شۆڕشی موسڵمانانی بەڕازیل دژی سیستمی کۆیلایەتی - بەشی یەکەم

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2020-06-05 کۆمێنت 3398 جار بینراوە
ڕاستی خۆشە، من بۆخۆم بەر لەوەی سەردانی وارگەی سەرەکیی کەناڵی جەزیرەی عەرەبی بکەم، چ زانیارییەکی ئەوتۆم لەمەڕ موسڵمانانی بەڕازیل، مێژوو، فەرهەنگ، شۆڕش و ڕەگ و ڕیشەیانەوە نەبوو، بەڵام وەختێک کۆمەڵەوتارێک و یەک دوو فیلمی دۆکیومێنتاریم لەو بارەیەوە دیت، بە لامەوە چتێکی نوێ و جێگەی لەسەروەستان بوو.
   دواتر ویستم بە زمانی کوردی شتێکم لەسەری وەچنگ بکەوێت، کەچی دوای گەڕان و ئەمسەر و ئەوسەرێکی زۆر، بە دەستی بەتاڵ گەڕامەوە.
   ئەوەی پتر سەرنجی ڕادەکێشام، ناوونیشانی ئەو وتار و کتێبەکانە بوو، کە سەبارەت بەو باسە نووسرابوون، ئاخر لە هەر کوێیەکدا چاوم بە بابەتی موسڵمانانی بەڕازیل یان مێژووی ڕەشپێستان لە وڵاتەیلی ئەمریکای لاتین دەکەوت، یەکڕاست باسوخواسی «شۆڕشی موسڵمانان یان ڕاپەڕینی ڕەشپێستان لە دژی سیستمی کۆیلایەتی لە وڵاتی بەڕازیلدا» دەکەوتە بەرچاوانم،  ئیدی کە ئەو ناوونیشان و قسە و باسانەیشم دەدیت و بەم بارودۆخەی ئێستای ئەمریکا و سەرپاکی جیهان و شێوازە نوێیەکانی کۆیلایەتییەوە پەیوەست و هەڵاوێرم دەکردن؛ بێ ئەوەی خۆم بمەوێت، دەستبەجێ ئەو گوتەم دەهاتەوە یاد کە دەڵێت: «هەردەم مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە!»
   موسڵمانانی بەڕازیل، بەگوێرەی دەیان توێژینەوە لە کۆن و نوێدا، کەمینەیەکی دیار و دامەزراوی ئەو وڵاتە بوون و هەن، لە درێژەی ئەم بابەتەیشدا ئەوەت بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە چ ڕۆڵێکی گرینگیان لە بەرەنگاربوونەوەی سیستمی کۆیلایەتی، نەهێشتنی زوڵم و نادادیی کۆمەڵایەتی و قێزەونکردنی جیاوازیی چینایەتیدا، وازی کردووە!

   دەشێت مێژووی بەڕازیل بەسەر سێ قۆناغی سەرەکیدا دابەش بکەین، قۆناغی ساڵانی 1500-1822، لە تەواوی ئەم قۆناغەیاندا، بەڕازیل بە شێوەیەکی دیار، لەلایەن پورتوگالەوە داگیر کرابوو.
   دواتر قۆناغی دووەمیان دێت، کە لە ساڵی 1822ەوە دەستی پێ کرد و تا ساڵی 1889 بەردەوام بوو، لەم قۆناغەدا وڵاتی بەڕازیل، سیستمی پاشایەتیی سەربەخۆ قەڵەمڕەوی دەکرد.
   پاشان، لە دوای 1889ەوە ئیدی قۆناغی سێیەم هاتە کایەوە، کە دەسەڵاتێکی کۆماری بەڕێوەی دەبرد و تا ئەوڕۆکەیش، هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە و درێژە بە حوکمڕانی دەدات.
   تەماشای هەر قوژبنێکی دیرۆکی بەڕازیل بکەیت، ژیانی کۆیلەکان، هاوردەکردن، کڕین و فرۆشتنیان قەڵست دەکات، ئاخر وەک دەردەکەوێت، لەو سەردەمەدا کۆیلەکان بە شێوەیەکی گشتی، چ موسڵمان بن یان مەسیحی، یاخود خاوەن هەر ڕەگەز، نەژاد، ئایین، قەوم و قیلەیەک بووبێتن، لە چنگی زوڵم و نادادیی سپیپێستان، قەڵەمڕەو و بازرگانانی خوێنمژ، قوتاریان نەبووە و مامەڵە نامرۆڤانەکانی کاربەدەستان لەو سەردەمەدا، وەک پەند و نموونەی دڕندەیی و ستەمکاریی لەڕادەبەدەر دەهێنرێتەوە.
   بازرگانیکردن و مامەڵەکردن بە کۆیلەوە لە بەڕازیلدا، تا سەرەتاکانی ساڵی 1889یش بەردەوام بوو، بەڵام ڕێک ساڵێک بەر لە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی پاشایەتی، بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن شاژنی ئەو وەختەی وڵاتی بەڕازیلەوە، کۆیلایەتی قەدەغە کرا، ئەویش بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆرەوە، کە دیارترینان شۆڕشی ڕەشپێستە موسڵمانەکان لە 1835دا بوو، کە دواتر بەتێروتەسەلی لەسەری دەدوێین.
   کۆیلەکان لە کەناراوەکانی ئەفریقای ڕۆژئاواوە بەزۆرەملێ، بە مەبەستی کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانیان لە کاری پڕ لە ئەشکەنجە و تاقەتپڕووکێندا، بە سواری کەشتیی چارۆکەدار و لە دۆخێکی تا سەر ئێسقان دزێو، نامرۆڤانە و ئازاردەردا، هاوردە دەکران.
   شایەنی باسە بەکۆیلەکردن، تەنیا ئەفریقی و ڕەشپێستانی نەدەگرتەوە، بەڵکو خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەو وڵاتە خۆیشی، کە هیندییە ئەمریکییەکانیان پێ دەگوترا، لەلایەن داگیرکارە پورتوگالییەکان و خەڵکە سەرمایەدار و ئازادەکەی بەڕازیلەوە دەچەوسێنرانەوە و بەتۆبزی بەکۆیلە دەکران!
   وەک زۆربەی جەغزەکانی دیکەی مێژوو، لەو دەمەیشدا، دیسان کۆیلایەتی و مامەڵە و بازرگانیکردن پێوەی، سوود و قازانجێکی زۆر و زەوەندی بە نێوچاوەوە بوو، وێڕای ئەوەی لە نیشتمان و ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵدەکەنران و زۆر جار بۆ هەمیشە ئاوارە و دەربەدەر دەکران، گەلێک هۆڤییانە و دوور لە هەر هەستێکی ئادەمیزادانەیش، لەلایەن خاوەن و کڕیارەکانیانەوە ئازار و ئەشکەنجەی سەخت سەخت دەدران.
   سوودە ماددییەکەی مامەڵەکردن بە کۆیلایەتییەوە، ڕێزی بۆ هیچ ڕەگەز و نەژادێک نەهێشتبووەوە، ئەوەی بە لای سەرمایەدارانەوە گرینگ بوو، وەچنگخستنی پارەوپوول، بەروبووم، هێز و دەسەڵاتی زیاتر بوو، بۆیە بە نیازی بەکۆیلەکردن، لە هیچ ئایین و نەتەوە و زمان و فەرهەنگێک نەدەپرینگانەوە، تەنیا هێندە بەس بوو، بە ڕەگەز ئەفریقی و پێستی لەشت ڕەش بێت، ئیدی دەبوو چاوەڕێی ئەوە بووبای، ڕۆژێک دێن، پەلی خۆت و خانەوادەکەت دەگرن و زارۆک لە دایک، ژن لە مێرد، خوشک لە برا و برا لە دەستەخوشک جوێ دەکەنەوە و هەر یەکە و بە لایەکدا، بەرەو ئەو جێیەی بەرژەوەندیی سەرمایەداران دەیخوازێت؛ لێک هەڵدەبرن.
   ئەو ڕەشپێستانەی بەکۆیلە دەکران، هەر یەکەو خاوەن نەژاد، ئایین، وەڵات، فەرهەنگ و نیشتمانێکی جیاواز بوون، بەڵام بازرگانان چ بایەخێکی وەهایان بەو جیاوازییە نەدەدا، بۆیە دواتر کۆیلەکانی بەڕازیل، لە چەند فەرهەنگ، زمان و نەژادێکی جیاواز پێک هاتبوون، کە ڕۆڵی سەرەکییان، لە تەواوکردنی یەکتر، هەڵگیرسانی شۆڕش، ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری و کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتیدا هەبوو.

   پورتوگالییە داگیرکەرەکان لە ڕووی کشتوکاڵی و ئاودارییەوە، ئەزموونێکی وایان نەبوو، بەڕازیلیش بەگوێرەی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی، زەویوزارێکی فراوان، بەپیت و لەباری بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی لەخۆ گرتبوو، بۆیە لە ساڵی 1538ی زایینییەوە، لە دەستپێکی داگیرکارییانەوە، پورتوگالییەکان دەستیان بە هاوردەکردن و پەلکێشکردنی کۆیلەکان لە وڵاتانی ئەفریقاوە کرد، دوای چل ساڵی ڕەبەق، ژمارەی کۆیلە هاوردەکراوەکان خۆی لە دەوروبەری چواردە هەزار کۆیلەیەک دەدا، پاشان ژمارەیان گەیشتە شەشسەت هەزار کۆیلە و ئیدی بەردەوام ئەو ژمارەیە لە هەڵکشاندا بوو، زۆربەی کۆیلەکانیش دانیشتووی ئەنگۆلا و پتر لە هۆزەکانی «داهووتی، ئەلهووسا، ئەشانتی و ئەلفولانی» بوون.

   ئێمە کە باسی دۆخی ئەفریقییەکانی ئەو ساتە و بەکۆیلەکردن و کۆڕەوی زۆرەملێیان دەکەین، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، کە زۆرێک لەو ئەفریقییانەی لەلایەن پورتوگالییەکانەوە پەلکێش دەکران، موسڵمان بوون، بۆیە بە وردبوونەوە لە مێژووی ئەو وڵاتە، باری نالەباری موسڵمانانی ئەو وڵاتەیشمان لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەدا، جگێک لا ڕوون دەبێتەوە، چون لەو کاتەدا بڕێکی ئێجگار زۆر لە ئەفریقییەکان، وەک ژێردەستە و کەنیزەک بەتۆبزی دەهێنران، تەنانەت هێندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن: «تەنیا هاونیشتمانیانی دەوڵەتی بەنین، لە ماوەی سەدەی حەڤدەدا، نزیکەی سێ ملیۆن کەسیان، مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە.»[1]
   لەو حەلەدا، ئەفریقا هێشتا ئاسەوارەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی و حوکمڕانیی مەمالیکەکانی پێوە دیار بوو، بۆیە ئەوانەی لەوێوە بەکۆیلە دەکران، لەنێو جڤاکێکی خودان ژیار و زانست و فەرهەنگەوە هەڵکەندرابوون، ئاخر ئەوان لە بوارەکانی کشتوکاڵ، بنیاتنان، ئاوەدانکردنەوە، هونەر و تەلارسازی، دەستڕەنگینی و زۆربەی بوارە جیاوەزەکانی تردا، باندەستیان نەبوو، ئاخر چ بمانەوێت یاخود نا، دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسلام لەو دەڤەرەدا، کە هەڵگری چەندین فەرهەنگ و پێشکەوتن لە بواری جیاجیادا بوون، کاریگەرییەکی بەرچاوییان لە پێگەیاندن و کارامەیی ئەو کەسانەدا هەبوو، کە دواتر وەک کۆیلە و کەنیزەک بەرەو وڵاتی بەڕازیل ڕادەگوێزران، تەنانەت زۆرێک لەو کۆیلانە، کەسانی خوێنەوار و خاوەن پیشەی تایبەت بوونە، بۆیە هیچ کەسێک نکارێت نکووڵی لەو ڕاستییە بکات، ئەو موسڵمانە ئەفریقاییانە، دواتر جێپەنجەیان لە بنیانتان و گەشەسەندنی شارستانەتیی دەوڵەتی بەڕازیلدا، یەکجار دیار، کاریگەر و مێژوویی بوو.
   وەختێک موسڵمانە بەکۆیلەکراوەکان، بە هەزار دەرد و قوڕبەسەری، دەگەیەنرانە بەڕازیل، دەستبەرداری ئاییەنەکەیان نەدەبوون و لەو پێناوەدا، بەرگەی تەنگانە و کوشتوبڕێکی تاقەتپڕووکێنیان دەگرت، بەئاسپایی و بە شێوەیەکی نهێنی، ئەزموونی سرووتە ئایینییەکانی خۆیان دەکرد و هەر یەکەو لای خۆیەوە، چەند پەڕەیەک لە قورئانی پیرۆزی ئەزبەر دەکرد، خوای من و تۆ کردی، لەنێو کۆیلەکاندا زانا و کەڵەپیاوی لەخواترسیان تێدا هەڵکەوتبوو، کە ئەوانی دیکەیان بۆ بەردەوامبوون و دەستگرتن بە ئایینی ڕاستەقینەوە، ڕێنموونیی دەکرد و دڵگەرمی و دامەزراوییان پێ دەبەخشین. لەنێو کونجی کووخەکانیاندا، ئەڵقەی قورئانخوێندنەوە و مەجلیسی فێرکارییان بۆ دەبەستن، سەرەڕای ناڕەحەتی و دژاورییەکی زۆر، دواجار هەر ئەم دڵگەرمی و پابەندبوونە ڕاستەقینەیان بە ئایینەوە، پورتوگالییەکانی ناچار بەوە کرد، ئەگەرچی لە پەراوێزیشدا بووە، جۆرێک لە ئازادیی ئایینییان پێ ڕەوا ببینن.
   کتێبە مێژووییەکان دەگێڕنەوە گوایە، هێندێک لەو کۆیلانە دیلی پاشای داهومیی بتپەرست بوونە، دوای یەکێک لەو جەنگانەی لەتەک دەوڵەتە ئیسلامییەکانی ئەو کاتەدا کردوویەتی، بە دیلی گرتوون و ئینجا بە پورتوگالییەکانی فرۆشتوون، ئەوجا وا ڕێک کەوتووە، لەنێو دیلەکاندا کۆمەڵێک زانا و کەسی شارەزا بە ئایینی ئیسلامیان تێدا هەڵکەوتووە، ئەمەیش بووەتە مایەی بەردەوامبوون و دەستگرتنیان بە ئیسلامەوە و هەر خۆیشیان، بنەمای موسڵمانەیلێکی تاراوگەنشینی بەهێز و ڕێکخراویان لە ویلایەتەکانی باهییا، ڕیو دی جانیرۆ و سان لویس دو مرانیون دامەزراند. لە بانگەواز و موسڵمانکردنی گەلێک کۆیلەی دیکەیشدا، سەرکەوتوو بوون و بۆخۆیان، مزگەوت و قوتابخانەی ئایینییان کردەوە و وایان لێ هاتبوو، پورتوگالییەکان نازناوی «مامۆستاکان»یان بە باڵادا بڕیبوون.[2]
   نینا ڕۆدریگێزی مێژوونووس، پاڵپشتیی ئەو ڕایەی سەرەوە دەکات و لە وتارێکیدا بە ناوی «موسڵمانە ڕەشپێستەکانی بەڕازیل» ئەوەیش دەخاتە ڕوو، کە موسڵمانەکان لەو سەردەمەدا خاوەن پێگە و کیانی تایبەت بە خۆیان بوون. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەیش، پشت بە وردبوونەوە لە ئەرشیفی ئەو لێدوان و نێردراوانە دەبەستێت، کە کاربەدەست و پۆلیسەکانی ئەو وەختەی بەڕازیل، لەتەک موسڵمانە حەپسکراو و تۆمەتبارەکاندا تۆماریان کردوون، بە پاساوی ئەوەی بەردەوام لە دەسەڵات یاخی دەبوون و سیستمی کۆیلایەتی و چەوساندنەوەیان لەلایەن زۆردارانی بەڕازیلەوە، بۆ قووت نەدەچوو.[3]
   هەر ئەم مێژوونووسە، بۆخۆی سەردانی سەرۆک هۆزی ڕەشپێستەکان و گەلانی ئەو ناوچەیەی، لە هەرتک شاری باهییە و ڕیو دی جانیرۆدا کردووە و لەمەڕ چالاکی، شێوازی ژیان، جلوبەرگ، دابونەریت، کلتوور، فەرهەنگ و پێوەندییان لەتەک ڕەشپێستە ناموسڵمانەکانی ئەو ناوچەیە و بیانووەکانی ڕاپەڕینیان لە دژی دەسەڵاتدارانەوە، بە شێوەیەکی جوان و ورودرشت دواوە.[4]
   ڕۆجێ پاستیدی فەڕەنسایی کە لە بواری ڕەچەڵەکناسیدا دەتوێژێتەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە موسڵمانە ڕەشپێستەکانی بەڕازیل، لە ئەگواس، بەرنامبۆکۆ و باهییەدا، وەختی خۆی خودان مزگەوتی خۆیان بوونە.[5]
ئاسەواری ئەو مزگەوتانە، وێڕای ئەوەی بڕێکیان بە کڵێسا کراون، بەڵام هێشتا هێندێکیان ماون و سەلمێنەری هەمان حەقیقەتن.
   یەکێکی دی لەو چتانەی سەرنجی هەمووان ڕادەکێشێت، گونجان و تەبایی ئیسلام و تاکی موسڵمان بەو وەڵاتەیە، ئەوانەی تێیدا دەژیێن، زۆربەیان دەڵێن، دوای ئەوەی پێ دەنێیتە ئەم وڵاتەوە، پاش ماوەیەکی کەم، یەکسەر هەست بەوە دەکەیت، ڕەچەلەکی ئەم خەڵک و نیشتمانە بە ئیسلام ئاشنایە و لە سۆنگەی ئاییندارێتییەوە، هەستی نامۆبوون  و پووکانەوە، وەک هێندێک وڵاتی تر، ناخت ناتەنێت!
   ئەم توێژینەوانە، هەمان ئەو ڕاستییە پشڕاست دەکەنەوە، کە موسڵمانانی بەڕازیل بە درێژایی مێژوویان، زۆر ئازایانە، ڕووبەڕووی سڕینەوە و قڕکردنێکی بێبەزییانە، لە ڕووی فەرهەنگی و ئایینی بوونەتەوە و چەندین جار، هەوڵە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدارانیان بە نیازی بەگاورکردن و گۆڕینی ئایینیان، شکست پێ هێناوە، هەروەک ئەوسا و ئێستایش موسڵمانانی بەڕازیل، بە خەڵکانی لێبوردە، شۆڕشگێڕ و نەفسەبەرز[6] پەسن دەکرێن و دەناسرێنەوە.  



[1] سەرچاوە: وارگەی فۆکس نیوز.
[2] المسلمون فی أوروبا وأمریكا ص 251.
[3] Journal de Janeiro 2/11/1900
[4] الجالیات العربیة فی أمریكا اللاتینیة ص 207.
[5] سەرچاوەی پێشوو.
[6] سەرچاوەی پێشوو.
تاگەکان    
حزبی ئیسلامی ئاوی زەمزەم حەمەدۆک نیشتیمان دەروونناسی کورد ئازادی قەدەر پارەی ئیلیکترۆنی سایکس-بیکۆ تەنیایی هاوڕەگەزخوازی خاڵبەندی مۆدێرنە زانست
فیکر
2020-06-05 کۆمێنت 3398 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی