنێك ئاتاجی به ئێوه هه‌بوو، به‌و پێوه‌ره ئێوه‌ی له‌به‌ر خۆتان ناوێت؛ به‌ڵكو بۆ خاتری به‌دیهاتنی پێویستییه‌كانی خۆیه‌تی.
ئه‌م داوه‌رییه ته‌نیا بۆ مرۆڤ نییه، به‌ڵكو بۆ هه‌ر هه‌بوویه‌كی ڕاستگۆیه كه پێویستی به منه، ئه‌و هه‌سته‌ی به من نیازداره تا ئه‌و كاته‌ی ئاتاجمه یان تا ئه‌و ئه‌ندازه‌ی نیازێكی هه‌یه، له‌و ڕووه‌وه‌ی پێویستی پێمه، ناتوانێت منی له‌به‌ر خۆم خۆش بووێت، ئه‌و منی له‌به‌ر خۆی ده‌وێت.
ئه‌مه به زمانێكی تاڵ، سوریال و ساده به‌مجۆره ڕوون ده‌بێته‌وه، ئه‌و هه‌بووه تا ئه‌و كاته و به‌و ئه‌ندازه‌ی ئاتاجمه من وه‌كو پاروویه‌ك ده‌بینێت، مومكینه كه‌سێك تۆی نه‌وه‌د له سه‌د له‌به‌ر خۆت خۆش‌بووێت وده له سه‌د بۆ پێوستییه‌كانی خۆی، به‌ڵام هه‌بوویه‌ك هیچ نیازێكی به من نه‌بێت و ته‌نیا له‌به‌ر خۆم خۆشی بوێم؛ ته‌نیا خودایه له من بێنیازه، ئه‌گه‌ر خودا نه‌بێت هیچ هه‌بوویه‌ك نییه، ئێمه‌ی له‌به‌ر خاتری خۆمان خۆشبوێت.
له قورئاندا ئایه‌تێك هه‌یه به بۆچوونم زۆر قووڵ و وجوودییه، مرۆڤ له دۆخێکی تایبه‌تدا وێنا ده‌كات - ئێمه له ده‌قی ئه‌م ئایه‌ته ده‌رده‌چین و گه‌ڕانێكی وجوودی ده‌كه‌ین-، وه‌كو پارووه گۆشتێكه له ده‌نووكی هه‌ڵۆیه‌ك ده‌كه‌وێته خوار، ئه‌و شیوه‌ی ئه‌م گۆشته‌ی تێ ده‌كه‌وێت زۆر قووڵه، پارووه گۆشته‌كه تا ده‌گاته زه‌مین، له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌ر باڵنده‌یه‌ك ده‌نووكێك له گۆشته‌كه ده‌دات و به گوێره‌ی توانای خۆی لێی ده‌بات، كاتێك ئه‌م پارووه ده‌گاته بنی شیوه‌كه هیچی لێ نه‌ماوه‌ته‌وه، هه‌ر مرۆڤێك له ژیانیدا باوه‌ڕی به خودا نییه، وه‌كو ئه‌و پارووه گۆشته‌یه. هه‌ركه‌سه و به ڕێژه‌یه‌ك ده‌توانێت به‌هره‌مه‌ند ببێت.
ڕۆمانی "پیره‌مێرد و زه‌ریا"ی همینگوای ئه‌م بابه‌ته ده‌خاته ڕوو: پیره‌مێرد دوای سێ ڕۆژ سه‌رگه‌ردانی به‌ناو زه‌ریادا ماسییه‌كی هێنده گه‌وره ڕاو ده‌كات له به‌له‌مه‌كه‌یدا جێگه‌ی نابێته‌وه، ناچار به لێواری بهلهمهكهوهی ده‌به‌ستێت، له ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كه‌ناری زه‌ریاكه، سهگهماسی هێرش ده‌به‌نه سه‌ر ماسییه‌كه و پاروو و پاروو لێی ده‌خۆن. ته‌واوی ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پره‌مێرده‌كه جه‌نگه له‌گه‌ڵ سهگهماسییهكاندا، تا ده‌گاته‌وه كه‌نار زه‌ریاكه، ته‌نیا ئێسكی ماسییه‌كه ماوه‌ته‌وه، واته ته‌واوی گۆشتی به‌ده‌ستهاتووی ته‌مه‌نێكی ده‌خۆن. له قورئاندا به« یخطفی» ته‌عبیری كردووه، «تخطف» واته به‌خێرایی شتێك له شوێنێك بڕفێنیت، قورئان ده‌ڵێت، «یتخطفه الطیر» ئه‌مه مانای «تهنیایییه».
بڕوانن ئه‌مه ڕه‌وشت ناشرینیی(قبح اخلاقی) تێدا نییه، ئه‌مه خراپ نییه كه تۆ به چاوی ته‌ماحه‌وه له "مه‌له‌كیان" بڕوانیت، به‌ڵكو تۆ پێوستت به منه به ئه‌ندازه‌ی نیازت، له من ده‌به‌یت، ئه‌م ڕسته كه عارفێكی ئه‌ورووپی ده‌یڵێت: «خودایا چی بكه‌م؟ من له خۆم ده‌ڕفێنیت»، ئه‌مه بناغه‌ی هه‌موو جیهانه. من پێویستم به كیلۆیه‌ك په‌نیره و، خاوه‌ن دووكانیش به پاره، هه‌ردووكمان له‌یه‌ك ده‌به‌ین، ئه‌مانه له ڕووی ئه‌خلاقه‌وه ناشرین نین. به‌ڵام هه‌ستی ته‌نیایم تێدا چێ ده‌بێت، كاتێك هیچ خاوه‌ن دووكانێك ئاماده نییه به‌بێ پاره و له‌به‌ر خۆم په‌نیرم پێ بدات، هه‌ست به ته‌نیایی ده‌كه‌م! ئه‌مه نموونه‌یه‌كی ماددی به‌رده‌ست و جوان بوو. ئه‌م بابه‌ته له ته‌واوی په‌یوه‌ندییه مرۆڤایه‌تییه‌كاندا ڕاستگۆیانه‌یه و هیچ ڕه‌وشت ناشرینی نییه.
ڕووی مه‌رگه‌ساتی ئه‌م پێشهاته ئه‌وه‌یه «خۆم له‌گه‌ڵ خۆم هه‌مان په‌یوه‌ندیم هه‌یه!» وهزشكارێك به نموونه: له بۆكسێن یان كێشبهرزكردنهوهدا یاری ده‌كات -ئه‌م نموونه دێنینه‌وه، چونكه زیانی زۆری بۆ جه‌سته هه‌یه- ده‌زانێت بیست ساڵی تر هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی لاشه‌ی له ده‌ست ده‌دات. هه‌مووان ده‌زانن هیچ بۆكسهرێک له پیریدا له‌ش و لارێكی ته‌ندروستی نه‌بوو، به‌ڵام بۆ خۆی به‌دوای پاره و ناوبانگ كه‌وتووه، بۆ نموونه "محه‌ممه‌د عه‌لی كلای" كاتێك چووه نێو یاریی بۆكسێنهوه ده‌یزانی له كۆتاییی ته‌مه‌نیدا به‌و ڕۆژه ده‌گات، به‌ڵام چون به‌دوای پاره و ناوبانگدا ده‌گه‌ڕا یان هه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی بوو، ئه‌م كاره‌ی كرد، یانی ئه‌ویش به چاوی بێنیازانهوه له خۆی نه‌ده‌ڕوانی.