شێوازی ژیان، تێڕوانین دادەڕێژێت
نووسینی: تەسنیم ڕاجح وەرگێڕانی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر
2021-07-14
کۆمێنت
2625 جار بینراوە
من وا دەزانم، زۆربەی گومانە
فیکرییەکان یان کێشە بیروباوەڕییەکان، کە ڕووبەڕووی گەنجان و تازەلاوانی ئەم
سەردەمە دەبنەوە؛ تەنیا لە ڕێگای مشتومڕی زانستی و گەنگەشەی فیکری و بەڵگەسازیی
عەقڵییەوە چارە ناکرێن؛ ئەسڵەن زۆر پەیوەندیی بە بەهێزیی مشتومڕەکە یان توانست و
کارامەیی کەسی ڕوونکەرەوە یاخود زۆریی ئەزموون و بلیمەتیی کەسی قسەکەر لە ڕووە
زانستی و دەروونییەکەوە نییە؛ هەرچەندە مشتومڕ و قەناعەتکردن بە بەرانبەر لە
ڕێگای بەڵگەی عەقڵی و زانستییەوە، کارێکی فرە گرینگ و پێویستە؛ بەڵام زۆربەی جار،
بەس نییە و بابەتەکە ڕەهەندی دیکەی لە خۆ گرتووە.
ئاخر بونیادی کەسایەتیی تاکەکان، لەو شتانە پێک هاتووە کە
ڕۆژانە لە ڕێگای هەستەوەرەکانیەوە بەری دەکەون؛ بێگومان تەواوی ئەو دیمەن و قسە و
جووڵە و وێنانەی لە ڕێگای هەستەوەرەکانەوە دێنە ناومانەوە، چ بمانەوێت یاخود نا،
کاریگەرییان لەسەر دەروونی بنیادەم هەیە؛ دووبارەبوونەوەی ئەو شتە خراپانەی ڕوو لە
دەروون دەکەن، ئەگەر چارە نەکرێن، لێکەوتەی خراپیان دەبێت و بە دونیایەک
دەرهاویشتەی پیس و مەترسیدارەوە، ناخی ئینسان لە ڕووی فیکر و هەست و ڕەفتارەوە،
بۆگەن و خراپ دەکەن.
وەختێک لەبارەی فێڵ و هەڵفریواندنەکانی فیکری فیمینیزم و
جوانی و گونجاوی و بەویژدانیی شەریعەتی ئیسلامەوە بۆ ماوەی چەندین سەعات لەتەک
ئافرەتێکدا دەدوێم، دوور نییە لە لووتکەی ڕاشکاویدا، قەناعەت بە قسە و بیروڕاکانم
بکات؛ بەڵام ئەم قەناعەت و بیروباوەڕانە هەرگیز لە هەست و ڕەفتارەکانیدا ڕەنگ
نادەنەوە، مەگەر ئەوەی کە شێوازی ژیان و ڕۆتینەکانی ڕۆژانەی بگۆڕێن؛ ئاخر تا
ئەو وەختەی زۆربەی ساتەکانی ڕۆژانەی لە پرۆسەیەکی فێرکاریی سیکۆلار و دانیشتن و
گەمە و گاڵتەی نێو قاوەخانە و کافتریاکان و تەماشاکردنی بەرهەمەکانی هۆڵیوودەوە
بەسەر ببات، بێگومان قەتاوقەت ناگۆڕێت و کەسایەتییەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە؛ بەڵکو
دوای تێپەڕبوونی چەند حەفتەیەک، شتێکی وای لەبارەی مشتومڕ و دەمەتەقێ
فیکرییەکەمانەوە بیر ناکەوێتەوە، ئەوە نەبێت تەنیا وەک باسوخواسێکی خۆش و چێژبەخش
و سەرنجڕاکێش یادی دەکاتەوە؛ ڕێک وەک چۆن بە دەست هاوکێشەیەکی بیرکارییەوە گیری
خواردبێت و بۆی حەل نەکرابێت، بەڵام دواتر بۆی ڕوون کرابێتەوە و بەسەریدا
تێپەڕیبێت و کۆتایی پێ هاتبێت؛ بە هەمان شێوە مامەڵەی لەتەکدا دەکات.
ڕاستییەکەی، ئەوە بەرنامەی ڕۆژانە و شێوازی ژیانە کە
تابلۆی کەسایەتیی ئینسان دەکێشێت؛ هەر وەک د. عەبدوڕەحمان زاکیر هاشمی دەڵێت: «ئەو
شتانەی پاتە دەبنەوە، ڕیشە دادەکوتن و لە دەرووندا دەچەسپێن.»
پێدەچێت کەسێک بڵێت: چۆن دەتوانیت بەو شێوەیە بڕیار لەسەر
گشت کەسێک بدەیت و لەبارەی کاریگەرییەکانەوە هێندە مکووڕ بیت؟! من کەسێکی بەهێز و
دامەزراوم و زۆر لەوە بەتواناترم ئەو شتانە کاریگەریم لەسەر جێ بهێڵن؛ بەڵکو من
دەتوانم تەماشای هەزار فیلمی هۆڵیوود بکەم و هەر خۆم چاک و خراپ، پیس و پاکیان لێک
جودا بکەمەوە و هیچ شتێکیش کارم تێ نەکات.
منیش پێی دەڵێم: سەرەتا، پشت بە خودا ببەستە و داوای لێ
بکە؛ بۆ چاوترووکانێکیش نەتداتە دەست خۆت، ئینجا ئەوەیش لە بیر نەچێت؛ بۆ
بەردەوامبوون لەسەر ئەو دامەزراوی و خۆڕاگرییەی خودا بە دڵی تۆی بەخشیوە، هەردەم
لە پەروەردگارت بپاڕێرەوە؛ ئاخر دڵی بنیادەم فرە ناجێگیرە و شیاوی گۆڕان و
وەرچەرخانە.
پاشان بگەڕێرەوە بۆ ئەو شتانەی ڕۆژانە لە ڕێگای بینین و
بیستن و چەشتنەوە بەر تۆ دەکەون؛ ئاخر چ بتەوێت یاخود نا، ناخی تۆ لەگەڵ تەواوی
هاندەرەکانی دەوروبەردا کارلێک دەکەن و ڕێک کەسایەتیی تۆیان لێ دروست دەبێت؛ دەبێت
لە خۆت بپرسیت، ڕێژەی چاکە لەو شتانەدا چەندە کە شەووڕۆژ دەچنە نێو فیکر و خەیاڵ و
دڵتەوە؟!
ئەرخەیان بە، سەرتاپای ئەم شتانە، بە بچووک و
گەورەیانەوە، بە کەم و زۆریانەوە، کاریگەرییان لەسەر تۆ دەبێت و کەسایەتیت
دادەڕێژن؛ ئینجا لە زمان و هەڵسوکەت و تێڕوانینەکانتدا ڕەنگ دەدەنەوە.
ئەوەیشت لە بیر نەچێت، کاریگەرییەکانی وێنە و دیمەن و
ڤیدیۆ و باسوخواسەکانی ڕۆژگار لەسەر ناخ و تێڕوانینی تۆ، بەستراوەتەوە بەوەی تا
چەند بە عەقڵێکی ڕەخنەگرانەوە لە شتەکانی دەوروبەر دەڕوانیت و لای خۆتەوە شیتەڵ و
شەنوکەویان دەکەیت؛ ئاخۆ وەختێک شتێکی خراپ یان پیس یاخود پووچت بیست و بینی، لای
خۆتەوە بە خراپت لە قەڵەم دا یان نەخێر؛ هەروا سەراوییانە بەسەریدا ڕۆیشتیت؟!
ئاخۆ وەختێک چوویت یان تەماشات کرد، یاخود گوێبیستی
بوویت؛ تەنیا بۆ ئەوە نەبوو تا لە ڕێگای گەپ و چێژ و بێئاگایی و ئەزموونکردنی
ئارەزووەکانەوە، لە واقیع ڕابکەیت و پەنا بۆ هەندێک لەو چێژە کاتی و بەنجە
خێرایانە ببەیت کە ئامانجی ژیان و بوونی خۆتت لە بیر دەبەنەوە؟!
لە خودای دلۆڤان دەپاڕێینەوە، خۆمان و تازەلاوان و
گەنجەکانمان بۆ پێگەیشتن و تێگەیشتن و دامەزراوی و پاکە و چاکە هیدایەت بدات.