نووسینی: سرووش دەبباغ
وەرگێڕانی: عەلی حسێن حەسەن
لە ساڵی سێیەمی ئامادەیی و لە وانەی عەرەبیدا، سەرباری ئەو وانانەی ئەرک بوون لەسەرمان، شیعری هەندێک لە شاعیرە مەزنە کلاسیکەکانی عەرەب، لە ناویاندا هەممامی کوڕی غالیب، ناسراو بە فەرەزدەقمان دەخوێند و وێڕای خاڵە سەرفی و نەحوییەکان، لەبارەی ناوەڕۆکەکەشیانەوە، لەگەڵ مامۆستا شارەزا و شیعردۆستەکەماندا وتووێژمان دەکرد. لە بیرمە لە یەکێک لەو شیعرانەدا، شاعیر، بە ئاماژە بە بینینی مووی تازەدەرهاتووی سپی لەسەر ڕوومەتی، دەرکەوتنی مووی سپیی، بە نیشانەیەک بۆ ئامادەبوون و پێچانەوە و دەستهەڵگرتن و ڕۆیشتن دانابوو، چون (زەنگی کاروان هاوار دەکات و دەڵێت، بۆ کۆچکردن، کەژاوەکان لەسەر پشتی چوارپێیان ببەستن و بە ڕێ بکەون.)
دوێنێ چەند خولەکێک چاوم لە ئاوێنە بڕیبوو و لە خۆمم دەڕوانی. بینینی ژمارەیەکی زۆری مووی سپیی سەر دەموچاوم، بیرەوەریی ئەو وانەی عەرەبییەی لە زەین و ناخمدا ژیاندەوە و بۆ سی ساڵێک پێش ئێستای گێڕامەوە؛ ئەو ڕۆژگارەی، تازەلاو بووم و سپیبوونی مووم، بە شتێکی فرە دوور دەزانی؛ وەک بڵێیت، لەبارەی کەسانێکەوە دەدوێیت، بە تەواوی جیان و چەندان فەرسەنگ لێتەوە دوورن. بەڵام ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، بە ڕەنگ و جۆرێکی ترم و تەمەنناوەندێتیم بە چاوی سەر بینیوە و ئەزمووە .
قەیسەری ئەمینپوور دەیوت: (لەناکاو چەند زوو درەنگ دەکات.) ژیان تێکەڵەیەکی سەیروسەمەرەیە، پێش ئەوەی بیری لێ بکەیتەوە، ڕۆژگار دەگۆڕێت و دەخولێتەوە و بارودۆخگەلێکی جیاوازت لە چارە دەنووسێت.
لە دانیشتنەکانی تایبەت بە ڕاوێژدا، چەندان جار ڕووبەڕووی ڕاوێژخوازانێک بوومەتەوە، تەمەنیان مامناوەندە و سی و پێنج ساڵییان تێ پەڕاندووە و لەگەڵ (قەیرانی تەمەنناوەندێتی)دا ململانێ دەکەن. لەم دۆخەدا، مرۆ وای بۆ دەچێت، وەک دەوترێت، نیوەی پڕی پەرداخەکە تەواو بووە و نیوە بەتاڵەکەی ماوەتەوە و ئەگەری هەیە، کاری تەواونەکراو و ئەنجامنەدراوی فرەی هەبێت.
جا کە لەپڕ زوو درەنگ دەکات و ناچارین ڕۆیشتن و مردن و ماڵچۆڵکردن بۆ کەسانی تر قبووڵ بکەین و قوتاربوونمان بۆ نییە، ئەو کەسانە بەختیان هەیە، لە پێنج و دوو ڕۆژی نەهاتووی تەمەندا، بایی توانست دەکۆشن، تا بە دەربڕینی دەروونناسی مرۆگەری سەردەم، کارڵ ڕۆجەرز، خۆتوێژی و خۆپاڵاوتن بکەنە ئیشیان و لە مەودای نێوان خۆی ڕاستەقینە (Real Self) و خۆی ئایدیاڵی (Ideal Self)یان کەم بکەنەوە و ئاسوودەییەکی پتر و داخ و نائارامی و دڵەڕاوکەیەکی کەمتر بئەزموون، چونکە (بە گرتنەبەری ئەم ڕێیە، بە لووتکەی نووری حەقیقەت دەگەین، بەو مەرجەی، ئاگری وەرزشی ڕۆحی و بڵێسەی خۆشەویستی و تێکۆشانمان هەبێت.)