کۆرۆنا، دوژمنێک نییه و به‌س، په‌یامی گه‌وره‌ی تری پێیه! - بەشی دووەم(کۆتایی)
نووسینی: قانع خورشید
فیکر
2020-03-21
کۆمێنت
9445 جار بینراوە
که‌مێک پێش عه‌سر ده‌مه‌وێت سه‌رخه‌وێک بشکێنم و بۆ شه‌وی دادێت وزه‌یه‌ک کۆ بکه‌مه‌وه. ده‌خه‌وم و وه‌ختێک هه‌ڵده‌ستم ده‌زانم زیاد له سه‌عاتێکه نوستووم. پاش نوێژی عه‌سر، له‌گه‌ل خێزانم و مناڵه‌کاندا چاییه‌ک ده‌خۆینه‌وه، ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ر هیچمان ده‌ست نه‌که‌وێت ئه‌نجامی بده‌ین و خۆمانی پێوه بغافڵێنین، په‌نا بۆ خواردنه‌وه‌ی چای ده‌به‌ین. چای، ده‌وای ده‌رد و هاوڕێی بێکهسیمانه! دیسان ده‌گه‌ڕێمه سه‌ره‌وه، لاپتۆپه‌که‌م داده‌گیرسێنم، ئه‌و به‌شه‌ی دوێنه‌شه‌و نووسیبووم پاکنووس و هه‌ڵه‌کانی چاک ده‌که‌م و له هه‌ندێک شوێندا بڕێک شتی بۆ زیاد ده‌که‌م. ده‌زانم دوێنه‌شه‌و به‌نیاز بووم چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ک بخه‌مه به‌ر باس، یه‌کێک له‌وانه په‌یامی ئاسمانییانه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه یه‌کجار گچکۆکه‌ی به‌چاو نه‌دیتراوه بوو. زمانی حاڵی ئه‌م ڤایرۆسه ده‌ڵێت: ئێوه‌ی مرۆڤ، نه خۆتان خوان و نه له خوایش بێنیازن. ئه‌و هات و به دوو سێ مانگ گشتمانی شڵه‌ژاند.
ئه‌گه‌ر به زمانی ژماره قسه بکه‌م و بمه‌وێت قه‌باره‌ی زیانه ئابووری و بازرگانییه‌کانی ئه‌م وردهههبووه بنووسم، وه‌ختی زۆر ده‌گرم و شتێکی دووباره‌یش ده‌ڵێمه‌وه، به کرته‌یه‌ک ده‌یان به‌سته‌ری ئاماری و پێوانه‌ی زیانه‌کان دێته به‌رده‌ستی هه‌مووان، من ته‌نیا ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، له ماوه‌ی ئه‌م سێ چوار مانگه‌دا بۆرسه‌ی جیهانی شه‌ش ترلیۆن دۆلار زیانی به‌ر که‌وتووه و ته‌نیا له یه‌ک شه‌ودا چوار له ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی دنیا، بە هۆی داکشانی پشکی کۆمپانیاکانیانه‌وه، 21 ملیار دۆلار خه‌ساریان کردووه. له یه‌ک مانگدا کۆمپانیای ئه‌مازۆن 29 ملیار و له دوو مانگیشدا ملیاردێری فڕه‌نسایی بێرنارد ئارنۆ 30 ملیار دۆلار زه‌ره‌ری کردووه! کۆمپانیاکانی ئه‌پڵ و مایکرۆسۆفتیش ده‌یان ملیار... نرخی نه‌وتی خاو تا بێت ده‌شکێت، ئه‌وه‌تا نرخی به‌رمیلێک گه‌یشتووه‌ته 26 دۆلار! هێڵی ئاسمانی زۆربه‌ی وڵاتان یان وه‌ستاوه یان گه‌شتیاری له سفره‌وه نزیک بووه‌ته‌وه و له‌به‌ر ئه‌مه زیانی دارایی ئه‌م وه‌ستانه به زیاتر له 113 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده ده‌کرێت، له نزیکه‌ی 30 وڵات‌دا هه‌موو قوتابخانه و په‌یمانگا و زانکۆکان داخراون و خوێندن وه‌ستاوه. به‌پێی ڕاگه‌یاندنی یوونسکۆ 850 ملیۆن قوتابیی، یانی نزیکه‌ی 50%ی قوتابیانی سه‌ر گۆی زه‌وی ئێستا له ماڵه‌وه‌ن و بە هۆی کۆرۆناوه له خوێندن دابڕاون. که‌رتی وه‌رزش که وه‌کو خۆڵ پاره‌ی تێدا خه‌رج ده‌کرا، ئیفلیج بووه و که‌س لیۆنێل میسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی بیر نه‌ماوه، خانمه زانایه‌کی ئیسپانیایی له‌م ڕۆژانه‌دا به‌تووڕه‌ییه‌وه به ڕۆژنامه‌کانی گوتبوو "بڕۆن داوای دۆزینه‌وه‌ی ده‌رمانی کۆرۆنا له میسی و ڕۆناڵدۆ بکه‌ن، وا به فه‌رده پاره‌تان پێ ده‌دان". سات به سات ئه‌م ئامار و زیانانه زیاد ده‌که‌ن و من ناگه‌مه تۆمارکردنیاندا.
کۆرۆنا پێی گوتین، نادادی و سه‌رمایه‌داری و قۆرخکاری سه‌ری له چییه‌وه ده‌رده‌چێت و دووری له یاسای ئاسمان و داوای خودا، چ مه‌رگه‌ساتێک ده‌کاته دیاری بۆ مرۆڤ. پێی گوتین وه‌ختێک پاره و سه‌روه‌ت و سامانی جیهان ده‌بێته مه‌دالیای ملی چه‌ن چاوچنۆکێکی خوانه‌ناس و زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تییش خۆراک و پۆشاک و جێخه‌وێکی شیاویان ده‌ست ناکه‌وێت، چ تراژیدیا و نهکبهتییهک یه‌خه‌ی گۆی زه‌وی ده‌گرێت. له که‌ناڵی هه‌وادارانی به‌رشه‌دا له تلیگرام، ده‌بینم و ده‌خوێنمه‌وه ئارتۆر ڤیداڵی چیلیایی و یاریزانی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ی ئیسپانی، ئه‌مڕۆ له ستۆریی خۆیدا ئه‌م دێڕانه‌ی داناوه: "دنیا ئاتاجی خودایه. وڵاته‌که‌م ئاتاجی خودایه. خێزانه‌که‌م ئاتاجی خودان. من ئاتاجی خودام". ماڵپه‌ڕی (کووورة)یش ده‌که‌مه‌وه و تێیدا ده‌خوێنمه‌وه: یواکیم لۆفی ڕاهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا له نامه‌یه‌کیدا بۆ جه‌ماوه‌ر و گه‌لی ئه‌ڵمانی نووسیویه‌تی: "جیهان به دۆخێک‌دا ده‌ڕوات به هۆڵۆکۆستێکی به‌کۆمه‌ڵ ده‌چێت. زه‌وی، ئێستا له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌نه‌دا که هه‌میشه وا ده‌زانن ده‌شێن هه‌موو شتێک بکه‌ن و گشت ورد و درشتێک ده‌زانن، خه‌ریکه به‌رگری له خۆی ده‌کات" داوایشی له هه‌مووان کردووه له بیرکردنه‌وه‌ی سهرمایهدارییانهیاندا میانڕه‌و بن و زیاتر هاوسۆزی و مرۆڤبوون نیشان بده‌ن. ئاماژه‌یشی به‌وه کردووه له چه‌ند ساڵی ڕابوردوودا ئاده‌میزاد یه‌کجار له‌خۆبایی و که‌پووبڵند و بێحهد چڵێس و برسی و خۆپه‌رست بووبوون، ئه‌ورووپییه‌کان باکیان له په‌تا و ده‌رده‌کانی ئه‌فریقیا و ئاگرکه‌وتنه‌وه‌کانی ئوستورالیا نه‌بوو، وا ئێستا به‌ڵایه‌کی گشتگر دامێنی خۆیانی گرتووه!
قاروون له ژێر ته‌پ¬وتۆزی مێژووه‌وه سه‌ر ده‌ردێنێت و له شێوه‌ی ئه‌مریکا و تره‌مپ و سه‌رانی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا و چین و یابان و هه‌زاران کۆمپانیا و ده‌وڵه‌مه‌ندی قۆرخکار و سه‌رمایه‌داری پارهپارهستی تری ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا که زه‌وی و ژینگه بۆ ته‌ماحی خۆیان وێران ده‌که‌ن، خۆیم پێ نیشان ده‌دات. ده‌نگی مهنشاویم دێته گوێ، به ده‌نگێکی غه‌مگین و به مه‌قامی نه‌هاوه‌ند ئایه‌ته‌کانی کۆتایی سووره‌تی القصص ده‌خوێنێت: (إِنَّ قَارُونَ كَانَ مِنْ قَوْمِ مُوسَىٰ فَبَغَىٰ عَلَيْهِمْ ۖ وَآتَيْنَاهُ مِنَ الْكُنُوزِ مَا إِنَّ مَفَاتِحَهُ لَتَنُوءُ بِالْعُصْبَةِ أُولِي الْقُوَّةِ إِذْ قَالَ لَهُ قَوْمُهُ لَا تَفْرَحْ ۖ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْفَرِحِينَ ﴿76﴾ وَابْتَغِ فِيمَا آتَاكَ اللَّهُ الدَّارَ الْآخِرَةَ ۖ وَلَا تَنْسَ نَصِيبَكَ مِنَ الدُّنْيَا ۖ وَأَحْسِنْ كَمَا أَحْسَنَ اللَّهُ إِلَيْكَ ۖ وَلَا تَبْغِ الْفَسَادَ فِي الْأَرْضِ ۖ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْمُفْسِدِينَ ﴿77﴾ قَالَ إِنَّمَا أُوتِيتُهُ عَلَىٰ عِلْمٍ عِنْدِي ۚ أَوَلَمْ يَعْلَمْ أَنَّ اللَّهَ قَدْ أَهْلَكَ مِنْ قَبْلِهِ مِنَ الْقُرُونِ مَنْ هُوَ أَشَدُّ مِنْهُ قُوَّةً وَأَكْثَرُ جَمْعًا ۚ وَلَا يُسْأَلُ عَنْ ذُنُوبِهِمُ الْمُجْرِمُونَ ﴿78﴾ فَخَرَجَ عَلَىٰ قَوْمِهِ فِي زِينَتِهِ ۖ قَالَ الَّذِينَ يُرِيدُونَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا يَا لَيْتَ لَنَا مِثْلَ مَا أُوتِيَ قَارُونُ إِنَّهُ لَذُو حَظٍّ عَظِيمٍ ﴿79﴾ وَقَالَ الَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ وَيْلَكُمْ ثَوَابُ اللَّهِ خَيْرٌ لِمَنْ آمَنَ وَعَمِلَ صَالِحًا وَلَا يُلَقَّاهَا إِلَّا الصَّابِرُونَ ﴿80﴾ فَخَسَفْنَا بِهِ وَبِدَارِهِ الْأَرْضَ فَمَا كَانَ لَهُ مِنْ فِئَةٍ يَنْصُرُونَهُ مِنْ دُونِ اللَّهِ وَمَا كَانَ مِنَ الْمُنْتَصِرِينَ ﴿81﴾ وَأَصْبَحَ الَّذِينَ تَمَنَّوْا مَكَانَهُ بِالْأَمْسِ يَقُولُونَ وَيْكَأَنَّ اللَّهَ يَبْسُطُ الرِّزْقَ لِمَنْ يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ وَيَقْدِرُ ۖ لَوْلَا أَنْ مَنَّ اللَّهُ عَلَيْنَا لَخَسَفَ بِنَا ۖ وَيْكَأَنَّهُ لَا يُفْلِحُ الْكَافِرُونَ ﴿82﴾ : به‌ڕاستی قاروون له گه‌لی مووسا بوو، وه‌لێ خۆی به‌سه‌ریاندا هه‌ڵنا، ئێمه‌یش هێنده گه‌نج و سامانمان پێ دابوو، ته‌نیا کلیله‌کانی، باری تاقمێکی به‌هێزیشیان قورس ده‌کرد، گه‌له‌که‌ی پێیان گوت: زۆر که‌یف و ناز مه‌که، خوا که‌سانی بێباکی خۆش ناوێت. له‌وه‌یشی خوا پێی داویت دواڕۆژت وه‌ده‌ست بخه و بۆ قیامه‌تت هه‌وڵ بده، به‌شی خۆیشت له دنیادا فه‌رامۆش مه‌که و چۆن خوا چاکه‌ی له‌گه‌لدا کردوویت، چاکه بکه و ببه‌خشه. له زه‌ویشدا به دوای گه‌نده‌ڵی و وێرانکاریدا مه‌گه‌ڕێ، خوا تێکده‌رانی خۆش ناوێت. ئه‌و گوتی: "من هه‌رچیم هه‌یه به زانین و پلانی خۆم ده‌ستم خستوون." ئه‌رێ ئه‌وه نه‌یده‌زانی خواوه‌ند پێش وی چه‌ندین گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی وای له‌نێو بردووه که زۆر له‌و تواناتر بوون و ده‌ست¬وپێوه‌ندیان زۆرتر بوو؟ تاوانباران، پرسیار له تاوانه‌کانیان ناکرێت (خوا له‌ته‌کیاندا وردی ناکاته‌وه و گورج ده‌یانگرێت و سزایان ده‌دات). قاروون له‌نێو خشڵ و ڕازێنهرهوهکانیدا ده‌رچوو، ئه‌وانه‌ی ژیانی دنیایان ده‌ویست -هه‌ر که بینییان- گوتیان: خۆزگه ئێمه‌یش ئه‌وه‌مان هه‌بوایه وا قاروون هه‌یه‌تی، به‌ڕاستی به‌شێکی گه‌وره‌ی هه‌یه. ئه‌وانه‌یشی خاوه‌ن زانست بوون گوتیان: هاوار به ماڵتان، پاداشتی خوا بۆ که‌سێک باوه‌ڕی هێنابێت و کاری چاکی کردبێت باشتره. ته‌نیا ئارامگرانیش به‌م پاداشته ده‌گه‌ن. ئیتر قاروون و ماڵه‌که‌یمان به ناخی زه‌ویدا برد، هیچ گرۆ و تاقمێکی نه‌بوو سه‌ری بخه‌ن و ڕزگاری بکه‌ن و خۆیشی له سه‌رکه‌وتووان نه‌بوو. هه‌ر ئه‌وانه‌ی دوێنێ خۆزگه‌یان به جێگه‌که‌ی ده‌برد، وایان لێ هات ده‌یانگوت: وه‌ی! وه‌ک بێژیت خوا بۆ کێ له به‌نده‌کانی بیه‌وێت، ده‌رگای ڕزق ده‌کاته‌وه و بۆ کێیشی بوێت ده‌یگرێته‌وه! خۆ ئه‌گه‌ر خوا به‌خششی خۆی به‌سه‌ردا نهڕژاندباین ئێمه‌یشی به زه‌ویدا ڕۆدهبرد... وه‌ی! وه‌ک بڵێیت بێباوەڕان هه‌رگیز سه‌رفراز نابن).
دڵم به تێگه‌یشتنی ئه‌مانه خۆش ده‌بێت و ده‌زانم ملیۆنان که‌س وه‌ها وشیار و ئاگا بوونه‌ته‌وه، تۆزێک ده‌وه‌ستم، ده‌ڵێم له به‌رانبه‌ر ئه‌مانه‌دا ده‌یان هه‌زاری تریش هه‌ن به هیچ ژیر نابن و هۆش ناکه‌نه‌وه، بیرم بۆ ئایه‌تی 59ی سووره‌تی ئیسراء ده‌چێت، که ده‌فه‌رموێت: (وَمَا مَنَعَنَا أَن نُّرْسِلَ بِالْآيَاتِ إِلَّا أَن كَذَّبَ بِهَا الْأَوَّلُونَ ۚ وَآتَيْنَا ثَمُودَ النَّاقَةَ مُبْصِرَةً فَظَلَمُوا بِهَا ۚ وَمَا نُرْسِلُ بِالْآيَاتِ إِلَّا تَخْوِيفًا)، دڵنیا ده‌بم بۆیه خوا زوو زوو به‌ڵگه و په‌رجوو نانێرێت، چون ده‌زانێت زۆرینه‌ی بێباوه‌ڕان سوودی لێ نابینن و باوه‌ڕ ناهێنن، ئاخر گه‌لانی پێشوویش هه‌ر وه‌ها بوون، وه‌لێ جار جاره وه‌ك ترساندن و ده‌رخستنی لاوازی و پووچێتییان، هه‌ندێ نیشانه به خه‌ڵكی نیشان ده‌دات. بیرم ده‌كه‌وێته‌وه له سووره‌تی ئهنعامیشدا ئه‌م ڕاستییه گوتراوه: (وَلَوْ نَزَّلْنَا عَلَيْكَ كِتَٰبًا فِى قِرْطَاسٍۢ فَلَمَسُوهُ بِأَيْدِيهِمْ لَقَالَ ٱلَّذِينَ كَفَرُوٓاْ إِنْ هَٰذَآ إِلَّا سِحْرٌ مُّبِينٌ: خۆ ئه‌گه‌ر كتێبێكت له په‌ڕاوێكدا بۆ دابه‌زێنین و به ده‌ستی خۆیان ده‌ستیشی لێ بده‌ن، دیسان به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان نه‌كردووه ده‌ڵێن: بێ¬گومان ئه‌مه سیحرێكی ئاشكرایه)!
له‌م دۆخه ده‌روونییه‌دا له خۆمه‌وه وێنای ڤایرۆسی کۆرۆنا ده‌که‌م، گیانه‌وه‌رێکی خاکی و لووتشکێنم دێته پێش چاو، وا خه‌یاڵ ده‌که‌م هه‌میشه بزه‌یه‌کی له‌سه‌ر لێوه و بۆ پاراستنی ژیانی خۆی و ده‌رخستنی فشۆڵیی مرۆڤ و زانسته پێشکه‌وتووه‌که‌ی، له گیانی قوربانییه‌کانی ده‌خوات و درێژه به ته‌شه‌نه‌کردن و زیادبوونی ده‌دات. وام له خه‌یاڵداندا ده‌گوزه‌رێت ئه‌م ڤایرۆسه، هێنده‌یش ڕه‌زاگران و دڕنده نییه، وه‌لێ ناچاره بۆ خێرێکی گشتی و گه‌وره‌تر، هه‌ندێک خراپه و زیانی بچووک بگه‌یه‌نێت. ئه‌وه‌تا ژینگه‌ی پاک کردووه‌ته‌وه، چاوی ته‌ماحی پێ داخستووین و له‌گه‌ل خاوخێزاندا کۆی کردووینه‌ته‌وه. له‌ولایشه‌وه زانایانی هه‌رچی وڵاتی دنیایه له کێبه‌رکێی دۆزینه‌وه‌ی کوتانیدان و گرۆیه‌کی که‌م بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی و تاقمێکی زۆر بۆ خۆهه‌ڵنان و بازرگانی، هه‌ڵپه‌یانه زوو چاره‌سه‌ره‌که‌ی بدۆزنه‌وه و ڕایبگه‌یه‌نن.
ترامپی چه‌قاوه‌سوو، ڕۆژی دوو سێ جار واده‌ی درۆیینه ده‌دات و موژده‌ی دۆزینه‌وه‌ی ڤاکسینه‌که‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، وه‌لێ که له ڕوخساری ورد ده‌بیته‌وه، باش تێده‌گه‌ی چۆن وه‌کو سه‌گ له ترساندا له ناوه‌وه ده‌له‌رزێت، ئاخر پێش چه‌ند ڕۆژ گوتی "دوو حه‌فته‌یه ده‌ستم به‌ر ده‌موچاوم نه‌که‌وتووه، بیری ڕوخساری خۆم ده‌که‌م"! دڵنیام بیر له‌وه ده‌کاته‌وه ئه‌مه بۆ یه‌که‌م جاره ئه‌مریکا له‌ناو خاکی خۆیدا لێی بدرێت و زه‌بری کوشنده‌ی به‌ر بکه‌وێت، باش ده‌زانێت ئه‌گه‌ر له ئه‌مریکایش وه‌کو ئیتالیا درمه‌که ته‌شه‌نه بکات، چ ماڵکاولییهکیان تووش ده‌کات و چه‌ندی تر زیان له ئابوورییان ده‌دات. ده‌زانم پاره و ماده و داهات، بتی ئه‌وانن و به شکاندنی ئه‌م بتانه‌یان، پۆرت و لووتیشیان ده‌شکێت. ئه‌لجه‌زیره چاوپێکه‌وتن له‌ته‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمیی ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، دکتۆر ئه‌حمه‌د بن سالم مهنزریدا ده‌کات، ئه‌و ده‌ڵێت: هێشتا ڤایرۆسه‌که نه‌گه‌یشتووه‌ته ترۆپکی بڵاوبوونه‌وه‌ی خۆی و گه‌یشتن به ڤاکسینهکهیشی 18 مانگ ده‌خایه‌نێت! له‌مه‌وه زیاتر ڕادهچهڵهکێم و ده‌زانم ترامپ هه‌ر وه‌ک زۆرانبازێ قومارییانهکانی له‌م په‌تایه‌یش حاڵی بووه و وا ده‌زانێت پاره‌ت هه‌بوو، هه‌موو شت بهکڵاوات دێته به‌رده‌ستت!
له ژووره‌که‌ی خۆمم له‌سه‌ره‌وه، نوێژی مه‌غریب ده‌که‌م و دوای ماوه‌یه‌ک ده‌چمه‌وه خواره‌وه، یه‌ک دوو سه‌عات خۆم به خوێندنه‌وه و تۆپێن له‌گه‌ل منداڵه‌کان و سه‌یرکردنی هه‌واڵ و شته‌وه، خه‌ریک ده‌که‌م، هه‌واڵه‌کان خۆش نایه‌ژن! هه‌ر ئه‌مڕۆ ته‌نیا له ئیتالیا 475 که‌سی تر بە هۆی کۆرۆناوه مردوون، ئه‌و ئیتالیایه‌ی سیسته‌می ته‌ندروستیی فره پێشکه‌وتوو بوو و که یه‌که‌م حاڵه‌تی کۆرۆنایان تۆمار کرد، سه‌رۆکوه‌زیرانیان لووتی له عاسمان ده‌سوو و ده‌یگوت: هیچ ترسێکمان نییه، ئێمه زۆر له‌پێشه‌وه‌ین و له ڕیزبه‌ندیی جیهانیدا ئاستی ته‌ندروستیمان به‌رزه و دووه‌م وڵاتین! ئه‌و ئیتالیایه هه‌نووکه گیری کردووه و هیچی وای پێ ناکرێت.
ئه‌نجا وه‌ک هه‌ناسه‌دانێک ده‌چمه ده‌ره‌وه تا چیمان پێویسته بیکڕم، پێنج ڕۆژه له ماڵ ده‌رنه‌چوومه و سه‌ره‌ڕای ترس و ڕه‌شبینیی خه‌ڵکیش له گرانی، هیچم بۆ ماڵ نه‌کڕیوه، ئێستا ده‌زانم هه‌ندێ خواردن و پێویستیمان هه‌یه، ده‌بێت بۆیان بچم. ئاسمان هه‌وراوییه و زه‌وی ته‌ڕ، به ئۆتۆمبیله‌که‌م ده‌چمه ههرزانهبازاڕی لاندی، که وه‌ژوور ده‌که‌وم، ده‌حه‌په‌سێم، سێ چوار ساڵه زۆربه‌ی پێویستییه‌کانی ماڵ لێره ده‌کڕم، هه‌رگیز ئه‌م فرۆشگایهم وه‌ها پڕ له کاڵا نه‌بینیوه، له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی ده‌چمه ژووره‌وه و سه‌لام ده‌که‌م، ده‌یکه‌مه سوعبه‌ت و هه‌را، ئافه‌رین و ده‌ستخۆشی له ئاسۆی خاوه‌نی و کارمه‌نده‌کانی و خه‌ڵکه باوهڕدارهکهیش ده‌که‌م که شوکر بازاڕیان نهڕووتاندووهتهوه، له‌پڕ گوێم له خرمه‌یه‌کی زۆر ده‌بێت، له ده‌ره‌وه بارانێک دایدهکات مه‌گه‌ر خوا بزانێت، ده‌ڵێیت فریشته‌کان به تانکی ئاو ده‌ڕێژنه خواره‌وه، دێمه ده‌ره‌وه و ماشه‌ڵا ماشه‌ڵام له ده‌م ده‌بارێت. ده‌فکرێم ده‌بێت ئه‌م هه‌وره چه‌ن ملیار تۆن ئاوی که‌ڵه‌که‌بوو بێت و چڕ بووبێته‌وه! له‌گه‌ل ئاسۆدا سه‌یری هه‌ندێ وێنه و ڤیدیۆی ئه‌ورووپای پێشکه‌وتوو و ژیارمه‌ند ده‌که‌ین که چۆن بازاڕیان ڕووتاندووه‌ته‌وه و بۆ شتکڕین ڕیزی سه‌دان مه‌ترییان به‌ستووه، هه‌رچه‌ند ده‌زانم لای خۆیشمان که‌سی تۆقیوی وا زۆرن، وه‌لێ دڵنیام ئێره باشتره، به‌و زیڕهکردووانه ده‌خه‌نین و سوپاسی خوا ده‌که‌ین که حاڵی ئێمه به‌و ئه‌ندازه‌یه خراپ نییه!
دوای بازاڕکردن، ده‌گه‌ڕێمه‌وه ماڵه‌وه، کاره‌بای مۆلیده ده‌بڕێت و هیی نیشتمانی نایه‌ته‌وه، ئاخر ئه‌وه‌ی گه‌ڕه‌کی ئێمه خراپ بووه و هێشتا چاک نه‌کراوه‌ته‌وه. مناڵه‌کان و دایکیان بێتاقه‌تن، ده‌زانن گه‌ر زوو کاره‌با نه‌یه‌ته‌وه، ئه‌ڵقه‌ی ئه‌مشه‌وی زنجیره درامای ستایش نابینن. چون نانی ئێواره‌م نه‌خواردووه، برسیمه و حه‌زم ده‌چێته ئه‌و ئهندۆمییانهی تازه کڕیومن، به منداڵه‌کان ده‌ڵێم لێم دوور بکه‌ونه‌وه تا حازری بکه‌م و دوایی وه‌رنه‌وه پێکه‌وه ده‌یخۆین. ده‌یکه‌نه قریوه و هه‌را، دێن و ده‌چن و تا ئاماده ده‌بێت دوو سێ جارێک ده‌چمه گژیاندا. وه‌ختێک له هه‌موو شت ده‌بینه‌وه، کاره‌با دێته‌وه، ڕێک له دوا خوله‌کی ستایشدا!
مناڵه‌کان ده‌چن بخه‌ون و منیش دێمه سه‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بنووسم و بابه‌ته‌که‌م ته‌واو بکه‌م. هێشتا حه‌وسه‌ڵه‌ی نووسینم نه‌کراوه‌ته‌وه، بڕیار ده‌ده‌م سه‌یری فیلمی haksaw ridge بکه‌م، دوو سه‌عات و چاره‌کێ به دیار ئه‌و فیلمه‌وه داده‌نیشم، دڵم له‌گه‌لیدا داده‌خورپێت، پڕ ده‌بم له شه‌وق و تاسان. ده‌ڵێیت بۆ ئه‌مڕۆ کراوه. بابه‌تی فیلمه‌که باسی په‌تا و میکرۆب نییه و ڕووداوه‌کانی هه‌ڵگۆزراوی واقعن و له ژیانی سه‌ربازێکی ئه‌مریکییه‌وه وه‌رگیراون، که به‌شداریی جه‌نگی جیهانیی دووه‌می له یابان کردووه، ئه‌و سوێندی خواردووه ده‌ست به تفه‌نگه‌وه نه‌دات و ته‌نیا بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ له مردن چووه‌ته به‌ره‌ی جه‌نگ نه‌ک بۆ کوشتن. به‌ڵێ ئه‌مانه په‌یوه‌ندییان به کۆرۆناوه نییه، به‌ڵام ئه‌و باوه‌ڕه بته‌وه‌ی ئه‌م سه‌ربازه به خوا هه‌یه‌تی و ئه‌و خوێندنه‌وه هه‌میشه‌ییه‌ی بۆ ئینجیل و ئه‌و په‌رجووانه‌ی دێنه ڕێی، ڕاستیگه‌لێکن، له هه‌موو کات زیاتر مرۆڤی ئه‌م قۆناغه‌ی مێژوو ئاتاجیانن. وه‌ک گوتم ڕووداوه‌کانی ئه‌م فیلمه ده‌ستکردی خه‌یاڵی باوه‌ڕدارێک نین تا لێیان به‌گومان بین، به‌ڵکه گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربازێک و ته‌واوی هاوڕێکانین له‌و جه‌نگه‌دا، له کۆتایی فیلمه‌که‌دا کورته‌یه‌ک له دیمانه‌ی سه‌ربازه‌که و چه‌ند هاوڕێیه‌کیشی نیشان ده‌ده‌ن. دوای ته‌واوبوونی فیلمه‌که، ئه‌و شتانه‌ی تێپه‌ڕین، ده‌نووسم.
شه‌وێکی تر ده‌گوزه‌رێت و من ماندوو ده‌بم، نوێژی به‌یانیم ده‌که‌م و ده‌چمه نێو خه‌وێکی قووڵه‌وه. پێش نیوه‌ڕۆ هه‌ڵده‌ستم و چایه‌کی تاڵ ده‌خۆمه‌وه. که‌شی دوای باران خۆش و سارد و دڵگره. خوا داوێتی نانی نیوه‌ڕۆ له‌ناو حه‌وشه‌دا بخۆین، برنج و تۆڵکهی نێو باخچه‌که‌ی به‌رده‌م ماڵمان چێشتی ئه‌مڕۆمانه، له‌گه‌ل ماڵی دکتۆر هێمندا قاپێک تۆڵکه به قاپێک شله‌ی په‌تاته ده‌گۆڕینه‌وه. دیسان گه‌مه له‌ته‌ک مناڵه‌کان و تاوێک شێلانی کۆڵنج و نیوسه‌عاتێک تۆپێن له دیوه‌خاندا کاری دوای نیوه‌ڕۆم ده‌بێت. عهسرهپشوو و ته‌واوکردنی کتێبێکی جوبران خه‌لیلیش له ئێواره‌م نزیک ده‌کاته‌وه.
پێش مه‌غریب سه‌یری واتساپهکهم ده‌که‌م، له‌نێو ئه‌و نامانه‌ی کاک ئه‌مجه‌د شاکه‌لی بۆی ناردووم، نامه‌یه‌کیان زیاتر سه‌رنجم ڕاده‌کێشێت، تێیدا نووسراوه:
«ڕۆژی چوارشه‌ممه 28ی یۆلیۆی 1976 سه‌رله‌به‌ری شارێک له وڵاتی چین به‌سه‌ر دنیایه‌ک سه‌گی ده‌شتیی دڕنده‌دا چاو ده‌که‌نه‌وه و له خه‌و ڕاده‌بن، که به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کجار شڵه‌ژاو و ناسروشتی ده‌وه‌ڕین، سهگگهلێکی دڕنده و تۆقێنه‌ر و بێزارکه‌ر... ئه‌مه ده‌بێته گرفتێکی گه‌وره. تا کۆتایی قه‌یرانه‌که، ڕێگه‌چاره‌یه‌کی گونجاوتر له‌وه‌ی شار چۆڵ بکه‌ن، نادۆزنه‌وه. 90 هه‌زار که‌س بە هۆی سه‌گی ده‌شتییه‌وه له ماڵی خۆیان ده‌رده‌چن و ئاواره ده‌بن. ئه‌توانن هه‌ستی ئه‌و خه‌ڵکه وێنا بکه‌ن؟ هه‌موویان ئاواتیان ده‌خواست زه‌وی شه‌ق ببات تا ئه‌و سه‌گانه‌ی ژیانیان تێکدابوون، قووت بدات. هه‌ر وایش بوو و ڕێک ئه‌مه ڕووی دا!
دوای چه‌ند سه‌عاتێک له چۆڵکردنی شار، گه‌وره‌ترین بومه‌له‌رزه‌ی مێژووی چین ڕووی دا، که بومه‌له‌رزه مه‌زنه‌که‌ی شاری تانگ¬شان بوو. ئه‌م زه‌مینله‌رزه‌یه ته‌واوی بینا و باڵه‌خانه‌کانی ئه‌و شاره‌ی کاول کرد.
دواتر خه‌ڵکی ئه‌وێ زانییان ئه‌و سه‌گانه، ده‌وه‌ڕین، چون به‌ر له ڕوودانی، هه‌ستیان به بومه‌له‌رزه‌که کردبوو. خوا له کاتێکی دیاریکراودا ناردبوونی تا گیانی 90 هه‌زار که‌س له مه‌رگێکی حه‌تمی ڕزگار بکه‌ن. ئه‌وان وه‌ک کاره‌ساتێک له‌و سه‌گانه‌یان ده‌ڕوانی، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه بوو ئه‌مانه کاره‌ساتێک بوون که له هه‌ناویدا ڕه‌حمه‌تێکی هێنا بوو.»
چون نووسینه‌که عه‌ره‌بییه، ده‌زانم کاک ئه‌مجه‌دیش له که‌سێکی تره‌وه بۆی هاتووه و ئه‌ویش لوتفی کردووه و بۆ منی ناردووه‌ته‌وه، بۆیه به‌دوای هه‌واڵه‌که‌دا ده‌چم، ده‌بینم ڕاستییه‌که‌ی جۆرێکی تره، ڕاسته ڕێک له‌و ڕۆژه‌دا بومه‌له‌رزه‌یه‌کی 8.2 پله‌یی سامناک له شاری تانگ¬شانی داوه، ژماره‌ی کوژراوانی ئه‌و کاره‌ساته 255 هه‌زار که‌س بووه! وه‌لێ ئه‌وه‌ی پێش ڕوودانی، شاری بۆ چۆڵ کراوه، ساڵی 1975 و له شاری هایچینگ بووه، ژماره‌ی دانیشتووانی هایچینگ ملیۆن و نیمێک بوونه، به‌ڵام بە هۆی جووڵه و وهڕهوهڕ و سرته‌سرتی سه‌گ و گیاندار و مێرووه‌کانه‌وه، ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ست به بێزاری و مه‌ترسی ده‌که‌ن و فه‌رمان به خه‌ڵکی ده‌که‌ن ماڵ و شار به‌جێ بهێڵن، ئه‌وانیش به‌بێزاری و ناڕحهتییهوه شار چۆڵ ده‌که‌ن، ئیتر له‌به‌ر ئه‌مه ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م ده‌بنه قوربانیی بومه‌له‌رزه 7.3 پله‌ییه‌که‌ی ئه‌وێ.
ده‌چمه نێو خه‌یاڵه‌وه، ده‌ڵێم، با ده‌سه‌ڵاتی چینیش نکووڵی له ورده‌کاریی ئه‌و هه‌واڵه بکات یا با له‌واقعیشدا جۆرێکی تر بێت و یه‌کجار وه‌هایش نه‌بێت که باوه‌ڕداران حه‌زیان لێیه، وه‌لێ چه‌ن شتی تری وه‌ها له ژیانی تاک و کۆمه‌ڵدا ڕوو ده‌دات و زۆر جاریش ئاگامان لێ نییه؟ چه‌ن به‌ڵا هه‌یه وه‌کو کزه‌ی پاییز، گه‌ڵای وشکه‌وه‌بوومان لێ ده‌ته‌کێنێت؟ چه‌ن ده‌ردی به‌شه‌کی چاره‌ی گشتهکییان بۆ مرۆڤایه‌تی پێیه و ئێمه هیچی لێ نازانین؟ به ده‌ستی خۆم نییه وه‌ها له کۆرۆنا حاڵی ده‌بم. هه‌زارانی وه‌ک یواکیم لۆف له خه‌وی غه‌فڵه‌ت و له‌خۆباییبوون ڕزگار ده‌کات.
له مێشکمدا ده‌نگی نرکه و ناڵه و گریه و پاڕانه‌وه‌ی گه‌لی پێغه‌مبه‌ر یوونس علیه السلام دێت: (فَلَوْلا كَانَتْ قَرْيَةٌ آمَنَتْ فَنَفَعَهَا إِيمَانُهَا إِلا قَوْمَ يُونُسَ لَمَّا آمَنُوا كَشَفْنَا عَنْهُمْ عَذَابَ الْخِزْيِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَمَتَّعْنَاهُمْ إِلَى حِينٍ). ئه‌وان دوای ئه‌وه‌ی به‌ڵای خواییش ڕووی تێ کردن، به دوعا و گه‌ڕانه‌وه له گوناھ و په‌شیمانی له بێباوه‌ڕی، به‌ڵاکه‌یان لابرد. دڵم خۆش ده‌بێت که شێخ سلێمان پێم ده‌ڵێت، چه‌ند خێرخواز و موسڵمانێک 100 هه‌زاریان لێ وه‌رگرتووم و به نیازن خۆیشیان و چه‌ند که‌سی تریش ئه‌وه‌نده ببه‌خشن و گایه‌ک یا زیاتر بکه‌ن به خێر، به‌و ئومێده‌ی خوای گه‌وره ئه‌م ده‌رده لێره دوور بخاته‌وه. ده‌زانم و زه‌ڕڕه گومانم نییه، ته‌واوی گه‌ردوون پێکه‌وه به‌ستراوه و هیچ جووڵه‌یه‌ک بێ ئیزنی خولقێنه‌ری تاقانه ڕوو نادات، ده‌یشزانم تا ده‌کرێت ده‌بێت خۆ بپارێزین و خۆمان تووشی تالووکه نه‌که‌ین و له مه‌ترسی و که‌مته‌رخه‌می دوور بکه‌وینه‌وه، وه‌لێ دڵنیایشم نزا و تۆبه و چاکه‌کردن، وه‌ک پێغه‌مبه‌ری ئازیز صلی الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی، به‌ڵا ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه. ئه‌مه به‌شێکه له یاسای خوا له گه‌ردووندا و نه‌گۆڕه. له هه‌واڵه‌کاندا ده‌بیستم وه‌زیری ته‌ندروستیی ئیتالیا گوتوویه‌تی: "هیوایه‌کمان به چاره‌سه‌ری زه‌مینی نه‌ماوه و هه‌مووی ته‌واو بووه، بۆ ڕزگاربوون ڕوومان کردووه‌ته ئاسمان"! به دوای هه‌واڵه‌که‌دا ده‌چم، ڕاستییه‌کی نییه و هه‌ر قسه‌ی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه، به‌ڵام دڵنیام ئه‌مه قسه‌ی دڵێتی و گه‌لی ئیتالییش وه‌ک ئه‌مریکاییه‌کان چاویان له ئاسمان بڕیوه و به نوێژ و پاڕانه‌وه‌وه سه‌رقاڵن و بۆ حاڵی په‌شێویان ده‌ناڵن.
سه‌یرێکی سایتی ئه‌لجه‌زیره ده‌که‌م، ڤیدیۆیه‌کی ترسێنه‌ری ئیتالیای داناوه، نووسیویه‌تی: وێنه‌کانی ئیتالیا خه‌یاڵی مرۆڤ ده‌به‌نه‌وه بۆ زه‌مانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م! ڕاست ده‌کات، شه‌قامه‌کانی شار چۆڵن، بێده‌نگی گوێ کاس ده‌کات، ستافه پزیشکییه‌کان ماندوو و پڕووکاون. بۆ گواستنه‌وه‌ی ته‌رمی مردووه‌کان و که‌سه نه‌خۆشه‌کان، حکوومه‌ت په‌نای بۆ زیل و ئیڤای عه‌سکه‌ری بردووه، ئیتر دنیایه‌ک بارهه‌ڵگری سه‌ربازی شه‌قامه‌کانیان ته‌نیوه، خه‌ڵکی یا له نه‌خۆشخانه که‌وتوون و به ده‌م ده‌رد و ئازاره‌وه ده‌ناڵێنن، یا له ڕێگه‌ی نه‌خۆشخانه‌ن و یانیش له کونجی ماڵدا له ترساندا خۆیان شاردووه‌ته‌وه و له که‌ره‌نتینه‌دان.
دڵم بۆ داماوی و لاوازیی مرۆڤ ده‌سووتێت و گاڵتهیشم به حاڵی به‌خۆناز و له‌خۆباییان دێت، ده‌زانم تا ده‌رده‌که یه‌خه‌ی خۆیان نه‌گرێت په‌ند وه‌رناگرن. گورجێ ده‌گه‌ڕێمه‌وه زه‌مانی مووسا و فیرعه‌ون، له ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا، چه‌ندین به‌ڵا ڕووی له غهڕابووانی میسر کرد، کوله، بۆق، ئه‌سپێ، خوێن و... هه‌رجاره‌ی بهنیوچه قهشمهرییهکهوه په‌شیمانییان ڕاده‌گه‌یاند، دواتر له‌گه‌ل نه‌مانی به‌ڵاکه‌دا ده‌گه‌ڕانه‌وه حاڵی پێشوویان، تا دواجار مووسا گه‌له‌که‌ی برد و کۆچی کرد، وه‌ختێک فیرعه‌ون شوێنی که‌وت و له ده‌ریادا به خۆی و سوپاکه‌یه‌وه نغرۆ بوون، هه‌رچه‌ند هاواری لێ به‌رز بوویه‌وه، سوودێکی بۆی نه‌بوو، چون کار له کار ترازا بوو. دڕدۆنگ ده‌بم، نازانم سیستمی سه‌رمایه‌داری و ڕژێمی نوێی جیهانی هیچ ده‌رفه‌تێکیان له‌به‌رده‌مدا ماوه تا خوا ئه‌م به‌ڵایه لا بدات و مۆڵه‌تێکی تری مرۆڤایه‌تی بدات، یا له قۆناغی که‌وتنه نێو ده‌ریاکه‌ی فیرعهونداین! نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له به‌یانێکی فه‌رمیدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت: جیهان، تێکڕا ڕووبه‌ڕووی جه‌نگێکی واقعی بووه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر زوو چاره‌ی کۆرۆنا نه‌کرێت، به ملیۆنان که‌س ده‌بنه قوربانی. له هه‌واڵه‌کانی ڕووداودا ده‌خوێنمه‌وه: ئه‌مریکا یه‌ک ترلیۆن، ئه‌ڵمانیا 50 ملیار، ئیتالیا 28 ملیار و بریتانیا 106 ملیۆن دۆلار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کۆرۆنا ته‌رخان ده‌که‌ن. له یه‌ک ڕۆژدا 20 هه‌زار که‌سی تر تووشی ئه‌م درمه ده‌بن و ده‌خرێنه ژێر چاودێری و چاره‌سه‌ره‌وه! سه‌یری گرته ڤیدیۆیه‌کی ته‌ڵاڵ ئهبووغهزاله ده‌که‌م، هیی پێش کۆرۆنایه، ئه‌وکات وه‌ک خۆی ده‌ڵێت بینا له‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه و وردبوونه‌وه، به‌ڕوونی ده‌ڵێت: سیستمی دیموکراتیی سه‌رمایه‌داری شکستی هێناوه و له لێواری هه‌ره‌س و داڕووخاندایه.
له نووسین و به‌دواداچوون ماندوو ده‌بم، سه‌رم پێش قۆڵ و ده‌ست و په‌نجه‌م شه‌که‌ت ده‌بێت. ده‌زانم سه‌د هێنده حیکایه‌ت و ڕامان و خوێندنه‌وه ماون و خراپ نابێت بیاننووسم، وه‌لێ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێ ده‌کرێت. ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ره‌تای بابه‌ته‌که‌م، وا 48 سه‌عاته نه‌خشه‌ی سه‌ره‌تاکه‌یم داڕشتووه، چاوم به‌و دێڕه ده‌که‌وێت که نووسیومه پێده‌چێت تا ئه‌م بابه‌ته ته‌واو ده‌که‌م 5000 که‌سی تریش تووش ببن، دڵم ته‌نگ ده‌بێت و به‌زه‌ییشم به ساده‌یی خۆمدا دێته‌وه، چون ده‌زانم سه‌ره‌تا 50 که‌سم نووسیبوو و دواتر زانیم نووسینه‌که‌م به سه‌عات و دووان ته‌واو نابێت و ئه‌و ژماره‌یه‌یش هه‌ر هیچ نییه، به‌حساب زیادم کرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی بڵێم، که‌چی ئێستا ده‌بینم 45 هه‌زار تووشبوو زیادی کردووه، ئاماری مردووانی ئیتالیا شۆکم ده‌کات، 3400 که‌س تێده‌په‌ڕێنێت و پێش چین ده‌که‌وێته‌وه. سه‌یری دوا ئاماری ڕاگه‌یێنراو ده‌که‌م: 244799 تووشبوو و 10030 مردوو! بۆیه له‌مه زیاتر نامه‌وێت درێژه‌ی پێ بده‌م، ده‌ست له نووسین هه‌ڵده‌گرم و ده‌چمه لای کاری تره‌وه.