ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێژ دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا چارەکە سەدەیەک لەمەوپێش نەتەوەی سەربەرنێستیی ھیوابڕاو کرد.
ئەمە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ھاتووە کە گوتێرێژ ناردوویەتی بە بۆنەی بیستوپێنجەمین ساڵیادی کوشتاری سەربەرنێستی، کە ھێزە سڕبییەکان لە دژی موسوڵمانەکانی بۆسنە لە ساڵی ١٩٩٥دا ئەنجامیان دا.
ھەروەھا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەڕێگەی تۆڕێکی تەلەفوونییەوە ئەنجام درابوو لەگەڵ ڕۆژنامەنووسەکاندا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ستیفان دوگاریک وتەبێژی فەرمیی ئەمیندار وتی: «گوتێرێژ کوشتاری سەربەرنێستیی وەسف کردووە بە لەناوبردنێکی بەکۆمەڵ کە دزێوترین و تۆقێنەرترین تاوان بووە کە لە سەرزەمینی ئەورووپادا ڕووی دابێت لە پاش جەنگی دووەمی جیھانییەوە.»
گۆتێرێژ بۆ پاڵپشتیکردنی قسەکانی خۆی، وتەیەکی کۆفی عەننانی ئەمینداری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکانی ھێنایەوە کە دەڵێت: «ئەم شکستەمان (لە پارێزگاریکردن لە قوربانییانی ئەو کوشتارە) بۆ ھەمیشە دەبێتە لەکەیەک بەسەر مێژوومانەوە.»
ھەروەھا وتی: «پێش چارەکە سەدەیەک، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوەی سەربەرنێستییان ھیوابڕاو کرد. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕابردووەیش بە ھەنگاوێکی گەش دادەنرێت بۆ بنیاتنانەوەی متمانە و، دابینکردنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان لە ڕێگەی ھاوسۆزی و تێگەیشتن لە یەکتری.»
کوشتاری سەربەرنێستی لەبەر زۆریی ژمارەی کوشتن و کرداری وەحشییانە کە تێیدا ڕوویداوە، بە گەورەترین کارەساتی مرۆیی دادەنرێت کە لە ئەورووپادا ڕووی دابێت لە سەردەمی جەنگی جیھانیی دووەمەوە (١٩٣٩-١٩٤٤.)
لە ١١ی تەممووز/یولیوی ١٩٩٥، ھاووڵاتییانی بۆسنەیی لە سەربەرنێستییەوە پەنایان بردە لای سەربازانی ھۆڵەندی تاکو بیانپارێزن، ئەمە دوای ئەوەی ھێزە سڕبییەکان بە سەرکردایەتیی ڕاتکۆ ملادیچ شارەکەیان داگیر کرد، کەچی ھێزە ھۆڵەندییەکان، کە بەشێک بوون لە ھێزی نێودەوڵەتی، ئەوانیان ڕادەستی ھێزە بۆسنەییەکان کردەوە، تاکو ئەوانیش بەکۆمەڵ لەناویان ببەن، ھەشت ھەزار بۆسنەیی تێدا کوژرا لە ژن و پیاو کە تەمەنیان لەنێوان حەوت بۆ حەفتا ساڵاندا بوو.
ھەروەھا ھێزە سڕبییەکان تاوانی زۆریان لە دژی موسوڵمانەكان ئەنجام داوە لە ساتەوەختی جەنگی بۆسنە کە لە ساڵی ١٩٩٢دا دەستی پێ کرد و ساڵی ١٩٩٥ کۆتاییی پێ ھات لە دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی دایتون، کە بووە ھۆی لەناوبردنی زیاتر لە سێسەت ھەزار مرۆڤ، ئەمەیش بەپێی ژماردنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
خێزانی قوربانییەکان دەڵێن تاکو ئێستاکێ زیاتر لە ھەزار کەس بێسەروشوێنە لەپاش ئەو کوشتارەی ڕوویدا لە تەمووز/یولیوی ١٩٩٥دا، دڵنیاییش دەدەن لەوەی زۆرینەی ئەوانەی دەستیان ھەبووە لە کوشتارەکاندا لە دژی موسوڵمانان، تاکو ھەنووکە بەئازادی دەسووڕێنەوە.