دەستەواژەی وەلی ئەمر لە قورئانی پیرۆزدا نەهاتووه

نووسینی: د. عوسمان هەڵەبجەیی وەرگێڕانی: میران مەجید
فیکر 2020-04-26 کۆمێنت 2671 جار بینراوە

بەڵێ، بەم شێوە تاكه (مفرد)‌ دەستەواژەی وەلی ئەمر لە قورئانی پیرۆزدا نەهاتووە، بەڵكو سێ جار لە قورئانی پیرۆزدا، بە شێوەی كۆ (أولي الأمر)، هاتووە، جیاوازییەكی زۆریش لە نێوان هەردوو شێوازەكەدا هەیە، ئەمە جگە لەوەی زۆرێك لە مسوڵمانان ئەم شێوا‌زە كۆیە بە تاك ڕاڤە دەكەن و، دەڵێن مەبەست بە گوێڕایەڵیكردنی (أولي الأمر) گوێڕایەڵی سەركردەیە!

ئێمەیش چەند سەرنجێكمان لەسەر ئەم تێگەیشتنە نادروستە هەیە، كە بریتین لەمانەی خوارەوە:

   سەرنجی یەكەم: ئەگەر ئایەتەكە باسی (ولي الأمر)ی بەم شێوە تاكە بكردایە، ئەوا نزیكترین مەبەستی ئایەتەكە كاربەدەست و سەرۆكی وڵات دەبوو، بەڵام چونكە هەر بە شێوەی كۆ هاتووه، ئیتر باسی سەركردە لە بابەتەكە دوور دەكەوێتەوە.

    سەرنجی دووەم: ڕاڤەكردنی (أولي الأمر) بە كاربەدەستی وڵات تێگەیشتنێكی نادروستە، چونكە بەرەو تەسلیمبوونمان بە دەسەڵاتێكی سەردەستەی خۆسەپێن دەبات، كە هەر خۆی خاوەنی فەرمان و قەدەغەكردن دەبێت، نە ڕاوێژكاری دەبێت و نە ڕێنماییكار، دەبێتە سێبەری خوا و وەلی ئەمری مسوڵمانان و گوێڕایەڵیی واجب دەبێت و، بۆچوون و فەرمان هەر هیی ئەو دەبێت و بكوژ و ببڕ خۆیەتی.

   سەرنجی سێهەم: هاتنی ئەم شێوازە بە كۆ، واتای بوونی چەندین لیژنەی تایبەتە لە سەرجەم بوارەكانی دین و دونیادا كە لەناو خودی مسوڵمانانەوە دیاریی بكرێن، تەنیا بوارە دینییەكان و كەسێكی تایبەت ناگرێتەوە، بە شێوەیەك كە هەر ئەو قسەی یەكلاكەرەوەی هەبێت لە كاتی بوونی ناكۆكیدا، كاتێك ناكۆكییەك دروست دەبێت لە بوارەكانی سەربازی و پزیشكی و یاسایدا، دەبێت بۆ هەریەك لەو لیژنانە بگەڕێینەوە كە تایبەتمەندن بەو بوارانەوە‌، سەرجەم بوارەكانی تری ژیانیش بە هەمان شێوەیە.
ئێستە وەرن با بەیەكەوە جارێكی تر ئەم ئایەتە پیرۆزە بخوێنینەوە: ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنكُمْ ۖ فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِن كُنتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ۚ ذَٰلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلًا﴾ (النساء: 50)

   بێگومان وشەی «شیئ» لە ئایەتەكەدا نەناسراو (نكرة)یە و نادیارە، دەگونجێت مەبەستی ناكۆكیی خێزانی نێوان ژن و مێرد، ناكۆكیی پارە و سامان، تاوانكاری، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان یان هەر بوارێكی تر لە بوارەكانی ژیان بێت، پاشان بە دوای ئەم وشەیەدا وشەی «أولي الأمر» بە شێوەی كۆ دێت، لامی سەر وشەی «الأمر» بۆ شتێكە كە پێشتر باس كراوە، ماناكەی وەهای لێ دێتەوە: ئەوانە دەبنە خاوەنی بڕیار لەو شتەدا كە ناكۆكیی تێدایە، بۆ نموونە دەڵێیت: زرت رئیس جامعة صلاح الدین. وقلت له: سیادة الرئیس ... بێگومان سەركردەكان لە جیهاندا زۆرن، بەڵام لێرەدا مەبەست ئەو سەرۆكەیە كە پێشتر باس كراوە -واتە سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین-. لێرەدا مەبەست لامی سەر وشەی «الرئیس»ه، كە لە زمانی عەرەبیدا پێی دەوترێت عەهدی زیكری، واتە پێشتر تۆ باسی‌ كەسەكەت‌ كردووە و، لە دواییدا ئەم لامه لە شوێنی ئەو كەس یا ئەو شتەیە كە باست كردووه.

   ئەگەر هاتوو ناكۆكیی حكومەت لەسەر دامەزراندنی پەیوەندیی نێودەوڵەتی بوو لەگەڵ وڵاتێكی تردا، ئەوا واجبە بگەڕێینەوە بۆ ڕای كەسان «أولي الأمر»ی تایبەتمەندی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. خۆ ئەگەر ناكۆكییەكەیش لە بواری جەنگدا بوو، واجبە بگەڕێینەوە بۆ لیژنەی تایبەندمەندی بواری جەنگی، ئەگەر باسەكەیش پەیوەست بوو بە بواری كاروباری كەسێتییەوە، واجبە بگەڕێینەوە بۆ لیژنەی تایبەتمەندی ئەو بوارە و لە سەرجەم بوارەكانی تری ژیانیشدا بە هەمان شێوەیە. تەنانەت لە ناكۆكییە كەسییەكانیشدا، بۆ نموونە لە ناكۆكیی نێوان ژن و مێرددا واجبە بگەڕێێنەوە بۆ لای كەسانی عاقڵ و شارەزا لە چارەسەركردنی كێشە خێزانییەكاندا كە خزمی هەردوو لایان بن، خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَإِنْ خِفْتُمْ شِقَاقَ بَيْنِهِمَا فَابْعَثُوا حَكَمًا مِّنْ أَهْلِهِ وَحَكَمًا مِّنْ أَهْلِهَا إِن يُرِيدَا إِصْلَاحًا يُوَفِّقِ اللَّهُ بَيْنَهُمَا ۗ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيمًا خَبِيرًا﴾ (النساء:35) لە كاتی بوونی ناكۆكییش لەسەر بابەتێكی تاوانكاری واجبە بگەڕێینەوە بۆ لای دادوەر و قازییەكان، ئەوانەی شارەزای بواری تاوانكارین و، بۆ لای ئەو دكتۆرانەیش كە شارەزای بواری توێكارین.

   سەرنجی چوارەم: ئەو ئایەتانەی باسی گەڕانەوەمان بۆ دەكەن بۆ لای «أولي الامر»، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ فەرمانمان بە تایبەتمەندبوون لە سەرجەم بوارەكانی ژیاندا پێ دەكەن، بۆ ئەوەی لە هەموو بوارێكدا لیژنەیەك هەبێت كە ئەندامەكانی ئەو «أولي الامر»ە بیانگرێتەوە.
   بەم شێوەیە نهێنیی بەندی «منكم»مان لەم فەرمودەیەی پەروەردگاردا ﴿وَأُولِي الْأَمْرِ مِنكُمْ﴾ بۆ دەردەكەوێت كە پێویستە كەسە‌ تایبەتمەندەكان كەسانی ناو خودی ئوممەت بن نەك كەسانی دەرەوە، چونكە كەسانی دەرەوەی ئوممەت جێگەی ئەو متمانەیە نین كە شەرەف و كەرامەت و پێشكەوتنی ئوممەتیان پێ بسپێردرێت.

   سەرنجی پێنجەم: ڕاڤەی «أولي الأمر» بە زانایانی تایبەندمەند قسەیەكی تازە نییە، بەڵكو وتەی زۆربەی زانایانی كۆن و نوێیە، عەبدوڵڵای كوڕی عەبباس، جابر (ڕەزای خوایان لێ بێت) و ئەبوو عالییە و زۆربەی تابیعین وەهایان فەرمووە، ئیمامی مەدینە (ئیمامی مالیک) یش ڕەحمەتی خوای لێ بێت و كەسانی تریش هەمان بۆچوونیان پەسەند كردووە. بەڵكو كەیسان دەڵێت ئەوانە كەسانی ژیر و خاوەن بۆچوون دەگرێتەوە.
   پێشەوا قورتوبی دوای ئەوەی كۆمەڵێك وتەمان لەسەر ڕاڤەی (أولي الأمر)بۆ دەگوازێتەوە، دەفەرموێت: وتەی دووەم – واتە قسەی زانایان – بەڵگەی ڕاستبوونەكەی ئەم فەرمایشتەی پەروەردگارە كە دەفەرمووێت: «فإن تنازعتم في شیئ فردوه إلی الله والرسول ...» كەسانێكیش كە زانا نەبن نازانن چۆن بگەڕێنەوە بۆ لای قورئان و سوننەت، ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە پرسیاركردن لە زانایان و جێبەجێكردنی فەتواكانیان، واجبە.
هەندێكی تریش وتویانە مەبەست بە «أولي الامر» زانایان و كاربەدەستانن، كاربەدەستانیشیان بۆ زانایان زیاد كردووە، ئەمەیش قسەیەكی ڕاستە، بەڵام سەركردە نابێت ڕاكەی بسەپینێت، بەڵكو پێویستە لەسەری پرسوجۆ بە زانایانی خاوەن پسپۆڕی بكات، لە كۆتاییشدا قسە هەر قسەی زانایان دەبێت نەك ئەو، لەبەر ئەوەی ڕاستییەکەی زانایان سەركردەی سەركردەكانیشن، وەكو پێشەوا فەخری ڕازی (خودای لێ بێت ڕازی) لە تەفسیرەكەیدا دەفەرمووێت: «كار و كردەوەی سەرۆك و سوڵتانەكان لەسەر فەتوای زانایان وەستاوە، زانایانیش لە ڕاستیدا سەركردەی سەركردەكانن، بۆیە سەپاندنی وشەی «أولي الامر» بەسەر ئەواندا لەپێشترە. ئەوەیشی دەبێت بە بەڵگە لەسەر ئەم وتەیە ئەوەیە كە ئایەتەكە كارەكەی پەیوەست كردۆتەوە بە هەڵێنجانی حوكمەوە و، زانایانیش ئەو كەسانەن كە توانای هەڵێنجانی حوكمیان هەیه، خوای گەورەش دەفەرموێت: ﴿وَلَوْ رَدُّوهُ إِلَى الرَّسُولِ وَإِلَىٰ أُولِي الْأَمْرِ مِنْهُمْ لَعَلِمَهُ الَّذِينَ يَسْتَنبِطُونَهُ مِنْهُمْ﴾‌ (النساء:83)»

ئیبن عەرەبییش دەفەرمووێت: «ڕای پەسەند لە لای من سەركردە و زانایانن بەیەكەوە ... كارەكەیش هەمووی بۆ لای زانایان دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی دەگونجێت حوكم بكەویتە دەست نەزانەكان، ئەوكات پرسیاركردن لە زانایان دەبێتە یارمەتیدەریان.»

تاگەکان    
مۆدێرنیتە کوردستان دەروونناسی شەهید دیزاینی زیرەک گۆرانی ڕانانی کتێب کۆیلایەتی ئایا سۆفیا پۆدکاست کرێکار کۆرۆنا وەچەخستنەوە حزبی ئیسلامی کتێب
فیکر
2020-04-26 کۆمێنت 2671 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی