نووسینی: محەمەد موجتەهی شەبستەری
وەرگێڕانی: دڵشاد برایم
دەبێت شوناس و ژیانمان نوێ بکەینەوە، گەر نا، لەژێر خەرواری ڕووداو و ئاڵۆزییەکانی جیهاندا لە گۆڕ دەنرێین، ئەمەی کە دانیشن و بنووسن تەهارەت (پاکوخاوێنی) چییە؟ نەجاسەت چییە؟ ئەمانە چی لە کێشەی موسڵمانانی ئەمڕۆ چارە دەکەن!
لێکدانەوە نوێیەکان بۆ ئیسلام، لە دەیەکانی ڕابردوودا، بەرتەسک نەکراوەتەوە لەو نموونەیەی هێنامەوە. ئەمڕۆ کارەکانی «داعش» هەمان ئەو تەفسیرە نوێیەیە، ئەویش خەریکە تەفسیر بۆ ئیسلام دەکات، لە کۆتاییدا تەفسیرێکی دڵڕەقانە و ترسناک، کەس ناتوانێت بە چاوی ئاییناسییەوە بڵێت داعش پەیوەندیی بە ئیسلامەوە نییە، لە چاوی ئاینناسییەوە ئەوانیش کۆمەڵێکن دەیانەوێت ئیسلام وەها تەفسیر بکەن کە دەیبینن، ئەلقاعیدەیش پەیوەندیی بە ئیسلامەوە هەبوو، ناتەواوە ئەگەر بڵێین داعش موسڵمان نین، بەڵکو موسڵمان چتێکی ترە، ئەم قسانە زانستی نین و کڕیاریان نییە. کەسی تر گۆڵی ئەم قسانە ناخوات، ئەمانیش لە ئیسلام دەڵێن، ڕۆژوو دەگرن، بەڵکو دەڵێن ئەمەی ئێمە ئیسلامە.
ئەم تەکفیرییانە، کە سەلەفییە نوێیە ڕقئەستورەکان بەشێکن لەوان، دەبینی چی دەکەن، ئەمانەیش دەقی ئایینییان پێیە و تەفسیری دەکەن و، هەموو ئەو تەفسیرانەی کە لە شەش دەیەی ڕابردوودا هاتوونەتە بازاڕەوە لک و پۆپیان هەیە.
ئێمەی موسڵمانان ئێستە لە قۆناغێکداین دەبێت دوور بگرین لە ئەو تەفسیرانە و هەوڵی دووبارە پێداچوونەوەیان بدەین، پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانە. دەبێت بپرسین ئەمانە چییان لە ئاو دەرهێناوە، کاری موسڵمانێکی هۆشیار لە جیهاندا ئەوەیە قووڵ بڕوانێت و ببینێ ئەم تەفسیرانە سەریان لە کوێوە دەرهێناوە، بە چ شێوەیەک کۆتایییان هاتووە؟ جێکەوتە باشەکانیان چین؟ جێکەوتە خراپەکانی چین؟ چەندێکیان قبوڵن و چەندێکیشیان دەبێت ڕەت بکرێنەوە؟ ئێستە لەو قوناغەداین کە دەبێت پێداچوونەوە بە کاری پێشینانماندا بکەین، ئەمەش مایەی تاوان نییە.
پێشتر نووسیومە کاتێک ڤاتیکان هەستی بە مەترسی کرد «ڤاتیکانی دووی» پێکهێنا، کە دانیشتنێکی نێودەوڵەتی بوو بۆ هەموو مەسیحییەکان. لەم کۆبوونەوەیەدا هەرچی زانا و بیرمەندەکانیان هەبوو کۆیان کردەوە، ئەم کۆبوونەوەیە چەند ساڵ درێژەی کێشا، کێشەی ئیلاهیات و ئایینیان یەک-یەک تاوتوێ کرد. ئامۆژگارییەکانیان چەندوچوون پێ کرد، ئەوەی شایانی بەرگری لێ کردن نەبوو کەناریان خست و، ئەوەیشی بە کەڵک هات بەرگریان لێ کرد، هەندێکی تریشیان داهێنا.
ئێمە وا بیر دەکەینەوە لە دیندا داهێنراو نییە، ئایین هەمان ئەو قسانەیە کە لە ڕابردوودا وتراوە، ئەم قسەیە هیچ ڕاست نییە، لە ئێستادا لە شارە گەورەکاندا هیچ کەشیشێک باسی خورافیات ناکات، گەر باسی بکات؛ پێی پێدەکەنن و دەڵێن بێئاگایە.
بەڵام لە تارانی٭ ئێمەدا چی؟ لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکانمان چ باسە؟ من ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی خۆمان کەم سەیر دەکەم، لەبەر ئەوە نە کە هیچیان لێ فێر نابم، بەڵکو ئەو کاتە زۆر ناڕەحەت دەبم کە گوێ ڕادەدێرم هەرچی خورافیاتە دەیبیستم، مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێت! لە سەرەتای ئینقلاب ئەم خورافیاتانە نەبوو، بە بەرنامە ئەمانە زیاد بوون، بە هەر حاڵ ئێمەی موسڵمان پێویستمان بە شۆڕش و جووڵەیە، دەبێت لە بیری ڕزگارکردنی ئیسلامدا بین لەو خورافیات و فەتوا دژە مرۆڤانە کە پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤن، هێنانە کایەی بیرێکی ئایینی ساف و ڕاست و سیاسەتێکی عەقڵانی-نەک تێکەڵ ئەمانە-، کاری گەورەی ئێمەیە تا نەوەی ئاییندەمان بە شێوازێکی ئایینیی ڕاست بیر بکاتەوە و لە سیاسەتێکی ڕاستدا کار بکات.
٭بنووس، تارانی بە نموونە هێناوەتەوە، چون خۆی خەڵکی ئێرانە، دەتوانین گشتاندنی بۆ بکەین بەسەر جیهانی ئیسلامیدا.