عومەر خەییام و چوارینەکانی
نووسینی: ئاڤار قەرەداغی
فیکر
2021-01-17
کۆمێنت
2892 جار بینراوە
یەکێک لەو کەسایەتییانەی زۆر قسەی لەسەر دەکرێت،
عومەر خەییامە. خەییام لە ڕێگەی چوارینەکانیەوە وەک کەسێکی دژە-ئایین و خودا و شەیدای
مەی و چێژە جەستەییەکان دەردەکەوێت.
لەو
بارەیەوە محەمەد عیسا کازم دەڵێت: «توێژەرانی نوێ پەشۆکاون، نازانن چۆن وێنای خەییام
بکەن، ھەندێک دەڵێن سەر بە ڕێبازی ئەپیگۆر بووە، ھەندێک دەڵێن مەعریمەزھەب بووە، ھەندێک
بە کەسێکی ئارەزووباز ناوی دەبەن کە گاڵتەی بە ئیسلام و یاساکانی کردووە، ھەندێک
گومانیان وا بووە تەناسوخی بووە، ھەندێک بە باتنی و ھەندێک بە نازانمی و تەشائومی
و جەبری ناوی دەبەن، ھەندێکیش بە سۆفییەکی تەواویان زانیوە.» (مجلة واسط للعلوم
الانسانیة، عدد 17، التناقض بین الخیام والرباعیات، محمد عیسی کازم، ص 224)
خەییام
زانا و بیرکاریزان بووە، بەڵام ھێندە بە چوارینەکانی ناسراوە، ھێندە بە کارە زانستییەکانی
نەناسراوە، ئێمە لێرەدا بەکورتی باس لەو گرفتانە دەکەین کە لە چوارینەکانیدا ھەن،
چونکە چوارینەکانی بوونەتە پێناس و ناسنامەی خەییام.
ئەو
توێژەرانەی لە خەییامیان کۆڵیوەتەوە و لەسەر چوارینەکانی قسەیان کردووە، یەک بۆچوونیان
نییە و جیاوازن لە دیاریکردنی ژمارەی چوارینەکان:
«- د. محمد اسلامی ندونشن/ 16 چوارینە
- ابوالنصر مبشر الطرازی/ 40 چوارینە
- محسن فرزانە/ 54 چوارینە
- رحیم رضازادە ملک/ 57 چوارینە
- علی دشتی/ 74 چوارینە
- ئارسەر کرستینسن/ 121 چوارینە
- احمد شاملو/ 125 چوارینە
- صادق ھیدایەت/ 143 چوارینە
- محمد مھدی فولادوند/ 155 چوارینە
- فروغی وغنی/ 178 چوارینە
- امیر خنجی/ 184 چوارینە
- فریدریک روزن/ 329 چوارینە
- سوامی کوفیندا تیرتھە/ 1096 چوارینە»
(موسوعة الخیام، تحقیق د. رحیم رضازادە ملک، ترجمة. جلال زنکابادی، ص 16)
ئەم
جیاوازییە لە دیاریکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو بۆ چوارینەکان، بۆ خۆی گرفتێکی گەورەیە،
کە گومان دەخەنە سەر چوارینەکان، ئەگەر سەرنج بدەین لەنێوان د. محەمەد ئیسلامی
ندونشن کە 16 چوارینە دەداتە پاڵ خەییام، لەگەڵ سوامی کوفیندا تیرتھە کە 1096 چوارینە
دەداتە پاڵ خەییام، جیاوازییان 1080 چوارینەیە! ئەم جیاوازییە زۆر زۆرە.
گرفتەکەیش تەنیا ئەمە نییە، یەکێک لە گرفتە گەورەکان کە محەمەد عیسا باسی دەکات،
کەمیی ئەو چوارینانەن کە درواونەتە پاڵ خەییام، لە سەرچاوەی ھاوسەردەم و نزیک لە خەییام
لە ڕووی کاتەوە.
بۆ نموونە:
- لە کتێبی (جھانگشای جوینی) 658 کۆچی، تەنیا
یەک چوارینە دەداتە پاڵ خەییام.
- کتێبی (مرزبان نامە) کە لەنێوان 607-622 کۆچی
نووسراوە، 3 چوارینە دەداتە پاڵ خەییام.
- شێخ نەجمەدین ئەبوو بەکر ڕازی، لە کتێبەکەیدا (مرصاد العباد)
620 کۆچی، 2 چوارینە دەداتە پاڵ خەییام.
- حەمدوڵڵا موستەوفی لە کتێبەکەی (تاریخ گزیدە)
730 کۆچی، تەنیا چوارینەیەک دەداتە پاڵ خەییام.
- مەولانا خەسرەو ئەبرقووھی لە کتێبەکەی
(فردوس التواریز) 808 کۆچی، ھەمان چوارینەکەی حەمدوڵڵا موستەوفی دەداتە پاڵ خەییام.
- لە کتێبی (نزھة المجالس) 731 کۆچی، لە ھەزار
چوارینەدا، 33 چوارینە دەداتە پاڵ خەییام، دووانیشیان دووبارەن و دووانیشیان وەرگیراون
لە کتێبەکەی خوەینی و تاریخ گزیدە بە جیاوازییەکی کەمەوە، واتە 29 جدچوارینە دەمێنێتەوە
کە داویەتییە پاڵ خەییام.
- محەمەد بن بەدر جاجرمی لە (مونس الاحرار فی
دقائق الاشعار) 741 کۆچی، 13 چوارینە دەداتە پاڵ خەییام، یەکێکیان لە نزھة المجالس
و یەکێکیان لە مرصاد العباد ھاتووە، دەمێنێتەوە 11 چوارینە.
ئەمە
ئەو چوارینانەن کە دروانەتە پاڵ خەییام لە کۆنترین و نزیکترین سەرچاوە مێژووییەکان
لە سەردەمی خەییامەوە. (مجلة واسط للعلوم الانسانیە، العدد 17، ص 228-229)، ئەگەر
ھەموو ئەو چوارینانەی لەو کتێبانەی باسمان کردن ھیی خەییام بن، دەکەنە 49 چوارینە،
ئەمەیش زۆری بەینە لەگەڵ ئەو ھەموو چوارینەیەی دراوەتە پاڵ خەییام.
ڕەنگە
ھەر ئەمەیش بێت وای کردبێت ھەندێک لە توێژەران کە خەییام ھەر بە شاعیر نەزانن و پێیان
وابێت خاوەنی ھیچ چوارینەیەک نەبووە:
- ڕۆژھەڵاتناسی ئەڵمانی ھانس ھنریش شیدر
- محەمەد موحیت تەباتەبایی
- د. سەید محەمەد ڕەزا جەلالی نائیبی (موسوعة
الخیام، ص 16)
کۆمەڵێک
دەسنووس ھەن کە دەدرێنە پاڵ خەییام، وەک ئەو نوسخەیەی کە لە کتێبخانەی بودلین لە ئۆکسفۆرد
پارێزراوە، 158 چوارینەی لەخۆ گرتووە، لە دەورووبەری 1461 زایینیدا نووسراوە، واتە
دوای خەییام بە 350 ساڵێک(سێ سەدە و نیو). ھەروەھا نوسخەیەک لە پاریس ھەیە کە 349
چوارینەی لەخۆ گرتوە، لە سەرەتای سەدەی شانزەدت نووسراوە 1528 زایین، دەستنووسی وینە
957 کۆچی لە 482 چوارینە پێکھاتووە، دەستنووسی بانکبور 961 کۆچی لە 604 چوارینە پێکھاتووە.
ھەروەھا لە چاپی لکنو لە ساڵی 1894دا لە 770، لە چوارینەیەک پێکھاتووە.
یەکەمین وەرگێڕانی
چوارینەکانی خەییام بۆ ئینگلیزی لەلایەن فیتزجیرالدەوە بووە، لە ساڵی 1859دا چاپی
کردووە، ئەم کتێبە دەنگدانەوەی نەبوو ھەتا دوای چاپکردنەوەی بۆ جاری دووەم لە ساڵی
1868دا، دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوادا ھات.
ھەر
لەو کاتەیشەوە بەدواداچوون کراوە بۆ چوارینەکان، شوکفسکی ڕۆژھەڵاتناس گەیشت بەوەی
کە 82 لەو 464 چوارینەیەی لە چاپەکەی نیقولادا ھەن، دووبارە بوونەتەوە لەلای شاعیرانی
تری فارس. ئەمە جگە لەوەی ھەندێک لە ئەدیبەکانی ئێران ویستوویانە وردبینی بکەن بۆ
چوارینەکان، بەڵام نەیانتوانیوە زۆرێک لە چوارینەکان ساغ بکەنەوە و بیسەلمێنن ھیی خەییامن.
جیاوازییەکی
زۆر ھەیە لەنێویانیاندا، ئەحمەد حامد سەڕڕاف دەڵێت: «ژمارەی چوارینەکان کە لە ھند
و فارسدا چاپ کراون، 750 چوارینە دەبن، کە ڕێژەی دروست 120-150 چوارینە دەبن.» ھەروەھا
وەدیع بوستانی لە پێشەکیی وەرگێڕانەکەی بۆ چوارینەکانی خەییامدا، دەڵێت ئەو چوارینانەی
گومانیان لەسەر نییە 11 دانەن. ئەدیبی ناسراوی فارس، زەبیحوڵڵا سەفا، دەربارەی
چوارینەکان دەڵێت: «بینا لەسەر بەدواداچوونی ورد، دەتوانین 150-200 چوارینە بدەینە
پاڵ خەییام.
دکتۆرە ئیسعاد عەبدولهادی قندیل، پێی وایە کە ڕێژەی دروستی چوارینەکان لەنێوان
66-178 چوارینەدان. ھەروەھا عەلامە ئەبوو نەسڕ موبشیر تەڕازی حوسنی دەڵێت: «توێژەران
کە گەیشتن بە 1200 چوارینە، یان 2000 چوارینە وەک دەڵێن کە داویانەتە پاڵ خەییام،
دابەزین لەو ژمارەیە ھەتا 76 چوارینەیان دایە پاڵ خەییام، لەوەیش دابەزین و 17
چواریەنیان دایە پاڵی، دواتر ھاتن بۆ 11 چوارینە.» پاشان دەڵێت: «ڕاستییەکەی ئەوەی
لە ئەنجامی بەدواداچوون و توێژینەوەی دروستەوە پێی گەیشتووین لەم بابەتەدا، ئەوەیە
کە ھیچ سەنەدێکی مێژوویی و بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نییە لەبەردەستدا کە ئەم چوارینانە
بگەڕێنێتەوە بۆ حەکیم عومەر خەییام.»
لە
کۆتایی ئەو بەراوردەدا محەمەد عیسا دەڵێت خەییام وەک جوحای لێ کراوە، چۆن ھەر بەسەرھات
و قسەیەکی گاڵتەئامێز دەدرێتە پاڵ کەسایەتیی جوحا، ئاوا ھەر چوارینەیەک لەسەر وەزن
یان نزیک بەو چوارینانەی دراونەتە پاڵ خەییام ھەبووبێت، بە ھیی خەییامیان داناوە.
(مجلة واسط للعلوم الانسانیة، العدد 17، ص 229-232)
محەمەد
عیسا دەڵێت: «شەمسەدین شارەزووری کە لە ساڵی 625 کۆچیدا مردووە، چوارینەیەک دەداتە
پاڵ خەییام کە تێیدا خەییام دەڵێت بە ڕۆژوو دەبێت لە خراپە و فەحشا، بەنھێنی و بەئاشکرا.
ئەمەیش پێچەوانەیە لەگەڵ زۆرێک لەو چوارینانەی دەدرێنە پاڵی. (سەیری ھەمان سەرچاوە
بکە ل. 238 بۆ دواوە)
بۆیە
بەدڵنیاییەوە ناتوانین ئەو چوارینانە بدەینە پاڵ خەییام و لەو ڕوانگەیەوە بڕیار بدەین
بەسەر بیروباوەڕ و ڕوانینی خەییامدا، بەتایبەت کە کەسانی گەورەی وەک ئیمامی غەزالی
و زەمەخشەری و قازی ئەبی نەسڕ و زەھیرەدین بەیھەقی ھاوسەردەمی بوون، بەوەیش
ناسراون کە خاتری کەسیان نەگرتووە و، شتێکیان پێ ھەڵە بووبێت لەسەری دواون و بەتوندی
ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بەتایبەت ئیمامی غەزالی، بەڵام نابینین بە خراپ باسی خەییامیان
کردبێت.
جگە
لەوەیش ھاوسەردەم و ئەو مێژوونووسە کۆنانەی لەسەری دواون، نەیانوتووە کە خەییام
عارەقخۆر و شەیدا و تێکەڵی ئافرەتان بووبێت، فیسق و فجووریان نەداوەتە پاڵی و بێئەدەبیی نەکردووە بەرانبەر بە خودا و پێغەمبەر
و تەعالیمەکانی ئیسلام. (ھەمان سەرچاوە، 241-242)
بۆ
ئاشنابوون بە بەشێک لەو کەسایەتییانەی لە جیهانی ئیسلامی و ڕۆژاوایی و یۆنان و ڕۆژهەڵاتدا،
بە بێئایین و بێخوا ناوزەد کراون، تەماشای کتێبی: مرۆڤە بێویستەکان، ئاڤار جەبار، ڕێنوێن، ۲۰۲۰، بکە.