نالی پێنجوێنی
کتێبەکەی دانیال نۆرمان، ئیسلام و ڕۆژاوا «Islam and the West Daniel Norman » یەکێكە لەو دوو کتێبە گرنگەی کە لە سەدەی بیستەمدا لەبارەی پەیوەندیی ڕۆژاوا و ئیسلام دەرچووە و، دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە. چەندین نووسەری دیاری ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتیی دیکەی وەك «بەرنارد لویس»، «عەلی عیزەت بیگۆڤیچ»، «ئەبو عەلای مەودوودیی« و چەندانی تر، لەژێر هەمان ناونیشاندا، چەندین کتێبیان نووسیووە، بەڵام هیچ کام لەو کتێبانە هێندەی کتێبەکەی نۆرمان گرنگ و پڕ بایەخ و دەنگدانەوەی نەبووە. زانکۆی «ئەدەنبرە- Edinburgh » ساڵی ١٩٦٠ بۆ یەکەمجار کتێبەکەی چاپ کردووە، دواتر لە ساڵەکانی ١٩٦٢، ١٩٦٦ و ١٩٨٠دا لە هەمان زانکۆ، سێ جاری دیکە چاپ کراوەتەوە. ساڵی ١٩٩٣یش زانکۆی «ئۆکسفۆرد- Oxford » کتێبەکەی چاپ کردۆتەوە.
گرنگیی ئەو کتێبەی دانیال نۆرمان لە ئەوەدا بوو، ئەوە یەکەمجار بوو، ناوەندێکی زانستی و کەسایەتییەکی ئەکادیمیی ڕۆژاوایی، بەشێوەیەکی بابەتی و زانستییانە، کتێبێك لەبارەی پەیوەندیی ڕۆژاوا و ئیسلام بنووسێ. ئەو توانی بە ڕۆژاواییەکان بڵێ، ئەو بانگەشەیەتان کە گوایە دوور لە کاریگەریی ئایدیۆلۆژی و ئایینی، تەنیا بە گیانێکی زانستی و بابەتییانە و بێلایانانە خوێندنەوە بۆ بەرانبەر و دیاردە و ڕووداوەکان دەکەن، ڕاست نییە. دانیال نۆرمان، دوو ئامانجی لە نووسینی ئەم کتێبەدا هەیە. یەکەم، داننانە بە کۆمەڵێ ڕاستییدا و، ڕوونکردنەوەیانە بۆ خەڵك، واتە ئامانجێکی زانستیی ڕووت، ئەوەیش بە ئامانجە سەرەکییەکە ناو دەبات. ئامانجی دووەمیش خستنەڕووی بڕێ چاوپۆشی و هەڵوێستی ئەو خەڵکانەی کە بەچاوی دوژمنکارانە لێیان دەڕوانین. ئەو دەڵێ، لە ڕووی ئەو دوو ئامانجەوە دەمەوێت بە ئەوروپایییەکان بڵێم، کە شارستانییەتی ڕۆژاوا، ڕۆژگارێك چۆن گیرۆدەی کۆمەڵێ بیروبۆچوونی هەڵە و ناڕاست بووە و قبوڵیشی کردووە! بۆیە جێی خۆیەتی، موسڵمانەکان گومانی ئەوە بکەن، ئەو بیروبۆچوونە هەڵە و خراپانە، تەنیا لێک تێگەیشتنێکی هەڵە و بێئامانج بووبێ! نۆرمان، لە لاپەڕەی یەکەمی کتێبەکەیدا ئەم ڕستەیەی نووسیووە: "گێڕانەوەی کوفر، مرۆڤی پێ کافر نابێت." دەڵێت، هیوادارم کە موسڵمانان توشی حەپەسان و ترس نەبن بەهۆی هەندێ لەو زانیاری و هێرش و پەلامارانەی کە چەند سەدەیەکە لە ڕۆژاواوە، دەکرێتە سەر پێغەمبەر و ئایینەکەیان. لەسەر ئەوەیش سەرزەنشتم نەکەن، کە بۆچی لەم کتێبەدا، هەندێ لەو سووکایەتی و تەشهیر و وتە ناشیرینانە دەگێڕمەوە. من ناتوانم، لەم کتێبەدا، تەواوی هەڵوێست و قسەی ڕۆژاوایییەکان لەبارەی ئیسلامەوە، هەر لەسەدەی هەشتەمی زاینییەوە تا ئەمڕۆ، بخەمەڕوو. لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بەناوی «وەحی- الوحي»، ئەوە دەخاتە ڕوو، بابەتی وەحی، جیاوازیی سەرەکیی نێوان ئیسلام و مەسیحییەتە. خوێندنەوەی ئیسلام و مەسیحییەت بۆ ماهییەتی پێغەمبەرایەتی و حەزرەتی عیسا و سێیەی پیرۆز جیاوازە. مەسیحییەکان دەڵێن جولەکەکان بۆ بەدەستهێنانی میراتی پێغەمبەرایەتی، حەزرەتی عیسایان لە خاچ دا، بەڵام موسڵمانەکان دەڵێن، تاکە سەرچاوەی وەحی تەنیا لای خوداوەیە، خۆی بڕیار دەدات کە بە کێی ببەخشێت. تێکڕای پێغەمبەران لەو سەرچاوەیەوە نیگایان بۆ هاتووە، محەمەدیش کۆتا پێغەمبەر بووە. مێژوونووسە مەسیحییەکان هەرچەندە باش لەو بارەیەوە لە ئیسلام حاڵین، بەڵام بە ئەنقەست ئەو ڕاستییانە دەشێوێنن. هەندێ لەو مێژوونووسانە دەڵێن، محەمەد باسی ئەوە دەکات وەحیی بۆ دێت، ئەوە بۆ خۆدەربازکردن بووە لەو فێیەی کە تووشی دەبوو. هۆکارێکی لۆجیکی دیکەیش ئەوە بوو، دەیویست ئەو بابەتە بۆ گەیشتن بە پلە و پایە و سەڵتەنەت بەکار بهێنێت. ئەوان، چیرۆکی «بوحیرا»ی ڕاهیب(قەشە) بە ئارەزووی خۆیان دەشێوێنن.
نووسەر دەڵێت، هەردوو مێژوونووس و شارەزای لاهوت «ڤێتری» و «ڕیکۆلدو» دەڵێن: محەمەد ویستی لەژێر پەردەی ئاییندا پاشایەتیی دەست بکەوێت و لەو ڕێیەوە هەم لە هەژاری ڕزگاری بوو، هەم توانی ناوبانگ و دەوڵەمەندی بەدەست بهێنێت. ئەوان، بەتەواوی مێژوو دەشێوێنن و، تەشهیر و سوکایەتییەکەیان دەگاتە ئەو ئاستەی بڵێن، محەمەد، لە ڕێی کۆمەڵێ چەتە و ڕێگ رو دزەوە، دراوسێ و خزمەکانی هەراسان کردبوو، ترسی لە ناوچەکەدا بڵاو کردبوەوە. هەموو ئەو گێڕانەوانەی ژیاننامەی محەمەد باس دەکەن، دوو بۆچوون بەسەریاندا زاڵە. یەکەم، محەمەد کەسێکی توندوتیژ و شەڕانگێز بووە. دووەم، محەمەد ئادەمییە و مرۆڤێکی شەڕخوازە. «سان پێدرۆ»ی مەرجەعی زۆرێك لە ئەوروپایییەکان دەڵێت: شەیتان فێڵی لە محەمەد کردووە، باسکردنی وەحی لەلایەن محەمەدەوە، بۆ ئەوەیە کە خۆی وەك پیرۆز و خاوەن ئایین لە قەڵەم بدات، ئەگینا ئەو لای عەرەبەکانیش سومعەیەکی خراپی هەبوو. دەڵێ: ئاخ محەمەد، هیچ کام لە پێغەمبەرەکان وەك تۆ ئەو کۆت و بەندانەی لەسەر ئافرەتان هەبوون سووكی نەکردوون. تۆ ئەو یاسایانەت لە لایەن خوداوە بۆ نەهاتووە. هەندێ لە مێژوونووسەکان دەیانوت، محەمەد مردووە و خراوەتە گۆڕ و هیچ پیرۆزییەکی نییە، بەڵام عیسا چووەتەوە بۆ ئاسمان. نۆرمان دەڵێت یەکێکی دیکە لەو پڕوپاگەندانەی مەسیحییەکان لە ئەوروپا بڵاویان دەکردەوە ئەوە بوو، کە موسڵمانەکان بێحورمەتی بە کەنیسە و شوێنە پیرۆزەکانی ئەوان دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا نۆرمان باس لەوە دەکات کە پەیوەندیی ڕۆژاوا بە ئیسلامەوە توندوتیژیی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، قەشە «بێرنارد» و زۆرێك لە ڕابەرانی کڵێسا، هێرشی خاچپەرستانیان وەك شەڕی پیرۆز(موقەدەس) لە قەڵەم دەدا. «ڕۆدێریك»ی مێژوونووسیش دەیوت محەمەد ئیسپانیای گومڕا کردووە. بۆیە، زۆر گران بوو کەسێك لە ڕۆژاوا زانیاریی ڕاست و دروستی لەبارەی ئیسلامەوە دەست بکەوێت. کتێبەکەی دانیال نۆرمان، خوێندنەوە و قسەکردنی زۆرتر هەڵدەگرێت، لێرەدا بواری زیاترمان نییە. کتێبخانەی کوردی لەو جۆرە نووسینانەدا هەژارە. هیوادارم کەسێك بۆ زمانی کوردیی وەربگێڕێت. تا خوێنەری کورد، لەو زانیارییانە بێبەش نەبێت و لە پڕوپاگەندەی ناحەز و دوژمنان شارەزا بێت. خودا یار بێت، لە نزیکترین دەرفەتدا، بابەتێک بۆ ناساندنی دووەمین گرنگترین کتێب کە لەو بوارەدا نووسراوە، وەک دووانەی کتێبەکەی نۆرمان دەیبینم، تەرخان دەکەم.