فڕەنسا لە حیجابەکەی مەریەم بۆجیتۆ تۆقیوە
نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر
2020-09-19
کۆمێنت
1717 جار بینراوە
ئەندام پەرلەمانەکانی فڕەنسا، دانیشتنی پەرلەمانیان جێ هێشت، تەنیا لەبەر ئەوەی خاتوونێکی موسڵمان بە ناوی «مەریەم بۆجیتۆ»، کە سەرۆکی یەکێتیی خوێندکارانی زانستگەی سۆربۆنە، بە سەرپۆشەوە لە پەرلەماندا وەک نوێنەری خوێندکاران ئامادە بووە!
بایکۆتکردنی پەرلەمان تەنیا بە هۆی سەرپۆشی ئافرەتێکەوە، بێگومان ئەمە یەکەم جار و یەکەم هەڵوێستی دڕندانەی ئەورووپییەکان بەرانبەر ئەو خانمە لەچکبەسەرە نییە، بەڵکو لە ساڵی 2018یشدا، بە هەمان شێوە و لەبەر هەمان مەبەست، بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد!
ئەوەیش فڕەنسای خاوەن شارستانەت و ئازادیی ڕادەربڕین، ئەو وەڵاتەی بە چاوگی سیکۆلاریزم لە قەڵەم دەدرێت، چاوی بەرایی بە هەبوونی خاتوونێکی موسڵماندا هەڵنایەت.
ئەوانەی ڕووکەشانە و گەلحۆیانە فریوی ڕۆژاوا و بریقوباقەکانیان خواردووە، با لەم هەڵوێستە ئاشکرایانەوە، وانە فێر ببن.
ڕۆژاوا تەنیا ئەو وەختە تۆی وەک موسڵمانێک قبووڵە، کە خاوەن کەسایەتییەکی داڕووخاو و داهێزراو بیت، ئەو تەنیا وەختێک دان بە بوونتدا دەنێت، کە شێوازی ژیانت ڕێک وەک ئەو بێت، هەرگیز ناتوانێت تۆی وەک خۆت، وەک موسڵمانێکی وابەستە بە ئایین و فەرهەنگ و مێژووی خۆتەوە پێ قبووڵ بێت.
وەڵامی بێباوەڕان و گۆشکراوان بە فەرهەنگە بێبەهاکەی ڕۆژاوا، لە سەرلەئێوارەوە دیارە، بێگومان دەڵێن: کاکە ئەوە وڵاتی خۆیانە و بەو شێوەیە قانوونیان داناوە و پێویستە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی ڕێزی یاساکانیان بگرین، ئەوەیشی بەدڵی نییە، دەتوانێت بەجێی بهێڵت، کەچی وەختێک سەبارەت بە ئافرەتانی وڵاتانی ئیسلامی قسان دەکات، بێشەرمانە دەڵێت: بەڕاستی ئافرەتانی ئەم وڵاتانە، بەزۆر پۆشاکی ئیسلامییان بەسەردا سەپێنراوە و خاتوونەکانمان ئازادییان کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە!
باشە بۆچی تەنیا لەتەک ئیسلامدا لێبووردن و ئاشتەواییتان قبووڵ نییە، بۆ ئەوەندە لە ئاست ڕۆژاوای سەرکوتکەر و فریودەردا قەزەم و بوودەڵەن؟!
کۆتا قسە ئەوەیە، حیجابی ئافرەتی موسڵمان، تەنیا ئەوە نییە پارچە قوماشێک یان عیبادەتێکی ئاسایی بێت، بەڵکو سیمای شکۆ و بڵندیی ئوممەتێکە، تکایە بە کەم تەماشای مەکەن!