غه‌یبه‌تكردن

فیکر 2019-08-25 کۆمێنت 1686 جار بینراوە

نووسینی: ئیمام غه‌زالی، كتێبی «كتاب الاربعین»

وه‌رگێڕانی: دڵشاد برایم


خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: "يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اجْتَنِبُوا كَثِيرًا مِّنَ الظَّنِّ إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ ۖ وَلَا تَجَسَّسُوا وَلَا يَغْتَب بَّعْضُكُم بَعْضًا ۚ أَيُحِبُّ أَحَدُكُمْ أَن يَأْكُلَ لَحْمَ أَخِيهِ مَيْتًا فَكَرِهْتُمُوهُ ۚ وَاتَّقُوا اللَّهَ ۚ إِنَّ اللَّهَ تَوَّابٌ رَّحِيمٌ" [الحجرات:12] پێغه‌مبه‌ری ئازیز «» ده‌فه‌رموێت: «غه‌یبه‌ت له‌ زینا قورستره‌»خودا نیگای بۆ پێغه‌مبه‌ر مووسا كرد: "كه‌سێك بمرێت و له‌ غه‌یبه‌ت په‌شیمان بووبێته‌وه‌، كۆتا كه‌سه‌ ده‌چێته‌ به‌هه‌شته‌وه‌، كه‌سێك بمرێت و له‌سه‌ر غه‌یبه‌تكردن سور بووبێت، یه‌كه‌مین كه‌سێكه‌ ده‌چێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌." پێغه‌مبه‌ر «» ده‌فه‌رموێت: "ئه‌و شه‌وه‌ی برام بۆ شه‌وڕه‌وی، گه‌یشتم به‌ قه‌ومێك به‌ نینۆک ده‌موچاوی خۆیان ده‌ڕنی، پێیان وتم ئه‌مانه‌ كه‌سانێكن غه‌یبه‌تیان ده‌كرد." بزانه‌ غه‌یبه‌ت له‌ فه‌رمووده‌كانی په‌یامهێنی ئه‌زیزدا ئه‌وه‌یه‌: «ده‌رباره‌ی برایه‌كت قسه‌ بكه‌یت، ئه‌گه‌ر بیبیستێت خۆشحاڵ نه‌بێت، هه‌رچه‌ند ڕاستیش بێت»

‌گه‌ر قسه‌ی تۆ ده‌رباره‌ی كه‌می له‌ نه‌فس و عه‌قڵ، كه‌لوپه‌ل و نه‌ژاد و ماڵ، ئاژه‌ڵه‌كه‌ی بێت یان ده‌رباره‌ی چتانێك ‌به‌ ئه‌وه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڵێیت: قۆڵی كراسه‌كه‌ی ده‌ڵپه‌ یان درێژه‌، به‌ غه‌یبه‌ت هه‌ژمارن، له‌ خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئازیزدا ناوی پیاوێكیان هێنا و وتیان پیاوێكی ته‌نبه‌ڵه‌‌ پێغه‌مبه‌ر فه‌رمووی: «غه‌یبه‌تیت كرد»، دایكه‌ عائیشه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئافره‌تێكی باڵاكورت كرد پێغه‌مبه‌ر فه‌رمووی: «غه‌یبه‌تیت كرد»، له‌م فه‌رمووده‌یه‌وه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌، غه‌یبه‌ت ته‌نها وابه‌سته‌ نییه‌ به‌ زمانه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌كرێت به‌ نیشانه‌کردن، ده‌ست، جووڵه،‌ لاساییکردنه‌وه‌، ئاماژه‌كردن یان بڵێیت: هه‌ندێك له‌ هاوڕێیانمان فڵان و فڵان سیفه‌تیان هه‌یه‌.

بزانه‌ خراپترین جۆری غه‌یبه‌ت، غه‌یبه‌تێكه‌ تێگه‌یشتووان ده‌یكه‌ن بۆ نموونه‌ ده‌ڵێن: سوپاس بۆ خودا، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماڵی دنیا به‌ نزیكی له‌ كۆشكی پاشایان تاقی نه‌كردوینه‌ته‌وه‌، یان ده‌ڵێن: «په‌نا به‌خودا له‌ بێئابڕوویی ده‌گرین» به‌م قسه‌یه‌ بیه‌وێت مه‌به‌ستێك بگه‌یه‌نێت یان: ئه‌گه‌ر فڵان ئه‌و به‌ڵایه‌ی ئێمه‌ پێوه‌ی ده‌ناڵێنین و ناتوانین له‌ كۆڵی خۆمانی بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌ویش گرفتار نه‌بوایه‌، ژیانێكی خۆشی ده‌بوو، داوا له‌ خودا ده‌كه‌ین ئێمه‌ و ئه‌و‌یش بپارێزێت» مه‌به‌ستی له‌م قسانه‌دا غه‌یبه‌تی ئه‌وانی تره‌، ئه‌و به‌ ڕیاكار نیشان ده‌دات و خۆیشی به‌ پیاوچاك، به‌م چه‌په‌ڵییه‌ خۆی و ئه‌وانی تریش فریو ده‌دات وا گومان ده‌كات غه‌یبه‌تی واز لێ هێناوه‌، یان جارێك ده‌بینێت هاوه‌ڵێكی خه‌ریكی غه‌یبه‌تكردنی كه‌سێكه‌ و ئاماده‌بووان ئاگایان لێی نییه‌، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بووان بهێنێته‌وه‌ بۆ ناو دانیشتنه‌كه‌ گوێیان له‌ غه‌یبه‌ته‌كه‌ بێت، ده‌ڵێت: «سبحان الله‌» چی شتێكی سه‌یره‌! وه‌سیله‌یه‌ك به‌كارده‌هێنێت و، سوود له‌ زیكری خودا ده‌بینێت، بۆ جیلوەکردنی كاری چه‌په‌ڵی خۆی، یان ده‌ڵێت: من نیگه‌رانی فڵانم داواكارم خودا تۆبه‌ی من و ئه‌ویش قبووڵ بكات، له‌ حاڵێكدا مه‌به‌ستی دووعای خێر نییه‌ به‌ڵكو ده‌یه‌وێت ئه‌و ڕسوا بكات، ئه‌گه‌ر دڵی بۆی بسووتایه‌ كه‌موكورتی و تاوانه‌كانی ئاشكرا نه‌ده‌كرد.

یه‌كێك له‌ كاره‌ ناشرینه‌كان مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ری له‌ غه‌یبه‌تكردن سووڕبمێنێت و به هۆكاری ئه‌وه‌ غه‌یبه‌ت بكات و خۆشی لێی بێت، له‌ حاڵێكدا پێغه‌مبه‌ر تاوانكه‌ر و گوێگری یه‌كسان داناوه‌. هاندان بۆ گوناحكردن دروست نییه‌، یان له‌ ڕووكه‌شدا ڕێگری بكه‌یت له‌ غه‌یبه‌ت و له‌ دڵه‌وه‌ ئاره‌زووی بیستنی بیت؛ ئه‌م جۆره‌ كه‌سه‌ كه‌ خۆی به‌ ئه‌هلی خۆپارێز ده‌زانێت، له‌ گوناحدا به‌شداری كردووه‌ و له‌ چاڵی ڕیادا سه‌رنقوم بووه‌، كاتێك له‌و تاوانه‌ پارێزراوه‌‌ له‌ دڵه‌وه‌ پێی ناخۆش بێت و زمان له‌ دژی بكاته‌وه‌ و پشتگیریی نه‌كات، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ درۆی بخاته‌وه،‌ چون فاسق بووه‌ به‌ هۆی غه‌یبه‌ت كردنه‌كه‌وه‌، فاسقیش ده‌بێت به‌ درۆ بخرێته‌وه‌، موسڵمانێك غه‌یبه‌ت ده‌كرێت مافی به‌سه‌رمانه‌وه‌یه‌ گومانی باشمان به‌رانبه‌ری هه‌بێت، به‌رگری لێ بكه‌ین، پێغه‌مبه‌ری نازدار ده‌فه‌رموێت: «خودا خوێن، ماڵ، ئابڕووی موسڵمان و گومانی خراپی له‌سه‌رتان حه‌رام كردووه‌» له‌به‌ر ئه‌وه‌ی غه‌یبه‌تكردن به‌ زوبان حه‌رامه‌، به ‌هه‌مان جۆر گومانی خراپ و ته‌سه‌وری خراپیش بۆ برای موسڵمانت ڕێگه‌ پێ نه‌دراوه‌، مه‌گه‌ر ناچار بیت كه‌سێك بناسیت و نه‌توانیت نه‌ناسراو ته‌سه‌وری بكه‌یت.

غه‌یبه‌تی خه‌ڵكی له‌ شه‌ش ڕووه‌وه‌ ڕێگه‌پێدراوه:

1-      سته‌ملێكراو: باسی سته‌می‌ سته‌مه‌كار لای دادگا یان كه‌سانێك بتوانن سته‌می له‌سه‌ر هه‌ڵگرن، ڕیگه‌پێدراوه‌، دروست نییه‌ له‌ لای خه‌ڵكی تر ده‌رده‌دڵ بكات؛ هه‌ر وه‌كو له لای یه‌كێك له‌ زانایانی سه‌له‌ف سته‌می «حه‌جاج»*یان باس كرد، وتی: خودا چۆن مافی سته‌مكراوان له‌ حه‌جاج ده‌ستێنێته‌وه‌، ئاواش حه‌ق له‌وانه‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌ كه‌ غه‌یبه‌تی «حه‌جاج» ده‌كه‌ن.

2-      غه‌یبه‌تكردنی كه‌سێك لای كه‌سێك كه‌ بتوانێت ده‌ستی غه‌یبه‌تكراو بگرێت و له‌ حه‌رام بیپارێزێت.

3-      داواكردنی فه‌توا: كه‌سێك داوای فه‌توا له‌ زانایاك ده‌كات ئه‌و هۆكاری پرسیاره‌كه‌ له‌ پرسیاركه‌ر بپرسێت، هه‌ر وه‌كو «هندی ژنی ئه‌بوسوفیان» سوودی بینی و چون هۆكاریان له‌و ویست، وتی: «ئه‌و پیاوێكه‌ ڕه‌زیل و ماڵخۆشه‌ویسته و، به‌پێی توانا حه‌قه‌كانی جێبه‌جێ ناكات» ئه‌م شكاتانه‌ كاتێك ڕێگه‌پێدراوه‌ن كه‌ سوودی بۆ سوودلێبینراو هه‌بێت.

4-      پیاوخراپ: ده‌رباره‌ی كه‌سێك بیه‌وێت زیان و ئازارێك بگه‌یه‌نێته‌ موسڵمانان، له‌م كاته‌دا پێویسته‌ موسڵمانان له‌م كه‌سه‌ خراپه‌‌ ئاگادار بكرێنه‌وه‌‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زیانی پارێزراو بن، یان بیانه‌وێت ئه‌م پیاوخراپه‌ له‌ مامه‌ڵه‌یه‌ك یان له‌ په‌یمانی هاوسه‌رگیریدا بكه‌نه‌ گه‌واهیده‌ر، له‌م جێگه‌یه‌دا پێویسته‌ ئه‌وه‌ی به‌ كاری ئه‌م پیاوخراپه‌ ئاگاداره‌ ده‌وروبه‌ری ئاگادار بكاته‌وه‌.

5-      كه‌سێك به‌ كه‌موكورتییه‌ك به‌ناوبانگه‌: كه‌سێك به‌ شه‌لی یان لاوازیی بینین به‌ناوبانگه‌، تا باسی كه‌م و كورتییه‌كه‌ی نه‌كه‌ی نه‌ناسرێته‌وه‌، له‌م كاته‌یشدا ‌گه‌ر كرا به‌ شێوه‌یه‌كی تر بناسرێت، باشتره‌ خۆمان له‌و عه‌یبه‌ی دوور بگرین.

6-      كه‌سێك به‌ ئاشكرا باسی خۆی ده‌كات: كه‌سێك به‌ ئاشكرا باسی عه‌یبی خۆی بكات و، كاتێك خه‌ڵكی تر باسی عه‌یبه‌كه‌ی ده‌كه‌ن  پێی ناخۆش نه‌بێت وه‌كو نێره‌موك و كه‌سانێك كه‌ مه‌یخانه‌ ده‌به‌نه‌ ڕێوه‌.


حه‌سه‌ن وتویه‌تی: غه‌یبه‌تی سێ كه‌س دروسته‌، هه‌واپه‌رست و فاسقێك به‌ ئاشكرا خه‌ریكی گوناح بێت و جڵه‌وبه‌ده‌ست كه‌ سته‌مكار بێت، له‌باره‌ی ئه‌م سێ ده‌سته‌وه‌ وتویه‌تی‌: به‌ ئاشكرا گوناح ده‌كه‌ن و باكیان له‌ به‌دناوی نییه‌، كاری دروست ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر فاسقێك به‌ئاشكرا تووشی گوناحێك بوو كاتێك باسی بكه‌یت خۆشحاڵ بێت، به‌بێ عوزر غه‌یبه‌تی مه‌كه‌ن.

چاره‌سه‌ر:

كه‌سێك كه‌ خووی به‌ غه‌یبه‌تكردنی موسڵمانانه‌وه‌ گرتووه، بیه‌وێت خۆی له‌م شه‌ڕه‌ ڕزگار بكات، چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌یه‌ بیر له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ باره‌ی غه‌یبه‌ته‌وه‌ هاتوون، پێغه‌مبه‌رمان ده‌فه‌رموێت «غه‌یبه‌ت: وه‌ك ئاگرێك چۆن پوشوپه‌ڵاش ده‌سووتێنێت، ئاوا چاكه‌ی به‌نده‌كان ده‌خوات» له‌ گێڕانه‌وه‌دا هاتووه‌: كاری چاكه‌ی غه‌یبه‌تكه‌ر ده‌ڕواته‌ سه‌ر نامه‌ی كرده‌وه‌كانی غه‌یبه‌تکراو و ئه‌و كه‌میی چاكه‌ و زۆریی غه‌یبه‌تی ده‌بینێت و له‌ مایه‌پووچی نزیك ده‌بێته‌وه‌، هه‌ر به‌م جۆره‌ باشتره‌ بیر له‌ كه‌موكورتییه‌كانی خۆی بكاته‌وه ئه‌گه‌ر خراپه‌یه‌كی بینی‌ هه‌و‌ڵی باش كردنی بدات، كاری به‌وانی تره‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر  په‌یی به‌م حه‌قیقه‌ته‌ برد كه‌ تووش بوون به‌ گوناحێكی بچووك زیانی زۆر له‌ گوناهی گه‌وره‌ی ئه‌وانی تر زیاتره‌ بۆی. ئه‌گه‌ر عه‌یبی له‌ خۆیدا نه‌بینی، ده‌بێت تێ بگات كه‌ په‌ینه‌بردن به‌ عه‌یبی خۆت گه‌وره‌ترین عه‌یبی ئه‌وه‌ چونكه‌ هیچ مرۆڤێك نییه‌ بێگوناح بێت، گریمان هیچ كه‌موكورتییه‌كی نییه‌، پێویسته‌ له‌ جێگه‌ی غه‌یبه‌تی ئه‌وانی تر به‌ شوكر و سوپاسه‌وه‌ مژووڵ ببێت، خۆی نه‌خاته‌ ناو خراپگوتن و گۆشتی مردووخواردنه‌وه‌، به‌م خراپه‌ گه‌وره‌ خۆی ئالووده‌ نه‌كات، ئه‌گه‌ر به‌ هۆكاری بێئاگایی غه‌یبه‌تی كه‌سێكی كرد، پێوسته‌ بڕوات بۆ لای كه‌سه‌كه‌ و دان بنێت به‌ گوناحی خۆیدا و داوای لێخۆشبوون بكات، به‌ شێوازێك كه‌ ئیتر ده‌ست بۆ كاری وا نه‌بات، پێوسته‌ به‌ ستایشی ئه‌و گوناحی خۆی پاك بكاته‌وه‌ و داوا له‌ خودا بكات لێی خۆش ببێت، تا كاره‌ چاكه‌كانی ئه‌م نه‌چێته‌ سه‌ر كرده‌وه‌كانی ئه‌و، شتێك بۆ خۆی بمێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌یه‌ كه‌فاره‌تی به‌دگۆیی و غه‌یبه‌تی ئه‌وانی تر.



*حه‌جاج(40-95ك): والی عێراق بوو له‌ سه‌رده‌می عه‌بدولمه‌لیكی كوڕی مه‌ڕوانی ئه‌مه‌وی، به‌ که‌سێکی سته‌مکار نێوبانگی چووه‌.


تاگەکان    
پۆرن تەلارسازی تەنیایی باران سیاسەت فیلم عەبدولکەریم سرووش کۆرۆنا شیعر نەتەوایەتی کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین عاشوورا فەلەستین ڕانانی کتێب عیرفان
فیکر
2019-08-25 کۆمێنت 1686 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی