کۆیلایەتی لە نێوان ئیسلام و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییدا-بەشی دووەم (کۆتایی)
نووسینی: محەمەد حەیدەر
فیکر
2020-04-12
کۆمێنت
2862 جار بینراوە
هەشتەم: ئەو زاراوانەی دەربارەی کۆیلە لە قورئاندا هاتوون:
١. ما ملکت أیمان: پازدە جار لە قورئاندا هاتووە، مانای؛ هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی مامەڵەکردنی کەسێکەوەن. وەک؛ خزمەتکار، دیل، کۆیلە، کرێکار و ...، بۆیە وشەکە گشتگیرە و تەنیا بە مانای کۆیلە نایەت. وشەی «ملکت» تەنانەت شتومەکیش دەگرێتەوە! لەوانە (النساء، ٢٤-٢٥، النور ٣١، ٣٣ و ٥٨ و الاحزاب، ٥٠) لە هەر پازدە شوێنەکەدا بە مانای دیلی جەنگ یان ئەو کۆیلانە دێت کە پاشماوەی سەردەمی نەفامیی پێش ئیسلامن.
٢. عبد: مانای بەندەیە، خوای گەورە لە قورئاندا ئەم وشەی بەکار هێناوە بۆ پێغەمبەران، پیاوچاکان و گشت خەڵکی. وشەی عبد لە پێنج جێگەدا بە مانای مرۆڤی ئازاد هاتووە ( ال عمران، ١٨٨، الانفال، ٥١، الحج، ١٠، فصلت، ٤٢ و الکهف، ٢٩)
٣. أمة: مانای ئەو ئافرەتەیە کە ئازاد نییە، کە ئافرەتی دیل و کۆیلە دەگرێتەوە، لە یەک جێدا هاتووە لە سوورەتی (البقرة ،٢٢١) لە ئایەتەکەدا دژ بە ئافرەتی بێباوەڕ بەکار هێنراوە، واتە ئافرەتی باوەڕدار لە ئافرەتی بێباوەڕ باشترە.
پێغەمبەریش (دروودی خوای لێ بێت) فەرمویەتی : «کل رجالکم عبید اللە و کل نسائکم إماء اللە» واتە، (هەموو پیاوان و ئافرەتانتان بەندەی خودان)
٤. رقبة: مانای گەردنی مرۆڤ دێت، شەش جار لە قورئاندا بە شێوەی تاک هاتووە و سێ جاریش بە شێوەی کۆ (الرقاب) هاتووە و لە هەموویاندا بە مانای دیل و هەروەها مانای کۆیلەیش لەخۆ دەگرێت کە لە سەردەمی پێش ئیسلام دروست بوون، وەک لە سورەتی «البلد» ئایەتی (فك رقبة، ١٣) کە بە مانای ئازادکردنی دیل و کۆیلە دێت.
٥. الفتیات: مانای کچی گەنجی ئازادە و کچی گەنج و پیر دەگرێتەوە بۆ دیل و کۆیلە. لە دوو شوێنی قورئاندا هاتووە ( النور، ٣٣ و النساء، ٢٥)، لێرەیشدا بە مانای دیل هاتوون؛ بەتایبەت سوورەتی (النساء، ٢٥) کە بۆ دیلەکانی هوازن و خەیبەر دابەزی.
نۆیەم: زاراوەکانی فەرموودە دەربارەی کۆیلایەتی:
١. العانی: بە مانای دیل، پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) فەرموویەتی (فکوا العانی، وأطعموا الجائع، وعودوا المریض). صحیح البخاری ژ،٢٥٥٢.
٢. الخادم: مانای خزمەتکار دەدات، کە بۆ کەسی دیل و ئازادیش بەکار دێت. پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) فەرموویەتی (سید القوم خادمهم). صحیح البخاری کتاب الجهاد ١٧١.
٣. الغلام: مانای نەوجەوان یان مێرمنداڵ دێت، مانای دیل و کۆیلە لە خۆی دەگرێت. البخاری کتاب النکاح.
٤. الرقیق: بە مانای کۆیلە دێت، مەبەست لێی ئەو کۆیلانەن کە پاشماوەی سەردەمی نەفامیی پێش ئیسلامن (لاتجب الزکاة فی الرق). سنن أبی داود، ژ. ١٣٥٩.
٥. الولیدة: مانای هەموو شتێکی تازە دەگەیەنێت، بە مانای کەنیزەک بەکار دێت. البخاری کتاب النکاح.
٦. الجاریة: لە قورئاندا بە مانای کەشتی هاتووە، بەڵام لە فەرموودەدا بەگشتی بە مانای ئافرەت و کچ هاتووە. ئازاد، دیل و کۆیلە دەگرێتەوە.
دەبینین لە قورئان و فەرموودەکاندا زاراوەکان هەردوو مانای دیل و کۆیلە لەخۆ دەگرن، کاتێکیش بە مانای کۆیلە لێک بدرێنەوە مانای ڕێکخستنی کاروباری ئەو کۆیلانەیە کە پێش سەردەمی ئیسلام دروست بووبوون، بۆیە ناکرێت ئەو زاراوانە بکرێنە بەڵگە.
دەیەم: کۆیلایەتی لە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییدا
١. لە ساڵی هەشتەمی کۆچیدا بە دابەزینی (محمد، ٢٥) بەکۆیلەکردنی دیلەکان بۆ هەمیشە قەدەغە کرا، لەبری ئەوە سیستمی دیلایەتی شوێنی گرتەوە.
٢. لە ساڵی ١٨٦٤دا ڕێککەوتننامەی جنێف بەسترا کە سەرەداوی دەرکەوتنی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی بوو، داوای مامەڵەکردنی باشی دەکرد لەگەڵ دیلە بریندارەکانی جەنگ و قەدەغە کرا کە ئازار بدرێن.
٣. لە ساڵی ١٩٢٦دا کۆیلایەتی بەفەرمی لە کۆمەڵەی گەلان هەڵوەشاوە و قەدەغە کرا.
٤. لە ساڵی ١٩٤٨دا ڕێککەوتنامەی جنێف بەسترا کە تیایدا کۆیلایەتیکردنی دیلەکانی قەدەغە کرد لە ماددەکانی (١٣، ١٤، ١٥، ١٦ و ١٧٧) و تاوەکو ئێستا بەکارە.
ماددەی (١٧٧) دەڵێت: «دیلەکانی جەنگ ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان بەبێ دواخستن دوای کۆتاییهاتنی کارە تووندوتیژییەکان.»
سەرنجێک: ئیسلام ئایینێکە بۆ بەختەوەرکردنی هەموو گرۆی ئادەمیزاد هاتووە، بۆیە هەر کارێک بکرێت لە بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی ئەوا ئیسلام پاڵپشتیی دەکات، بۆیە ئێستا دەبێت کار بە ماددەی (١٧٧) بکەین کە دەڵێت بە کۆتاییهاتنی جەنگ دەبێت بەبێ بەرانبەر دیلەکان ئازاد بکرێن، ئەمەیش پێک دێتەوە لەگەڵ ئایەتی ٢٥ی سوورەتی محەمەددا، چونکە ئایەتەکە هەڵبژاردنی داوە بە دەستی فەرمانڕەوای مسوڵمانان کاتێک دەڵێت: «فإما منا بعد و إما فداء» واتە لە بەرانبەر فیدیەیەک یان بێبەرانبەر ئازادیان بکەن.
لێرەدا دەڵێین: ئیسلام پێش ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان دژی کۆیلایەتی وەستاوەتە.
٥. جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨دا: لە ماددەی یەکی جاڕنامەکەدا هاتووە: «هەموو خەڵکی بەئازادی لە دایک دەبن، لە ماف و کەرامەتدا یەکسانن ...»
٦. جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ساڵی ١٩٤٨: لە ماددەی یەکی جاڕنامەکەدا هاتووە: «جیاوازیکردن لە نێوان مرۆڤەکاندا بە هۆی ڕەگەز، ڕەنگ و بنەچە سووکایەتیکردنە بە مرۆڤ.» لە ماددەی سێدا داوای تێکۆشانی کردووە دژ بەو جیاوازیکردنە.
٧. دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥: لە ماددەی (١٤)دا هاتووە: «هەموو عێراقییەکان یەکسانن لە بەرانبەر یاسادا بەبێ جیاوازیی ڕەنگ، ڕەگەز و ...»
٨. یاسای سزادانی عێراقی لە ماددە (١٣)دا بازرگانیکردن و بەکۆیلەکردنی مرۆڤی قەدەغە کردووە.
یازدەهەم: سیستمی دیلایەتی
ئەم سیستمە دوای دابەزینی ئایەتی ٢٥ی سورەتی محەمەد لە ساڵی هەشتەمی کۆچیدا، پەیدا بوو. ئەو کەسانەی کە بە دیل دەگیردرێن چارەنووسیان ئازادکردنە، جا بەوەرگرتنی بەرانبەرێک بێت یان بێبەرانبەر. بە هیچ شێوەیەک نابێت بکرێنە کۆیلە، دەوڵەتی ئیسلامی لە زینداندا گلیان دەداتەوە تا کۆتاییهاتنی جەنگ، لەو ماوەیەیشدا دەکرێت ئیشیان پێ بکرێت، لە بەرانبەر ئەو خەرجییەی کە دەوڵەت دەیکات. لە کۆندا دەوڵەتان توانای داراییان سنووردار بوو، بۆیە نەیاندەتوانی دیلەکان لە زینداندا گل بدەنەوە، لە ئەنجامدا دیلەکانیان بەسەر هاوڵاتیان و جەنگاوەرەکاندا دابەش دەکرد، ئەوانیش دەبوایەت بەپێی یاسای دەوڵاتی ئیسلامی مامەڵەیان بکردایەت، بۆیان هەبوو لەگەڵ دیلەکانیان هاوسەرگیری بکەن دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە دەوڵەتی ئیسلامی، دەستبەجێ بە هاوسەرگیرییەکە دیلە ئافرەتەکە ئازاد دەبوو. بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆماندا دەوڵەت هەموو کایەکانی ژیانی کۆنتڕۆڵ کردووە، بۆیە نابێت دیلەکان بەسەر هاوڵاتیان و جەنگاوەراندا دابەش بکات.
دوازدەهەم: کەنیزەک
زانایانی فیقهی تەقلیدی بە ڕەوای دادەنێن کە پیاو بەبێ بوونی گرێبەستی هاوسەرگیری کاری سێکسی لەگەڵ ئەو کەنیزەکانە بکات کە لە ئەنجامی سەرکەوتن لە جەنگدا بووە بە سەرپەرشتی! بۆ ئەم بۆچوونەیش پشت بە چەند بەڵگەیک دەبەستن کە هەمووی لە هەڵەتێگەیشتن لە قورئانەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ نموونە، چەند ئایەتێک دێننەوە لە قورئان بۆ بۆچونەکانیان لەوانە:
١. «وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ إلا علی أزواجهم أو ماملکت أیمانهم فإنهم غیر ملومینإِلَّا عَلَىٰ أَزْوَاجِهِمْ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ» (المٶمنون، ٥-٦)
ڕاستییەکەی ئەم ئایەتە بەڵگەیە لە دژی ئەو بۆچوونە چوونکە لە ئایەتەکەدا وشەی «أزواج» هاتووە؛ کە وشەیەکی گشتگیرە و پیاو و ئافرەت دەگرێتەوە، واتە ئافرەتیش هەمان مافی هەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەو دیلانەی کە دەوڵەتی ئیسلامی دابەشی دەکات بەسەر هاوڵاتیاندا، بۆیە گەر بۆ پیاو ڕەوا بێت کاری سێکسی لەگەڵ دیلە ئافرەتەکان (کەنیزەک)دا بکات، ئەوا ئافرەتیش دەتوانێت کاری سێکسی لەگەڵ پیاوە دیلەکانی ژێر سەرپەرشتییدا بکات! هەروەها «ما ملکت أیمان» دیلی پیاو و ئافرەت دەگرێتەوە؛ بۆیە گەر بەڕووکەشی ئایەتەکە وەربگرین ئەوا پیاو دەتوانێت لەگەڵ ئەو پیاوە دیل و کۆیلانەی لەژێر سەرپەرشتییدان کاری سێکسی بکات کە ئەم بۆچوونانەیش دژی قورئانن. مەبەستی ئەم ئایەتەیش پاراستنی شەرمگەی باوەڕدارانە لە دەرکەوتن؛ تەنیا خێزانەکانیان یان ئەوانەی لەژێر سەرپەرشتییانن لە دیل و کۆیلەکان کە زەواجیان لەگەڵ کردوون بۆیان هەیە شەرمگەیان دەرخەن.
لە ئایەتەکەدا «أو» هاتووە کە بە مانای هەڵبژاردن (تخیر) دێت، واتە دروست نییە کە پیاو هاوژینی هەبێت و لەگەڵ دیلێکدا هاوسەرگیری بکات یان بەپێچەوانەوە.
٢. «وَمَن لَّمْ يَسْتَطِعْ مِنكُمْ طَوْلًا أَن يَنكِحَ الْمُحْصَنَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ فَمِن مَّا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُم مِّن فَتَيَاتِكُمُ الْمُؤْمِنَاتِ ...» (النساء، ٢٥)
واتە: (هەر کەس لە ئێوە توانای ئابووریی نەبوو هاوسەرگیری بکات لەگەڵ ئافرەتە ئازادەکاندا ئەوا با هاوسەرگیری بکات لەگەڵ ئەو کەنیزەکە گەنجانەی لەژێر سەرپەرشتیاندان.)
پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) دەفەرمووێت: «... لایحل لإمرئ یٶمن باللە والیوم الآخر أن یقع علی إمرأة من السبي حتی یستبرئها، ولایحل لإمرئ یٶمن باللە والیوم الآخر أن یبیع مغنما حتی یقسم.» سنن أبی داود، باب النکاح ٤٥.
لای هاوەڵانی پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) چوونە لای کەنیزەک بەبێ گرێبەستی هاوسەرگیری بە زینا و کاری داوێنپیسی هەژمار دەکرا و پێشەوا ئەبووبەکر سزای زینای بەسەر ئەو کەسەدا جێبەجێ کرد کە چووە لای کەنیزەکەی بەبێ بوونی گرێبەستی هاوسەرگیری. (الموطأ، کتاب الحدود، باب من جاء فیمن إعترف بزنبە.)
ئەو مەرجانەی دانراون بۆ هاوسەرگیری کردن لەگەڵ کەنیزەکدا:
١. نەبوونی توانای دارایی بۆ هاوسەرگیریکردن لەگەڵ ئافرەتی ئازاددا.
ئایەتی «وَمَن لَّمْ يَسْتَطِعْ مِنكُمْ طَوْلًا أَن يَنكِحَ الْمُحْصَنَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ فَمِن مَّا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُم مِّن فَتَيَاتِكُمُ الْمُؤْمِنَاتِ ...» (النساء، ٢٥)
واتە: هەر کەس لە ئێوە توانای ئابووریی نەبوو هاوسەرگیری بکات لەگەڵ ئافرەتە ئازادەکاندا ئەوا با هاوسەرگیری بکات لەگەڵ ئەو کەنیزەکە گەنجانەی لەژێر سەرپەرشتییاندان.
٢. دەبێت هەمان مەرجی ئافرەتی ئازادیان تێدا بێت لە ڕووی پاکداوێنی و باوەڕەوە.
ئایەتی «مُحْصَنَاتٍ غَيْرَ مُسَافِحَاتٍ وَلَا مُتَّخِذَاتِ أَخْدَانٍ ...» (النساء، ٢٥)
٣. ترسی داواکار لە کەوتنە داوێنپیسییەوە.
ئایەتی «... ذَٰلِكَ لِمَنْ خَشِيَ الْعَنَتَ مِنكُمْ ...» (النساء، ٢٥)
واتە: تەنیا ئەو کەسەی دەترسێت بکەوێتە کاری بەدڕەوشتییەوە و، توانای ئابیوریی نییە هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێکی ئازاددا بکات؛ بۆی هەیە داوای هاوسەرگیری لەگەڵ کەنیزەکدا بکات.
٤. وەرگرتنی مۆڵەت لە سەرپەرشتیارەکانیان کە دەوڵەتە.
ئایەتی «... فَانكِحُوهُنَّ بِإِذْنِ أَهْلِهِنَّ ...» (النساء، ٢٥)
واتە: (بە مۆلەتی سەرپەرشتیارەکانیان هاوسەرگیرییان لەگەڵدا بکەن.)
دەوڵەتیش خاوەنی دەسەڵاتی تەواوە بەپێی یاسا ڕێگە بە هاوڵاتییەکانی بدات لەوانەی کە مەرجەکانیان تێدایە کە هاوسەرگیری لەگەڵ کەنیزەکەکان بکات، بە مەرجی ڕازیبوونی کەنیزەکەکەیش، چوونکە کەنیزەک (ئافرەتی دیل) مافی ئەوەی هەیە کە هاوسەرگیری ڕەت بکاتەوە.
٥. پێدانی مارەیی بە کەنیزەکەکە:
ئایەتی: «... وَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ ...» (النساء، ٢٥)
مارەیی ئەم هاوسەرگیریە بریتییە لە ئازادبوونی ئەم ئافرەتە لە دیلی، بەپێچەوانەی هەندێک بۆچوون کە پێیان وایە کە هەڵبژاردە لە دەستی ئافرەتەکەیە بەوەی ئازادی خۆی وەربگرێت یان مارەیی هاوشێوە (مهر المثل) پێ بدرێت، چوونکە ئازادیی، خودا بە مرۆڤەکانی بەخشیوە و مرۆڤ لە دەستی خۆیدا نییە تا بڕیار بدات بە وەرنەگرتنی لە بەرانبەر بڕە پارەیەک، بەڵکە دەبێت ئازادیی وەک مارەی پێ بدرێت.
هەر کەسێک بەزۆر کاری سێکسی لەگەڵ ئافرەتێک یان پیاوێکی دیل بکات، ئەوا دیلەکە ئازاد دەبێت و دەستدرێژیکاریش بە لێدانی سەت قامچی وەک سزای داوێنپیسیی لێ دەدرێت.
ئافرەتی ئازاد وەک پیاو لە دەوڵەتی ئیسلامیدا مافی ئەوەی هەیە کە هاوسەرگیری بکات لەگەڵ پیاوە دیلەکاندا، بە بەڵگەی ئایەتی «... ماملکت أیمانهن ...» (النور، ٣١ و الأحزاب، ٥٥) ئەوەیش مانای ئەوەیە کە ئافرەتیش دەتوانێت سەرپەرشتیی دیل بکات. بەڵام ئەو پیاوە دیلەی لەگەڵ ئافرەتێکی ئازاددا هاوسەرگیری دەکات، تەنیا بە هاوسەرگیریکردن ئازاد نابێت بەڵکو ئەو کاتە ئازاد دەبێت کە مارەیی ئافرەتەکە بدات، ئافرەتەکە لێی خۆش بێت یان بمرێت.
هاوەڵان لە سەردەمی خۆیاندا هەندێکیان مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کەنیزەکانەدا کردووە کە پاشماوەی سەردەمی نەفامیی پێش ئیسلام بوون.
سیازدەهەم: گواستنەوەی مافی مامەڵەکردن
ئەو کەسانەی کە دیلەکانیان بەسەردا دابەش کراوە دەبێت بژێویی دیلەکان لە گشت ڕوویەکەوە فەراهەم بکەن، بەڵام دەشێت ئەو سەرپەرشتیارە لە توانایدا نەبێت کە پێداویستییەکانی دیلەکەی ژێردەستی فەراهەم بکات بۆیە لێرەدا دەتوانێت مافی خۆی لە وەرگرتنی فیدیە بەرانبەری ڕزگاربوونی دیلەکە لە دیلی بگوازێتەوە بۆ کەسێکی دیکە لە بەرانبەر ئەو بڕە پارەیەی کە دەیدات. لەم گواستنەوەیەدا دیلەکە نافرۆشرێت بەڵکو مافی سەرپەرشتیکردنی دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی دیکە بۆ ئەوەی بژێویی دابین بکات و هەر کاتێک دیلەکە ئەو بڕە پارەیی دا بە سەرپەرشتیارەکەی؛ ئەوە ئازاد دەبێت.
جیاوازیی گواستنەوەی مافی سەرپەرشتیکردن لەگەڵ کڕین و فرۆشتن:
١. لە کڕین و فرۆشتندا نرخی فرۆشراو گۆڕانکاریی بەردەوامی بەسەردا دێت؛ بەڵام لە گواستنەوەی مافی سەرپەرشتیکردندا نرخەکە جێگیرە و دەوڵەت دایدەنێت بۆ ئازادبوونی دیلەکە لە دیلی.
٢. لە کڕین و فرۆشتندا ئامانج لێی قازانجکردنە بەڵام لە گواستنەوەی مافی سەرپەرشتیدا ئامانج لێی دابینکردنی بژێوی دیلەکەیە لەلایەن کەسی وەرگرەوە.
٣. لە کڕین و فرۆشتندا یاسای کڕین و فرۆشتنی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت بەڵام لە گواستنەوەی مافی سەرپەرشتیدا یاسای تایبەت بە مامەڵەکردنی لەگەڵ دیلەکاندا بەسەردا بەرپا دەکرێت.
وەک ئاماژەمان پێ دا ئەم گواستنەوەیە لە بارێکی لەناکاودا کاری پێ دەکرێت کاتێک دەوڵەت ناتوانێت کۆنتڕۆڵی دیلەکان بکات و دابەشی دەکات بەسەر هاوڵاتییاندا و هاوڵاتییەکەیش بە هۆی دۆخێکی نالەبار
-وەک ئیفلاسبوونی- ناتوانێت دیلەکە بەخێو بکات بۆیە مافی سەرپەرشتیی دەگوازێتەوە بۆ هاوڵاتییەکی دیکە لە بەرانبەر پێدانی بڕەپارەیەک وەک فیدیە ئەوەیش لەژێر چاودێریی دەوڵەت دەکرێت.
نابێت ئەم مامەڵەیە ببێتە پیشەیەکی بەردەوام لە نێوان هاوڵاتییاندا؛ چونکە سەر دەکێشێت بۆ بەکۆیلەکردنی دیلەکان.
ئەم بارودۆخە بەردەوام نابێت چونکە سیستمی دەوڵەتی ئیسلامی ڕێگە بەوە نادات کە دیلەکان بە دیلی بمێننەوە؛ ئەوەیش بە گرتنەبەری ئەو ڕێگایانەی کە دەبنە هۆی وشککردنی سیستمی کۆیلایەتی، کە ئاماژەمان پێدان.
مافەکانی دیل
١. مافی ژیان: هەر زیانێک بەر دیلێک بکەوێت ئەوە وەک زیانگەیاندنە بە کەسێکی ئازاد، پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) دەفەرموێت: «من قتل عبدە قتلناە و من جدعە جدعناە.»، سنن ابن ماجە، کتاب الدیات ٢٣، ژ. ٢٦٦٣.
٢. مافی پاراستنی کەرامەت: بە هیچ شێوەیەک نابێت زۆر لە دیل بکرێت بۆ ئەنجامدانی کاری سێکسی و هەر کەسێک ئەو کارە بکات ئەوە سزا دەدرێت وەک چۆن پێشەوا ئەبووبەکر سزای ئەو کەسەی دا کە بەزۆر چووبووە لای کەنیزەکێک.
٣. مافی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان: دیلەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی ئەو ئایینەی کە دەیانەوێت و دەبێت ڕێگەیان پێ بدرێت بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی تایبەت بە خۆیان. (إبن القیم الجوزی، أحکام أهل الذمة، ٢/ ٤٤٣)
٤. وەرگرتنی میراتی: دیل بە کۆیلە دانانرێت بۆیە میراتی وەردەگێت و لێی دەبرێت.
٥. پێویستییەکانی: دەبێت لەو پۆشاکە بپۆشێت کە سەرپەرشتیارەکەی دەیپۆشێت، لەو خواردنە بخوات کە سەرپەرشتیارەکەی دەیخوات.
چەندین مافی دیکەی تریش ...
ئەرکەکانی دیل
پابەندبوونی بە یاسا: دەبێت بەپێی یاساکانی دەوڵەتی ئیسلامی بجووڵێتەوە، بۆیە بۆ نموونە گەر تاوانی دزی بکات ئەوا دەستی دەبڕدرێت، تاوانی کوشتن بکات دەکوژرێتەوە، تاوانی داوێنپیسی بکات سەت قامچی لێ دەدرێت و، سزا دەدرێت گەر کارەکانی ئەنجام نەدات.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
١.علی رضا دمیرجان، بیان حکم إسترقاق الأسیرات و الإستغلال الجنسی لهن في ضوء القرآن والسنة. ٢٠١٣
٢. مصطفی زلمي، مستنقع العبید و الجواري و تجفيفە في القرآن، الطبعة الثانية. ٢٠١٦
٣. پوختەی وانەکانی یاسای نێودوڵەتیی مرۆیی، د.عامر الزمالي، مدخل إلی القانون الدولي الإنساني، توونس. ١٩٩٧
تێبینی: زۆرینەی بابەتەکان بەکورتی باس کراون، بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە ئەو سەرچاوانەی ئاماژەمان پێ کردوون.