نووسینی: قانع خورشید
بەشەر، سەدیەکی ئەوەی لەنێو خۆیدا دەژیێت، لە واقیعی دەرەوەدا ناژیێت، جاری وا هەیە لە ڕۆژێکدا چارەکێ لە واقیعدا نیت و تەواوی وەخت سەرت لە بەرکۆژەی خۆتدایە. هەندێ جار وەها غەرقی هەندێ هەستی لاوەکیی خۆت دەبیت، بیرت دەچێت کێیت و چ پێگەیەکی مادی و مەعنەویت لە دەرەوەدا هەیە. زۆر وەها ڕوو دەدات بە هۆی گرفتێکی گچکۆکەوە بە چەشنێ سەری دنیات لێ دێتە یەک و تووشی غەمگینی دەبیت، وەک بڵێیت تروسکاییەک ڕووناكی له شه‌وگاری ژینتدا نەمابێت و هەناسەیەک هەوای پاکت له فه‌زای ده‌وروبه‌رتدا چنگ نەکەوێت!
گەنجێک تووشی شکستێکی سۆزداری دێت، کچێک دڵدارەکەی وازی لێ دەهێنێت، قوتابییەک نمرەیەکی کەمتر لە چاوەڕوانیی خۆیی بۆ دێته‌وه، هاوڕێیەک بێوەفایی لە هاوڕێیەکی گیانی دەبینێت، دایکێک جەرگی دەسووتێت، باوکێک لەسەر کار لادەبرێت و... هەزاران نموونەی ئاوەها، دەبنە هۆی داڕووخان و هەرەسهێنانی دەیان هەزار کەس. هەموو ئەو مرۆڤانە وەها نوقمی ویژدان و ناخی خۆیان دەبن، زەڕڕەیێک ئاگایان لە دەرەوەی خۆیان نامێنێت.
به‌ربڵاویی ئه‌م هه‌سته ناخۆشانه و هاوبه‌شیی مرۆڤ تێیاندا، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه مرۆڤ به سروشت وه‌هایه و به ده‌ستی خۆی نییه تووشی وه‌ها هه‌ستێك ده‌بێت، وه‌لێ مه‌رج نییه هه‌رچی له سروشتماندا بوو، به ده‌ستی خۆمان نه‌بێت و نه‌توانین بیگۆڕین، یا وا خه‌یاڵ بكه‌ین باش و په‌سه‌ند بێت. به‌ڵكو ده‌بێت بكۆشین له‌م خوو و سیفه‌ته خراپانه ڕزگارمان بێت و ڕووحمانیان له ده‌ست ڕاپسكێنین. پێویسته ئه‌وه‌یش بزانین كه ئێمه ناتوانین لەم هەستە خنکێنەر و ڕووخێنەرانە قوتار بین، مەگەر بەوەی هەنگاوێک لە خۆمان دوور بکەوینەوە، لە کەوڵی تەنگمان دەرچین، گەزێک بەرز ببینەوە و تۆزێک لە دوورەوە لە خۆ و لە خەڵک بڕوانین...
ڕاستە، بۆ هەڵگرتنی ئەم تاقە پێنگاڤە و بۆ بڕینی ئەم تەنیا گەزە و بۆ هاتنەدەرەوە لەم کەوڵە تەسکوترووسکە، وزەیەکمان پێویستە بە ئەندازەی ئه‌و وزه‌یه‌ی بۆ بڕینی هەزاران فەرسەخ ڕێ خه‌رجی ده‌كه‌ین، توانایەکمان دەوێت بە قەد توانستی بەرگەگرتنی ئاگرێکی کڵپەدار،پێدڤییە ئیرادەیێکمان هەبێت سەر و بنی دیار نەبێت... وەلێ ئه‌مه نه‌كرده‌نی نییه و چون مرۆڤین، دەیتوانین. هەر ئەوەندە حسێبە ناوی خوا بێنین و هەڵمەت بەرین، دەستپێک و نیازهێنانەکەی سه‌ره‌تای، سەختترین قۆناغە، ئه‌گه‌رنا ئەودوای كار و جووڵه‌كه، خۆی دێتە دەست.
کە لە خۆت دوور دەکەویتەوە، بە دڵ دەچیتە نێو کۆمەڵگە، تێکەڵی دنیا و گەردوون دەبیت و لە بانی بانەوە، نەک هەر لە خۆت و چواردەورت، بەڵکو لە گشت مێژوو و جوگرافیا و فەزا دەڕوانیت و ورد دەبیتەوە، هەموو شتێکت لا ئاسان دەبێت، دەزانیت تۆ گەردێکی لەم بوونەدا و چەرخی بوون و ژین لەسەر تۆ نەوەستاوە، ئەو شتەیشی لەبەر خاتری، تازێباریت و ئەژنۆی غەمت بۆ لە باوەش گرتووە، گەردێکی ترە وەک خۆت... مرۆڤ دەکرێت و دەتوانێت بێ دەست و قاچ و چاویش، خۆشحاڵ بێت. ئەم قسەیەی من دەیڵێم، زۆر زل و قەبەیە، دڵنیام خۆیشم یەکێکم لەوانەی بە شتێکی کەم و بچووک، گرفتاری غەم و پەژارەیەکی زۆر و گەورە دەبم و بە زەحمەت لە کۆڵی دڵمی دەکەمەوە، بەڵام دەیشزانم هەڵەم و نابێت وا بم. غه‌مێكی سروشتی هه‌ر یه‌خه‌مان ده‌گرێت، وه‌لێ ئه‌و خه‌فه‌ته‌ی لێمان نابێته‌وه، سروشتی نییه.
ڕۆژانە دەست لە یەخەی خۆم گیر دەکەم و لەتەک خۆمدا لە شەڕ و داوادام، گەرەکمە وا نەبم کە هەم، لە زۆر بواردا توانیومە قۆناغی باش ببڕم، بە مردن و برسێتی و ئاوارەیی، زۆر ناشڵەژێم، بە لەدەستدانی پارە و موڵک ڕاناچڵەکێم... وەلێ هێشتا شتگه‌لی زۆر گچکەتر بێتاقەت و ناڕهحەتم دەکه‌ن، دەبێت ئەمانەیش تێپەڕێنم.
سەفەر بکە، بە جەستە، بە ڕووح، بە دڵ و بە هەستت، بڕۆ و بە کەسەوە مەنووسێ، نووسانێک کە خۆتی بۆ بکوژیت. بلكێ به سیفه‌ته جوانه‌كانی كه‌سێكه‌وه و دڵنیا به ئه‌و سیفه‌تانه له كه‌سانی تریشدا ده‌بینیته‌وه، هیچ مرۆڤێك دوڕی یه‌تیم و مرواریی تاقانه نییه، شتاق قاڵب پیرۆز و بێوێنه نییه، ده‌شێین ته‌واوی سیفه‌ته جوان و ئاكاره به‌رزه‌كانی ئه‌وی خۆشمانده‌وێت له كه‌سێكی تر یا به بڵاوی له چه‌ند كه‌سێكدا، بدۆزینه‌وه.
وەفا و ئەمەکداری؛ کە دوو نیشانە و به‌رهه‌می خۆشەویستین، جوانترین شتی سەرزەوین، نییه لە ئەوین شیرین‌تر و نییه لە وەفاداری گرانباتر. ئادەمیزاد بمرێت، بەس بێوەفا نەبێت. هەرگیز لەگەڵ فەرامۆشکردنی ئازیزاندا نیم، کە ئازیزێکت دەمرێت، لە بیری مەکە، لە دوعاکانتدا یادی بکە، لە ئاخاوتنتدا قسەکانی بگێڕەوە، باسی باشەکانی بکە، بچۆ سەر گۆڕی، قورئانی بۆ بخوێنە و خێراتی بۆ ببەخشێنەوە، كار به وه‌سێته باشه‌كانی بكه، هه‌وڵ بده چ شتێكی پێ خۆش بوو، به‌جێی بێنه، درێژه به ڕێگەكهی بده و تۆكمه‌تر و جوانتری بكه... وەلێ ئەوەندە لە یادیدا نغرۆ مەبە ئاگات لە کەس نەمێنێت، بێخێر ببیت و بگۆڕێیت بۆ پەیکەری غەم، مەبە بووتیمار و لە کونجێکدا هەڵمەترووشکێ! ئه‌گه‌ر ڕاست بكه‌یت خۆشتده‌وێت و ئه‌ویش ئه‌وینداری تۆ بووبێت، ئه‌رخه‌یان به، به‌م غهمگینییهت خۆشحاڵ نابێت، به‌ڵكو به‌م نركه و ناڵانهت ئازاری ڕووحی ده‌ده‌یت. ئه‌و، چه‌نده پێی ناخۆشه له بیری بكه‌یت و یادی نه‌كه‌یت، ئه‌وه‌نده‌یش پێی گرانه له‌به‌ر وی ژیانی خۆت و نێزیكانیشت تێك بده‌یت.
هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه عاشقێكی وه‌ها بكه‌ینه پاڵه‌وان، كه به‌رگه‌ی كۆچی یاره‌كه‌ی ناگرێت و به دیارنه‌مانی ئازیزه‌كه‌ی، ئه‌میش له ڕووپه‌ڕی ژین ده‌سڕێته‌وه. ئه‌و عاشقه پاڵه‌وانه وا غه‌می له‌ده‌ستدانی مه‌عشووقه‌كه‌ی ده‌گۆڕێته داهێنان و هونه‌ر، ئه‌فسووسی دابڕان و دووری، له قاڵبی كارێكی نه‌مر و خزمه‌تێكی مه‌زندا به‌رجه‌سته ده‌كات و به مرۆڤایه‌تیی ده‌به‌خشێت، جێپێی یاری هه‌ڵده‌گرێت و پرۆژه ته‌واونه‌كراو و كاره نیوه‌چڵه‌كانی ته‌واو و دامه‌زراو ده‌كات. درێژه به ڕێگه‌ی ده‌دات و ئه‌ركی بهجێنههێنراوی به جێ ده‌گه‌یێنێت. ئه‌مه وه‌فاداریی ڕاسته‌قینه‌یه، ئه‌گه‌رنا هه‌مووان ده‌زانین شین بگێڕین!
ئه‌وی ئه‌ركه و ئه‌داكردنی قورسه، كار و جووڵه و بنیاتنان و خه‌رجكردنی وزه‌یه، ماته‌مگێڕی و له‌باوه‌شگرتنی ئه‌ژنۆ و خۆ گرمۆڵهكردن، هیچێك نین و گشت كه‌سێك توانستی به‌سه‌ریاندا ده‌شكێت. عوبێدی زاكانی ده‌گێڕێته‌وه «دام به لای كابرایه‌كدا به دیار ئه‌سپێكه‌وه دانیشتبوو و ده‌گریا. پێم گوت: چ ڕوویداوه و بۆ تازێباریت؟ گوتی: ئه‌م ئه‌سپه‌م چه‌ندین ساڵه خزمه‌تم ده‌كات و زۆرم خۆشده‌وێت، وا پیر و بێكهڵك بووه و خه‌ریكه گیان ده‌سپێرێت، ئیتر خۆمم پێ ناگیرێت و ده‌گریم. گوتم: چییه‌تی؟ له‌به‌ر چی خه‌ریكه مردار ده‌بێته‌وه؟ گوتی: له برساندا. لێم پرسی: ئه‌دی هه‌گبه و باره‌كه‌ی چ تێدایه؟ گوتی: گه‌نم و جۆیه. گوتم: ئه‌ی بۆ له جێی ئه‌وه‌ی فرمێسكی بۆ بڕێژیت، گه‌نم و جۆكهی له‌به‌رده‌مدا ڕۆ ناكه‌یت؟! گوتی: ده‌ی ئه‌وه‌یان پاره‌ی تێ ده‌چێت، وه‌لێ فرمێسكه‌كه به‌لاشه‌یه و خهسارێكم پێ ناگه‌یێنێت!» ئه‌گه‌ر بۆ به‌رگری له كه‌سێك، گیانی خۆتت به‌خشی و قوربانیت به خۆت دا، ئه‌وا ئازا و دلێر و پاڵه‌وانیت، چون گرانباترین شتت به‌خشیوه و به فیداكردنی خۆت، ئه‌وت پاراستووه، به‌ڵام وه‌ختێك دوای مردنی كه‌سێك له خه‌فه‌تاندا ده‌مریت یا خۆت ده‌كوژیت، نه هیچێكت بۆ ئه‌و كردووه و نه ئازایهتییهكت به خه‌رج داوه، به‌ڵكو ئه‌مه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت تۆ لاوازیت و به‌رگه‌ی سه‌ختییه‌كانی ژیان ناگریت و لێت ناوه‌شێته‌وه خزمه‌تێك بكه‌یت. زیانێك ده‌كه‌یت به دووان و ڕووداوێك ده‌كه‌یت به كاره‌سات.
ئه‌و دڵداره‌ی له تاو خه‌فه‌تی مه‌رگ و دابڕانی دڵبه‌ری، شێت و خه‌مۆك و گۆشه‌گر ده‌بێت و هه‌ندێ جار ده‌مرێت، مایه‌ی به‌زه‌یی و دڵپێسووتانه، وه‌لێ هه‌رگیز مایه‌ی ستایش و پێداهه‌ڵگوتن و ئافهرینبۆكردن نییه. نابێت له كه‌سێكی به‌رگه‌ی دابڕان و كاره‌ساتێك ناگرێت، پاڵه‌وان بتاشین و بتی لێ بسازێنین. نه‌شیاوه مرۆڤی ئاوه‌ها لاواز، بكه‌ینه پێشه‌نگ و سه‌رمه‌شق و نموونه‌ی باڵا.
وه‌ختێك منداڵێك ده‌بێته قوربانیی ده‌ستی ڕه‌شی تیرۆر كه باوكی لێ ده‌ستێنێت و باجی دڵسۆزییه‌كی هه‌ڵه‌ی خزم و نێزیكانی ده‌دات و نه‌خۆشییه‌كی ژێراوژێریش به یه‌كجاری ژیانی لێ ده‌بڕێت، حه‌قه هه‌مووان بۆی داغدار و خه‌فه‌تبار بن. مرۆڤ به ده‌ستی خۆی نییه فرمێسكی بۆ ده‌ڕێژێت و دڵی بۆ جوانه‌مه‌رگبوونی قوڵ دێنێت، به‌ڵام نابێت و هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه، مه‌رگی ئه‌م منداڵه وه‌ك ڕووداوێكی پاڵه‌وانێتی و مردنێكی قاره‌مانانه نیشان بده‌ین، ئاخر سبه‌ی منداڵه‌كانی ئێمه‌یش به مه‌رگمان، ڕۆڵ ده‌گێڕن و به زۆر وا له خۆیان ده‌كه‌ن له خه‌فه‌تان بمرن، تا ئه‌وانیش وه‌ك قاره‌مان باس بكرێن، هیچ منداڵێك نییه حه‌ز نه‌كات ببێته قاره‌مان و هه‌مووان وه‌ك پاڵه‌وان لێی بڕوانن. ئێمه به ستایش و مه‌زناندنی ئه‌م گوڵه ژاكاوه، بێ ئه‌وه‌ی بزانین، هانی منداڵانی خۆمان ده‌ده‌ین دوای مه‌رگمان، بمرن. خۆ دیاره گه‌ر به مه‌رگی خوا نه‌مردن، دوور نییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی پاڵه‌وانێتییان له ده‌ست نه‌چێت، ده‌ست بۆ خۆكوشتن ببه‌ن!
بریا زین له دوای مردنی مهم، له باتیی ئه‌وه‌ی به گریان و خه‌فه‌تخواردن به دیار گۆڕی مه‌مه‌وه، بڕست له خۆی ببڕێت و بمرێت، ده‌ستی بدایه چاكسازیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كاری له‌سه‌ر ئه‌وه بكردایه خۆشه‌ویستی و پێكگه‌یشتنی ئه‌وینداران بكاته باو و نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌وڵی بدایه چیتر كه‌س به ده‌ردی ئه‌و و مهم نه‌چێت و هه‌موو عاشقان له ماڵێكدا به حه‌ڵاڵی كۆ ببنه‌وه. خۆزگه كه‌سوكاری بڕیاری جوانه‌مه‌رگ له جیاتیی ئه‌وه‌ی گۆڕی باوكیان نیشان بدایه و برینیان بكولاندایهتهوه، وێنه‌ی نێو سه‌نگه‌ره‌كانیان بدایه ده‌ست و باسی خه‌بات و ئازایه‌تی و زیندوویه‌تیی ئه‌و باوكه‌یان بۆ بگێڕایه‌ته‌وه، تا ئه‌ویش له جێی ئه‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشی و ئازار بووایەت، هه‌وڵی ئه‌وه‌ی بدایەت وجاخی بابه‌ی ڕۆشن بكات و له داهاتوودا جێگه‌كه‌ی پڕ بكاته‌وه. كه خورشیدی بابم كوژرا، من له زگی دایكمدا بووم و هێمنی برام سێ ساڵان بوو، موژده‌ی خوشكیشم چه‌ند ساڵێك له دكتۆر هێمن گه‌وره‌تر بوو، دڵنیام سه‌دان كه‌س بۆ حاڵی دایكم و كڵۆڵیی ئێمه شه‌و و ڕۆژ گریاون، وه‌لێ بیرم نایه‌ت دایكم ڕۆژێك كڕووزابێتهوه و بۆ بێباوكیمان لچهپڵمكێی كردبێت. ئه‌و له ته‌نیاییی خۆیدا ده‌گریا و زۆریشم حه‌ز به گریانه‌كانی بوو، چون هه‌م ده‌نگی خۆش بوو، هه‌م له دڵه‌وه ده‌گریا، وه‌لێ وه‌ختێ ئێمه‌ی ده‌دواند، هه‌میشه باسی له پاڵه‌وانێتی و پیاوه‌تی و چالاكییه‌كانی باوكم ده‌كرد. هه‌رچیمان ده‌كرد، ده‌یگوت باوكتان –خوا عه‌فووی كا- له‌م عومره‌ی ئێوه‌دا چوار ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی ئێوه‌ی ده‌كرد. ئه‌و تا وه‌فاتیشی كرد قه‌ناعه‌تی وا بوو هه‌موو هاوڕێ و دۆسته‌كانی من و دكتۆر هێمنی كوڕی، نیوه‌ی هاوڕێكانی خورشیدی مێردی نابن! ئه‌و، به‌م كاره‌ی، وه‌های كرد ئێمه بۆ ساتێكیش خه‌فه‌تی كوشنده بۆ باوكمان نه‌خۆین، به‌ڵكو تا قه‌ره‌ی قیامه‌ت وه‌ك نموونه‌یه‌كی به‌رزی سامناك لێی بڕوانین و هه‌ر ههناسهبڕكێمان بێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به هه‌نگاوه‌كانیدا.
گه‌ر ماڵه‌كانمان هوشیاریی ئه‌وه‌یان نییه نه‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی وه‌هاوه، خۆ میدیاكان بڕیاره ده‌سته و سه‌رپه‌رشتیار و ڕاوێژكاریان هه‌بێت، ئه‌وان بۆچی بكه‌ونه ئاوه‌ها هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه؟ ئه‌ی نووسه‌ران و چالاكوانانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه زۆریان خۆیان به سوكرات و لوقمانی حه‌كیم و ئیبن سینا و هیگڵ و مه‌ولانای ڕوومی ناگۆڕنه‌وه، به چ هۆیه‌كه‌وه به هه‌مان ده‌هۆڵ هه‌ڵده‌په‌ڕن و تووشی هه‌مان سه‌رگه‌ردانی ده‌بن؟!
خوا له ئاسۆی باوكی بڕیار خۆش ببێت و بڕیاریش بكاته په‌پووله‌ی به‌هه‌شت و مایه‌ی شه‌فاعه‌تی هه‌موو ئه‌وانه‌ی خه‌فه‌تیان بۆ خوارد و بۆی گریان. خوا ئاسۆی ئه‌م گه‌له ڕووناك بكاته‌وه و وامان لێ بكات بڕیاری ڕاست و به‌جێ ده‌ربكه‌ین و هه‌نگاوی جوان و تۆكمه هه‌ڵبگرین. یا خوا، نه جارێكی تر ده‌ستی تیرۆر بچێته خوێنی هیچ مرۆڤێكی ئه‌م نیشتیمانه و نه كه‌سێكی تر به داخ و خه‌فه‌تی ئازیزێكییهوه له دنیا ده‌ربچێت. ئومێدمه فێر ببین هه‌موو شتێك و گشت كه‌سێك له پێگه و جێگه‌ی خۆیدا دابنێین و نه‌بینه هۆی بهكهلتووركردنی مه‌رگدۆستی.